Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/09/03 14:27
نوسەر: جینۆسایدی کورد

ڕوماڵ كردنی پرۆسەی ئەنفال لە ڕۆژنامەگەری ڕژێمی بەعس دا

 شیخ صدیق

لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دا، ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس بۆ پەلاماری كوردستان هێزی ئاسمانی‌و هێزی پیادەو هێزی زرێپۆش‌و دەزگای هەواڵگری‌و ئاسایشی بۆ ئەنجامدان‌و سەركەوتنی پرۆسەی ئەنفالی بەكارهێنا..

لە پاڵ ئەو هێزانەدا  سەرجەم دەزگا ڕاگەیاندنەكانی خستە خزمەتی پرۆسەكەوە، هەموو كەناڵەكانی سەر بە دەسەڵات بوون ڕاستەوخۆ هەواڵەكانیان دەگواستەوە. دوو هۆكار لەپشتی ڕۆماڵ كردنی پرۆسەی ئەنفالەوە هەبوو ن.

یەكەم :-  ڕژێم دەیوویست بە گواستنەوەی هەواڵی هێرش‌و پەلامارەكانی بۆ سەر كوردستان بەڕوخاندن‌و بۆردومانكردن‌و دەستگیركردنی دانیشتوانەكەی ورەی پێشمەرگەی كوردستان بشكێنێ‌‌و نەتوانن بەرگری بكەن‌و دانشتوانەكەش خۆیان بدەن بەدەستەوە بەبێ‌ بەرگری.

دووەم :- لە ڕێگەی ڕوماڵ كردنی هەواڵی ئاراستە كراو, بۆ جیهانی ئیسلامی دەیویست بەدونیای ئیسلامی عەرەبی بڵێ‌ ئەمانە لە ئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە بۆ ئەم مەبەستەش سورەتی ( ئەنفال )ی بەكارهێنا بۆ هێرشكردن‌و ئامانجەكەی پێكا یەك وڵاتی ئیسلامی لەسەر ئەنفال كردنی كورد نەهاتنە دەنگ.

تۆتالیتاریزم و بەعس

لێكدانەوەی هەندێ‌ لەپرسە سەرەكیەكانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەعیراق كەرژیمی بەعس لەعیراقدا توندڕەوەكەیەتی لە دۆخی ڕەگەزپەرستیدایە بەردەوام لە بەرتەس كردنەوەی دەسەڵاتەكەیە تی زاڵكردنی سونە چڕكردنەوەیان لەدەسەڵاتەكەی خۆیدا پێدانی پۆستەباڵاكان لەدامودەزگاكانی سوپاو ئاسایش وپۆلیس ودەزگاتایبەتەكاندا  تاكو هەمودەسەڵا تی حكومەتەكەی لەناوخزمەكانیدا دابەشكرد . بۆمانەوی خۆی دەسەڵاتەكەی پەنابرد بۆ تۆقاندن و چاندنی ترس لەناخی هەموتاكیكی عیراقیدا بۆگواستنەوەی ئەم چەمكە لەپاڵ دەزگاسەركوتكەرەكانی  ئاسایش و مخابەرات جەیش دا , ڕاگەیاندنی بۆبڵاوكردنەوە وگواستنەوەی ئەوترسەی بەكارهێنا لەكاتی جەنگی عیراق ئیراندا لە ڕۆژنامەو كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەكانیدا ئەووێنانەی دەگواستەوە كەلەبەرەكانی جەنگدا كوژرابون شەوانە دوبارەی دەكردەوە مەبەست لەبڵاوكردنەوەی ئەوكوژراوانە كۆمەڵێك رەهەندی جیاوازی لەخۆگرتبوو

1.      چاندنی ترس لەناخی هەموعێراقیەكدا

2.      بێڕیزكردن وكەم بەهاكردنی مرۆف

3.      مل پێ‌ كە چكردنی خەڵك

4.      رازی بونی ناچاریانە بەسیاسەتی بەعس

بەعس لە پرۆسەی دەسەڵاتی تۆتالیتاریانە یدا كۆی دەزگا ڕاگەیاندنەكانی بەكاردەهێنا بۆتەوزیف كردنی سەرۆكی قائدو سەرۆكی نەتەوەی عەرەب و ڕەمزی ئازایەتی پیرۆزكردنی لەپاڵ ناوهێنانی صدام ووشەی خوابیپارێزت دەبوایە بگوترایە بۆهەریەك لەو ووشە نابۆت ناشیرن و خێلەكیانە شانازیان پێوەدەكراو هەموو شەوڕۆژیك دەدران بەگوێی عیرَاقیەكاندا  .

بۆلەناوبردن و ناشیرین كردنی حزبەسیاسیەكان لەپاڵ ئازاروئەشكەنجەو زیندانی كردن ولەسیدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی و هێرشی بەردەوامی لەڕاگەیاندنەكانیدا دەكردەسەر حزبەعیراقی حزبەكوردستانیەكان بەخائین و خۆفرۆش بەكرێ‌ گیراوی ناوی دەبردن ..

راگەیاندنی بەعس لەكاتی كیمابارانی هەلبجەدا

بەعس  بۆهیرَشەكانی كیمیابارانكردنی شاری هەلبجە بە جیاوازتر ڕوماڵی تاوانەكانی خۆی دەكردوو, فرمیسكی تیمساحی بۆ تاوانەكە دەرشت وهێرشی دەكردە سەرئیران وئیرانی تاوان باردەكر د كۆی ڕاگەیاندنەكانی خستبوە تاوانباركردنی دەوڵەتی ئێران بۆئەم تاوانەی پەنای برد بۆمەلای مزگەوتەكان تاكومینبەری گوتار خوینی ڕۆژانی هەینی بخنە خزمەتی خۆی مەڵاكان صدام و بەعسیان بەبی تاوان دالەقەڵەم وگوتیان حكومەتی بەعس كیمیای نەكردووە بەسەر هەلبجەدا .

ڕۆڵی ڕاگەیاندنی رژێمی بەعس لەعێراق دا .

سەرجەم كەناڵەكانی بینراو بیستراو نوسراو لە عێراق بەهۆی ئەوەی سەر بە ڕژێمی بەعس بوون‌و هیچ جۆرە كەناڵێكی سەربەخۆ ئەهلی لەوكاتەدا لە سایەی دەسەڵاتی بەعس بوونی نەبوو, جگە لەو ئیزگەو ڕۆژنامە‌و گۆڤارانەی كەسەر بە بەرهەڵستكاری بوون  لەشاخ یان لە وڵاتانی دەرەوە دەردەچون…بۆیە لەگەڵ پەلامارەكاندا، بۆسەر كوردستان هەواڵەكانی ئەنفال راستەوخۆ دەگوازرانەوە…

لە ڕۆژنامەی ( هاوكاری ) كە ڕۆژنامەیەكی كوردی بوو ساڵی 1970 دامەزرابوو، هەفتەی دووجار دەردەچوو، لە ڕۆژی دووشەممە بەرواری 4/1/1988 ژمارە ( 973 ) … یەكەمین هێرشەكانی بۆ سەرگەڵو . بەرگەڵو لە هەفتەنامەی هاوكاری دا بڵاودەكاتەوە كەوەكو مژدەیەك بەخەڵكی كوردستان‌و عێراق ڕادەگەیەنێ‌. نوسیویەتی ( فەرماندە . مژدەی سەركەوتنی لە فەرماندەی كاری ( ئەنفال )ەوە پێ‌ دەگات.. بەڕێز سەروكی فەرماندە موهیب ڕۆكن صدام حسین فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بروسكەیەكی پیرۆزبایی لە لیوا ڕوكن سڵتان هاشم ئەحمەد فەرماندەی كاری پاڵەوانی ( ئەنفال )ەوە پێ‌ گەیشت كە تێیدا مژدەی سەركەوتنی هێزە پاڵەوانەكانی پێ‌ داوە .

لە برۆسكەكەدا هاتووە ، كە هێزە بەشداربووەكانی ( ئەنفال ) بە سەر پاشماوەی بەكرێگیراوانی ئیران دا سەركەوتوون و بەیارمەتی یەزدان بنكەكانی یاخی گەرەكان لە ناوچەی ( سەرگەڵو ، بەر گەڵو ، زێویێ‌ ، مولان ، قمر خان ، كانی توو ، چاڵاو ، یاخیار ، چۆخماغ ، یاغسەمەر .. قزلەر ، ناوچە بەرزاییەكان لەو بەكرێگیراوانە پاك كراونەتەوە …

حزبی بەعس و ڕۆژنامەگەری.

یەكەم ڕۆژنامەی ئاشكرای حزبی بەعس بەناوی ( جمهوری ) بوو, لە 17 تموز ساڵی 1958 , خاوەن ئمتیازەكەی عبدالسلام عارف بوو, تاكو 6/11/1958 بەردەوام بوو , ساڵی 1963 دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق دا

لە لایەن حزبی بەعسەوە، ڕۆژنامەیەكی تریان دەركرد بەناوی ( الجماهیر ) كە بوو بەزمان حاڵی حزبی بەعس ژمارەی یەكەمی لە 12 شوباتی ساڵی 1963 بڵاوكرایەوە, گرنگی بە ئامانجەكانی ئینقلاب دەدا ..

بڵاوكراوەی ( وعی العمال )  حوزەیرانی ساڵی 1960 بڵاوكرایەوە, تاكو ساڵی 1963 بەردەوام بوو. جارێكی ترلە ساڵی 1967 دەست كرایەوە بەبڵاوكردنەوەی

ساڵی 1962 ڕۆژنامەی ( الاتحاد وەتەنی  ) لەلایەن یەكیتی قوتابیانی نەتەوەیی عێراق دەردەچوو. وەسنوردار بوو دەساو دەسی دەكرد لە بڵاوكردنەوە .

بۆجاری دووەم  ساڵی 1967 حزبی بەعس ڕۆژنامەی ( الجمهوری ) چاپكردەوە سەرنوسەرەكەی ( فیصل حسون ) بوو بەردەوام بوو هەتاكو بەرواری 9/4/2003 ، هەروەها لە تەموزی ساڵی 1968 لە 17 ئاب دا یەكەم ژمارەی رۆژنامەی ( سەورە ) دەرچوو، بەردەوام بوو هەتاكو 9/4/2003 بەعس سەرجەم ئەم ڕۆژنامە‌و كەناڵەكانی تری ڕاگەیاندنی كۆنترۆڵ كرد بوو، هەموو سەر بەحزب‌و حكومەتەكەی بوو، بۆیە ڕاگەیاندن تاكو ساڵی 2003 لە عیراق دا ، جگە لە ڕاگەیاندنی بەعس هیچ ڕاگەیاندنێكی تر بوونی نەبوو ..

چەمكی پیرۆزكردن لەڕاگەیاندنی بەعس دا

ڕاگەیاندنی بەعس بەدریژایی ماوەی تەمەنی دەسەڵاتی لە عێراق دا كاری لە سەرچەمكی پیرۆزی صدام حسین وەكو كەسایەتی حزبی بەعس وەكو تاك حزب‌و ئایدۆلۆژی كە هەموو شتێكیان لە پیناوی ئەو دوانەدا دەخستە خزمەت .  ڕاگەیاندێكی چەواشەكارانە دژ بەمافی مرۆڤـــ ‌و دیموكراسی ناشرین كردنی مرۆڤـــ كەمكردنەوەی بەهای مرۆڤ و دروستكردنی تۆوی دووبەرەكی لە نێوان كوردو عەرەب‌و توركمان لە نێوان خودی مرۆڤـــ خۆیدا .بەرهەم هێنەری ووشەی ناشرین جنێودان داهێنانی كلتوری گەرم كردنی شەڕ , لەكاتی جەنگی عێراق ئێراندا دەیان نوسەر بە نوسینەكانیان ئاگری شەڕیان گەرمتر‌و خەست دەكرد , فەرهەنگێك لە جنێۆ دان لە ناو ئەدەبیات‌و رۆژنامەگەری بەعس دا بوونی هە بوو , ئەدەب‌و شیعر‌و گۆرانی تەمسیل‌و هونەری تەشكیلی هەموو خرابونە خزمەتی بەعسە وە بەعس بەخاوەنی كلتوری شێواندن‌و چەواشەكاری . ئەدەب بوو بە ئەدەبی قادسیە‌و خرایە خزمەتی ڕژێمی بەعس‌و تەشكیلی‌و تەمسیل‌و سینماو مۆسیقاو گورانی ناشرین كران بوون بە بەشێك لە بەعس‌و هەموو ئەمانە بوونە قوربانی سیاسەتی چەوشەكارانە خرانە خزمەتی بەعس‌و صدامەوە .

ڕۆژنامەگەریش چەمك‌و مفهومی خۆی لێ‌ سەندرایەوە بوون بە بەشێك لە كلتورە چەواشەكاریە و خرایە خزمەتی سیستەمی دیكتاتۆریانە , كران بە چەكێك وەكو زریپۆش‌و تانك ئاراستەی میلەتی كورد كران خستیانە پاڵ دەزگا سەركوتكارەكانی تر بۆ بەعەرەب كردن‌و پاكتاوی ڕەگەزی  .

پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بە ( 8 ) قوناغی جیاواز جێ‌ بەجێ‌ كرا , لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە كۆی ئەو هێرشانەدا ڕاگەیاندن‌و ڕۆژنامەی عێراقی ڕۆماڵی هەواڵەكانیان گواستۆتەوە.. بەشێوەی هەواڵ‌و ڕاپۆرت‌و سەروتار‌و ڕیپۆرتاژو گوتار.

ڕۆژنامەی هاوكاری وەك نمونە

هە فتەنامەی هاوكاری بەزمانی كوردی دەردەچوو, زمان حاڵی حزبی بەعس بوو . یەكەم ژمارەی لە رۆژی هەینی 9/11/1970 بڵاوكرایەوە لەلاپەرەی یەكەمدا نوسرابوو ڕۆژنامەیەكی هەفتانەیە، لەلایەن دەزگای گشتی بڵاوكردنەوەو چاپكردنی كوردی دەردەچێت …

ئەم ڕۆژنامەیە لە ساڵی 1988 لەكاتی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دا هەواڵ و ڕاپۆرت‌و ڕیپۆرتاژوسەروتاروگوتاری  لەسەر ئەنفال بڵاوكردۆتەوە .لە 4/1/1988 تاكو 29/12/1988 واتە لەماوەی یەكساڵدا لەم خشتەی خوارەوەدا دەرخستەی بۆدەكەین

خشتەی ئاماری بڵاوكراوەی جۆرەكانی هونەری رۆژنامەنوسی لەڕۆژنامەی هاوكاری لەسەر ئەنفال لەماوەی نیوان 4/1/1988تاكو29/12/1988.

ت       جۆرەكانی هونەری نوسین   ژمارە

1.      چاوپێكەوتنی ڕۆژنامە گەری68

2.      هەواڵی ڕۆژنامە گەری      8

3.      سەروتار7

4.      ڕاپۆرتی ڕۆژنامە گەری     4

5.      گوتاری ڕۆژنامە گەری      3

رۆژنامەی هاوكاری ئەم جۆرە چاوپێكەوتنانەیان ئەنجام داوە .

1.      چاوپێكەوتنی زانیاری

2.      چاوپێكەوتنی بۆچون

3.      چاوپێكەوتنی پێناسی

ئەو وەڵامانەی كەوەرگیراون لەو كەسانەی كە چاوپێكەوتنیان لە گەڵدا ئەنجامدراوە .

1.      وەڵامی  زانیاری .

2.      وەڵامی پێناسی

3.      وەڵامی شایەتی دان بە ئایەتێكی قورئان .

4.      وەڵامی بە حەدیسی پێغەمبەر

ئەوكەسانەی كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا ئەنجام دراوە .

1.      چەكدارانی فەوجی دیفاع وەتەنی ( جاش ) .

2.      مستەشار .

3.      سەربازی عێراقی .

4.      سەركردەی سەربازی .

5.      كەسایەتی سیاسی .

ڕۆژنامەی ( هاوكاری ) ڕاستەوخۆ هەواڵی پرۆسەی ئەنفالی گواستۆتەوە , بەزۆربەی هونەرەكانی ڕۆژنامەگەری بابەتی لەسەر ئەنفال نوسیوە .. دەكرێت ئەم ڕۆژنامەیە بكرێتە شایەت حاڵێكی زیندووی دان پێدانانی ئەو جاش‌و مستەشارانەی كە بەشداری ئەنفالیان كردووە، ئێستا هاشای  لێدەكەن  زۆربەی زۆری ئەو مستەشارانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا ئەنجام دراوە لە ناو پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دا لەناو هێرشەكاندا وێنەیان گیراوە، بەعترافی خۆیان باس لە بەشداری كردنی خۆیان دەكەن لە زۆربەی قوناغەكانی ئەنفال بەوپەری سەربەرزی‌و شانازیەوە باسی سەركەوتنی خۆیان دەكەن‌و  هێرش دەكەن سەر پێشمەرگەو بە خائن‌و نۆكەر سەیریان دەكەن . مناڵو ژنی كورد ئەنفال دەكەن .  ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەكەوێت كە بەعس چۆن هەموو شتێكی خستۆتە خزمەتی خۆی‌و ڕاگەیاندن‌و ڕۆژنامەگەری چۆن بەكار هێناوە.

تیبنی/ بۆنوسینی ئەم بابەتە كەڵكم لەكتبی (تغطية الصحافة العراقية لعمليات الانفال) وەرگرتوە

بۆچوون