Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/11/17 13:48
نوسەر: جینۆسایدی کورد

چەند کورتە تێڕوانینێك لە پڕۆسەی جینۆسایددا

ئایا ڕەوشت یا مۆرال؛ سروشتێکی ناوەکیی (innate)ە یاخود بەرهەمی کۆمەڵایەتییە؟

ئیبراهیم مەلازادە

سەدەی بیستەم بۆ کورد، سەدەیەکی پڕ بووە لە نەگبەتی و جینۆساید. دوای دابەشکران بەسەر نەتەوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ململانێیەکی خوێناوی لەنێوان کورد و حکومەتە سەر دەستەکانی ئەو ناوچەیەدا هاتە ئاراوە. کورد لەپێناو ئۆتۆنۆم بوون و دەرچوون لە ژێر هەیمەنەی ئەو گەلانە پەنای بۆ شۆرشی ڕزگاری بردووە، لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی دا ڕووبەڕووی کوشت و بڕ و تەنانەت پڕۆسەی جینۆسایدیش بۆتەوە. ڕۆڵەکانی ئەم گەلانە تا هەنوکەش ناتوانن لە سروشتی داواکارییەکان و ژیانی خەڵكی کورد تێ بگەن؟ ئایا ئەم دۆخە سروشت و مۆراڵی تاکەکانی ئەم گەلانەیە کە زۆر جار گوێمان لێ دەبێت، یا شتێکی دی؟

بێگومان لەو کورتە نوسینەدا مەبەستم زیاتر لایەنی ڕەوشت و ئاکاری خەڵکە، داخۆ  ئەم ئاکارە ناوەکییە و لە ئەزەلەوە تیایاندا ڕواوە، یا بەرهەمی هەڵومەرجەکانی ژیان و کۆمەڵگایە لەسەر هەردوو ئاستەکانی میکڕۆ و ماکڕۆ.ئایا تاکەکانی ئەو لادێـیـیانەی کە لە پرۆسەی شەرانگێزی داعشدا لەبەرامبەر ژیان و ماڵ و حاڵی کوردەکاندا ڕەفتار دەکەن، لەکوێوە سەری گرتووە؟

لە کێشەی جینۆسایددا، سۆسیۆلۆگی بنەچە پۆڵەندی زیگمۆند باومان پێی وایە جینۆساید لە جیهانی مۆدێرنەدا ڕۆچووە. هۆکارەکەشبۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەی هێز (power) لەژێر کۆنترۆڵێکی کاریگەردا نییە و دەکرێت لەپێناو چاکە و خراپەدا بەکار بهێنرێت. هەروەها ئەو جۆرە هێزە دۆخێکی دروست کردووە کە کاریگەری کار و کردەوەی تاکەکان لە پەنا سنوورداربوونی مۆرال، سڕاوەتەوە و نەماوە. لەوانەیە ئەو دۆخەی کە لەسوریا ڕەخسێندرا و دوایی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان بۆخۆیان قۆستیانەوە، توانیان سەرچاوەی هێز لەو وڵاتە، پاشانیش کە شوێنەوارەکانی گەیشتنە عێراق، بۆخۆیان بەکار بێنن. بەڵام ئایا وەها گریمانەیەك ئاوا بەئاسانی تێدەپەڕێت؟! لەوانەیە پرسی هێز، دوای پاشەکشە کردنی سوپای سوریا لە ڕووبەڕێکی زۆری سوریادا کەوتە پاشەکشە و سوپای سوریای ئازاد، شان بەشانی هێزە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان جێگایان گرتەوە. لێرەشدا بەشێك لە سەرچاوەکانی هێز کەوتنە دەست ئەو گروپانە.

بەپێی تێگەیشتنی باومان، کاتێك کاراکتەرە کۆمەڵایەتییەکان  بژارەکانی خۆیان دیاری دەکەن، لە دەوڵەت ـ نەتەوە ئاڵۆزەکان کەم وایە بتوانن ئەنجامی بژارەکانیان ببینن. بۆ نموونە کاتێك بەشداری لە هەر هەڵمەتێکی جینۆسایددا دەکەن، لەوانەیە بەشداربووەکان لە ڕێگای دابەشکردنی وەزیفەکانەوە ئەو ڕۆڵەیان بەر کەوتبێت، بۆیە هیچ تاکێك ئەگەر بزانێت وەکو خۆی بەشدارە لەو تاوانە ئەنجامی نادات. ئەم قسەیەی باومان ڕووبەڕووی ئیشکالییەتێکی زۆر گەورە دەبێتەوە، چونکە کارەکە لە تاکێك و دوو تاکدا قەتیس نییە. بەدەیان و سەدان تاکیش لەو جۆرە دۆخانەدا دەتوانن خۆیان بدزنەوە. چونکە پرۆسەی جینۆساید جەنگی نێوان دوو کەس و چەند کەسێك نییە.

لێرەدا ئەرگومێنتی باومان، زیاتر فەلسەفیانەیە تا سۆسیۆلۆژیا. ئەمەش لە فینۆمینۆلۆژیای ئیممانوێل لێڤیناسەوە سەری گرتووە. ئەرگومێنتەکە پێی وایە ڕەفتاری مۆراڵ، هەم بۆ هاوسۆزی، یان هەست کردن بە ئازارەکانی مرۆڤ، سروشتییە و دەرهاوێشتەی هەڵومەرجە بوونییەکان (Ontological)ی ژیانە، نەك پرۆسەی سۆسیالیزەبوون. چونکە ئەگەر خەڵك ئەنجامی کار و کردەوەکانیان ببینن، ئەوا بە جۆرێکی مۆراڵییانە لەگەڵ یەکدیدا ڕەفتار دەکەن، کە ئەمەش ناوەرۆکی تێگەیشتنی کێسەکەی باومانە. ئەمە ناو دەنێت سروشت یا فیترەت (innateness).ئایا بەڕاستی ئەو سروشتە مۆراڵ ئامێزە لەو تاکانەدا جێگیرە و بەهۆی هێزی سەپێندراوەوە پەنا بۆ کاری تێکدەرانە دەبەن، یا کۆمەڵێك فاکتەری دی ڕۆڵیان لەو شەرانگێزیەدا هەیە؟ هەر بۆ نموونە یەکێك لەو فاکتەرانە دەستکەوتی جەنگە، کە لادێیە عەرەبەکان ڕۆڵێكی گەورەیان بووە لە تاڵانییەکانی جەنگ و بەشداربوونیان لەو هەڵمەتەی داعش بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ناوچە کوردییەکان.

بەهەر حاڵ ئەمە یەکێکە لەو تێزانەی کە زانای ئەڵمانی نۆربێرت ئەلیاس لە تیۆری پرۆسەی بە شارستانی کردندا بەتەواوی پێچەوانەیەتی و رەدی دەکاتەوە. لە تێگەیشتنی ئەلیاسدا، ئەوەی کە ئێمە پیی دەڵێین ڕەوشت یا مۆرال، ناوەکی یا سروشتی یا فیتری نییە، بەڵکو بەرهەمی کۆمەڵایەتییە و بەپێی کات و شوێنەکان دەگۆڕێت. ئەمەش مانای وایە کە ڕەوشتی باش، سروشت پاك، یا فیترەت لە مرۆڤدا بێجگە لە وەهم شتێکی دی نییە، بەڵکو پڕۆسەی سۆسیالیزە بوون ڕۆڵی سەرەکی لەو نێوەندەدا دەبینێت.

یەکێك لە ڕووە هەرە بنەڕەتییەکان لە تیۆری ئەلیاسدا، بەیەکەوە گرێدانە لەنێوان پێکهێنانی دەوڵەت لەسەر ئاستی ماکرۆ لەلایەك و لەلایەکی دیکەشەوە گۆڕانکارییەکانی ئاکارەکان و ڕەفتارەکان یا (habitus)ی تاکەکانە لەسەر ئاستی میکڕۆ. لە توێژینەوەکەی خۆیدا ئەلیاس گەیشتۆتە ئەو ڕاستییەی کە ڕەفتار و ئاکاری خەڵك لە خۆرئاوای ئەوروپا لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هاوشان لەگەڵمۆنۆپۆلکردنی ئامرازەکانی توندوتیژی و مافی کۆکردنەوەی باجلەلایەن دەوڵەتەوە. پوختەکەی ئەمەش لەوەدایە کە ئەلیاس بە ئاسانی دەیەوێت پێمان بڵێت؛ مۆنۆپۆلکردنی توندوتیژی و باج، بەمانا گشتییەکەی، هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لەگەڵ سەرچاوەکانی دارایی و داهاتی وڵات، کە ئامرازی سەرەکین بۆ وڵات بەڕێوە بردن، کاریگەری ڕاستەوخۆی بووە لەسەر ئاکار و ڕەفاری خەڵك. بەڵام ئەو هەرگیز ناڵێت کە ئەو توندوتیژیە بەتەواوی بنەبڕ بووە، بەڵام وردە و ردە کەمی کردووە و سنووردار کراوە. وێڕای ئەوەش ئەو نکوڵی لەوەش دەکات کە وەها پڕۆسەیەك لەهەموو ناوچەکان وەکو یەك بڕوات.

ئەگەر لەسەر بنەمای ئەو واقیعەی کە ئێستا لە کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەم دوو تێزە تەواو لەیەك جیاوازە، بەروارد بکەین، چۆن دەتوانین ڕووە ون و ئاشکراکانی ڕەفتار و ئاکارەکانی گەلانی سەردەستی ناوچەکە شڕۆڤە بکەین؟ بەتایبەتیش بزوتنەوەی داعش و بێدەنگی زۆرێك لە خەڵکی ئەو ناوچەیە لەبەرامبەر ئەم تاوانانەدا. بێگومان ئەم کێشەی (جەبر و ئیختیار)ی تاکەکان بەجۆریكی دی لە مێژووی سەردەمی ئەمەوی و عەبباسییەکانیشدا زۆر بە توندی ئامادە بووە، ئەو ئامادەبوونەش خۆی لە پرسیارێکدا دەنواند ئەویش؛ ئایا تاکەکان لە کار و کردارەکانیان بەرپرسیارن یا ئەو کارانە (فعل)ەکان خوا دروستی کردوون یا مرۆڤەکان تیایدا ئازادن؟

وادیارە ئەمە جۆرێك بووبێت لە سەفسەتە و لێرەدا کارمان پێی نییە. نۆربێرت ئەلیاس زۆر بە وردی لە تیۆریەکەیدا کە توێژینەوەیەکی مێژووی ئیمپیریکی زیاتر لە پێنج سەدەی ئەوروپایە، ئاکار و ڕەفتارەکانی پڕۆسەی بە شارتانی کردنی داونەتە بەر نەشتەر. بۆیە ئەو، ئەو پڕۆسەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ بە سۆسیالیزە کردن، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەی هەندێك لە سۆسیۆلۆگەکان کە تەنها لەسەر ئاستی میکرۆ ئەو لێکدانەوەیە دەکەن و ئاستەکانی ماکرۆ پشت گوێ دەخەن، یا بە پێچەوانەوە بێگومان دەگەنەوە ئەنجامی جیاواز. لەو پێو دانگەشەوە، دەوڵەت دەکرێت بە بەرپرسیاری یەکەم دابنرێت لە وەها پڕۆسەیەکدا، بەڵام تاکەکان لەنێوان باڵانسی بژار (choses) و ناچاریدا (determinism)، بە پێی هەڵومەرجەکان دەتوانن بژارەکانیان پراکتیزە بکەن، بەڵام هەندێك جار ناچارییەکان گەورە ترن و ناتوانن لەو ناچاریانەدابە ئارەزووی خۆیان ئەوەی دەیانەوێت هەڵی بژێرن، جگە لەوەش پرۆسەی بە شارستانی کردن پلانێك نییە لەلایەن گروپێکەوە بگوترێت دەی با دەست پێ بکەین و وەکو دیوار بینا بکرێت، ئەمە هەمووی دەکەوێتەوە چوارچێوەی ڕەوڕەوەی ئاستی ڕۆیشتنی کۆمەڵگا و ئەو ململانێیەی کە لەکۆمەڵگاکاندا، سەبارەت بە وەرگرتنی دەستەڵات، یا ئاستەکانی ململانێی فیکری، هەن. کێشەی هەرە قورس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە ئەو ململانێیە لەنێوان گروپە رادیکاڵە ئیسلامییەکان بەهەموو بالەکانیانەوە و لەسەر ئاردوو ئاستی سوننە و شیعەکانەوە گەرمە، وێڕایپشتیوانی ئەو دەولەت و حکومەتانەی ناوچەکە. ئەمەش بەو مانیە دێت کە لە ئێستادا پڕۆسەی شکستی بە شارستانی کردن لە بڕەو دایە. لە ئێستادا هێزێكی وشیار و نیشتمانی نییە لەو نێوانەدا بەپێچەوانەی ئەو هێزە داخراوانە لەو ململانێیەدا بەشدار بێت، بۆیە شکستی ئەو بە شارستانی کردنە ڕۆژ بەڕۆژ لە بەهێزبوون دایە و پڕۆسەی جینۆسایدیش لە هەموو سات و کاتەکاندا ئەگەری بەهێزن سەر هەڵ بدەن!.

کێشەی کورد ئەوەیە کە لەلایەك لە پەنا ناچاری وابەستەبوونی وڵاتەکەیان بە وڵاتانی دراوسێ و سەربەخۆ نەبوونیان، لەلایەکی دیکەوە، فەوزایەکی هەمە ئاراستە و فرە بەرژەەندی ئەو ولاتانە وای کردووە، هێزە کوردیەکان لەسەر ئاستی هەندێك بژارەوە بە ئاسانی بکەونە نێو گەمەی ئەو ململانێیەی کە هیچ بەرژەوەندی کۆمەڵگای کوردی تێدا نییە. لەلایەکی دیکەشەوە شار و لادێ کورد نشینەکانیش پەرێزی پاوان نەکراو بن بۆ ئەو هیزە پاشڤەرۆیانەی کە کورد بە “ئەوی دی” دەزانن، واتە بە بەشێکی بێگانە و لەدەرەوەی خۆیان تەماشای دەکەن. ئەمەش وادەکات ئەگەری ڕوبەڕووبوونەوەیان بۆ جینۆساید هەمیشە ئەگەرێکی کراوە بێت.

بۆچوون