Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/09/30 7:17
نوسەر: جینۆسایدی کورد

بەسەرهاتی خانەوادەیەکی کیمیاباران وئەنفالکراوی هەڵەبجە

عومەرمحەمەد

رەنگە دۆزینەوەی زمناكۆ ” عەلی” گەورەترین پێناسەی مەینەتیەكانی شارێك‌و میللەتێكمان بۆ  بگێرێتەوە، چیرۆكەكانی هەلەبجە هەموویان تراژیدیان، بەڵام كاتێك ئامادەیی حكومەت‌و دەزگاكانی راگەیاندن‌و قەلەمەكان لەپێشوازی عەلیدا بەگەرموو گوریەوە دەبینن هەزاران هەلەبجەیی بریندارپەراوێزبخرێن‌و رۆژانە بە پێشچاوانمانەوە ببن بەژێر دەست‌وپێی ئامادەبووانی ئەوژاوەژاوەوە .. كاوە حەمە ئەمین صالح لەدایكبووی ساڵی 1981 خەڵكی شاری هەڵەبجەیە، حیكایەتی ئەم كوڕەو خانەوادەكەی هەر بەتەنها تراژیدیا نیە بەڵكو سەروەتێكی  نەتەوەیشە كەچی بەداخەوە لەبری گرنگی پێدانیان بەجۆرێك پەراوێز خراون كە هەموو پڕوپاگەندەكانی ئازادی‌و مافی مرۆڤ بەتاڵ دەكاتەوەو تۆریان دەداتە زبڵخانەی مێژووەوە، ژیانی كاوەو خوشك‌وبراكانی‌و مردن‌وگیان لەدەستدانی باوك‌ودایكیان بەبێ‌ دەنگی  پێمان دەڵێن: ڕاوەستن.. چیتر مەردایەتیمان پێمە فرۆشنەوە چونكە هەتا ئێستا گازبارانی شار بەشێوەیەك لەشێوەكان بەردەوامە،هێشتا كاریگەریەكانی تاوانی جینۆساید رۆژانە بە ناوئێسك‌و ویژدانماندا رۆدەچێتە خوارەوە.. ئاخر مەترسیدارترین جۆری جەهل ئەوەیە كەسانێك  هەبن خۆیان لەم حاڵەتە مرۆڤایەتیانە گێل بكەن‌و بە دروشمبازی یادی كیمیاباران‌و شەهیدانی هەڵەبجە بكەنەوە، زیندووەكانیش فەرامۆش بكەن، ئەرێ‌ جەهل چییە ئەگەر ڕۆشنبیرانێك هەبن بەئەتەكییەتەوە بێن‌و بەسەرتەرمی شەهیدان‌و  ژیانی پرلەمەینەتی  ئەم قوربانیانەوە سەفەری ئەوروپاوئەمریكا بكەن‌و لەناوخۆی وڵاتیش خۆیان دەوڵەمەند بكەن‌و لەدیوێكلی تریشەوە پاساو بۆ ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و فەرامۆشكردن‌و پەراوێزخستنی قوربانیان بهێننەوە، دزێوترین دڵرەقی ئەوەیە ئەم قوربانیەی شاری هەڵەبجە بەهەموو دەردو خەم‌و مەینەتیەكانیەوە، بەپێشچاوماندا گوزەربكاو ئێمەش خەمساردانەو نابەرپرسیارانە لێی بڕوانین‌و بەئۆفێك لەكۆڵ خۆمانی بكەینەوە.

كاوە حەمەئەمین ئەندامی خێزانێكی هەلەبجەیە كە ساڵی 1988 لەكیمیابارانكردنی شارەكەدا لەگەڵ  تەواوی خێزانەكەیدا  بەسەختی بریندار دەبێ‌، لە بۆردومانی ( 16/3 /1988)  پاش ئەوەی دایكیان  بەناوی ” سەڵتەنە حسین حەمەرەشید”  هەر ئەو ئێوارەیە لەهەڵەبجە گیان لەدەست دەداو تەرمەكەی بەجێدەمێنێ‌‌و تائێستاش نازانن لەناو كام گۆردایە، ئەوانیش  ئاوارە دەبن‌و بەرەو ئێران  دەرۆن، خێزانەكەیان بەجۆرێك لێك پەرتەوازە دەبن، تا هەنوكە وەكو پێویست یەكیان نەگرتووەتەوە، لەكرماشانی ئێرانیشەوە (كەیوان) كورە یانزە ساڵانەكەیان لێ‌ وون دەبێ‌ بە جۆرێك هەتا ئێستا كاوەی برای چاوی پێی نەكەوتووەتەوە، ماوەیەك لە ئۆردوگاكانی ئێران بەئاوارەیی دەمێننەوە‌و كاتێكیش لەئێرانەوە دەگەرێنەوە گوایە لێبوردنی گشتییە كەچی لە گەڕانەوەیاندا لەسەرسنور لەلایەن لیژنەی پێشوازی لە ئاوارە گەراوەكانەوە كە (شێخ جەعفەر عەبدالكەریم بەرزنجی) پارێزگاری ئەوسای شاری سلێمانی‌و (سوڵتان هاشم)  فەرماندەی فەیلەقی یەك سەرپەرشتیان دەكرد، بەڵام لەبری پێشوازی كردن‌و ڕێزگرتنیان ئەم خێزانە كە بریتی بوون لە (حەمە ئەمین صاڵح)ی باوكیان و (كاوە، گۆران، زانا، رۆشنا، شنۆ) كە هەموویان برینداری چەكی كیمیاوی بوون، لەگەڵ هەلەبجەییەكانی تر بردویانن بۆ (تەوارییەكەی سلێمانی)‌و دوای سێ‌ چوار رۆژ مانەوەو ئازاردانێكی  زۆر بەرەو دۆزەخی (نوگرەسەلمان) بەرێیان دەكەن‌و ماوەی چوار مانگ لە دۆزەخی ئەنفالكراوەكان دەیانهێڵنەوە. كاوە دەلێت:( لە نوگرەسەلمان  زۆر ئازارم چەشت.. زۆرجار عەسكەرەكان دەیانویست بمبەن خزمەتی خۆیانم پێبكەن كاتێ  كە ڕەتم دەكردەوە لێیان دەدام‌و زۆر ئازاریان دەدام، جارێكیان زانای برام منی بینی ئاوا ئازارم دەدەن خۆی خستە بەركێبڵەكان بۆ ئەوەی ئازارم لێ‌ كەمبكاتەوە، باوكم كە چەكی كیمیایلی كوێری كردبوو عەسكەرەكان بەلێدان‌و بەپاڵ دەیان ڕەتاند).پاش گەڕانەوەشیان بەهۆی تاوانی هەڵەبجەو نەمانی ماڵ‌و حاڵ‌و شەهیدبوونی دایكیان بەتەواوی شپرزە دەبن ئیتر (حەپسەخان)ی پوریان هاوكاریان دەكاو لەكەلار دەگیرسێنەوە، هەرچۆنێك بێت لەوێ‌ خانوویەك بەكرێدەگرن‌و ماوەی چەند ساڵێك لەكەلار دەمێننەوە.

بەسەرهاتی كەیوان:

كەیوان ناسنامەی گەلێكی جینۆسایدكراوی سەدەی بیستەمە، كوردێكی برینداری چەكی كیمیاویە ئەوچەكە هەرجەستەی هەلاهەلا نەكردووە، بەلًَكو لەسەرەتایی ترین ماف بێ‌ بەشی كردووە كە زمانی خۆیەتی “زمانی دایك” ماوەیەكە  لە وڵاتی نەمسا وەك بریندارێكی چەكی كیمیاوی لە ژێر چاودێری پزیشكی دایە،  ئەو كوردێكە ساڵی 1977 لەهەڵەبجە لە دایك بووە، بەداخەوە كوردی نازانێ‌ ..! بێگومان ئەمەش یەكێكە لە رەگەزەكانی تاوانی جینۆساید كە لەبەندی سێهەمی پەیماننامەی نێودەولەتی بۆ قەدەغەكردنی تاوانی جینۆساید.

كەیوان تەمەنەنی 11 ساڵان بووە كەلەكیمیابارانەكەی ئێوارەی 16/3 بەسەختی بریندار دەبێ‌، كەلە هەڵەبجەوە  دەرۆن تا شاری كرماشانی ئێران لەگەڵ خێزانەكەیان دەبێ‌، بەڵام لەوێ‌ لەبەر پەشۆكاوی‌و ئازاری برینەكانیان (كە هەموویان برینداری چەكی كیمیاوین) لەخێزانەكەی ون دەبێ‌، ئیتر لەوە بەدواوە لە یەكتر بێئاگادەبن، بێ‌ ئەوەی خێزانەكەیان بزانن یان ئەو بزانێ‌ خێزانەكەیان ماون یان نا، ئەم لێك دابرانە سیانزە ساڵ دەخایەنێ‌ تا ساڵی 2001 چاویان پێی ناكەوێتەوە، كاتێكیش كەیوان دەگەرێتەوە ئەو كاتە دەزانێ‌ هەموو خێزانەكەیان برینداری چەكی كیمیاوین‌و دایكیان سەلتەنە) بەهەمان چەك گیانی لەدەستداوە.

كەیوان چۆن گەیشتە نەمسا..؟

(ناصح  زەندی) كەپەناهەندەیەكی عێراقیەلە دەرەوەی وڵات، كاتێك هەواڵی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە دەزانێ‌ بە هانای ئاوارەكانی هەڵەبجەو بریندارانی چەكی كیمیاویەوە دەچێتە وڵاتی ئێران لەوێ‌ حاڵی كەیوانی منداڵ لە هەموو بریندارەكان خراپتر دەبینێ‌، بۆیە بەكامێرای شەخصی خۆی وێنەی دەگرێ‌‌و هەوڵدادە بیباتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر سەرئەنجام دەتوانێ‌ بیبات بۆ وڵاتی بەریتانیا، دواتر لەگەڵ كۆمەڵێك برینداری تری كیمیاوی بەرەو وڵاتی نەمسا بەرێدەكرێ، لەوێ دەكەوێتە لای دكتۆرێكی نەمساوی بەناوی ” فرالینكە گێرد هارد” ([1])  كەپرۆفیسۆرێكی تایبەتمەندە بە بریندارەكیمیاویەكان كەیوان هەتا ئێستاش وەكو بریندارێكی كیمیاوی لە ژێرچاودێری هەمان دكتۆردایە‌و لەنەمسا دەژی هێشتا ئەوە رۆشن نیە كە چۆن ساڵی 2001 دەرفەتی ئەوەی بۆ دەرخەسێ‌ سەردانی هەڵەبجە بكاتەوە..؟!  ئەمەش لەبەرئەوەی هیچ زمانی كوردی نازانێ‌ بۆیە لەگەڵ خوشك‌و براكانی ناتوانن وەكو پێویست حیكایەتی دەردی سەری خۆیان بۆ یەكتری بگێرنەوە، لەبارەی سەردانەكەی كەیوانی برایەوە كاوە دەڵی: ( من هێشتا ئەو برایەی خۆمم نەبینیوە، لەبەر ئەوەی ئەوكاتەی ئەو گەرایەوە بۆ كوردستان من بۆ چارەسەر چوو بووم بۆ ئێران ).

سەبارەت بە دۆسێی كەیوان پرۆفیسۆر( فرالینكە) لەسەردانێكیدا بۆ كوردستان بۆ ئەندامانی ناوەندی چاك ووتی: باوكی كاوەو كەیوان ” حەمەئەمین صاڵح ” بریندارێكی سەختی چەكە كیمیاویەكانی بەعس بوو   تا 15/6/2008 بەئازاری برینداریەكەیەوە  دەناڵێنێ‌ و لەو رۆژەدا لەهەڵەبجە گیان لەدەست دەدات.

كاوە ئێستا كورێكی سەرگەردانی ناوخێزانەكەیەتی،شەوانە لەمزگەوت یان لەناو باتانیەكدا لەسەر جادەو شەقامەكانی شاری سلێمانی رۆژدەكاتەوە، جاربەجارێكیش لە ئوتیل شاكار دەخەوێ‌ كە شەوی بە 3 هەزار  دینارە ئەمە ئەگەر لەژوردا بخەوی خۆ  ئەگەر لەسالۆنەكەشدا بخەوی ئەوا شەوی بە 2500 دینارە .

كاوە دڵشكاوترین مرۆڤی ئەم سەدەیەیە، چاوەكانی بەهۆی چەكی كیمیاویەوە ئاڵودەبوون‌و سورهەڵگەراون‌و جەراعەتیان كردووە، سییەكانیشی خراپ بوون‌و تەنگە نەفەسی تەواو پەرێشانی كردووە، سەبارەت بە ژیانی پر لەمەینەتی خۆی كاوە وتی:(دائیرە نەماوە لەم شارەدا عەریزەی منی تێدا نەبێ‌، تەنانەت هەولێری پایتەختیش كە دەلێن بووەتە (دوبەی) پریەتی لە عەریزەوساكڵای حاڵی نەگبەتی من).

ئەوكاتەی سەرنجم لە سەر بلوسە شینەكاڵەكەی كاوە بوو، كەوەك فیشەك كونی كردبێ‌، خەیاڵم بەرەو هەموو قوربانیانی هەڵەبجە فریی بوو ،  چ ئەوانەی ئێستا وەكو كاوە لەمەینەتیدا دەژین یان ئەوانەی لە گۆرە بەكۆمەڵەكاندا بەبێ‌ كفن راكشاون،لەهەمان كاتدا بەشێكی خەیاڵم بەرەو كاروانی مۆنیكای بەرپرسان‌و درۆو دەلەسەو وەعدو بەڵێنەكانیان باڵی گرتبوو، كاوەش هەر قسەی بۆ دەكردم، دواتر هەناسەیەكی قوڵی هەڵكێشاو چاوە سوورهەڵگەراوەكانی بڕیە ناوچاوانم هەر بۆ دڵنیایی راستی قسەكانی  ووتی : (جەماعەتی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەمناسن).

 ئاخۆ لەدوای بینینی كاوە لەبەرنامەی (زووم ئین ) دا چەند مرۆڤدۆست، چەند بەپرسی هەگبە پڕ؟ چەند رۆشنبیرو  رێكخراوی بەناو مافی مرۆڤ ؟ بەهانای بریندارێكی هەڵەبجەوە چوون..؟ ئەگەر صندوقی هاوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان بۆ هاوكاری ئەمرۆی ئەم قوربانیانە نەبێت بۆكەی‌و بۆ چی بێت؟ تۆ بلێی ئەگەر بێت‌و لەبری دیوەخانانەو لەبری بە فیرۆدانی پارەی ئەم وڵاتە، حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەنایەك،بۆ ئەم قوربانیانە بكاتەوە باری دەسەڵاتی لاربێت؟  دەبێت لەوە شەرمەزاری تر چی بێت كە ئەم قوربانیانە سەرباری برینەكیمیاویەكانی سەرجەستەو ناو هەناویان لەسەرجادە بژین‌و تۆمەتباران‌و تاوانبارانی جینۆسایدكردنی كوردیش لە كۆشك‌و ڤیەللاكانی پاش ڕاپەریندا بژین، ئەم قوربانیانە بی ژیان‌و بێ نان‌و بێكاروبێ‌ موچەبن‌و ئەندام پەرلەمانەكان‌و وەزیرو گزیرەكان‌و تەنانەت هەندێك لە تاوانبارانیش خاوەنی پلەوپایەو موچەی بەرزبن.  ئەرێ‌ ئەمە چ ئەخلاقێكی نزمە یاران..؟

خوشكەكانی ( رۆشناو شنۆ ) هەردوكیان برینداری چەكی كیمیایین ئێستا شویان كردووە بەڵام رۆشنا حالی لە هەموویان خراپترە. ئەرێ‌ پاش ئەوەی  بەرنامەی ( زووم ئین) كاوەی هێنایە ناوماڵەكانمانەوە،  پاش ئەوەی رۆژنامەی ئاسۆ، باسی لەحاڵی (كاوە) بریندارێكی تری هەلەبجەكرد كەس لێی پرسییەوە ..؟ ئەوەیان تەنها خوداوكاوە دەیزانن .

ئەم بابەتە لەژمارە (٧) ی گۆڤاری ئەنفالستان لاپەرە ٦٠ بڵاوکراوەتەوە .

[1] پرۆقیسۆر فرالینكە گێرد هارد ساڵی 2006 لەگەڵ شاندێكی ناوەندی چاك  هاتە كوردستان، بەمەبەستی بەشداری ئیفادە وەرگرتنی لەدادگای باڵای تاوانەكان بۆ دۆسێی هەلەبجە .. لەمیانەی دورۆژی سەردانەكەیدا سەردانی شاری هەلەبجەی كردو لەوێش چاوی بەهەندێك لە بریندارەكانی هەلەبجە كەوت، لەماوەی سەردانەكەیدا كە من وەكو بەرێوەبەری ناوەندی چاك یاوەری بووم بە دورو درێژی باسی كەیوان‌و چۆنێتی چارەسەركردنەكەی بۆ كردم .

بۆچوون