Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/10/17 9:44
نوسەر: جینۆسایدی کورد

“ژن‌و منداڵ بۆ فرۆشتن” ژنێکی ئێزیدیی ڕزگاربو له‌داعش

له‌دوای ئه‌وه‌ی داعش نزیکه‌ی پێنج هه‌زار کچ‌و ژنی یه‌زیدی له‌ناوچه‌کانی شه‌نگال ڕفاند، 5 که‌سیان که‌ سه‌رجه‌میان خوشکن، توانیان دوای 23 رۆژ ڕزگاریان بێت له‌ده‌ستیان.

له‌ڕزگاربوه‌ یه‌زیدییه‌کان، سیلان بچوکترینانه‌ به‌10 ساڵ‌و زه‌هره‌ش به‌20 ساڵ گه‌وره‌ترینیانه‌. زه‌هره‌ باس له‌ده‌ستپێکی ‌هێرشه‌کانی داعش ده‌کات که‌ په‌لاماری گونده‌کانی ئه‌وانیان داوه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی ئابدا، “دانیشتوانی گونده‌که‌یان خسته‌ به‌رده‌م دو بژارده‌وه‌، بون به‌ئیسلام یاخود مردن. به‌ڵام خه‌ڵکه‌که‌ ڕه‌تیانکرده‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر دینی ئیسلام. دواتر خستینیانه‌ ناو قوتابخانه‌یه‌که‌وه‌و دابه‌شیانکردن بۆ دو کۆمه‌ڵ. یه‌کێکیان پیاوه‌کان‌و ئه‌وی دیکه‌ ژنه‌کان. باوکم له‌گه‌ڵ پیاوه‌کاندابو، له‌و کاته‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش نه‌مبینیوه‌ته‌وه‌”.

له‌دوای داگیرکردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن چه‌کدارانی داعشه‌وه‌، نزیکه‌ی 400 هه‌زار که‌س له‌شوێنه‌کانی خۆیان ده‌رکران، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای کوشتنی سه‌دان که‌س. به‌پێی دوایین زانیارییه‌کانیش 5 هه‌زار ئافره‌ت بۆ شاری موسڵ ڕاگواستراون.

زه‌هره‌ درێژه‌ به‌چیرۆکی ڕفاندنه‌که‌یان ده‌دات‌ “له‌شه‌وی یه‌که‌مدا ته‌نها 2 کاتژمێر خه‌وتین. له‌4ی به‌یانیدا هاتن بۆ ئه‌وه‌ی بمانبه‌ن بۆ موسڵ. یه‌کێک له‌چه‌کداره‌کان به‌خوشکه‌ بچوکه‌که‌می وت که‌ ڕوپۆشه‌که‌ی لاببات. دایکم به‌توڕه‌ییه‌وه‌ به‌‌‌چه‌کداره‌که‌ی وت که‌ بۆچی داوایه‌کی وا له‌کچه‌که‌ی ده‌کات، ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌کات، ده‌یکوژێت. دایکیشم خۆی پێ ڕانه‌گیراو ده‌ستیکرد به‌گریان، ئه‌ویش به‌توندی پێیدا کێشاو بردی له‌گه‌ڵ خۆیدا”.

له‌رۆژانی سه‌ره‌تای ڕفاندنیاندا زه‌هره‌ ده‌ستیکردوه‌ به‌ژماردنی رفێنراوه‌کان‌، ئه‌وانیش 65 ژنی به‌ته‌مه‌ن‌و 165 کچ‌‌و 400 پیاو، “چاره‌نوسی ئه‌و پیاوانه‌مان نه‌زانی، شه‌وێکیان گوێمان له‌ده‌نگی ته‌قه‌بو، له‌یه‌کێک له‌چه‌کدارانی داعشم پرسی که‌ چی ڕوده‌دات، ئه‌ویش وتی ته‌قه‌کان بۆ سه‌یاره‌یه‌کی نه‌ناسراوبوه‌، له‌کاتێکی دیکه‌ زانیمان که‌ هه‌مویانیان کوشتوه‌”.

له‌به‌یانی رۆژی دواتردا چه‌کداره‌کان ژنه‌کانیان گواستۆته‌وه‌ بۆ شاری موسڵ، به‌پێی چه‌ند شایه‌تحاڵێکیش ژنه‌کان براونه‌ته‌ سه‌نته‌ری شاره‌که‌و پیاوان توانیویانه‌ وه‌ک “سه‌بایا”‌ ئه‌و ژنانه‌ بکڕن.

به‌گوته‌ی سۆزان عارف که‌ چالاکوانی مافه‌کانی مرۆڤه‌ له‌عێراق، له‌بازاڕه‌کاندا ئۆفیسی تایبه‌ت به‌فرۆشتنی ئه‌و ژنانه‌ دانراوه‌و کڕیاره‌کان توانیویانه‌ له‌ڕێی وێنه‌وه‌ له‌سه‌ر نرخه‌کان ڕێکبکه‌ون، ئه‌و چالاکوانه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ زیاتر ده‌ڵێت “نرخی ژنانی مه‌سیحی زیاتربوه‌ له‌یه‌زیدییه‌کان، ئێمه‌ ئه‌مه‌ له‌ڕێی ئه‌و ژنانه‌وه‌ ده‌زانین که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌وێ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدابون‌و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان. ژنه‌کان زۆربه‌ی جار ڕاسته‌وخۆ دوای ڕفاندنیان ده‌ستدرێژییان کراوه‌ته‌ سه‌رله‌لایه‌ن جیهادییه‌کانه‌وه‌”.

له‌کۆی ئه‌و 5 هه‌زار ژنه‌، ته‌نها43یان توانیویانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌. له‌باره‌ی چۆنیه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌شیان شتێکی زۆر ڕون نییه‌. ده‌وترێت که‌ به‌شێک له‌سه‌رۆک هۆزه‌کانی موسڵ‌و فه‌لوجه‌ نێوانگیرییان کردوه‌ بۆ ئازادکردنی هه‌ندێکیان له‌به‌رامبه‌ر بڕێک پاره‌دا.

ڕه‌نگه‌ پێنج خوشکه‌که‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ ڕزگاریان بوبێت، به‌ڵام ئه‌وان باسی ناکه‌ن. ئه‌وان بیر له‌داهاتویان ده‌که‌نه‌وه‌و ترسیان له‌کاردانه‌وه‌ی نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تیی یه‌زیدییه‌کان هه‌یه‌. له‌باره‌ی زه‌هره‌شه‌وه‌، ئه‌و دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ئه‌رکێکی گرانی له‌سه‌ره‌ به‌چاودێریکردنی خوشکه‌کانی‌و دابینکردنی ژیان بۆیان.

*لەماڵپەڕی ئاوێنەوە

بۆچوون