Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/11/14 13:12
نوسەر: جینۆسایدی کورد

داعش‌و نموونەكانی لەمێژوودا ‌

حەسەن بارام
ئیتر ئەوە ساغ بووەتەوە داعش بەناو نوێیە، بەڵام بەجەوهەرو كردارو پەیام‌و رەفتار رەگێكی مێژوویی قوڵی لەهەناوی مێژووی عەرەبی‌و ئیسلامیدا هەیە، ئاسان نییە باوەڕ بەخۆمان بهێنین‌و وا مەزەندە بكەین دیاردەی هەڵتۆقینی داعش دیاردەیەكی نوێیە، بەهەر دیقەتدان‌و رۆانینێك لەبنەما هزری‌و پەیام‌و دروشمەكانیان، دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی ئەم هێزگەلە تیرۆریستییە خاوەن پاشخانیكی پڕ لەتوندوتیژی‌و رەتكردنەوەی ئەویترو خوڵقاندنی تراژیدیای زۆرو زەوەندەو سەرچاوەكانی دەگەڕێتەوە نێو دونیای دەسەڵاتداری ئیسلامی‌و عەرەبییەوە، بەڵام بەفۆرم‌و ناوی ترەوە خۆی نمایش دەكات‌و مرۆڤایەتی‌و ناوچەكە دەخاتە بەردەم هەڕەشەیەكی جدییەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش ئەنجامیدەدەن، جگە لەدووبارەبوونەوەی مێژوو هیچی تر نییە، ئێمە ئەگەر هەڵسوكەوتی دەسەڵاتدارانی عەرەبی‌و ئیسلامی لەهەزارو چوار سەد ساڵی رابردوودا بەنموونە وەربگرین، بێگومان وێنەی داعش‌و هاوشێوەكانیمان بەڕونی بەرچاو دەكەوێت، خۆ ئەگەر تەنها دیقەت لەڕەفتارو كرداری ئەمجۆرە لەعەقڵیەت لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی ناوچەكە لەبەرامبەر كورددا بدەین، ئەوا چەندین نموونەی تراژیدیمان لەبەردەستدایە كە كورد تێیدا قوربانی یەكەمە وەكو زۆریك لەنەتەوەو پێكهاتەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ئێمەی كورد دەمێكە كوشتەی دەستی ئەمجۆرەین لەعەقڵیەت‌و بیركردنەوەی پڕ لەڕەشەكوژی‌و تاڵان لەسەر دەستی ئەمجۆرە هێزگەلە لەنێو قوڵاییەكانی مێژووی ناوچەكەدا.
كاتیكیش دەڵێم مێژوو خۆی دووبارە كردووەتەوە، ئەوە هەر لەخۆڕا نییە، ئەوەتا لاپەڕەكانی مێژووی دوورو نزیك لەم بارەوە زۆر نموونەمان بۆ دەگێڕنەوە:
یەكەم: كاتیك كوردانی ناوچەی موسڵ‌و جەزیرە لەدژی نادادپەروەری‌و زوڵم‌و چەوساندنەوەی دەسەڵاتدارنی عەباسی راپەڕین، هەر زوو خەلیفە (موعتەسەم بیللا) سوپایەكی بەسەركردایەتی (ئیتاخ) ناوێك ئامادە كردووە‌و ناردوویەتییەسەر شۆڕشگێڕانی كوردو سەرەڕای كوشت‌و كوشتارێكی زۆر لەكوردانی ئەو دەڤەرەو بەتاڵانبردنی سەروەت‌و سامانیان، ئەوەشی بەدیلی‌و یەخسیری كەوتۆتە دەستی سوپای عەباسی لەشاری تكریت كۆدەكرێنەوە.
دووەم: دوای سەدان ساڵ لەم رووداوە تاڵە سەدام حسێن لەعیراق دەسەڵاتی گرتەدەست‌و لەژێر ناوی سورەتێكی قورئانی پیرۆزدا كوردی دووچاری گەورەترین تراژیدیای مێژوویی كردەوەو لەچوارچێوەی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا دەیان هەزار مرۆڤی كورد لەبیابانەكانی تكریت‌و موسڵ‌و ئەنبارو خوارووی عیراقدا بەزیندوویی زیندەبەچاڵ كرد، سەرەڕای زیانێكی بێشوماری ئابووری‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتی.
سێیەم: لەساڵی 2014داو بەناوێكی نوێ‌و بەهەمان بیرو عەقڵیەت‌و ئامانجی پێشینانیانەوە هێزگەلێكی تیرۆریستی بەناوی داعش پەلاماری كوردستان دەدات‌و لەشنگالدا تراژیدیایەكی گەورەو نامرۆڤانە دژ بەكوردانی ئێزدی تۆمار دەكا، لێرەوە جارێكی تر پێماندەڵێن ئێمە نەوەی هەمان عەقڵیەت‌و كاراكتەرەكانی رابردووین، پێماندەڵێن ئێمە نەوەی سوپاكەی موعتەسەم‌و سەدام-ین‌و هەموو شتێكتان بۆ ئێمە حەڵاڵە.
بۆیە پێموایە بەمانەوەی عەقڵیەتی پاوانخوازی‌و شۆڤێنی‌و پەنابردن بۆ ئایین بۆ گەیشتن بەئامانجە ناڕەواو قێزەونەكان لەم ناوچەیەدا، دەبێت هەمیشە چاوەڕوانی دووبارەبوونەوەی مێژوو بین، زۆریش دڵنیام ئەم ژینگەیە چەندین جۆری تری هاوشێوەی داعش‌و ئەوانی تر بەرهەم دەهێنێت‌و كاولكاری‌و مەرگەساتەكان دووبارە دەبنەوە.

بۆچوون