Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/11/29 15:14
نوسەر: جینۆسایدی کورد

جینۆسایدی فەیلییەكان لەعێراق و كۆمەڵێك بەڵگەنامە

ئا: جینۆساید كورد

كوردی فەیلی، ناو یان نازناوێكە بەوكوردانە دەوترێ‌ كەبەزۆری لەشاروشارۆچكەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نیشتەجێبوون و لەرووی ئاینیەوە سەربەمەزهەبی شیعەن. ئەم كوردانە لەلایەن دەوڵەتی عێراقی كەبەعس فەرماڕەوایی دەكرد، لەساڵی 1963وە بەهەموو شێوەیەك روو بەرووی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدو پاكتاوی رەگەزی بوونەتەوە. ژێدەرو ئامارەكان ئەوە دەردەخەن و پشڕاست دەكەنەوە، كە بەدەیان هەزار لەم توێژەی كورد روو بەرووی مەرگ بوونەتەوە.

بەڵام بەدرووستی لەساڵی 1980 وەزیری ناوخۆی عێراق، فەرمانی وڵاتبەدەركردنی كوردە فەیلییەكانیدا، لەفەرمانەكەی وەزیری ناوخۆی عێراقدا هاتوە”: ئەو ئیرانیانەی لەوڵاتدان و رەگەزنامەی عێراقییان نییە، هەروەها ئەوانەش كەمامەڵەیان كردوەو بڕیارییان لەبارەوە دەرنەچوە دەردەكرێن”. لەهەمانكاتدا بڕیارەكەی حكومەتی عێراقی ئەوەشی تێدا بوو “: كەلاوانی كوردی فەیلی لەتەمەنی 18 تا 28 ساڵ، بگیرێن و لەبەندیخانەی پارێزگاكاندا، تاماوەیەكی نادیار دەسبەسەربكرێن”. هەروەك بڕیارەكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی عێراق ئەوەشی دووپات كردوەتەوە “: كەهەركەسێك لەو كوردانەی ئاودیوی ئێران دەكرێن، ئەگەر هەوڵیاندا بگەڕێنەوە تەقەیان لێبكرێت”.

لەرۆژی 26-2-1981 لەرۆژنامەی سەورەی زمانحاڵی حكومەتی عێراق “سەدام حوسێن” لەبارەی كوردە فەیلیەكانەوە دەڵێ‌”: ئەم توێژە لەعێراق ریشەكێشبكەن، تاوەكو خاكی عێراق و هەوای عێراق پیس نەكەن و خوێنی عێراقیش پیس نەكەن، كاتێك بەڕێگەی ژن و ژنخوازییەوە خوێنیان تێكەڵی خوێنی عێراقییەكان دەبێت”. سەرنجدان و وردبوونەوە لەم قسەیەیی “سەدام” سەرۆكی دەوڵەتی پێشووی عێراق بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین كە شۆڤێنیەت و رادەی رەگەزپەرستی بیركرنەوەی حزبی بەعس و سەرۆك و سەركردەو حكومەتەكەی لەعێراق تاچ رادەیەك دژ بەمرۆڤ و هاوكات لەهەوڵی ئەوەبوە لەناوییان ببا، بەتایبەت ئەوانەی جیاوازبوون لەگەڵی.

بەپێی زانیارییە بەردەستكەوتوەكان، پێش ساڵی 2003 زیاتر لە “200” هەزار دانیشتوانی عێراق ئاوارە یان راوەدووی ئێران نراون، كە 65% كە شەست و پێنج لەسەدی ئەو ژمارەیە لە كوردی فەیلی بوون و تائێستاش زۆرێكیان لەو وڵاتە ماونەتەوە. ئەمە جگەلەوەی لەماوەی دەسڵاتی حزبی بەعس بە هەزاران كوردی فەیلی زیندانی كراون و لەسێدارە دراون و كۆمەڵكوژی كراون.

بەڵام عارف قوربانی نووسەرو لێكۆڵەر لەبواری جینۆساید، لەبەرگی یەكەمی كتێبی شایەتحاڵەكانی و لەپێشەكی كتێبەكەدا، بەوردی ئەوە پشت راست دەكاتەوە كەژمارەی جینۆسایدی فەیلییەكان لەعێراق زۆر لەوە زیاترەو بەپشت بەستن بە كۆمەڵێك دیكۆمێنت دەنوسێ‌” لە ساڵی 1971 چل هەزار خێزانی كوردی فەیلی كە ژمارەیان ” 180″ هەزار كەس دەبوو، دەست گیرا بە سەرموڵك و ماڵ و سامانیانداو ئاودیوی ئێران كران، هەروەها “300” هەزار كوردی تری فەیلی لە ساڵی 1980 ئاودیوی ئێران كرد بە بیانووی ئەوەی ئەوانە بە رەچەڵەك ئێرانین، لە كۆی ئەم “300” هەزار فەیلیە ” 15 ” هەزار گەنجیان لێ بێ سەرو شوێن كردن و تا ئێستا چارەنوسیان دیارنیە.

 ژێدەرو ئاماری تریش زۆرن كەژمارەی وەدەرنانی كوردە فەیلیەكان لەعێراق و زیندانی كردن و كوشتن و زەوتكردنی سەروەت و سامانیان و بێسەرو شوێنكردنیان، بە “500” پێنج سەد هەزار كەس ئەژمار دەكەن، بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستی ئێمەدان، وە ئەوەشی كەسەرچاوەو بەڵگەنامەكان بۆ ئێمەیان ساغكردوەتەوە “380” هەزار كوردی فەیلی روو بە ڕووی قڕكردن و جینۆسایكردن بوونەتەوەو ئاسەوارەكانیشی تا ئێستا ماون و بۆچەندین دەیەیی تریش هەردەمێنن.

ئەمەی خوارەوە كۆمەڵێك بەڵگەنامەی گرنگە تایبەت بە جینۆسایدی فەیلییەگان، كەهی دام و دەزگا سەركوتكەرەكانی بەعسی لە گۆڕنراوە:

* سەرچاوە: لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە “دۆشیەی فەیلییەكان” نوسینی: تەها سلێمان

بۆچوون