Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/10/19 9:57
نوسەر: جینۆسایدی کورد

جاش و داهاتووی دۆسێی ئەنفال

هۆشیاری عەبدولعەزیز

 

جاش وەك ناو وپێكهاتە مێژوویەكی دوور ودرێژی لە فەرهەنگی سیاسی وكۆمەڵایەتی ئێمەدا هەیە وبووتە ناوێك لەو ناوە قێزەون ومەترسیدارانەی كە بەردەوام لە نێو پێكهاتەی كۆمەڵگای ئێمەدا سڵی لێبكرێتەوە . جاش لە بنەڕتدا بە پێی فەرهەنگی زمانەوانی ئێمە واتای بێچوە كەر یا كەری بچوك دێت و دیارەكەریش بەدرێژای مێژووی ئێمە یەكێكە لەو ئاژەڵە بەستە زمان و بێدەنگانەی هەرچییەكی پێدەكرێت گۆێڕایەڵە وملكچی خاوەنێتی، لە فۆرمە سیاسیەكیشیدا بەعس هەوڵی دا هەمان مانا ببەخشێتە جاشەكانی بەردەستی و بە شێوەیەكی سیستماتیكیش كاری لە سەركرد چونكە بەعس گەیشتبوە ئەو بڕواییەی بۆ جێبەجێكردنی پەلاماری سڕینەوە پێویستی بەو تێكەڵاوكردنە ناڕۆشنە هەیە كە كورد خۆی بۆخۆی ببێتە بەشێك لە تاوانی كۆكوژی خودی خۆی و هاوكات لە گەڵ ئەوەشدا دەتوانێ‌ لەو ڕێگەیەو بیسەلمێنێ كە ئەوە تەنها عەرەب نەبوو كردەی كۆكووژی ئەنجامدا بەڵكوو خوودی كوردیش بەشێكە لەوتاوانە و بەشداری چالاكی هەبوەو بەشێوەیەك لە شێوەكان تەواوكەری ئەو پرۆژەیە بوو كە لە دیدی بەعسدا پرۆژەیەكی پێویست و گرنگ بو نەئكرا كاری لە سەرنەكرێ و پەراوێزخرێ، ئەمەش بە پشت بەستن بەو دیاردە لە مێژینەیەی كە لە سەرەتاكانی سەدەی رابردووەوە جاش وجاشایەتی بووەتە دیاردە ونەرێتك لەنێو كۆمەڵگای ئێمەدا ودوژمنان سوودی لێ دەبینن و لە ناووبونە گشتیەكەدا وەك بكەر بەردەوام بە دەستی دوژمنانی خۆیەوە كاری لە سەر خودی ناكۆكیەكانی خۆی كردوەو گرنگیشی بەو كێشە سیاسی و ئەخلاقی و كلتوریانەش نەداوە كە لە داهاتوو یەخەی دەگرێ ، ئەنفالیش كە دواترۆپكی تاوانەكانی بەعس بوو وەك پرۆژەیەك بۆ سڕینەوەی رەگەزێكی جیا لە ڕەگەزی عەرەبی ، پرۆژەیەك نەبوو بە تەنها لە لایەن هێزێكی سەربازی عەرەبیەوە پیادەكرابێ بە ڵكوو لە تەوزیفكردنیدا خوودی كورد بەشدارەو داهاتووش كاریگەری خۆی دەبێ لە سەر لایەنی ئەخلاقی و كلتووری خودی كورد و بە فیعلیش ئەم حاڵەتە تا ئێستا كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی كایە جیاجیاكانی كۆمەڵگای ئێمە هەر ماوە و بەئاسانی نەسڕاوەتەوە چونكە ئەنفال ئەوكاتە مانایی تەواوەتی خۆی وەرگرت كە لە لایەك بێدەنگی لێكرا ولە لایەكی تریشەوە كورد خۆی بەشداربوو لە ئەنفالكردنی خودی خۆی و دەبێ لە داهاتوو بێدەنگبن لە تاوانەكانی خۆیان كە بەرانبەر بە هەندێك پارەو دەسكەوتی مادی چیتر نەبوو ، دێكۆمێنتەكانی بەعسیش باشترین بەڵگەن لە سەر ئەو جاشانەی كە بەشداری ئەو كردەیەیان كردوە و ئەوە دەسەلمێنن كە كوشتن و سەربردنەوەی كورد بە دەستی كورد چەندە پرۆسەیەكی بێماناو كەم بهابوەو لە بەرانبەریشدا جگە لە بەخشیش و ئافەرینێكی بێكەڵك بەتاوانەكانیان شتێكی تریان بە دەست نەهێناوە . تێوەگلاندنی جاشەكان بەو تاوانە بۆخۆی ئەوە دەخاتەوە بیرمان كە ناكرێ لەكاتی بە دادگاگەیاندنی سەرانی ئەو ڕژێمەدا چاو لە بەشداربووەكانی خۆمان بپۆشین و بێدەنگی لێبكەین .

  filemanagerبە هەرحاڵ  لە ئێستاشدا كە بەشێك لە سەرانی ڕژێمی بەعس لەسەر تاوانی كۆمەڵكوژی ئەنفال لێپێچینەوەیان لەگەڵدا كراو دوابڕیاری خۆیان وەرگرت  و دادگا ناوی كۆمەڵێكی تری لە جاش و تاوانبارانی پرۆسەكە ئاشكراكردوە ، كە بەشێكی زۆر لەو ناوانە لە جاشە كوردەكانن و ئەوانیش لە ئێستادا كەسی ئاسایی ئەم كۆمەڵگایەن و هەندێكیشیان بەرپرسیارێتی حزبیان هەیە لە سەر ئاستی حزبە كوردیەكان هەروا ئاسان نییە مەسەلەكان ڕووكەشانە تەماشا بكرێن و نەخرێنە چوارچێوەی هەستیارترین فۆرمی كاتەوە كە لە ئێستادا دەبینرێت و پێویستی بە چاودێری هەیە بەتایبەتی بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردو ئەو ڕەوشەی كە كوردی تێدایەو تاڕادەیەك جیاوازە لەڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێستایی عێراق. چونكە گەر پێشتر بە بایەخەوە نەماندەڕوانیە پرۆسەی دادگایەكەو ئەو تاوانبارانەی كە لە قەفەسی تاوانباریدا بوون  ، ئەوە ئەمڕۆ جیاوازەو كار لە سەر پاككردنەوەی ڕابردوومان دەكرێ و ئەو ڕابردوەش پەیوەستە بە بەشێك لە خۆمان و داهاتوومانەوە كە جاشەكان ڕۆڵیان تێدا بینیوە ، چونكە كۆمەڵكوژی ئەنفال و ئەو پاشخانە ترسناكەی كە ئەنفالی تێدا ئەنجامدرا وەك ئەوەی بینیمان بۆخۆیی پاشخانێكی پڕگرێ وگۆڵە وناكرێ هەڵوێستەی لەسەر نەكەین لەكاتێكدا كە ئەنفال وەك پرۆسەیەكی كۆمەڵكووژی ترسناك كە لە ئەزموونێكی لە پێشترەوە سەرچاوەی گرتووەو پەیوەندی بە كۆمەڵێك كێشەی ئەخلاقی كۆمەڵایەتی و سیاسیەوە هەیە ولە خۆیدا هەڵگری جۆریكە لە یەكتر كوشتن و ناشرینكردنی پێكهاتەی گشتی كۆمەڵگا ، دیارە ئەوكاتەش كە بمانەوێ‌ قسە لە سەر ئەنفال و تاوانبارانی پرۆسەكە بكەین لە دادگادا وەك پرۆسەیەكی پاكتاوكاری كە بەعس كاریی لە سەركرد ، ئەوە پێویستیمان بە گەڕانەوەیەكی تەواو هەیە بۆ نێوو كۆیی كایەجیاجیاكانی زەمەنی ڕوودانی پرۆسەكەو ئەو پاشخانە ترسناكەی كە لێیەوەی سەرچاوەی گرتووەو دواتریش ئەو هۆكارو فاكتەرانەی كە ڕێخۆشكەر بوونە بۆ سەركەوتنی خودی پرۆسەكەو ئەو هەنگاوانەی كە بەعس لەو كاتەدا هاوێشتوویەتی ، چونكە وەك لە جارێك زیاتر ئاماژەم پێكردوە بەعس بەبێ خوێندنەوەی بۆ ڕەهەندەكانی ئەو كۆمەڵكوژییە و دەرئەنجام و داهاتووی كلتوری و كۆمەڵایەتی و كاریگەری پرۆسەكە دەستی نەداوەتە جێبەجێ كردنی ئەو نەخشەو پلانەی كە لە ڕابردوودا ئەزموونی پێبەخشیوەو برۆسەی ئەنفالی لێ بەرهەم هێنراوە ، بەتایبەت ئەوكاتەی كە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری پێكردنی جاشەكان  و تێوەدەگلاندنی خودی كورد ، بەعس لەو كردەیەدا زۆربەباشی لەوە دەگات كە ئەو دەتوانێ‌ لەم ڕێگەیەوە نەوەیەك لەكەدار بكات ولە ڕێگەی ئەوەشەوە جۆرێك لە نائارامی هەمیشەی دەروونی بڕوێنێ وسەركوتكردنی بێدەربازبوون بكاتە پێوەری مانەوە لە ژیاندا و كلتوری نەتەوەیەكی پێ بارگاوی بكات  ، واتا كەسێكی جاش بەخۆیی بزانێ یانە قوربانی ئەو كردەوانەی ڕابردوەو تا ڕۆژیی مردنی لە هەناوی چاوەڕوانی داهاتووی ئەو تاوانە و نائارامی دەرونیدا دەژێت و بەردەوام بیرلە مانەوەی ئەو گرێ دەرونیە دەكاتەوە كە پێوەی بەندە ، ، ئەو گرێیەش لەلایی بەعس خۆی لە ناپاكێتی و دۆڕاندندا  دەبینیەوە ، چونكە هەركاتێك مرۆڤ كەوتە گێژاوەی دۆڕاندنەوە بیركردنەوەكان لە یەك دەئاڵسكێن و دەربازبوون دەبێتە حاڵەتێكی چەقگرتوو  وكەسی دەرگیر ناتوانێ بە ئاسانی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆیی ، نەگەرٍانەوەش كاریگەری نیگەتیڤ بەرجەستە دەكات و دەبێتە هۆكاریی شێواوی كەسی تووش بوو لە بەرانبەر كۆیی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاو ئەو شتگەلەی كە لە ژیانی ئاسایی تاكەكاندا دەگووزرێ ، بەم پێوەرەش دەتوانین ئەوە بسەلمێنین كە بەعس لە تەوزیف كردنی ئەم حاڵتەدا گەورەترین سەركەوتنی بە دەستهێنا و توانی لەو ڕێگەیەوە كۆمەڵگایەكی پڕ لە دۆڕاندن و ناپاكی لە بەشێك لە تاكەكانی ئێمەدا دروست بكات و وامان لێبێت لە باسكردنی خۆمان سڵ بكەینەوەو نەوێرین ڕابردوو وەك خۆیی بخوێنینەوە ڕابردوویەكی پڕ لە ناپاكی و دۆڕان ، ڕابردویەك كە بۆهەمیشە وەك ترس لە دیدوتێروانینی كەسایەتیماندا خۆیی نوێدەكاتەوەو ڕێگەنادا پایەكانی داهاتوومان مەحكەم بكەین لە ئاست ئەو ڕوودا و پێشهاتانەی كە لە ئێستاو داهاتووماندا یەخەمان پێدەگرێ .

وەك دەوترێ گەر خۆمان دەست بە پاكردنەوەی خۆمان نەكەین ئەوە ناتوانین هەڵوێست لە بەرانبەر ئایندە وەرگرین ، بەتایبەت ئایندەیەك كە هەموو پێوەی بەندین و هاوكات ناشبێ لەوە بترسین كە ئەو خۆپاككردنەوەیە دەبێتە هۆیی دڵ ڕەنجاندنی ئەو هۆزو خێڵانەی كە جاش و موستەشاریان بەرهەم هێنا و داكۆكیان لە بەعس دەكرد ، چونكە تائێستاش هەندێك هەن داكۆكی لە كرۆكی ئەو سێستەمە دەكەن كە جاشی بەرهەم هێناو پێیان وایە گەر جاش نەبووایە ئەوە ئەم ئەزموونە عەنتیكەیەمان بۆ بەدەست نەدەهات و دەبوایە هەر بە شاخەوەبووینایە . ئەگەر چی لەپاشی ڕاپەرینی ئازاری 1991 ولە روی یاسایەوە  بەشێكی زۆر لە جاش و سەرۆك جاشەكان بەر لێبوردنی بەرەی كوردستانی كەوتون ، بەڵام  ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێ‌ كە ئەوانە پاكبوونەتەوە و  پێویست ناكات دادگایی بكرێن بەڵكوو پێچەوانە باشترە بخرێنە بەردەمی ئەو بەر پرسیارێتیەی كە ئەوان بۆ خزمەتی بەعس گرتیانە ئەستۆیی خۆیان و ئەمەش رێگر نیە لەوەی چاومان بە رابردویانەوە نەبێت و ئاماژە بەكردەوەكانیان نەدەین ، هەر چەند دڵنیام زۆر لەوەش  زیاتریان كردووە كە ئێمەومانان پێی دەزانین، بۆیە دادگایی كردنی ئەوان زۆر لە دادگایی كردنی سەرانی بەعس گرنگ ترە و وادەخوازێ بە جیا لە دادگایی باڵای تاوانەكان لە عێراق لە دەستووری تازەی هەرێمی كوردستانیشدا برگەیەك هەبێت بۆ دیاری كردنی چۆنێتی سزاكانی ئەوانە و ئەو كەسانەی كە خاوەنی فایلی بە كرێگیراوین و پلە بەپلە بە پێی رابردویان دیاری بكرێ‌، ڕێكخستنی ئەمەش بەپێی یاسا بەخشینی جوانترین دیاریە بۆ كەس وكاری قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس ، ئەگەر چی لە سەرەتای ڕاپەڕین رسیوا نەكران وەكو ئەو فەرەنسی وپۆلۆنی وجولەكانەی كە لە جەنگی جیهانی دووەمدا هاوكاری ئەڵمانیاكانیان دەكرد لە دژی خۆیان ، بەڵكو وازیان لێ هێنرا و كوتنە بەر لێخۆشبوونی ئەو پێكهاتە سیاسیەی كە لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا كۆبوبونەوە،  كەچی بە پێچەوانەی ئەو لێخۆشبوونەوە بەشێك لەوانە جارێكیتربوونەوە بەخاوەن كورسی ودەسەڵات. و زۆرجاریش نازناوی ( چەكداری شۆڕشگێڕ‌و خەت مایلی شۆڕش ) یان پێبەخشرا‌وەو كراونەتە هاوتای ئەو شۆڕشگێڕانەی كە لە ڕابردوو قۆناغ بە قۆناغ شەڕی بەرگری و مانەوەی كورد بوونیان دەكرد و دەیانویست مانای ڕەسەنایەتی و ئەسالەتی ژیان بگەڕێننەوە . ئەمە لە كاتێكدا كە هەق وابوو دادگایەكی وەك ( نۆرنبێرگ ) بە سزای تاوانەكانیان بگەیەنێت و ڕێگە نەدرایە ئاوا جارێكی تر ببنەوە خاوەنی پلەو پایەی دەسەڵات .

 1293233_saddam_kurds2بە هەر حاڵ پێموایە ئەمەش یەكێك بوو لە تاكتیك و زەمەنخوازی  سەركردایەتی سیاسی كوردی كە ئەوكات لە سەر حساباتی تەكتیكی سیاسی  كاری لە سەركرا و هەنگاوێكیش بوو بۆ دورخستنەوەی ئەوانە لە بەعس و هاوكات لاوازكردنی رژێم  ! بەڵام  ئەوان واتا جاشەكان ئەمەیان بە هەلی سەرلەنوێ خۆد پاكردنەوە زانی و بوونە بكەری گەشەدانی حزب و كارەكتەری شەڕی ناوخۆیی و دەم سپی شۆڕش ، كار بەوەشەوە نەوەستا وردە وردە لە پاڵ حزبە بە شەڕهاتوەكاندا بوونە خاوەن ماڵ‌و ڕاپەڕینیان كردە موڵكی خۆیان‌و لافی كوردایەتییان لێدەداو فۆرمی سەركەوتنی شۆڕش بوە بەشێك لە فۆرمی قبوڵكردنەوەی ئەوان .

 لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا  لەبری ئەوەی تاوانبارانی ئەنفال وەك روویەكی ئەخلاقی بگەیەنرێتە بەردەم دادگا و لە ڕێگەیەوە مەسەلەكە باشتر بوروژێنرێت و بناسێنرێت و ساغ بكرێتەوە ، پێچەوانەوە بووینە هۆكاری كوشتنی ئەو بیركردنەوەیەو ڕەهەند و كاریگەری باگراوەندە مەترسیدارەكانیمان فرە تركردەوەو نەتوانرا ئەنفال وەك مەسەلەی قڕكردنی نەتەوەو میلەتێك لە سەرئاستی ناوخۆو دەرەوە بناسێنرێ ئەمەش ڕێك و ڕاست لەوەو سەرچاوەی گرت كە ململانێ وكێشمەكێشی ناوپێكهاتە سیاسیەكەی كوردستان و بەتایبەت هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە و هەوڵدان بۆ فراوانبوونەوەی بنكەی حزبی  گەیشتە ڕادەیەكی وا كە سترۆكتۆری لێكتگەیشتن ئاراستەی خراپ بگرێتە بەرو كاركردن لەسەر تەوزیفكردنی ئەنفال وەك دڕندە ترین كارەسات و پەلامار ببێتە كاركردن بۆ كۆكردنەوەی جاش و تاوانبارانی پەلامارەكە لە دەووری حزب و زۆرێك لە ئەنجامدەرانی نەخشەی پەلاماری ئەنفال لەژێر باڵی خۆیاندا  بپارێزن.

كاتێ‌ دەبینی تاوانبارێكی بەشدار لە پرۆسەی ئەنفال دەبێتە قارەمانی نێوو پێكهاتەی حزب و دەسەڵاتدار ئیتر چی مانایەك بۆ هەڵویست و خوێندنەوەی ئەو حزب و سەركردانە نامێنێتەوە كە دەیانەوێ دادگا سەروەر بێت و بەشدار بووانی پەلاماری ئەنفال بچنە بەردەم دادگا ، لە ئاست حاڵەتێكی ئاوادا بۆ خۆم تووشی كورت بینی دەبم و نازانم  چۆنی قسە لەم مەسەلەیەدا بكەم ؟ زۆرجار دەگەمە ئەو بڕوایەی كە هەر ئەمەشە وایكردوە ئێستاش حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان نایانەوێ بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەوانە ڕاپێچی دادگابكەن ، گەر نا ئەوە چ پێویستیەكمان بەوەیە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی لە بارەوە بكات و پێچەوانە دەبوو بەبێ خۆ تێكدان پۆلیس كەوتبایەتە گرتنی ئەوانە و دادگا تاوانباری و بێتاوانی ئەو جاشانەی یەكلا بكاتەوە ، نەك حكومەتێك بێتە هەژان وەك ئەوەی كە دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق ئاسایشی نەتەوەی ئێمەی خستبێتە بەر مەترسی ، بۆ پەرلەمانی كوردستان لەوە ورد نابێتەوە كە تائێستاش موچەی پێشمەرگەیەكی ئاسای دێرین  كەمتر لە 500 هەزارە‌و هاوكاری كۆنە موستەشارێكیش زیاتر لە و بڕە پارەیەیە . زەوی شۆڕشگیرەكان (5 ) هەزاردۆلار دەكات‌و زەوی ئەوانیش (70) هەزاردۆلار. كوڕی شەهیدان و جێماوانی قوربانیانی ئەنفال وپێشمەرگە كۆنەكان هیچ بڕوانامەیەكیان بە دەستەوە نیە و كەچی كوڕی ئەوانیش لە شوێنە هەستیارەكان و لە كۆلێژی پزیشكی و ئەندازیاری و فەرماندەیی سوپاكاندان و لاف و گەزاف لێدەدەن . خێزانێكی بەركەوتووی چەكی كیمیاوی لێی دەكات بە شێرپەنجە‌و كابرای (كۆنە جاشیش) لە سەر ئەركی فڵانە حزب گەشتێكی جیهانی دەكات ، شەهیدێكی سەنگەر 400 هەزار مووچەی بە ڕەوا پێنابینرێ كەچی لەولاوە گەورە جاشێكی كوژراوو مووچەی 10 شەهیدی سەنگەری پێدەدرێ ، ئەمەیە گرفت و ئیشكالیەتی ئێمە لە ئاست ئەو مەسەلەگەلەی بەردەوام یەخە مان دەگرێت . ئەمە جگە لەو حاڵەتانەش كە رەنگە زۆرجار بەرپرسێك كە كۆنە جاشێكە و خەڵكی داوەتە بەر پەلاماری ئەنفال ، بوبێتە دەمڕاستی  خێزان و كەس وكاری پاشماوەكانی قوربانی و داكۆكی لێكردبن لە بەردەم بەرپرسێكی حكومی شۆڕشگێڕدا !

بۆیە پێموایە گەر پەرلەمانی كوردستان كار لە سەر ئەم مەسەلەیە بكات بۆ خۆی سەركەوتنی باشتر بە دەستدەهێنێ‌ و بەدەنگ نەهاتنیش لە سەر جاش وموستەشارەكان نەنگی نابێ‌ بۆپەرلەمان و ڕاستتر ئەو ناتەندروستی و چەوتییەیی هەڵوێست و بینینی رابردوو بۆ ئەنفال ساغ كەنەوەو بیخەنە سەر ئاراستەی تەندرووستی خۆی كە تائێستاش بە ئاراستەی ململانێ و كێشمەكێشدا دەڕواو نەكەوتۆتە سەر هێڵی ڕاست ، پێچەوانە بەبڕوام  لەوە بترازێ‌ ئەوانیش دەبنە شەریكی ئەو نالۆژیكی و نابابەتی بوونەی خوێندنەوەو بینین و هەڵوێستی حزبەكانیان و بەقەد ئەوان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن. ناكرێ‌ لەم نێوانەدا خەمساردی حكومەتیش لەبیر بكەین، چونكە هەر ئەو خەمساردی و بێدەنگییەیی دەرەوەی ئەوانە كە زۆر جار دەبێتە هۆكاری بەردەوامبوون و درێژبوونەوەی ئەو شێوە بینین و خوێندنەوە چەوتەی كە خاوەن جاشەكان كاری لە سەردەكەن ، یاخود بەئاراستەی بەرژەوەندی تەسكی حزبیدا وەری دەچەرخێنن و دەیانەوێ شتێك بە كەسە ڕابردوو ناپاكەكانی خۆیان بڵێن كەلە داهاتوو كاریگەری نەبێ لە سەریان . هەر ئەم هۆكارو فاكتەرەشە وای كردوە  تا ئێستاش كۆدەنگییەك لە ناوو حزب و حكومەتی كوردستاندا نەیەتە گۆڕێ لەسەر بەدادگاگەیاندنی تاوانبارەكوردەكان كە لە پەلاماری ئەنفالدا ڕۆڵی بەرچاوو مەترسیداریان هەبوەو سەدان كەسیان داوەتە دەستی هێزی سەربازی ڕژێمی بەعس ، گەر كەمێك وردتر سەرنج لە ڕابردووی نزیك بدەین دەبینی تا دادگایی باڵای تاوانەكان لە عێراق مەسەلەی جاشەكانی نەوروژاند ، هەر حزبە و بە جۆرێك قسەی لەسەر ئەم مەسەلەیە دەكرد و بە ئاشكرا دانی بەوەدا نەدەنا كە ئەو بوەتە چەتری سەر سەری بەشێك لەو تاوانبارانە و ئەگەر بەرژەوەندی حزبەكەش وای نەخواستبێ‌ قسەیەكی راست بكات نەیكردوە و بگرە ئەندامەكانی لە هەر مەحفەلێكدا بووبێ خۆی لێپاراستوەو دوور كەوتوەتەوە لەو ڕاستیە و هەوڵینەداوە ڕاستی مەسەلەكان وەك خۆی لە سەر ئەرزی واقیع تەوزیف بكات ، بەتایبەت لە مەڕ مەسەلەی بەشداری جاش و موستەشارەكان لە پەلاماری ئەنفالدا ، كەوەك ئاماژەم بۆكرد تێوەگلاندنیان هەروا مەسەلەیەكی لاوەكی نەبووە بە قەد ئەوەی كە مەبەستێكی لە پشتەوە بووەو هاوكات نەخشەی بەشداری پێكردنكەش لە رەهەندی خۆییدا ئەمڕۆی لە بەرچاوو گرتووە بەوەی گەر ڕۆژێك بەعس لە پایی گەورە تاوانێكی ئاوا هێنرایە بەردەم دادگا كوردیش بۆخۆی بەشێك بێت لە دادگایی كردنی خوودی خۆی وەك ئەوەی كە بەشدارە لە پەلاماری خۆ سڕینەوەو خود جینۆسایددا .

بۆیە بڕوام وایە بۆ خۆپاكردنەوە لەو خۆ سرینەوەیە وخۆ جینۆسایدكردنەش ئەوەیە كە چۆن ئەوانەی دەچنە بەردەمی دادگا وەك تۆمەتبار داوایی لێبوردن لە پاشماوەكانی قوربانیانی گەلەكەیان بكەن وهاوكات لە گەڵ ئەوەشدا لە ڕێگەی سەلماندنی ناپاكیانەوە دان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن  و لەو ڕێگەیەوە ئەو ڕاستیە بگەیەننە پاشماوەكانی قوربانیان و هەوڵبدەن خۆیان پاك بەكەنەوە و ڕووی بەعس و سەرانی ڕژێمەكەی پێ‌ ڕەشبكەن. ئەمەش بۆ كەسێك كە پیاوی ڕژێمێكی ئاوابووە شەرم و شورەیی نییە گەر لەبەرامبەر وها تاوانێك هەڵوێستە بكات كە یەكێك بوە لەوانەی بە هەرجۆرێك بوبێ بەشداری پەلاماری ئەنفالی كردوەو خۆی بۆ خۆی  ئەوەش بسەلمێنێ‌ كە ئەوەی كردویەتی پەڵەی ڕەشە بە توێڵیەوە و تاهەتایە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و ناسڕێتەوە .

 ئەگەر جاشەكان لە بەردەم دادگادا ئەخلاقی خۆیان بگرنەوەو ئەو تاوانە لە زمانی خۆیانەوە ئاوا بەخەنە روو باشترین ئەخلاق بۆ داهاتووی خۆیان و نەوەكانیان دەستەبەردەكەن و لە بەرانبەریشدا دەبنە كەسی مەعنەوی لە داهاتووی دۆسێی ئەنفالدا بۆ سەلماندنی گەورەتاوانێك كە بەعس لە ماوەی دەسەڵادارێتی خۆیدا وەك ڕژێمێكی تۆتالیتێر ئەنجامی داوە ، پێچەوانەش بێ‌ دەنگبوون و خۆ دزینەوە لەئاست وەها مەسەلەیەكدا ، دووبارە تێكەڵا بوونەوەی خۆیان دەسەلمێنێ‌ لە گەڵا  ئەنجامدەرانی ئەوتاوانە ، چونكە پاش تێپەڕبوونی زەمەن و ئاڵوگۆڕی كات نەوەی نوێ ناتوانێ‌ ئێوە وئەوان لێك جودا بكاتەوە، بەریسوانەكردن وجیانەكردنەوەی ئەو خاڵەش ، ناسنامەی جاشێتی وسیخوربوونیان تێكەڵا بەشوناjash_brigader_0510008سی بەعس دەبێت وبەم كردارەش جارێكی ترخۆیان ونەوەكانیشیان دووچاری ناشرنییەكی گەورە تردەبن و كەس ناتوانێ‌ ئەخلاقی پاكێتیان بۆ بگێڕێتەوە  كە لە ڕابردوودا بەرەی كوردستانی بە شێكی بۆگەڕاندنەوە ..

تێبینی : ئەم بابەتە لە كتیبی ( ئەنفال لە گوتاری مەرگ و غەریزەی خنكاندندا ) بڵاوكراوەتەوە

بۆچوون