Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/11/26 18:25
نوسەر: جینۆسایدی کورد

پێکهێنانی دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا “چۆنیەتیی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان” ‌بەشی دووەم

ئاواره‌ حسێن*‌

بەشی دووەم

هەرێم: هه‌رێم دووەمین پایەی پێکهێنانی دەوڵەتە. هەرێمی دەوڵەت بریتییە لە خاک و ئاو ئاسمانەکەی کە حکومەتێک دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەکی هەمیشەی و بەردەوام بەسەریانداو بەسەر دانیشتوانەکەیدا جێبەجیدەکات.

هەرێمی خاک یاخود وشکانی: هەمو زەوییه‌ وشکانییەکان و چیاکان دەگرێتەوە.

هەرێمی ئاوی: بریتیە لە هەموو ئاوەکان لەسنوری هەرێمی دەوڵەتەکەدا لەدەریاچەکان و ڕووبارە نشتیمانییەکان، ئەوانەی لەسنوری دەوڵەتەکەوە هەڵدەقوڵێن و لەسنوری دەوڵەتەوە کۆتاییان پێدێت، هەروەها دەریا یاخود زەریای هەرێمی لەدەوڵەتە کەنارییەکان واتە ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر کەناری دەریاو زەریاکان ئەویش بە پێی ماددەی (٣)ی  ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢ کە ئەو بەشەی دەریا یاخود زەریایە کە لە کەنارەکانی دەوڵەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوانزە میلی دەریای واتە پانی ئەم هەرێمە دوانزە میلەو لەیاسای نێودەوڵەتیدا جێگیر کراوە.  بیرمەندی هیندی یاسای نێودەوڵەتی (د. ئێچ. ئۆ. ئاگارواڵ) لە چاپی حەڤدەیەمی پەرتوکە بە ناوبانگەکەیدا «یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ» باس لە هەرێمە دەریاییەکان دەکات و پشت بەست بە ماددەی (٣)ی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢ دەنوسێت هەموو دەوڵەتان مافی دیاریکردنی سنوری پانی دەریاکانیان هەیە تاوەکو دوانزە میل و نزیکەی نەوەد دەوڵەت لە ناویشیاندا هیندوستان پانی هەرێمی دەریاییان دامەزراندووە کە لە دوانزە میل زیاتر نییە.

هەرێمی ئاسمانی: چینە ئاسمانییەکان دەگرێتەوە کە بەسەر هەرێمی وشکانی و ئاوی دەوڵەتەوەن، ئەم هەرێمەش بەرزییەکەی تاوەکو کۆتای ئۆزۆن و دەستپێکردنی بۆشایی ئاسمانە.

دەوڵەت پێویستە هەرێمیكی هەبێت و دەسەڵاتی بەسەرەوە هەبێت. مەرج نییە هەرێمەکە بەیەکەوە لکاو بێت، چەندین دەڵەت هەن دەکەونە سەر دوورگەگەلێکی جیا جیا وەک فیلیپین، ئەندەنوسیا، ژاپۆن و نیوزلەندا. لە یاسای نێودەوڵەتیدا هیچ پێوەرێک نیە بۆ دیاریکردنی ڕووبەری هەرێمی دەوڵەت واتە گرنگ نیە ڕووبەری ئەو هەرێمە گەورە بێت یان بچوک، گرنگ ئەوەیە ئەو هەرێمە بونی هەبێت و ئەو دانیشتوانەی کە دەوڵەتەکەی لێڕادەگەیەنن دەسەڵاتیان بەسەریدا هەبێت و تیایدا بژین. چونکە گەر هاتوو ئەو دانیشتوانەی کە دەوڵەتەکە ڕادەگەینن دەسەڵاتیان بەسەر هەرێمەکدا نەبێت یاخود بە فیزیکی لە ناویدا نەژین و  بە مانایەکی تر هەرێمیان نەبێت ئەوا ناتوانن دەوڵەت پێکبهێنن یاسا ناسی نێودەوڵەتی (د.تالیب ڕەشید یادگار) لە چاپی دووەمی پەرتوکەکەیدا «بنەما گشتیەکانی یاسای نێودەوڵەتی»، نمونەی دەوڵەتی فەلەستین دێنێتەوە کە لە ساڵی ١٩٨٨ فەلەستین لەجەزائیر دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام دانیپێدا نەنرا چونکە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین دەسەڵاتی نەبو بەسەر هیچ بەشێک لەو بەشانەی کە بە خاکی فەلەستین دایدەنا.

هەرچی چەمکی هەرێمی دیاریکراوە کە لە ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆدا هاتووە، گەر جیاوازییەکیش هەبێت لەنێوان دەوڵەت و دراوسێکەی سەبارەت بە دیاریکردنی سنورەکەی دەکرێ دان بە دەوڵەتەکەدا بنرێ، گەر دەسەڵاتێک هەبێت سەروەریی خۆی بەسەر هەرێم و دانیشتوانەکەیدا جێبەجێبکات. بۆ نمونە دەوڵەتی ئەلبانیا پێش جەنگی یەکەمی جیهانی لە لایەن چەندین دەوڵەتەوە دانی پێدانرا هەرچەندە کێشەی دیاریکردنی سنوری هەبوو لەگەڵ دراوسێکانیدا. ئەمە وای نەکرد کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەو دەوڵەتانەی کە دانیان پێدانابوو گومان بکەن لە پایەکانی دەوڵەت کە لە ئەلبانیادا هەبووە.

لە ئێستادا چەندین دەوڵەت هەن و بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ماف و ئەرکەکانیان دیاریکراوە و ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەچی سنورو هەرێمی دەوڵەتەکەشیان دیاریکراو نیە یاخود کێشەیان هەیە لە سەر هەرێمی وڵاتەکەیان لەگەڵ دراوسێکانیاندا وەک دەوڵەتانی چین و هیندستان کە زیاد لە نیو سەدەیە کێشەیان هەیە لەسەر بەشێک لەو هەرێمەی کە چین داگیری کردووە، یاخود هەرێمی کشمیر لە نێوان هیندستان و پاکستاندا کە ناکۆکی سیاسی و زۆر کات شەڕی گەرمی لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا لێکەوتووەتەوە لەسەر پاراستن و بەدەستهێنانەوەی ئەو هەرێمە بۆ سەر سنوری وڵاتەکانیان. بەمەش دەکرێت هەرێمی دیاریکراو کە لە ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ دا هاتووە بۆ هەبونی دەوڵەت تەنها تیۆر بێت ئەگینا لە پراکتیکدا چەندین دەوڵەتمان هەیە کە هەرێمەکەی دیاری نەکراوە.

بۆچوون