Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/11/27 18:35
نوسەر: جینۆسایدی کورد

پێکهێنانی دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا “چۆنیەتیی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان” ‌بەشی سێیەم

ئاواره‌ حسێن*‌

بەشی سێیەم

3/حکومەت: سێیەمین پایەی پێکهێنانی دەوڵەتە. پێویستە حکومەتێک هەبێت فەرمانڕەوای دانیشتوان و هەرێم بکات. لە یاسای نێودەوڵەتیدا مەرجی دانەناوە کە سیستەمە سیاسیەکەی چۆن بێت. پەڕلەمانی، ئەنجومەنی، سەرۆکایەتی یان تێکەڵاو بێت. بەڵام ئەوە یەکلای بووەتەوە کە دەوڵەت بەبێ حکومەت پێکناهێنرێت. هەرچی دەربارەی حکومەتی سەقامگیر و بەهێزە لە یاسای نێودەوڵەتی کلاسیکدا پایەیەکی بنچینەی دەوڵەتە. بەڵام لە یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخدا لە هەندێ کەیسی دیاریکراودا بەگرنگی دانەناوە کە حکومەتەکە بەهێزو سەقامگیر بێت. بیرمەندی یاسای نێودەوڵەتی (براونلی) لە چاپی شەشەمی پەرتوکەکەیدا «پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی گشتی» ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە حکومەتی سەقامگیر و بەهێز دژی پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسینە لەبەر ئەوە حکومەتی ناسەقامگیر لە هەندێ کەیسی دیاریکراودا نابێتە ئاستەنگ و ڕێگری وەک پایەیەک لە پایەکانی دەوڵەت.

٤/ توانای بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی تر دا: ئەمەش چوارەمین پایەی پێکهێنانی دەوڵەتە. دەبێت ئەو حکومەتەی کە سەروەری بەسەر هەرێم و دانیشتوانەکەیدا هەیە توانای بەستنی پەیوەندی هەبێت لەگەڵ دەوڵەتانی تردا. گەرچی ئەمە زۆر کات بووەتە جێگای ڕەخنەی یاسا ناسانی نێودەوڵەتی بەوەی کە هەندێک لە هەرێم و کانتۆنە فیدراڵیەکان لە لایەن حکومەتە ناوەندیەکانیانەوە ڕێگایان پێنادرێت بە بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا، یاخود بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی لە دەستوری هەندێ لە وڵاتاندا لە تایبەتمەندی حکومەتی ناوەندیدایە و ئەو مافە بە حکومەتی هەرێم و کانتۆنە فیدراڵیەکان نەدراوە.

ئەم چوار پایە کە لە ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدۆ دا هاتووە بۆ کیانە سیاسیەکان بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن و  وەربگیرێن وەک کەسێک لە کەسەکانی یاسای نێودەوڵەتی، گەرچی ئەمە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی و تیۆرییەوە بابەتێکی تەواو یاساییە بەڵام لە پراکتیکدا سیاسیەو پەیوەندی و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکان مامەڵەی پێوەدەکەن. بۆیە دەتوانین بڵێین سروشتی پایەکانی دەوڵەت لە نێوان ڕەوش و دۆخی یاساو سیاسەتدا جۆلانی دەکات.

لە ژێر ئەو ڕوناکیە یاساییانەی سەرەوەدا نەتەوەی کورد لە باشوری کورستان خاوەنی هەر چوار پایەکەی دەوڵەتە دانیشتوان، هەرێم، حکومەت و توانای بەستنی پەیوەندی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی تردا. دانیشتوانێکی هەیە کە دەتوانێت پێکەوە بژین و کاروبارەکانیان ڕێکبخەن، خاونی هەرێمێکە، گەرچی هەرێمەکە سنورەکەی دیاریکراویش نەبێت ئەوا نابێتە کێشەیەکی یاسای وکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانن گومان لە نەبونی پایەیەک لە پایەکانی دەوڵەتی کوردی بکەن. چونکە وەک ئاماژەمان بۆ کردووە چەندین دەوڵەت هەبوون کە دانیان پێدانراوەو سنورەکەشیان دیاریکراو نەبووە لەگەڵ دراوسێکانیانداو چەندین دەوڵەتی تریش هەن تا هەنوکە کێشەی سنوریان هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێیانداو کەچی نەک هەر دانیان پێدا نراوە وەک دەوڵەت لە هەمانکاتیشدا ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.  باشوری کوردستان خاوەنی حکومەتێکە کە بۆ ماوەی بیست و دوو ساڵە فەرمانڕەوای دەکات و سیستەمە سیاسیەکەشی پەڕلەمانی کۆماری دیموکراسیە. سەرەڕای ئەوانەش پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابوری لەگەڵ ژمارەیەک دەوڵەت بەستووە و جیاواز لە زۆربەی هەرێم و کانتۆنە فیدراڵیەکانی تری جیهان  گەر سەرۆکی دەوڵەتێک سەردانی بەغداد پایتەختی عیراق بکات سەردانی هەولێر پایتەختی باشوری کوردستانییش دەکات. یاخود کاتێک سەرۆکی هەرێمەکەی بەسەردان دەچێتە دەوڵەتانی تر سەرۆکی دەوڵەتەکە پێشوازی لێدەکات نەک هاوتاکەی خۆی. واتە ئەمڕۆ باشوری کوردستان لە چاوی زۆربەی دەوڵەتانەوە وەک نیمچە دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و وەک دەوڵەتێکی دیفاکتۆ سەیر دەکرێت.

لە یاسای نێودەوڵەتیدا بۆ ئەوەی دەوڵەتێک وەربگیرێت بە ئەندام لە خێزانی نەتەوەکان دەبێت دانیپێدابنرێت. هەربۆیە گرنگی یاسایی دانپێدانان ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان دەوڵەتان بە هۆی پرۆسەی دانپێدانانەوە بەڕێوە دەبرێت و ماف و ئەرکەکان بۆ دەوڵەتی دانپێدانراو دەستەبەر دەکرێت و جێگیر دەبێت. کە دەوڵەتی دانپێدا نەنراو ئەو مافانەی نیە کە یاسای نێودەوڵەتی بە دەوڵەتی دانپێدانراوی دەبەخشێت. ماددەی (٦) ی ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ دەڵێت: (گرنگی دانپێدانان ئەوەیە کە کەسێتی یاسایی دەچەسپێت و ماف و ئەرکەکان دیاریدەکرێت. هەروەها دانپێدانان بێمەرجەو گەڕانەوەی تێدا نیە).

بۆچوون