Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/11/12 10:53
نوسەر: جینۆسایدی کورد

تەیمور و کۆتایی ڕۆژێکی درێژ

کامەران سوبحان

ئێستا تەیموری پڕ لە یادەوەری لە ماڵێکی تەنها و غەریب و بێکەسدا دەژی


تەیمور… ئەفسانەکانی ژیانمان بۆ دەگێڕێتەوە.

هەر جارێک ڕێم بکەوێتە گەرمیان، وێنە و ڕووخساری کوڕێکی گەنمڕەنگی گەرمیانی یادوەریم داگیر دەکات، خەیاڵم ئەو وێنانە تەواو دەکات کە ئەو کوڕە گەرمیانییە وەک ئەفسانەکانی ژیانی خۆی بە سادە و ساکاری بۆمان دەگێڕێتەوە، گێڕانەوە لای تەیمور بەشێکە لە ئەفسانەی مانەوەی خۆی وەک مرۆڤێکی گێرەڕەوەی چیرۆکێکی بێ کۆتایی، ئەو گەنجە گەرمیانییە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، پێویستە بگێڕێتەوە و بەردەوام بێت لە گێڕانەوەی شیعرە مەرگەساتەکانی ژیانی خۆی، مارکیز ئاسا ئەو بۆیە دەژی بۆ ئەوەی بگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی چیرۆکی تازەو جیاوازی ژیانمان پێنیشان بدات.

تەیمور، یان پارچەیەک خامی ڕەش، بێ باکانە لەسەر گڵکۆی نیشتمانێک کەوتووە و هەموو دەست بۆبردن و دوانێکی هەڵدانەوەی یادوەرییەکی دوورودرێژە لە خەم و ئازاری مرۆڤێک کە وێڵی ناسنامە و شوناسی چیرۆکەکانی خۆیەتی، چیرۆکێک تەواوبوونی لەم سەردەمەدا جۆرێکە لە مەحاڵ.
وەک خوێنەرێکی ئاسایی، زیاتر لە 25 ساڵە دەخوێنمەوە، هیچ کتێبێک هێندەی (تەیمور) هۆش و بیری داگیر نەکردووم، کەم کتێب گریاندوومی، تەیمور سێ جار خستمیە گریان! گێڕانەوەی چیرۆکەکانی تەیمور، لە چیرۆکەکانی (با) دەچێت، خێرا و پڕ لە حوزنن، کتێبی تەیمور کتێبی پیرۆزە پێویستە لە هەموو ماڵێکی کورددا هەبێت، دوای شەش ساڵی هەموو منداڵێک دەبێت ئەم چیرۆکە بخوێنێتەوە، پرسیارێک دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە زۆر جار لە خۆمی دەکەم، دوای ئەم مەرگەساتەی تەیمورو بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکەی چەند ژنی کورد، لە کاریگەریی ئەم چیرۆکە سیزیفییەوە، کوڕەکەی ناو نا تەیمور.؟! پرسیاریکی بێ وەڵام.

خوێندنەوەی ئەم کتێبە هێزێکی وای لا دروست کردم بە چاوێکی جیاوازترەوە لە بەعس  بڕوانم، بەعس وەک کولتوور، بەعس وەک ئایدیا، بەعس وەک میراتی، دوای تەیمور لە زانکۆکاندا دەبێت بەشی بەعسناسی بکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە هەموو پرسە گرنگەکانی ئەم هەرێمەدا مێش میوانی نییە زانکۆیە، ئەو بێدەنگییەی دوای ئەنفال و دوای چیرۆکی تەیمور ناسنامەیەکی بێ باکانەی نەتەوەکەی ئێمەیە و دەتوانرێت لەو دیاردەیەوە کورد وەک نەتەوە بخوێنیتەوە.

چیرۆکخوانێ، ئەنفالمان بۆ دەگێڕێتەوە

 تەیمور.. کوڕێکی 12 ساڵ لە ڕۆژێکی درێژی ئەنفالدا خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی لە بیابانەکانی عەرعەر و خوارووی عێراقەوە بە زیندوویی کرانە ژێر گڵەوە، بەڕێکەوت تەیمور ڕزگاری دەبێت، ئێستا ئەو تاکە ڕزگاربووی پاشماوەی ئەنفالە.. تەیمور ئەنفالمان بەچاو و هەست و هۆشی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە، عارف قوربانی تەیمور لەم کتێبەوە دەباتەوە بۆ گەرمیان، بۆ تۆپزاوە، بۆ نوگرە سەلمان، بۆ بیابانەکانی عەرعەر.ئای خوایە تەیمور چەند ڕایچڵەکاندم، تووشی شۆکێکی گەورەی وای کردووم، تەنها بە نووسینێک دەتوانم خۆم لەو شۆکە ڕزگار بکەم، ئەم دێڕانە دەنووسم جا نازانم ئەو شۆکە بەری داوم یان بەردەوام چیرۆکە سادە و تراژیدییەکانی تەیمور ناخم زیاتر هیلاک دەکات. ئاخر مرۆڤبوون بەم ڕیتمە جۆرێکە لە ئاژەڵبوون! ئایا مرۆڤ شایەنی ئەوەیە بە زیندوویی بکرێتە ژێر گڵەوە؟ نووسینی ئەم پەرەگرافانە لەسەر کتێبی (تەیمور، تاکە ڕزگاربووی گۆڕی بەکۆمەڵی ژن و مداڵە ئەنفالکراوەکان) لە ئامادەکردن و چاوپێکەوتنی (عارف قوربانی) کەمێک خاڵیی کردمەوە لەو خەم و توڕەبوونانەی ناخ، هەمیشە لە ساتە بێ دەنگەکانی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا لەگەڵ دیمەنەکاندا (گۆڕستانی چراکان) چامە درێژەکەی شێرکۆ بێکەس بۆ ئەنفال دێڕ دێڕ دەهاتەوە بە یادەوەریمدا، هەندێ جاریش لە ساتی هاتنی شۆفڵەکە و خۆڵکردن بەسەری گوندنشیناندا، ڕیتمی ئەو پەڕەگرافەی گۆڕستانی چراکانم بە دەنگی شێرکۆ بێکەس گوێ لێ دەگرت کە عەرشی ژوورەکەم و بێدەنگی و بیرکردنەوەکانمی دەلەرزاند، بەجۆرێک هەستم دەکرد لە بیابانی عەرعەرم و ئاسمانی ڕەش زۆر بێ دەنگانە ماتەم بۆ مردنی مانگ دەگێڕێت، تەیمور شیعرێکی بێ دایک و باوک و ئەنفالکراوی شێرکۆ بێکەسە و عارف قوربانی بووەتە مایسترۆی دانانی ئاوازێکی غەمگین بۆ ئەو چامە ئەنفالکراوەی گەرمیان، چیرۆکەکانی ناخی تەیمورو دێڕە شیعرییەکانی (گۆڕستانی چراکان) دوو ڕووخساری جیاوازی گێڕانەوەی ئەنفالن بە زمانێکی جیاواز، بەتایبەتیش لەو ساتانەی لاواندنەوەکانی لەسەر زمانی ژنێکی ڕەش پۆشی دەموچاو خاڵاوی ڕووخسار پاکی گەرمیانییەوە هۆرەی (وەیلێ….. وەیلێ) دەکات و دەڵیت:

وەیلێ! وەیلێ…!
وای لە کیژانێ، وای لە حەیرانێ
وای لە ئافاتی دەور و زەمانێ
وای لە غوربەتی نێو بیابانێ
وای لە شەوانێ کە مانگ تیا دەمرێ و
بەفری کێوانیش چ پێنازانێ!
وای لە مریەمێ
وای لە پاکیزێ
وای لە سوتانی
رۆحی ئازیزێ
وەیلێ… وەیلێ… وەیلێ… وەیلێ

-شێرکۆ بێکەس-
بەشێک لە قەسیدەی (گۆڕستانی چراکان).

 بە مشتێک خەمەوە، یادەوەریمان لەت لەت دەکات

خەمەکانی تەیمور، خەمی گێڕانەوەیە، خەمێکی قوڵە بۆ بە ئەرشیفکردنی ئەو تراژیدیایەی ناخی خۆی دوای ونبوونی لە عەرعەر، لە وەڵامی یەکەم پرسیاری (عارف قوربانی)دا لەم کتێبەدا دەڵێت ‘داواکارم لە خوای گەورە هاوکاریم بکات، یادەوەریم بە باشی کار بکات و هەموو یادەوەرییەکان بێنمەوە بەرچاوم، تا چیرۆکی ژیانم لەم دیدارەدا بگێڕمەوە، بۆ ئەوەی ئەم دیدارە ببێتە چیرۆکی ڕاستەقینەی تەیمور.’

خوێندنەوەی دیدارەکە و گوێگرتن بۆ ناخی لەتلەتکراوی تەیمور هەست بە ویژدان و ناخێکی پڕ لە گریان دەکەیت، بینینی چیرۆکی تەیمور، هەمان بینینی چیرۆکە گەورەکەی ئەنفالە، ئێمە چەندین ساڵە یادی ئەنفال دەکەینەوە، فرمێسک بۆ قوربانییەکانیان دەڕژین. سەدان ملیۆن دۆلار بەناوی یادکردنەوەوەی بەفیڕۆ دەدەین، تا ئێستاش پاشماوە و کەسوکارەکانیان پڕن لە گریان، پڕن لە دڵشکان، ئەم چیرۆکە بەڵگەیەکی زیندووی ئەو کارەساتەیە، گرنگە لێرەدا پرسیاری ئەوە بکەین لەچاو ئەو کۆستە گەورەیە چیمان کردووە بۆ ئەنفال وەک پرۆسە و وەک بابەت؟ کوا مۆزەخانە جۆراوجۆرەکانی ئەنفال؟ کوا چیرۆکە غەمگینەکانی ئەو کارەساتە؟ کوا فیلم و دۆکیۆمێنتاری؟ کوا دادگایکردنی موستەشار و تاوانبارانی ئەنفال؟ وەڵامی ئەم پرسیارە چەند بارەبوانە ون و نادیارە.!
ئەنفال ئەوەندە بچوک کراوەتەوە، بەشێوەیەک میللەتەکەشمانی پەرت و بڵاو کردووەتەوە، کاتێک بارزانییەکان یادی ئەنفالی ئازیزانیان دەکەنەوە، ئێمە لە سلێمانی گەرمیان بێباک و بێ ئاگاین و بە تەنها لە تەلەڤزێۆنەکانەوە یادەکە دەبینین، بەبێ ئەوەی دڵمان خورپەیەکی پێدا بێت ئەو یادە بە بێدەنگیدا دەڕوات، وەک ئەوەی ئەوانە کورد نەبووبن و لەسەر کوردبوونیان ئەنفال نەکرابن.

 کاتێکیش لەسلێمانی و گەرمیان یادی ئەنفال دەکرێتەوە، لە بادینان و ناوچەکانی تر خەمساردی  و بێ باکی دەبینرێت.! لەکاتێکدا بارزانییەکان و گەرمیانییەکان و قەراخی و بالیسانی و هەڵەبجەییەکان هەموویان ئەنفالی یەک نەتەوەن. ئەمەیە بێباکی و کەمتەرخەمییەکانی کورد بەرامبەر ئەنفال و کارەساتەکای تری خۆی.

گرفتی کورد ئەوەیە  بە زوویی خەمەکانی لە یاد دەکات و ناتوانێت ڕێگەی دووبارە نەبوونەوەیان لێ بگرێت، کاتێک چیرۆکی تەیمور و بەسەرهاتە مەرگەساتەکانی تری ئەنفال و کیمیابارنی کورد دەخوێنیتەوە، دوای ئەو ڕووداوانە  باسکردنی لێبوردەیی و پێکەوەژیان لەنێوان کورد و عەرەب لە عێراقدا جگە لە درۆیەکی پڕوپوچ هیچی تر نییە، چونکە زۆرینەی نوخبەی سیاسیی عەرەبی عێراق، ئێستاش بە هەمان بیرکردنەوەی بەعس و سەدامەوە لە عێراقی نوێدا دەژین.

 چیرۆکێکی درێژ…. کۆتاییەکی پڕ لە دڵشکان

شەوێکی ناوەڕاستی بەهار، پرۆسەی ئەنفال لە گوندەکەی خۆیان (کوڵە جۆ) خۆی و خێزان و کەسوکارەکەی ئەنفال دەکرێن و دەبرێن بۆ قوڵایی بیابانەکانی باشووری عێراق، پیاوە دڵڕەقەکانی بەعس زۆر دڵڕەقانە خۆی و خێزان و کەسوکارەکەی دەکەن بە ژێر گڵەوە. تەیموری منداڵی تەمەن 12 ساڵ بە ڕێکەوت ڕزگاری دەبێت، بەعسییەکان وا دەزانن مردووە، بەڵام ئەو بریندارە و نەمردووە و بە برینداری خۆی ڕزگار دەکات و بەو بیابانە کاکی بە کاکییەدا خۆی دەگەیەنێتە لای خێزانێکی دەشتەکیی عەرەب، سەرەتای چیرۆکەکە لەوێوە دەست پێدەکات، دواتر گەورەبوون لەناو خێزانە عەرەبەکان و ترس ودڵەڕاوکێ و دەیان بەسەرهاتی تر، پاشان ڕاپەرینی بەهاری 1991 و هاتنەوە بۆ کوردستان و دواتر ڕۆیشتنی بۆ ئەمەریکا و بینینی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسانی کۆشکی سپی و ناساندنی وەک شایەتحاڵێکی زیندووی ئەنفال ناوبانگی زیاتر دەکات.

ویستگەیەکی تری ژیانی تەیمور گەڕانەوەیە بۆ کوردستان و ڕۆشتنییەتی بۆ بەغدا بۆ شایەتیدان بەسەر تاوانبارانی ئەنفالەوە، ڕووبەڕووی سەدام حسێن و عەلی حەسەن مەجید و سەرانی تری بەعس شایەتی دەدات، ئەمە بۆ ئەو ساتی سەرکەوتن و ساڕیژبوونی بەشێک لە خەم و ئازارەکانییەتی.

لە بەرامبەر چرکە ساتەی چوونە ژوورەوەی بۆ هۆڵی دادگادا تەیمور ئاوا گوزارشت لە ساتی دادگاییەکە دەکات: ‘لە ساتی چوونم بۆ ژووری دادگا، سەدام و عەلی کیمیاویی و تاوانبارانی تر گیانیان دەلەرزی، دەترسان بەهۆی وتەکانی منەوە و بەهۆی بەڵگەکانمەوە لە سێدارە بدرێن، هەستێکی سەیرم هەبوو، مەگەر خوا خۆی بتوانێت گوزارشتی لێبکات، هەروەک چۆن بەهەشت و دۆزەخ کەس ناتوانێت گوزارشتی لێبکات خوا خۆی نەبێت، ئەو چرکەساتەش بۆ من  گرنگ و چارەنووسساز بوو، ڕەنگە ئاسان نەبێت گوزارشتی لێبکەم و بەو شێوەیەی خۆم هەستم پێکرد لەناخمدا بمێنێتەوە.

 چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەردەوامە، ئەو ئێستا وەک ڕێبوارێکی وێڵ لە کۆمەڵگەی ڕزگاری لە قوڵایی گەرمیان، لەبری ئەوەی وەک سەروەتێکی گەورەیی نەتەوەیی و شایەتێکی لەیادنەکراوی ئەنفال بپارێزرێت، ئێستا تەیموری پڕ لە یادەوەری لە ماڵێکی تەنها و غەریب و بێکەسدا بەدوای چیرۆکی دۆزینەوەی تەرمی ئەنفالکراوی خێزان و کەسوکارەکەیدایە و هەرجارەی چیرۆکێکی خەیاڵی بەرەو شوێنێکی جیاوازی  دەبات، جارێک پێشمەرگەیە لە بەرەکانی شەڕە و جارێک وێڵی بیابان و گەڕانە بەدوای جەستەی ئەنفالکراوی خێزانەکەی و جارێک وێڵی ناسنامەی ونکراوی خۆیەتی، ژیانی ئەو هەمووی یەک ڕۆژ بووە بە ڕووداوی جیاواز و تراژیدی، ئێستا کۆتایی ڕۆژێکی درێژە و  ئەو لە خەمێکی قوڵدا دەژی، خەمی ئازادیی کوردستان و خەمی کۆتایی ئەنفالێکی تر.

ئەمانە ئەو ویستگە گرنگانەن کە ئەم کوڕە وێڵەی ئەنفال بە خێرایی پێیدا تێدەپەڕێت، تا هەنووکەش ئەم چیرۆکانە دەخوێنینەوە و دەیبیستین، نازانین خەونە یان زیندە خەون؟ کیژۆڵە ئەنفالکراوەکانی گەرمیان و بارزان و بالیسان و قەرەداخ تا ساتی ونبوونیان لەژێر گڵدا وایان دەزانی خەونە و چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد لەو خەوە ترسناکە خەبەریان بێتەوە، بەڵام ئەوە خەون نەبوو، ڕاستی بوو، چیرۆکێکی درێژ و کۆتاییەکی پڕ لە دڵشکان بوو.

دیسانەوە شێرکۆ بێکەس دێتەوە ناو ئەم چیرۆکەوە لە دەرگایەکی ترەوە بەشدار دەبێت، ئەو وەک هەموو جارەکانی تر کە باس لە ئەنفال دەکەین  لە چامەشیعری (گۆڕستانی چراکان) لەبری هەمو کیژانی ئەنفالکراوی کورد بەم چەند دێڕە پڕ لە خەم و ئازارە گوزارشت لەو هەستە دەکات کە پێی وابوو ئەنفال خەوێک بووە و هیچی تر، خەوێکی درێژ و بێ کۆتایی، شێرکۆ وەک شاعیر وەڵامی کیژۆڵانی ئەنفال دەداتەوە و دەڵیت:

خەو نەبوون کیژۆڵە خەو نەبوون 
وەکوو پرچ و زەردەخەنە و گوارەکانت 
حەقیقەت بوون 
خەو نەبوون هەرگیز خەو نەبوون 
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی 
گوڵەکان چۆن لە ترساندا ڕایان ئەکرد 
بنچکەکان هەڵئەهاتن 
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی 
کەروێشێک خۆی ئەکرد بە پەیکەر 
هەتاو خۆی ئەکرد بە سێبەر 
ئەی بە گوێی خۆت گوێت لێ نەبوو 
لەو ئێوارە بەسامەدا 
سەگەکەمان کەوتە قسە و 
بەڵام مەرد بوو
وتی چی ئەکەن با بیکەن 
بەڵام من نابم بە بەعسی!
خەون نەبوو کیژۆڵەکەم خەون نەبوو.

بۆچوون