Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/11/11 15:28
نوسەر: جینۆسایدی کورد

پایتەختی شەهیدو ئەنفال یان جینۆساید؟

تەها سلێمان

پێش ماوەیەك كۆمەڵێك رۆشنبیرو رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی و كەس و كاری قوربانیانی ئەنفال، لە بانی مەقان و لە ماڵی رۆژنامەنووس “عارف قوربانی” دیدارێكیان رێك خستبوو، ئامانج لە رێكخستنی دیدارەكەش ئەوەبوو كە گفتوگۆ لە سەر شێوازو چۆنێتی كاركردن بۆ دیاریكردنی “چەمچەماڵ” وەك پایتەختی شەهیدو ئەنفال.

ئەمڕۆش لە رێگای ئاكاونتی چالاكوانی بواری ئەنفال “ئەنوەر حمەلاو”ی هاوڕێم ئاگاداربوومەوە، كەسبەینێ‌ لە كتێبخانەی گشتی كەلار سمینارێك رێك دەخرێت بۆ هەمان مەبەست، واتا دیاریكردنی پایتەختی شەهیدو ئەنفال لە نێوان “چەمچەماڵ و گەرمیان”دا.

هەردوو هەنگاوەكە بۆ من ئاساییەو بێگومان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و خەمخۆری بۆ كەس و كاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە بەرزو زیندوو ڕاگرتنی یادەوەری شەهیدان و كاریكەری و ئاسەوارەكانی تاوان و شاڵاوەكانی ئەنفالە وەك بەشێك لە جینۆسایدكردنی گەلەكەمان.

بەڵام دەمەوێ‌ لێرەوەو لە سەر ئەم پرسە “دیاریكردنی پایتەختی شەهیدو ئەنفال” كۆمەڵێك سەرنج و رای تایبەتی خۆم بخەمە ڕوو، بە هیوای ئەوەی كەلێنێك لە گفتوگۆكردنی ئەم باس و پرسە پڕبكاتەوەو بەشدارییەك بێت بە ئاراستەی ئەرێنی و دوور كەوتنەوە لە دیاردەی شارو شارچێتی و بچوكردنەوەی تاوانەكانی جینۆساید لە دیدی شارگەرێتیدا.

ئەنفال یان تاوانەكانی جینۆساید دژ بە گەلی كوردو كوردستان، موڵكی هیچ شارو شارۆچكەیەك نین بەڵكو ناسنامەی نەتەوەو نیشتمانێكی زوڵم لێكراوو داگیراوە، بچوكردنەوەی ناسنانەی ئەم تاوانە لە شارێك یان شارۆچكەیەك تاوان و غەدرە لە خودی گەورەیی و جۆری بەربەریانەو وەحشیانەی تاوانەكە، بە دیتنێكی تر ئەگەر ئەم پرسەو دۆسیەكەی لە چەمكی شارچێتی و شارۆچكە چێتیدا بخنكێنین، ئەوا نەك “گەرمیان و چەمچەماڵ” بەڵكو لە هەر هەشت شاڵاوەكەی ئەنفال “خورماتوو، كەلار، چەمچەماڵ، قەرەداغ، سێوسێنان، بالیسان، قەڵادزێ‌، شەقڵاوە، ناوشوان، تۆپ عەسكەر، شارۆچكەكانی بادینان”و زۆر شوێن و جێگای ترمان هەیە كە هەموویان هەڵگری ناسنامەی تاوانلێكراوو ئەنفال و جینۆسایدن، خۆ ناشكرێ‌ هەر شارێك هەڵسێ‌ و داوای ئەوە بكات بكرێتە پایتەختی شەهیدو ئەنفال و جینۆساید؟

بۆیە دیاریكردنی پایتەختی شەهیدو ئەنفال لە كوردستان، بڕوام وایە لە ناونیشانەكەوە جۆرێك لە هەڵەو بەدحاڵیبونی تێدایەو لە هەمانكاتدا لە چوارچێوەی ویستی كەسی و سەرپێیانەو خوڕسكیانە دەخرێتە ڕوو، كە ئەمەش لە ناوەڕۆكدا بەتاڵ دەبێتەوە لەو پەیامەی مەبەستە لە رێگای ئەم ناونیشانەوە بگەیەنرێ‌ بە دنیای دەرەوەی خۆمان و ڕووخاندنی دیوارەكانی پێشی.

بۆیە من پێشنیار دەكەم دەستبەرداری شارو شارچێتی بین، ئێستا هەولێر پایتەختی سیاسیە، سلێمانی پایتەختی رۆشنبیریە، هەڵەبجەش پایتەختی ئاشتیە، با كەركوك وەك چەقی ئەنجامدانی زۆرترین تاوانی جینۆسایدو تاوانی جۆراو جۆری تر دژ بە گەلی كوردو كوردستان بكەینە پایتەختی جینۆساید، روونیشە جینۆساید هەموو تاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران و راگوازستن و بە عەرەبكردن و هتد دەگرێتەوە.

دیاریكردنی كەركوك بۆ ئەم ناونیشانە، بەشێكی گرنگ و دانەبڕاوی ململانێی ئایندەمانە لە سەر چارەنوسی كوردستانیبونی و خۆبواردنیش لێی هیچ پاساوێك بە هیچ هۆكارێك هەڵناگرێ‌.

بۆچوون