Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/09/03 12:42
نوسەر: جینۆسایدی کورد

تاوان دژ به‌ ئێزدیان وێستگه‌یه‌كی تر له‌ جینۆسایدی گه‌لی كورد

ته‌ها سلێمان 

مێژووی مرۆڤایه‌تی و ده‌سڵاته‌ سیاسییه‌كانی جۆره‌ها ” تاوانی جینۆساید، تاوانی جه‌نگ، تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی، تاوانی دووژمنكارانه‌” له‌ خۆده‌گرێ‌، كه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ رابوردوو ده‌توانین بڵێین دیارترین تاوانه‌كانی جینۆساید ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن بۆنموونه‌ جینۆسایدی” هندیه‌ سوره‌كان، هۆڵۆكۆست، ئه‌رمه‌ن، هیرۆرشیماو ناكازاكی، رواندا، برۆندی، حه‌ما، سیڤۆ، سربرنیتسا، دارفۆر، بۆسنه‌”ن و له‌وانه‌ش دیارتر بۆ كورد له‌ هه‌رچوارپارچه‌كه‌ی كوردستان “باشور، باكور، رۆژهه‌ڵات، رۆژئاوا”.

 ئه‌م ناوو ناونیشانانه‌ له‌ وێستگه‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی جینۆسایدی گه‌لی كوردن وه‌ك جینۆسایدی “ده‌رسیم، ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه‌، به‌رزانیه‌كان، فه‌یلیه‌كان، زیوێ‌، ئه‌شكه‌وتی ده‌كان، بالیسان، سێوسێنان، جه‌له‌مۆرد، گۆپ ته‌په‌، سه‌ید سادق، قه‌ڵادزێ‌، سه‌رده‌شت”.

 كه‌ به‌ چه‌ندین هه‌زار به‌ڵگه‌و په‌ڕاو له‌ به‌رده‌ستن بۆ پشڕاستكردنه‌وه‌و سه‌لماندنیان، هه‌روه‌ك به‌ پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش ئه‌وانه‌ی له‌و وێستگانه‌ی ناومان هێنان جینۆسایدن دژ به‌ گه‌لی كورد. دوای هێرش و په‌لاماری به‌ره‌ی نوسڕه‌و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام “خه‌لافه‌تی ئیسلامی” “داعش” بۆ سه‌ركورد له‌ رۆژئاوای نیشتمانه‌كه‌ی و ئه‌نجامدانی كرده‌ی جینۆساید له‌دژی، هه‌مان رێكخراو “داعش” جه‌نگێكی نه‌خوازراوی دژ به‌ باشووری كوردستان به‌رپاكرد.

 سنووری ئه‌و جه‌نگه‌ له‌ شارۆچكه‌ی سه‌عدیه‌ “سنوری پارێزگای دیاله‌” به‌ درێژایی “1040” هه‌زارو چل كیلۆمه‌تر كه‌ تا ده‌گاته‌ قه‌زای شه‌نگال “سنووری پارێزگای موسڵ” ده‌ست پێده‌كات و گرتوه‌ته‌وه‌. له‌ زۆربه‌ی ئه‌و شاروشارۆچكانه‌ی جه‌نگی روو به‌ رووبوونه‌وه‌ی “داعش” تیایدا روویداوه‌، تاوانی “جه‌نگ، مرۆیی، جینۆساید” له‌ دژی دانیشتوانه‌ی كه‌ كوردن ئه‌نجامدراوه‌، بۆنموونه‌ له‌ شاروشارۆچكه‌كانی وه‌ك “سه‌عدیه‌، جه‌له‌ولا، سنووری پارێزگای تكریت، سنووری پارێزگای كه‌ركوك، سنووری پارێزگای موسڵ، سنووری شاروشارۆچكه‌ مه‌سیحی نشینه‌كانی ده‌شتی موسڵ، شاروشارۆچكه‌ ئێزدی نشینه‌كانی ده‌شتی موسڵ و به‌ تایبه‌ت قه‌زای شه‌نگال و شارۆچكه‌ی سنوون و ته‌واوی كۆمه‌ڵگاو گونده‌كانی ده‌ورو به‌ریان.

ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج بده‌ین و بمانه‌وێ‌ به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌لمێنراو بێنینه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وه‌ی له‌ زنجیره‌ چیای شه‌نگال دژ به‌ ئێزدیه‌كان له‌لایه‌ن “داعش”وه‌ ئه‌نجامده‌درێ‌، راوه‌دوونان و گرتن و به‌بارمته‌گرتنی كچان و ژنان و هه‌وڵدان بۆ فرۆشتنیان، برسیكردن و كوشتنیان، گوله‌بارانكردنی خه‌ڵكی به‌ساڵاچوو هتد به‌ پێی هه‌موو یاساو پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و به‌ هه‌موو ماناو لێكدانه‌وه‌یه‌ك جینۆسایده‌.

بۆنموونه‌ كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان پاڵ پشت به‌ به‌ندی “6” له‌ ده‌ستووری دادگای “نۆرینبێرگ” جینۆساید به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ ده‌كات” تاوانێكی دژه‌ مرۆڤایه‌تیه‌ له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك یان كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤێك یان ره‌دكردنه‌وه‌ی مافی بوونی ژیانیانه‌”.

جۆره‌كانی جینۆسایدیش به‌ كورتی و به‌ پوختی ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گرنه‌ خۆ كه‌ له‌ به‌ندی “2”ی رێككه‌وتننامه‌كه‌ ساڵی 1948 هاتوه‌ ” یه‌كه‌م: كوشتنی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵێك یان خێزانێك یان شارێك یان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك”، واتا زۆری و كه‌می زیانه‌كان گرنگ نیه‌، به‌ڵكو ئامانج له‌ به‌رچاوگیراوه‌.

ئامانجی ئه‌و لایه‌نه‌ی به‌ كرده‌وه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستێ‌ یاخود هه‌ڵساوه‌. دووه‌م: شێواندنی له‌ش و بیری ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ژیان و گوزه‌رانیان و هتد.. ئه‌مانه‌و چه‌ندین پێوه‌ری تر كه‌ لێره‌دا بوار بۆ باسكردنیان وه‌ك پێویست نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌به‌ستمانه‌و زۆر گرنگه‌ له‌ پێشچاوی بگرین.

 ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی “داعش” له‌ دژی كورد به‌ گشتی و كوردانی ئێزدی به‌ تایبه‌ت ئه‌نجامی ده‌دات، به‌ پێی ئه‌و پێوه‌رو رێوشوێنانه‌ی له‌ رێكه‌وتننامه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كاندا هاتوه‌، جینۆسایده‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تاوانی جه‌نگه‌ یان تاوانی دژه‌ مرۆیی؟

تاوانی جه‌نگ یان تاوانی دژه‌ مرۆیی له‌ كاتی ئه‌نجامدانی جه‌نگ به‌ پێی سرووشتی جه‌نگه‌كه‌ روو ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان رێ و شوێنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ روو به‌ رووبوونه‌وه‌یان، ئێمه‌ لێره‌ قسه‌مان له‌ سه‌رلایه‌نی جینۆسایده‌ نه‌ك تاوانی جه‌نگ یان دژه‌ مرۆیی، هه‌روه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ش پێوه‌رو نموونه‌كانمان باسكردو به‌ پێی ئه‌و نموونه‌و پێوه‌رانه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ هێرش و په‌لاماره‌كانی داعش بۆ سه‌ر باشووری كوردستان به‌ گشتی و كوردانی ئێزدی له‌ شه‌نگال و سه‌نوون و ده‌ورو به‌ری روو ده‌ده‌ن جینۆسایدن. كه‌واته‌ به‌ پێی هه‌مان رێكه‌وتنی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كارێكی گرنگ و هه‌ستیار ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی ئێمه‌.

له‌ به‌ندی “3”ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كاندا هاتوه‌و ده‌ڵی” به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی ئه‌وانه‌ی، یه‌كه‌م: ئه‌وانه‌ی جینۆساید ئه‌نجام ده‌ده‌ن. دووه‌م: ئه‌وانه‌ی هانی جینۆساید ده‌ده‌ن. سێیه‌م: ئه‌وانه‌ی به‌شداری له‌ جینۆساید ده‌كه‌ن. واتا كۆی ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیارێتی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی جینۆساید هه‌ڵده‌گرن، به‌و پێوه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه‌ روو به‌ رووی به‌رپرسیارێتی و سزای یاسایی ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌ركی ئێمه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وه‌یه‌ ته‌نها قسه‌نه‌كه‌ین، به‌ڵكو ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك پێویستره‌ له‌ سه‌رئاستی “هه‌رێمایه‌تی، نێوده‌وڵه‌تی، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، رێكخراوه‌كانی چاودێری جینۆساید” هه‌وڵه‌كانمان چڕو به‌رینتر بكه‌ینه‌وه‌، شاڵاوه‌كانی “داعش” بۆ سه‌ركورد به‌ گشتی و كوردانی ئێزدی به‌ تایبه‌ت وه‌ك به‌شێك له‌ بازنه‌و وێستگه‌كانی جینۆسایدی گه‌لی كوردو كوردستان بناسێنین. به‌ شێوه‌یه‌كی پڵان بۆ دارێژارو ئه‌و هاوسۆزییه‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیه‌ بكه‌ینه‌ سه‌نته‌ری به‌شێك له‌ كارو چالاكیه‌كانمان. سه‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش ده‌بێت هه‌موو سه‌ركرده‌كانی رێكخراوی تیرۆرستی “داعش” و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی هاوكارو هاوبه‌ش بوون له‌ گه‌ڵیان له‌ ئه‌نجامدانی جینۆساید له‌ دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا “دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی” سزای تاوانه‌كانی خۆیان وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش ته‌نها ده‌ره‌چه‌یه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی تاوانی جینۆساید دژ به‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رپارچه‌یه‌كی كوردستان و نه‌ته‌وه‌و ئاین و ئاینزاكان كه‌ تیایدا ده‌ژین.

بۆچوون