Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/11/29 8:54
نوسەر: جینۆسایدی کورد

پێکهێنانی دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا چۆنیەتیی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان/ ‌بەشی چوارەم

ئاواره‌ حسێن*‌

بەشی چوارەم

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دوو تیۆرمان هەیە بۆ دانپێدانان بە دەوڵەت. ئەوانیش:

(١/ تیۆری دانپێدانانی دروستکەر. ٢/ تیۆری دانپێدانانی دەرخەر).

١/ تیۆری دانپێدانانی دروستکەر Constitutive Theory: هیگڵ پێشەنگی ئەم تیۆرەیەو لە لایەن هەریەک لە (ئەنزیلۆتی، هۆڵاند، ئۆپنهایم)وە پشتگیری کراوە. بە پێی ئەم تیۆرە دانپێدانان پرۆسەیەکە دەوڵەت دروست دەکات، بۆیە ناونراوە تیۆری دروستکەر. هەر بە پێی ئەم تیۆرە دەوڵەت نابێتە کەسێکی یاسایی نیودەوڵەتی تاوەکو دانیپێدانەنرێت و بە دانپێدانانیشی هەمو ئەو مافانە بەدەست دەهێنێت کە یاسای نێودەوڵەتی پەسەندی کردون و هەروەها ئەرکەکانی دەوڵەتیشی دەکەوێتە ئەستۆ کە پێویستە پێوەی پابەند بێت.

٢/ تیۆری دانپێدانانی دەرخەر Declaratory Theory: ئەم تیۆرە لە لایەن هەریەک لە (جی هاڵ، وانگەر، برایرلی، پیت کۆبێت، فیشەر)وە خراوەتە ڕوو و پشتگیری کراوە. بە پێی ئەم تیۆرە دانپێدانان دەوڵەتەکە ئاشکرا دەکات و  لە بنچینەدا دەوڵەتەکە بونی هەیە بەڵام دانپێدانان دەریدەخات و پێیان وایە  دانپێدانان تەنها ڕازیبونە بەوەی کەدەوڵەتێکی نوێ ببێتە ئەندام لە خێزانی نەتەوەکان و ببێتە کەسێکی یاسایی نێودەوڵەتی. بیرمەندی هیندی یاسای نێودەوڵەتی (پازان) لە پەرتوکەکەیدا مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی دەنوسێت:        «دانپێدانان بەهەند زانینیکی فەرمیە بۆ ئەو دەوڵەتەی کە هەیە و بە دانپێدانان دەردەخرێت و ئاشکرا دەکرێت».

پراکتیکی نێودەوڵەتی زیاتر تیۆری دووەم (تیۆری دانپێدانانی دەرخەر) یان پەسەند کردووە و پێیان وایە کە دەوڵەت بونی هەیە دانپێدانانیش تەنها ڕاگەیاندنێکە بە بونی ئەو دەوڵەتەدا و  هەر کاتێک دەوڵەتێک پایەکانی تەواو بو ئەوا مافی هەیە کە دانیپێدا بنرێت. لە هەمانکاتیشدا یاسا ناسانی نێودەوڵەتی بە قوڵی ڕەخنەی تیۆری یەکەم (تیۆری دانپێدانانی دروستکەر)  دەکەن و پێیان وایە کەم و کوڕی یاسای تێدایەو دەڵێن گەر دەوڵەتێک پایەکانی پێکهێنانی نەبێت ئەوا دانپێدانان ناتوانێت بیکاتە کەسێکی یاسایی نێودەوڵەتی هەروەها دەڵێن ناکرێت دەوڵەتێک دانیپێدا نەنرێت و  نەبێتە خاوەنی هیچ ماف و ئەرکێک کە یاسای نێودەوڵەتی دەستەبەر و دیاریکردووە و نەبێتە کەسێکی یاسایی نێودەوڵەتی. ئەی ئایا ئەگەر هاتوو دەوڵەتێکمان هەبو چەند دەوڵەتێک دانیپێداناو چەند دەوڵەتێکی تر ئامادە نەبوون دانیپێدا بنێن ئەو کاتە تا چ ڕادەیەک دەبێت بە کەسێکی یاسایی؟ ئەم تیۆرە وەڵامیان پێ نیە.

لە ماددەی (٣) ی ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ (ڕێککەوتننامەی ماف و ئەرکی دەوڵەتان) دا هاتووە: «بونی سیاسی دەوڵەت جیایە لە دانپێدانانی دەوڵەتەکانی تر پێیدا. دەوڵەت تەنانەت پێش ئەوەشی دانیپێدا بنرێت، مافی هەیە بەرگری لە قەوارەو سەربەخۆی خۆی بکات و کار بۆ مانەوەی خۆی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی بکات و ئەو سیستەمانەش بۆ خۆی دابنێت کە بگونجێت بۆی، یاساو ڕێسای پێویست دابنێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی و دەزگاکانی بەڕێوە ببات و دەسەڵات و ئەرکی دادگاکانیش دیاری بکات. سەلماندنی ئەم مافانە سنوردار ناکرێت لە سەلماندنی مافی دەوڵەتانی تر بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی».

لەم مادە یاساییەوە ئەوە ڕوندەبێتەوە کە یاسای نێودەوڵەتیش تیۆری دووەمی پەسەند کردووە بۆ دانپێدانان بە پێک هێنانی دەوڵەتێکی نوێ.

هەروەها ماددەی (٧) ی هەمان ڕێککەوتننامە دەڵێت: «دانپێدانان بە دەوڵەتدا دەکرێت ئاشکرا بێت یان نهێنی. ئەنجامەکانی دواتری هەر کردارێک دەریدەخات کە مەبەستی دانپێدانان بووە بە دەوڵەتێکی نوێدا».

ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هیوای هەمو کوردێکی وشیارو دڵسۆزە  بەتایبەتی ئەوانەی کە پێیان وایە چارەسەرکردنی کێشەکانی نەتەوە تەنها بە دەوڵەت بون دەبێت و لە هەقیقەتیشدا هەروایە، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئەو خەونەیە کە شۆڕشگێڕانی هزرو کردار یاسا ناسان و دڵسۆزان لە مێژە کار بۆ ڕاستی بونی دەکەن و لەو پێناوەشدا خوێنی گەش و ئاڵیان بە خشیوە و ڕوبەڕوی دژوارترین ئەشکەنجەکان و سوکایەتیەکان بونەتەوە و کەرامەتیان شکاوە و کەسایەتیان بریندار کراوە. بەڵام تا هەنوکە ئەو مافە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرژەوەندی ویستەوە پێی ڕەوا نەبینراوە. ئەو مافە مادام مافێکی ئاینی وسروشتی و  یاسایی جێگیرە دەبێت لە داواکردن و بەدەستهینانی نەک هەر سوربین بەڵکو ئامادەبین قوربانی زیاتری بۆ بدەین. ئەرکی یاسا ناسانە هۆشیاری یاسای لەسەرئەو پرسە بدەن و قوڵترین زانیاری و ڕێگای گەشتن بەو ئامانجە مەزنە ببەخشن بە بڕیار بەدەستانی باشوری کوردستان هەروەها گرنگی بون و فەلسەفەی دەوڵەت ڕونبکەنەوە.

بۆچوون