Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/12/17 11:54
نوسەر: جینۆسایدی کورد

مانیفێستۆی ئیسلامی بۆ كۆیلایەتی و بارزگانیی كۆیلە

تکامان وایە لە مەلاکان ـ و بەتایبەتی (یەکێتیی زانایان) و (لیژنەی فەتوا) ـ پێمان بڵێن ئەم فەتوایانە لەگەڵ ئیسلام و فیقهـ و یاسای ئیسلامی گونجاون یان نەگونجاون، بۆ ئەوەش داوامان وایە هەڵسەنگاندنێکی فیقهیی ورد و ڕاشکاوی بۆ بکەن

سەرور پێنجوێنی

(دیوانی توێژینەوە و فەتوادان) (“ديوان البحوث و الإفتاء”)، لە (دەوڵەتی ئیسلامی) ی داعش، بڵاوکراوەیەکی ڕەسمیی لە شێوەی پۆستەرێکی گەورەی نوشتاوەدا ـ کە عەرەب “مطویة” |مەطوییە| ی پێ دەڵێن ـ بڵاو کردوەتەوە، بە ناوی “سؤال و جواب، في السبي و الرقاب”، واته: “پرسیار و وەڵام، دەربارەی ‘سەبی’ و کۆیلەکان”. لە بنەڕەتدا “سەبی” (“سَبْي”) بە واتای پرۆسەی بەتاڵانی‌بردنی ژن و منداڵی پیاوە نا-موسوڵمانەکانە کە لەگەڵ هێزی سەربازیی دەوڵەتێکی ئیسلامی بەشەڕ دێن و خۆیان دەکوژرێن یان هەڵ‌دێن یان دەگیرێن و ئیتر ژن و منداڵیان لەلایەن هێزە ئیسلامیەکەوە بەتاڵانی دەبرێن و دەکرێنە کۆیلە و کەنیز، ئیتر وشەی “سَبْي” ـ کە خۆی چاوگە و بە واتای پرۆسەکەیە ـ بە ژن و منداڵە بەتاڵانی‌براوەکانیش دەوترێت، بۆیە ناونیشانەکە “سؤال و جواب، في السبي و الرقاب” بەم واتایەیە: “پرسیار و وەڵام، دەربارەی ژن و منداڵی بەتاڵانی‌براو و بەکۆیلەکراو، و دەربارەی کۆیلەکان بەگشتی”.
بڵاوکراوەکە مێژوی مانگی (موحەڕڕەم) ی ساڵی (١٤٣٦ هـ.) ی پێوەیە، کە ئەمە دەکاتە مانگی (١١) ی (٢٠١٤)، و ئیتر لە دەزگای بڵاوکاری (کتێبخانەی هیممەت) (“مکتبة الهمة”) ی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی، ئامادە کراوە، و ڕۆژی ٣ ی مانگی ١٢، دابەش کراوە (لە ڕێگەی تویتەرەوە) بەسەر “موجاهید”ەکاندا، ئەمەش بەپێی زانیاریەکانی یەکەی JTTM واتە “چاودێری هەڕەشەکانی جیهاد و تێرۆریزم” لە دەزگای “مێمری” MEMRI Jihad and Terrorism Threat Monitor، کە بۆ ڕۆژی دوایی (٤ / ١٢) ڕاپۆرتێکی تەواوی لەسەر داوە و دەقەکەیشی وەرگێڕاوە بۆ ئینگلیزی (ئەم دەزگایە لە تێرۆر و توندڕەویی ئیسلامی لە سەرتاسەری جیهاندا دەکۆڵێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی لە وڵاتانی عەرەبی و پاکستان و ئەفغانستان و ئێران سەرهەڵ‌دەدات).
بڵاوکراوەکە پێک‌دێت لە کتێبۆچکەیەک، کە ٣٢ فەتوای شەرعی لەخۆ دەگرێت، کە وەکو وەڵام هاتون لەسەر ٣٢ پرسیار، دەربارەی کۆیلە و کەنیز و حوکمە شەرعیەکانیان و چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵیان، لە ئیسلامدا.
فەتوا/وەڵامەکان لە دەقە ئیسلامیەکان (قورئان و حەدیث) و فیقهـ و یاسادانانی ئیسلامی، هەڵ‌گۆزراون، و ـ بەکورتی ـ شەرعیەتی ئیسلامی دەدات بە بەتاڵانی‌بردنی ژن و منداڵی پیاوانی نا-موسوڵمانی جەنگاو لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، بەتایبەتی ئەوانەی کە ئایینیان جیاوازە و بە نا-موسوڵمان “کافر” دادەنرێن، وەکو ئێزدیەکان و مەسیحیەکان. و حوکمەکانی ئەو ژن و منداڵانە ڕون دەکاتەوە کە بەتاڵانی دەبرێن و دەکرێنە کۆیلە، و چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵیان، و چوارچێوەی فیقهیی کردنیان بە کۆیلەی سێکس، و بازرگانی‌پێوەکردنیان. ئیتر ـ بەکورتی ـ مانیفێستۆیەکی ئیسلامیە بۆ کۆیلایەتی و بارزگانیی کۆیلە، لەسەر بنەمای دەقە ئیسلامیەکان و یاسای ئیسلامی.
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا هاتوە کە ئەم باسە ـ باسی حوکمەکانی ئافرەتی کەنیز ـ “عیلم” ێکی نیمچە ون‌کراوە کە لە بابەتەکانی فیقهی ئیسلامیی هاوچەرخدا پشت‌گوێ خراوە!

مامۆستایانی ئیسلامی، بۆچی بێ‌دەنگن؟
بەڵکو بۆچی نکولی دەکەن؟
کاتێک مەلاکان ڕوبەڕوی ئەم بابەتە (کۆیلە و کەنیز، لە دەسکەوتی جەنگ، لە ئیسلامدا) دەکرێنەوە؛ قسەکانیان زۆر نەشارەزایانەن دەربارەی بابەتەکە، بە شێوەیەک خەریکە نکولی لە ئەسڵی بابەتەکە دەکەن و نکولی دەکەن لەوەی لە ئیسلامدا بە کۆیلەکردنی ژن لە دەسکەوتی جەنگ هەبێت! لە کاتێکدا ئەسڵی ئەو بابەتە؛ دەقی قورئان و “حەدیث” ی لەسەرە و کۆدەنگی “إجماع” ی لەسەر دامەزراوە، کە هەمو سەرچاوەکانی “ئیجماع” لە کەلەپوری ئیسلامیدا تۆماریان کردوە، و بۆیە بابەتەکە بەشێکە لە ئیسلام و لەوەی پێی دەوترێت “المعلوم من الدین بالضرورة” واتە “ئەوەی کە موسوڵمان مادەم موسوڵمانە؛ ئیتر دەبێت بیزانێت کە ئەوە بەشێکە لە دین”.
جا ئیتر ئەو مامۆستا ئایینیانە؛ یان لێی نازانن و پێویستییان بە فێرکردنە، یان ئیحراج بون و خۆیانی لێ بێ‌ئاگا دەکەن و بابەتەکە پێویستیی بە ئاشکراکردنە.
بۆ نمونه:
ـ مامۆستا (عەلی باپیر)، کاتێک ماوەیەک لەمەو پێش لە بەرنامەی “هه‌ڤپه‌یڤین” لە کەناڵی (ڕوداو)، ئەو باسەی لێ دەپرسن؛ ئەویش بەوە وەڵام دەداتەوە کە لە ئیسلامدا بۆ ئەوانە دو شێوە هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان: یان بە چاکەلەگەڵ‌کردن و پیاوەتی بەرەڵڵا دەکرێن یان لە بەرامبەری “فیدیه” دا دەگۆڕرێنەوە، وەکو دەقەکە دەڵێت: “فَإِمَّا مَنًّا بَعْدُ وَإِمَّا فِدَاءً” (محمد: ٤).
لە کاتێکدا ئەم دەقە باسی “دیل” (“أسیر”) دەکات، واتە ئەو پیاوانەی لە جەنگی دژی هێزە ئیسلامیەکە بەشدارییان کردوە و گیراون. لە کاتێکدا پرسیارەکە و کێشەکە لەسەر “ئەسیر” نیە، واتە پیاوی نا-موسوڵمانی جەنگاوی گیراو، بەڵکو لەسەر “سەبی” ـە واتە ژن و منداڵی نا-موسوڵمانە جەنگاوەکان، کە ئەو دو شێوەیە “بەرەڵڵاکردن بە و پیاوەتی” (“مَنّ”) و “گۆڕینەوە بە فیدیه” (“فِدَاء”) ئەوان (ژن و منداڵی سەبی‌کراو) ناگرێتەوە. یانی مامۆستا عەلی باپیر جیاوازیی “أسیر” و “سبي” نازانێت؟! هەر ئەوەندە لە “فیقهی جیهاد” دەزانێت کە ئەو دوانە تێکەڵ بکات؟
ـ مامۆستا (سەیید ئەحمەد پێنجوێنی)، کە گوایە بڕوانامەی “دۆکتۆرا” ی لە “شەریعەت” هەیە؛ کاتێک ماوەیەک لەمەو پێش لە بەرنامەی “دەسەڵاتی چوارەم” لە کەناڵی (کوردسات نیوز)، لێی دەپرسن دەربارەی چۆنێتیی مامەڵەی ئیسلام لەگەڵ شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تر؛ بەوە وەڵام دەداتەوە کە دینی ئەو هەر ئەمەیە کە “فمن شاء؛ فلیٶمن، ومن شاء؛ فلیکفر”، ئەمەش ـ گوایە ـ یانی: هەر کەس بەپێی هەڵ‌بژاردن و ویستی خۆی ئیسلام هەڵ‌دەبژێرێت یان لەسەر ئایینی خۆی دەمێنێتەوە!
لە کاتێکدا مامۆستا وا دیارە دەقەکەیشی بەتەواوی نەخوێندوەتەوە کە دەڵێت: “وَقُلِ: الْحَقُّ مِنْ رَبِّكُمْ، فَمَنْ شَاءَ؛ فَلْيُؤْمِنْ، وَمَنْ شَاءَ؛ فَلْيَكْفُرْ، إِنَّا أَعْتَدْنَا لِلظَّالِمِينَ نَارًا أَحَاطَ بِهِمْ سُرَادِقُهَا، وَإِنْ يَسْتَغِيثُوا؛ يُغَاثُوا بِمَاءٍ كَالْمُهْلِ يَشْوِي الْوُجُوهَ، بِئْسَ الشَّرَابُ وَسَاءَتْ مُرْتَفَقًا” (الكهف: ٢٩)، کو بەڕونی لە کۆی دەقەکەوە دیارە هەڕەشەیە و دەڵێت ئەوانەی باوەڕ ناهێنن؛ ئاگرێکی وا گەورە و سزایەکی وا بەئێشیان بۆ ئامادە کراوە! کەواتە کاتێک دەڵێت “ئەوەی دەیەوێت [باوەڕ بهێنێت]؛ باوەڕ بهێنێت، و ئەوەی دەیەوێت [باوەڕ نەهێنێت]؛ باوەڕ نەهێنێت” “من شاء؛ فلیٶمن، ومن شاء؛ فلیکفر”؛ ئەمە لە خۆیدا هەڕەشەیەکی ژێربەژێرە و وەکو ئەوە وایە بڵێت: “کەیفی خۆیانە ئەوانەی باوەڕ ناهێنن، خۆیان زەرەر دەکەن، چونکە ئێمە ئاگرێکی وەهامان بۆ ئامادە کردون”.
بەڵام خوێنەواری ئیسلامیی ئێستە (کە زۆربەیان ئاگاییان لە تەفسیر و وردەکاریەکانی دەقەکان و یاسا ئیسلامیەکان نیە)، هەر ئەم بەشەی دەقەکە “فمن شاء؛ فلیٶمن، ومن شاء؛ فلیکفر” دەخوێنێتەوە و ئەوەی تری باس ناکات، بۆ ئەوەی واتایەکی گونجاو و سەردەمیانەی بداتێ.
سەرباری ئەوەش؛ یانی مامۆستا سەیید ئەحمەد ئاگایی نیە لە دەقە قورئانیەکانی جیهاد و کوشتاری “موشریک” و “ئەهلی کیتاب” و سەندنی سەرانە لە “ئەهلی کیتاب” و توندی و زبری‌نواندن بەرامبەر نا-موسوڵمان بەگشتی، و بەتاڵانی‌بردن و بەکۆیلەکردنی ژنی نا-موسوڵمانی جەنگاو و حەڵاڵ‌بونی بەبێ مارەیی؟!
ئەی ئەم دەقانەی تر چییان لێ هات؟! ناشێ مامۆستا پێی وا بێت دەقە مەککەییەکانی قورئان دەقە مەدینەییەکانی “نەسخ” دەکەنەوە!! دیارە لای ئەو “نەسخ” بە پێچەوانەوەیە!
ـ مامۆستا (عەبدول‌حەسیب حسەین)، کاتێک ماوەیەک لەمەو پێش، لە بەرنامەی ”تەبا و ناتەبا” لە کەناڵی (ئێن‌ئاڕتی)، کاتێک لێی دەپرسن کە دەربارەی کاروکردەوەی داعش، بەتایبەتی بەتاڵانی‌بردن و بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی ئێزدیەکان بەو پێیەی موسوڵمان نین؛ دەڵێت کە گوایە ئەو بەتاڵانی‌بردن و بەکۆیلەکردنە لە ئیسلامدا نیە و لادانە لە ئیسلام و بەڵكو یەکێکە لە گوناهە گەورەکان “الکبائر”!
هەر بۆیە زۆر جار ئێمە ناچار دەبین ئەم بابەتانەی فیقهی ئیسلامی بۆ مەلاکان و ئیسلامیەکان باس بکەین! و “فێریان بکەین” یان لێیان ئاشکرا بکەین!! چونکە ئەوان یان نای‌زانن یان دەیشارنەوە.. لەبەر ئەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەو باسە؛ پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلم لەسەر بابەتەکە نوسیوە، بە ناوی: “بەتاڵانی‌بردن و بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی ناموسوڵمان لە ئیسلامدا”، کە لە ژمارەیەکی پێشوی ئەم پاشکۆی (ڕوانگە و ڕەخنە) یەدا بڵاو بوەتەوە(١).

دەقی بڵاوکراوەی “سؤال و جواب، في السبي و الرقاب”
واته: “پرسیار و وەڵام، دەربارەی ژن و منداڵی بەتاڵانی‌براو و بەکۆیلەکراو، و دەربارەی کۆیلەکان بەگشتی”.

١. “سەبی” چیە؟
وەڵام: “سەبی”، ئەو ژنانەی پیاوە ناموسوڵمانە جەنگاوەکانە، کە موسوڵمانان دەیانبەن.

٢. هۆکاری حەڵاڵ‌بونی ئەو ژنانە چیە؟
وەڵام: هۆکاری حەڵاڵبونیان ناموسوڵمانێتی “کفر” ە، ئیتر ئەو ژنە ناموسوڵمانانە بۆمان حەڵاڵ دەبن، بەوەی کە “ئیمام” ی موسوڵمانان دابەشیان دەکات، دوای ئەوەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دەهێنرێن بۆ ناو دەوڵەتی ئیسلام “دار الإسلام”.

٣. ئایا سەبی‌کردنی هەمو ژنێکی ناموسوڵمان دروستە؟
وەڵام: هیچ ناکۆکییەک لەنێوان زانایانی ئیسلامدا نیە لەوەدا کە سەبی‌کردنی هەمو ئەو ژنانه دروستە کە هەر لە بنەڕەتەوە ناموسوڵمان “کافر” ن، وەکو ئەوانەی لە ئەهلی کیتابن (وەکو مەسیحی و یەهودی) و ئەوانەی بتپەرستن. بەڵام دەربارەی سەبی‌کردنی ئەو ژنانەی پێشتر موسوڵمان بون و دوایی هەڵ‌گەڕاونەتەوە؛ زانایانی ئیسلام ناکۆک بون: زۆرینە “جمهور” پێیان وا بوە کە دروست نیە، و هەندێکیان پێیان وابوە کە سەبی‌کردنی ئەوانەش دروستە. و ئەوەی بەلای ئێمەوە بەهێزترە؛ قسەی زۆرینەیە کە وتویانە دروست نیە.

٤. سواربون “وطء”(٢) ی ژنی سەبی‌کراو دروستە؟
وەڵام: بەڵێ دروستە، ئەوەتا خوا دەفەرموێت: (وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ، إِلَّا عَلَى أَزْوَاجِهِمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ، فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاءَ ذَلِكَ فَأُولَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ) (المؤمنون: ٥- ٧)، (المعارج: ٢٩-٣١). ئیتر “ما ملکت أیمانکم” هەر بەشێکن لە ژنە سەبی‌کراوەکان “السبایا”.

٥. ئایا ژنی سەبی‌کراو ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی دەبێتە موڵکی موسوڵمانێک؛ دروستە سواری ببێت؟
وەڵام: ئەگەر کچ بێت؛ بۆیە هەیە هەر کە بو بە موڵکی؛ سواری ببێت، بەڵام ئەگەر مێرددار بوبێت؛ دەبێت لە حەیزێک پاک ببێتەوە، وەکو لە فەرموەدا هاتوە کە ئەبو داوود لە ئەبو سەعیدی خودریەوە ریوایەتی کردوە کە پێغەمبەر دەربارەی ژنە سەبی‌کراوەکانی هەڵمەتی سەر دۆڵی “ئەوطاس” وتویەتی: “بەسەر ژنێکی سک‌پڕدا مەکەون هەتا سکەکەی دادەنێت، و ئەوەشی کە سکی نیە؛ هەر بەسەریدا مەکەون هەتا حەیزێک دەشوا” (لا تَوطَأ حَامِلٌ حتى تَضَعَ، ولا غيرُ ذاتِ حَملٍ حتَّى تحيضَ حَيْضةً).

٦. فرۆشتنی ئافرەتی سەبی‌کراو دروستە؟
وەڵام: فرۆشتن و کڕین و بەخشینی ئافرەتانی سەبی‌کراو “سبایا” و کەنیزەکان “إماء” بەگشتی، دروستە، چونکە ئەوانە سامان و مڵکی ڕوتن، دەکرێت ئاڵ‌وگۆڕیان پێوە بکرێت ـ بە مەرجێك بۆ مەبەستێک نەبێت کە خراپەکاری یان زیان‌گەیاندنی تێدا بێت ـ.(!!)

٧. لە کڕین و فرۆشتنیاندا؛ جیاکردنەوەی دایک و منداڵەکانی دروستە؟
وەڵام: دروست نیە لە فرۆشتن و کڕین و بەخشیندا دایک و منداڵەکانی کە هێشتا باڵغ نین جیا بکرێنەوە، بەڵام ئەگەر گەورە و باڵغ بوبێتن؛ دروستە لە دایکیان جیا بکرێنەوە.

٨. ئەگەر دو موسوڵمان لە کڕینی ئافرەتێكی سەبی‌کراودا شەریک بن؛ ئایا بۆ هەردوکیان دروستە [سێکسی لەگەڵ بکەن]؟
وەڵام: سواربونی ئافرەتی سەبی‌کراو تەنها بۆ ئەو پیاوە موسوڵمانە دروستە کە هەر خۆی بەتەواوی خاوەنیەتی. ئەوەی خاوەندارێتیەکەی ناتەواو بێت وەکو ئەوەی شەریکی هەبێت؛ بۆی دروست نیە سواری ببێت هەتا بەشی ئەوانی تر دەکڕێتەوە یان ئەوانی تر دەست لە بەشی خۆیان هەڵگرن بە بەخشین.

٩. ئەگەر ژنی سەبی‌کراو سکی پڕ بو لە خاوەنەکەی؛ بۆی هەیە بیفرۆشێت؟
وەڵام: نەخێر ئەو کاتە دروست نیە بیفرۆشێت، چونکە دەبێتە “أم ولد” واتە دایکی منداڵەکەی [منداڵەکە بە ئازاد حسابە، هەرچەند ژنەکە بە کەنیزی دەمێنێتەوە]، هەر کاتێکیش پیاوەکە [=خاوەنەکە = باوکی منداڵەکە]؛ مرد؛ ژنەکە ئازاد دەبێت.

١٠. ئەگەر کابرا بمرێت و چەند ئافرەتێکی سەبی‌کراو لە ماڵ و سامانەکەی بەجێ‌مان؛ حوکمیان چۆنە؟
وەڵام: وەکو بەشێک لە میراتەکەی دابەش دەکرێن، بەڵام ئەو کاتە تەنها بۆ خزمەتن نەک سواربون، ئەگەر پێشتر کابرا [= (باوک، ئەگەر میراتبەرەکان نەوەی ئەو بون) = (کوڕ، ئەگەر میراتبەر باوکی ئەو بو] خۆی سواری ببو پێش مردنی، یان کاتێک چەند میراتبەرێک بە یەکەوە (بە شەراکەت) بونە خاوەنی.

١١. پیاوی موسوڵمان بۆی دروستە سواری کەنیزی ژنەکەی ببێت؟
وەڵام: نەخێر، چونکە موڵکی خۆی نیە و موڵکی کەسێکی ترە.

١٢. پیاوی موسوڵمان بۆی دروستە کەنیزی کەسێكی تر ماچ بکات ئەگەر خاوەنەکەی ڕازی بێت؟
وەڵام: نەخێر بۆی دروست نیە، چونکە ماچ‌کردن هەر بەشێکە لە ڕابواردن، ئەم ڕابواردن “استمتاع” ـەش هەر بە موڵکایەتی (خاوەنێتی) ی ڕاستەقینە دروستە.

١٣. ئەو ئافرەتە کەنیزەی کە هێشتا باڵغ نەبوە؛ سواربونی دروستە؟
وەڵام: بەڵێ دروستە ئەگەر بە کەڵکی ئەوە بێت [=بەرگەی بگرێت]، بەڵام ئەگەر بە کەڵكی ئەوە نەیەت؛ ئەوە دەکرێت بە شێوازی تر ڕابواردنی لەگەڵ بکرێت جگە لە سواربون.

١٤. عەورەت [شەرمگا] ی کەنیز لە نوێژدا چیە؟
وەڵام: عەورەتی کەنیز لە نوێژدا هەر هەمان عەورەتی کەنیزە لە دەرەوەی نوێژ: کە بریتیە لەو ئەندامانەی لەش غەیری سەر و مل و دەستەکان و پێیەکان(٣).

١٥. دروستە ئافرەتی کەنیز بێتە دەرەوە بۆ بەر چاوی پیاوانی نامەحرەم بەبێ “حیجاب”؟
وەڵام: بەڵێ دروستە کەنیز سەر و مل و دەست و پێ لەبەرامبەر پیاوانی نامەحرەم دەربخات، بەو مەرجەی ترسی لەخشتەبردن لە گۆڕێدا نەبێت، بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی لەخشتەبردن یان مەترسیی ئەوەی لێ بکرێت؛ بەوە قەدەغە دەبێت.

١٦. ئایا دروستە پیاوی موسوڵمان لە یەک کاتدا خاوەنی دو ئافرەتی کۆیلە کە خوشکی یەک بن؟
وەڵام: بەڵێ دروستە، دو خوشک، یان ئافرەتێک و پورەکەی، موڵکی پیاوێک بن، بەڵام ئەمە سواربون ناگرێتەوە، ئیتر ئەو پیاوەی کە خاوەنیانە؛ کاتێک سواری یەکێکیان دەبێت؛ ئەوی تری لێ حەرام دەبێت، چونکە قەدەغەکردنی “کۆکردنەوەی دو خوشک” [قورئان کە دەڵێت: “وأن تجمعوا بین الأختین” (النساء: ٢٤)] کە لە دەقدا هاتوە؛ گشتیە و ئەو حاڵەتانەش دەگرێتەوە.

١٧. “عەزل” چیە؟
وەڵام: “عەزل” بریتیە لەوەی “ئاوەکەی تێ نەکات”.

١٨. ئایا دروستە بۆ پیاوی موسوڵمان لەگەڵ کەنیزەکەی وا بکات: ئاوەکەی تێ نەکات؟
وەڵام: بەڵێ دروستە پیاو کاتێک لەگەڵ کەنیزی خۆی جوت دەبێت؛ “عەزل” بکات: ئاوەکەی تێ نەکات، جا ئیتر کەنیزەکە ڕێی پێ بدات بەوە یان نا.

١٩. لێدانی کەنیز دروستە؟
وەڵام: بەڵێ بۆ مەبەستی “تەمێ‌کردن” (“تأدیب”) دروستە، بەڵام بە مەبەستی شکاندنەوە، یان تۆڵەلێ‌کردنە و دامرکاندنەوەی ڕق، یان ئەشکەنجەدان؛ دروست نیە. هەروەکو لێدانی دەم‌وچاویش دروست نیە.

٢٠. حوکمی ڕاکردنی ئافرەتی کەنیز لە دەستی خاوەنەکەی چیە؟
وەڵام: لە گوناهە گەورەکانە، لە (مەنصوری کوڕی عەبدوڕڕەحمان) ـەوە هاتوە، لە (شەعبی) ـەوە، ئەمیش لە (جەریر) ەوە [مەبەستی “جەریری کوڕی عەبدوڵڵا” یە کە یەکێک بوە لە هاوەڵان “صحابة” ی پێغەمبەری ئیسلام]، کە شەعبی گوێی لە جەریر بوە وتویەتی: “هەر کۆیلەیەک لە دەستی گەورەکەی ڕا بکات؛ لە باوەڕ دەرچوە [= “کافر” بوە]، هەتا دەگەڕێتەوە بۆلای” (“أَيُّمَا عَبْدٍ أَبَقَ مِنْ مَوَالِيهِ فَقَدْ كَفَرَ حَتَّى يَرْجِعَ إِلَيْهِمْ”)، ئینجا (مەنصوری کوڕی عەبدوڕڕەحمان) ی ناوبراو وتویەتی: “سوێند بە خوا! ئەمە لە پێغەمبەرەوە گێڕراوەتەوە، بەڵام من پێم خۆش نیە لێرە، لە بەصڕە، ئەوەم لێوە بگێڕرێتەوە” (قَدْ ـ وَاللهِ ـ رُوِيَ عَنِ النَّبِيِّ ـ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ـ وَلَكِنِّي أَكْرَهُ أَنْ يُرْوَى عَنِّي هَاهُنَا بِالْبَصْرَةِ) (موسلیم ریوایەتی کردوە)(٤).

٢١. سزای دنیایی ئافرەتی کەنیز کە ڕای کردبێت لە گەورەکەی، چیە؟
وەڵام: لە شەرعی خوادا سزایەکی دیاری‌کراوی نیە، بەڵام بە شێوەیەک تەمێ دەکرێت کە ببێتە پەند بۆ هاوشێوەکانی و وایان لێ بکات بیر لە هەڵاتن نەکەنەوە.

٢٢. مارەکردنی ئافرەتی کەنیزی موسوڵمان یان کیتابی [=مەسیحی، یان یەهودی] دروستە؟
وەڵام: نەخێر دروست نیە، مەگەر بۆ کەسێک بترسێت توشی “زینا” ببێت [یانی: توانای هێنانی ژنی ئازادی نەبێت، و لە خۆی بترسێت “زینا” بکات]، ئەوەتا خوا دەفەرموێت: “وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ مِنْكُمْ طَوْلًا أَنْ يَنْكِحَ الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ فَمِنْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ مِنْ فَتَيَاتِكُمُ الْمُؤْمِنَاتِ… ذَلِكَ لِمَنْ خَشِيَ الْعَنَتَ مِنْكُمْ وَأَنْ تَصْبِرُوا خَيْرٌ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ” (النساء: ٢٥).

٢٣. ئەگەر پیاوێکی موسوڵمان کەنیزی خۆیی کرد بە ژنی خۆی؛ ئایا لەسەریەتی نۆرە و شەویی خۆیی بۆ دانێت؟
وەڵام: لەم بارەیەوە (ئیبن قودامەی مەقدیسی) ی حەنبەلی (١٢٢٣ ز. مردوە)، لە کتێبی “المغني” دا وتویەتی: (“قەسم” ـ واتە شەومانەوە لەلای ژن ـ لەسەر پیاو پێویست نیە بۆ ئەو ژنەی کە کەنیزیەتی… بەڵام کاتێک کەنیزەکەی پێویستیی بە سێکس بو؛ دەبێت لە ڕێگەیەکی داوێن‌پاکانەوە بۆی دابین بکات، یان بەوەی خۆی سواری ببێت، یان بیدات بە شو، یان بیفرۆشێت) (“وَلَا قَسْمَ عَلَى الرَّجُلِ فِي مِلْكِ يَمِينِهِ… لَكِنْ إنْ احْتَاجَتْ إلَى النِّكَاحِ، فَعَلَيْهِ إعْفَافُهَا، إمَّا بِوَطْئِهَا، أَوْ تَزْوِيجِهَا، أَوْ بَيْعِهَا”)(٥).

٢٤. ئەگەر پیاوێكی موسوڵمان کەنیزێک بهێنێت کە موڵکی پیاوێکی ترە؛ بۆی دروستە سواری ببێت؟
وەڵام: خاوەنەکەی بۆی نیە سواری ببێت چونکە شوی بە کەسێکی تر کردوە، ئیتر خاوەنەکەی تەنها خزمەتی کەنیزەکەی بۆ دەمێنێتەوە، و مێردەکەی بۆی هەیە لەگەڵی ڕابوێرێت.

٢٥. سزا شەرعیەکان “الحدود” بەسەر کەنیزەکاندا جێبەجێ دەکرێن؟
وەڵام: بەڵێ کاتێک کەنیز تاوانێک دەکات کە سزای شەرعیی هەیە؛ سزاکەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام سزاکەی بۆ نیوە دەکرێت لەو سزا شەرعیانەدا کە نیوەکردن هەڵدەگرن، وەکو خوا فەرمویەتی: “فَإِذَا أُحْصِنَّ فَإِنْ أَتَيْنَ بِفَاحِشَةٍ فَعَلَيْهِنَّ نِصْفُ مَا عَلَى الْمُحْصَنَاتِ مِنَ الْعَذَابِ ذَلِكَ لِمَنْ خَشِيَ الْعَنَتَ مِنْكُمْ وَأَنْ تَصْبِرُوا خَيْرٌ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ” (النساء: ٢٥).

٢٦. ئایا دروستە کەنیز [ئازادیی] خۆی لە خاوەنەکەی بکڕێتەوە؟
وەڵام: بەڵێ دروستە، و ئەم مامەڵەیەش پێی دەوترێت “موکاتەبە” (“المکاتبة”).

٢٧. پاداشتی ئازادکردنی کەنیز چیە؟
وەڵام: خوا فەرمویەتی: “وَمَا أَدْرَاكَ مَا الْعَقَبَةُ، فَكُّ رَقَبَةٍ” (البلد: ١٢، ١٣)، پێغەمبەریش فەرمویەتی: “مَنْ أَعْتَقَ رَقَبَةً مُؤْمِنَةً، أَعْتَقَ اللهُ بِكُلِّ إِرْبٍ مِنْهَا إِرْبًا مِنْهُ مِنَ النَّارِ”، واتە: “ئەوەی کۆیلەیەکی باوەڕدار [=موسوڵمان] ئازاد بکات؛ خوا بەرامبەر هەر ئەندامێکی کۆیلەکە؛ ئەندامێكی خاوەنەکەی لە ئاگر ئازاد دەکات” (موسلیم ریوایەتی کردوە)، ئیمامی (نەواوی) یش بۆ ڕاڤەی ئەم “حەدیث” ـە وتویەتی: “لەم حەدیثەدا ڕونکردنەوە هەیە بۆ گەورەیی کاری ئازادکردنی کۆیلە و ئەوەی کە ئەو کارە لە باشترینی کارەکانە و لەو کارانەیە کە ڕزگاربون لە ئاگر و چونە بەهەشتیان پێ دێتە جێ” (“وَفِي هَذَا الْحَدِيثِ بَيَانُ فَضْلِ الْعِتْقِ وَأَنَّهُ مِنْ أَفْضَلِ الْأَعْمَالِ وَمِمَّا يَحْصُلُ بِهِ الْعِتْقُ مِنَ النَّارِ وَدُخُولُ الْجَنَّةِ”)(٦).

٢٨. کەففارەتی کوشتنی بەهەڵە چیە؟
وەڵام: کەففارەکەی: ئازادکردنی کۆیلەیەکی باوەڕدار [=موسوڵمان] ـە، بۆ کەسێکیش ئەوە نەتوانێت؛ ڕۆژوی دو مانگ بەبەردەوامی، ئەوەتا خوا فەرمویەتی: “وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ أَنْ يَقْتُلَ مُؤْمِنًا إِلَّا خَطَأً وَمَنْ قَتَلَ مُؤْمِنًا خَطَأً فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُؤْمِنَةٍ وَدِيَةٌ مُسَلَّمَةٌ إِلَى أَهْلِهِ إِلَّا أَنْ يَصَّدَّقُوا فَإِنْ كَانَ مِنْ قَوْمٍ عَدُوٍّ لَكُمْ وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُؤْمِنَةٍ وَإِنْ كَانَ مِنْ قَوْمٍ بَيْنَكُمْ وَبَيْنَهُمْ مِيثَاقٌ فَدِيَةٌ مُسَلَّمَةٌ إِلَى أَهْلِهِ وَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُؤْمِنَةٍ فَمَنْ لَمْ يَجِدْ فَصِيَامُ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْنِ تَوْبَةً مِنَ اللَّهِ وَكَانَ اللَّهُ عَلِيمًا حَكِيمًا” (النساء: ٩٢).

٢٩. کەففارەتی شکاندنی سوێند چیە؟
وەڵام: کەففارەتەکەی بریتیە لە: نان‌دان بە دە هەژار، یان دابین‌کردنی پۆشاکیان، یان ئازادکردنی کۆیلەیەکی باوەڕدار [موسوڵمان]، وەکو بەلای زۆرینەی زانایانی ئیسلامەوە ئەم مەرجە [=مەرجی موسوڵمانێتیی کۆیلەکە] هەیە. ئیتر دەتوانێت یەکێک لەم سێ کەففارەتە بکات، جا ئەگەر هیچ لەمانەی نەتوانی؛ دەبێت سێ ڕۆژ بەڕۆژو بێت. خوا فەرمویەتی: “لَا يُؤَاخِذُكُمُ اللَّهُ بِاللَّغْوِ فِي أَيْمَانِكُمْ وَلَكِنْ يُؤَاخِذُكُمْ بِمَا عَقَّدْتُمُ الْأَيْمَانَ فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ فَمَنْ لَمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلَاثَةِ أَيَّامٍ ذَلِكَ كَفَّارَةُ أَيْمَانِكُمْ إِذَا حَلَفْتُمْ وَاحْفَظُوا أَيْمَانَكُمْ كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ” (المائدة: ٨٩).

٣٠. کەففارەتی “ظیهار” [ئەوەی پیاوێک بە ژنەکەی بڵێت “تۆ بۆ من وەکو پشت “ظهر” [=دواوە] ی دایکم وایت بۆ من”، واتە “تۆ وەکو مەحرەمی خۆم لێم حەرام بیت”] چیە؟
وەڵام: کەففارەتی ظیهار بریتیە لە ئازادکردنی کۆیلەیەکی باوەڕدار [=موسوڵمان] ـ کە بەلای زۆرینەی زانایانی ئیسلامەوە ئەم مەرجەی هەیە کە کۆیلەکە موسوڵمان بێت. جا ئەگەر کەسێک ئەوەی نەتوانی؛ دەبێت دو مانگ لەسەر یەک و بەبەردەوامی بەڕۆژو بێت، ئەگەر کەسێک ئەمەیشی نەتوانی؛ دەبێت شەست هەژار نان بدات. بەم شێوە و تەرتیبە: کاتێک یەکەمی نەتوانی؛ ئینجا دەتوانێت دوەم بکات، ئەگەر دوەمیشی نەتوانی؛ ئینجا دەتوانێت سێیەم بکات. خوا دەفەرموێت: “وَالَّذِينَ يُظَاهِرُونَ مِنْ نِسَائِهِمْ ثُمَّ يَعُودُونَ لِمَا قَالُوا فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ يَتَمَاسَّا ذَلِكُمْ تُوعَظُونَ بِهِ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ. فَمَنْ لَمْ يَجِدْ فَصِيَامُ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْنِ مِنْ قَبْلِ أَنْ يَتَمَاسَّا فَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَإِطْعَامُ سِتِّينَ مِسْكِينًا ذَلِكَ لِتُؤْمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَتِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ وَلِلْكَافِرِينَ عَذَابٌ أَلِيمٌ” (المجادلة: ٣-٤).

٣١. کەففارەتی جوت‌بون لەگەڵ ژن یان کەنیز لە ڕۆژی ڕەمەزاندا، چیە؟
وەڵام: کەففارەتی ئەوە ئازادکردنی کۆیلەیەکە، جا ئەگەر ئەوەی نەبو؛ بەڕۆژوبونی دو مانگ بەبەردەوامی و بەبێ پچڕان، ئەگەر ئەوەیشی نەتوانی؛ ناندانی شەست هەژار ـ بەم تەرتیبە. ئەوەتە لە ئەبو هوڕەیڕەوە هاتوە کە گێڕاوێتیەوە: پیاوێک لە ڕۆژی ڕەمەزاندا بەسەر ژنەکەیدا کەوتوە، ئیتر حوکمی ئەوەی لە پێغەمبەر پرسی، پێغەمبەریش پێی وت: “کۆیلەت هەیە؟”، وتی: “نەخێر”، وتی: “ئەی دەتوانیت دو مانگ بەڕۆژو بیت؟”، وتی: “نەخێر”، وتی: “دە نانی شەست هەژار بدە” (بوخاری و موسلیم ریوایەتیان کردوە).

٣٢. ئایا مەرجە ئەو کۆیلەیەی بۆ کەففارەت ئازاد دەکرێت؛ باوەڕدار [=موسوڵمان] بێت؟
وەڵام: فیقزانەکان یەک‌دەنگن لەسەر ئەوەی کە مەرجە بۆ ئەو کۆیلەیەی بۆ پاکردنەوەی تاوانی کوشتن [ی بەهەڵە، نائەنقەست] ئازاد دەکرێت؛ باوەڕدار [=موسوڵمان] بێت، بەڵام بۆ کەففارەتی سوێند و “ظیهار” و جوت‌بون لە ڕۆژی ڕەمەزاندا، ناکۆکییان هەیە: زۆرینەیان ڕێبازیان وایە کە هەر دەبێت ئەو کۆیلەیە باوەڕدار [=موسوڵمان] بێت ئینجا بە ئازادکردنی ئەو کەففارەتە بەجێ دەگات، بەڵام حەنەفیەکان پێیان وایە کە ئەگەر کۆیلەکە باوەڕدار [=موسوڵمان] یش نەبێت؛ بە ئازادکردنی کەففارەتەکە بەجێ دەگات، تەنها لە حاڵەتی کەففارەتی کوشتن [ی بەهەڵە] ـدا نەبێت. کە لەنێوان ئەو دو قسەیەدا قسەی زۆرینە زاڵترە و زیاتر لە ڕاست دەچێت.

[لە کۆتاییدا، دەڵێت:]
ئەمە کورتەیەکە، لە “عیلم” ێکی نیمچە ون‌کراو، کە لە بابەتەکانی فیقهی ئیسلامیی هاوچەرخدا پشت‌گوێ خراوە، خوایش زاناتر و کاربەجێ‌ترە.
دیوان البحوث والإفتاء
موحەڕڕەمی ١٤٣٦ ک.

چەند لایەنێکی سەرنج‌ڕاکێش لە ڕێنمایی‌نامەکەدا
چەند خاڵێک لەم بڵاوکراوەیەدا بۆ من جێی تێبینی بون یان سەرنج‌ڕاکێش بون:

“ژن و منداڵی موسوڵمانی هەڵ‌گەڕاوە ناکرێن بە کۆیلە”
١. ئەو بیروڕایەی زۆرینەی زانا ئایینیەکانی ئیسلامیان بەڕاستتر و پشت‌پێ‌بەسراو داناوە کە دەڵێت ژن و منداڵی ئەو “نا-موسوڵمان” (“کافر”) ەی کە پێشتر موسوڵمان بوە و هەڵ‌گەڕاوەتەوە؛ “سەبی” ناکرێن، واتە بەتاڵانی نابرێن و ناکرێنە کۆیلە. ئیتر ئەو بیروڕا فیقهیەی ڕێبازی حەنەفییان هەڵ‌نەبژاردوە ـ کە پێشتر (ئیبن تەیمییە) هەڵی‌بژاردوە ـ کە دەڵێت ژن و منداڵی موسوڵمانی هەڵ‌گەڕاوەیش دەکرێنە کۆیلە. ئەمە لە خۆیدا نیشانەیەکی باشە ئەگەر جێبەجێی بکەن، یانی هیچ نەبێت بەپێی ئەم هەڵ‌بژاردنە داعش ئامادە نیە ژن و منداڵی جەنگاوەرانی (کورد) و (عەلەویەکان) و (ئیسماعیلیەکان) و (دەڕەزیەکان) بکەن بە تاڵانی و کۆیلە، لە کاتێکدا ئەمانە بە موسوڵمانی هەڵ‌گەڕاوە دەزانن، وەکو لە فەتواکانی ئیبن تەیمییەدا هاتوە دەربارەی عەلەویەکان “النصیریة” و ئیسماعیلیەکان “الإسماعیلیة” و دەڕەزیەکان “الدروز”، و شتێكی ئاشکرایشە کە ڕاگەیاندنی داعش هەمیشە جەنگاوەرانی کوردی ـ بەتایبەتی لە (ی‌پ‌گ) و (ی‌پ‌ژ) ـ بە “هەڵگەڕاوەکان” (“المرتدون”) ناو بردوە.
کەواتە لەم لایەنەوە دەوڵەتەکەی خەلیفە (ئەبو بەکری بەغدادی) نەرمترە لە دەوڵەتەکەی خەلیفە (ئەبو بەکری صیددیق) کە ژن و منداڵی خێڵە عەرەبی (بەنو حەنیفە) ی کردە کۆیلە و کەنیز دوای ئەوەی هەڵ‌گەڕانەوە لە ئیسلام! کە ئەم کارەی ئەبو بەکری صیددیق هەمو “صەحابی”ـەکانی تر پەسەندیان کردوە!

باسی بوارەکانی ئازادکردنی کۆیلە
٢. هەوڵێکی جوانکاری و پاساوهێنانەوە و نەرم‌کردنەوە لە بڵاوکراوەکەدا هەست پێ دەکرێت، چونکە لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو بوارانەی لە ئیسلامدا هەن بۆ ئازادکردنی کۆیلە، و ئەو دەقە ئیسلامیانەی ئازادکردنی کۆیلە بە چاکەیەکی گەورە دادەنێن. ئەمە هەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، بۆ ئەوەی خەڵک وا تێ‌بگەن کە کاتێک ئیسلام دەرگایەکی گەورە بۆ بەکۆیلەکردن دەکاتەوە؛ دەلاقەیەکی بچوکیش بۆ ئازادکردنی کۆیلە دەکاتەوە. بۆیە بڵاوکراوەکە باسی ئەوە دەکات کە ئازادکردنی کۆیلە چاکەیەکە لە ئیسلامدا، و لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە ئیجباری، وەکو حاڵەتی کەففارەت‌دانی (کوشتنی بەهەڵە)، و حاڵەتی کەففارەت‌دانی (شکاندنی سوێند) و (ظیهار) و (جوت‌بون لە ڕۆژی ڕەمەزاندا). هەرچەند لە ڕاستیدا ئەمە شتێک نیە دڵی پێ خۆش بکرێت یان کاریگەرییەکی واقیعیی هەبێت بۆ کەم‌کردنەوەی کۆیلە، چونکە ئەم کەففارەتە کە ئازادکردنی یەک کۆیلەیە؛ لەو حاڵەتانەدا یەکێکە لە چەند “ئیختیار” ێکی تر، کە ئیختیارەکانی تر بریتین لە ـ  (ڕۆژوی دو مانگ بەبەردەوامی)، یان (نان‌دان بە دە هەژار)، یان (دابین‌کردنی پۆشاکی دە هەژار)، یان (ناندانی شەست هەژار)، کە ئەم سەرپشکی و ئیختیارانە هەبون؛ موسوڵمان دەتوانێت کۆیلەیەکیش ئازاد نەکات! ئیتر کۆیلەی داماو دەبێت چاوەڕێ بێت هەتا موسوڵمانێک ئارەزوی خێرکردنی هەڵ‌دەستێت یان قەتڵێکی نائەنقەست دەکات یان سوێندێکی دەکەوێت یان “ظیهار” ێکی لێ دەقەومێت یان لە ڕۆژی ڕەمەزاندا لەگەڵ ژنی “لە پیلکەی ئەتسێ”!
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا؛ بەپێی ڕێبازی زۆرینەی زانا ئایینیەکانی ئیسلام ـ کە بڵاوکراوەکەی داعشیش ئەم ڕێبازی بە ڕاستتر داناوە ـ؛ ئەم ئازادکردنە تەنها کۆیلەی موسوڵمان دەگرێتەوە، ئیتر کۆیلەی نا-موسوڵمان؛ هیچ!

هەندێک دیمەن لە سادەیی و تێکەڵ‌کردنی زاراوەکان
لە دەقی ڕێنمایی‌نامەکەدا
٣. لەگەڵ ئەوەی دەزگایەکی “دەوڵەتی ئیسلامی” کە گوایە پسپۆڕە لە توێژینەوەی شەرعی و فەتواداندا، ئەم فەتوایانەی ئامادە کردوە، و لەگەڵ ئەوەشدا کە خاڵە سەرەکیەکانی بڵاوکراوەکە زانیاریی زۆر سەرەتایی و زانراوی فیقهـ و یاسای ئیسلامین؛ بەڵام هەستم بە شارەزاییەکی زۆر نەکرد، بەڵکو هەستم بە سادەیی و هەندێک جار هەڵە و تێکەڵیی زاراوە ئیسلامیەکان دەکرد لە بڵاوکراوەکەدا، وەکو:
ـ ئەوەی کاتێک بەڵگە بۆ حەڵاڵیی جوت‌بون لەگەڵ ژنی “سەبی”کراو دەهێنێتەوە؛ بەڵگە بە دەقی قورئانیی (المؤمنون: ٥-٧) دەهێنێتەوە ـ کە ئەم دەقە گشتیە و حەڵاڵیی جوت‌بون لەگەڵ هەمو ژنێکی کۆیلەدا دەگەیەنێت نەک بەتایبەتی ژنی “سەبی”کراو واتە بەتاڵانی‌براوی جەنگ، ئینجا بۆ ئەوەی دەقەکە بکاتە بەڵگە؛ دەڵێت: (ئیتر “ما ملکت أیمانکم” هەر بەشێکن لە ژنە سەبی‌کراوەکان “السبایا”)! لە کاتێکدا دەبێت بەپێچەوانەوە بڵێت: (ئیتر ژنە سەبی‌کراوەکان “السبایا” هەر بەشێکن لە “ما ملکت أیمانکم”)!
ئەمە لە کاتێکدا لە قورئاندا دەقی تر هەیە کە زۆر بەڕونی و ڕاشکاویی باسی حەڵاڵیی جوت‌بون دەکات لەگەڵ ژنی “سەبی”کراو دەکات، وەکو دەقی قورئانیی “يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ! إِنَّا أَحْلَلْنَا لَكَ أَزْوَاجَكَ اللَّاتِي آتَيْتَ أُجُورَهُنَّ، وَمَا مَلَكَتْ يَمِينُكَ مِمَّا أَفَاءَ اللهُ عَلَيْكَ..” (الأحزاب: ٥٠)، لەبریی ئەمە دەقێکیان هێناوەتەوە کە گشتیە و بەتایبەت باسی “سەبی” ناکات. ئەمەش چونکە ئەم دەقەی ئەوان هێناویانەتەوە؛ زیاتر لەسەر زمانی خەڵکە.
ـ بۆ باسی ڕادەی خۆداپۆشینی کەنیز، زاراوەی “حیجاب” بەکار دەهێنێت وەکو ناوی پۆشاکی ژنی موسوڵمان. لە کاتێکدا وشەی “حیجاب” بەم واتایە قسەی ڕەشەخەڵکە ئەگەر بە جل‌وبەرگی ژنی موسوڵمان بوترێت، کە ئیسلامیەکان هەمویان لە بابەتی ئەم ڕەشەخەڵکەن کاتێک زاراوەکە بەو واتایە بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا “حیجاب” خۆی بە واتای “پەردە” یە نەک جل‌بەرگ، و لە بنەڕەتدا مەبەست ئەو پەردەیە بوە کە ژور/ماڵەکانی ژنەکانی پێغەمبەری دادەپۆشی، و ئیتر حوکمێک بوە تایبەت بوە بە ژنەکانی ئەوەوە.

بازرگانیی کۆیلە، بەبێ خراپەکاری و زیان‌گەیاندن!!
٤. ئەوەی کە بەلای منەوە زۆر پێکەنیناوی و عەنتیکە بو؛ ئەوەیە لە خاڵی (٦) دا کە تایبەتە بە باسی “فرۆشتنی ئافرەتی سەبی‌کراو”، دەڵێت: “دەکرێت ئاڵ‌وگۆڕیان پێوە بکرێت ـ بە مەرجێك بۆ مەبەستێک نەبێت کە خراپەکاری یان زیان‌گەیاندنی تێدا بێت ـ”!!! جا خراپەکاری و زیان‌گەیاندن لەوە گەورەتر چیە کە بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بە مرۆڤەوە بکرێت؟!

ئامانجی ئێمە چیە؟
دەبێت شتێکی ئاشکرا بێت کە ئامانجی ئێمە لە ڕونکردنەوە و ساخکردنەوەی ئەم بابەتانە ئەوە نیە موسوڵمان هان بدەین بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەو یاسا ئیسلامیانە. بەڵکو ئامانجەکە ئەوەیە موسوڵمانان دان بنێن بەو ڕاستیەدا کە ئەو یاسایانەی داعش و گروپەکانی تر جێبەجێی دەکەن؛ لە خودی ئیسلام و دەقە ئیسلامیەکانەوە هەڵ‌قوڵاون، نەک نامۆ بن بە ئیسلام و لادان بن لە ئیسلام. ئەم دان‌پێدانانە سەرەتایەکی باشە بۆ بەخۆداچونەوە و “موڕاجەعە” ی فیکری، لە ناوخۆی کۆمەڵگای ئیسلامیدا، چونکە ئەو دان‌پێدانانە لە هەمان کاتدا دان‌نانە بەو ڕاستیەدا کە ئەو “شەریعەت” ـە ئیسلامیە وەکو خۆی بۆ جێبەجێ‌کردن نابێت و ناگونجێت و بەشێکی زۆری یاساکانی بەتەواوی نامۆن بە کۆمەڵگای نوێ و هەتا کۆمەڵگای ئیسلامیی نوێیش. هەتا موسوڵمان دان‌نەنێت بەو ڕاستیەدا کە ئەو یاسا نەگونجاوانە لە شەریعەتی ئیسلامیدا هەن؛ هیچ هیوا و متمانەیەک نیە بە “وەعد” ەکانی بەخۆداچونەوە و چاکسازی. هەتا موسوڵمان سور بێت لەسەر پەردەپۆش‌کردن و شاردنەوەی ئەو ڕاستیانە دەربارەی یاسا ئیسلامیەکان؛ کەواتە ئامادە نیە بۆ هیچ چاکسازی و بەخۆداچونەوەیەک، و بەڵکو قبوڵیشی نیە کەس تێبینی و ڕەخنەی هەبێت لە یاسا ئیسلامیەکان. دان‌پێدانان سەرەتای ڕاستەقینەی بەخۆداچونەوەیە. دەبێت موسوڵمانان دان بە ڕاستیەکاندا بنێن.

تێبینی و پەراوێز:
(١) جارێکی تریش، هەر بە ناوی “بەتاڵانی‌بردن و بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی ناموسوڵمان لە ئیسلامدا”، لە بلۆگەکەمدا بڵاوم کردوەتەوە:
http://sarwar-penjweni.blogspot.com/2014/10/blog-post_29.html
(٢) لەگەڵ داوای لێ‌بوردن لە خوێنەران؛ لە سەرتاپای ئەم دەقەدا کە وەری‌دەگێڕین بۆ کوردی؛ وشەی “سواربون” ـم بەکار هێناوە، چونکە دەقەکە بۆ خۆی هەر وشەی “وطء” بەکار دەهێنێت، کە دەستەواژەی سەرەکیە لە کەلەپوری فیقهیی ئیسلامیدا بە واتای جوت‌بونی ژن و مێرد، وشەکەش دەقاودەق بە واتای پێ‌لێنان و بەسەرداڕۆشتنە، بۆیە لە کوردیدا دەبێتە “سواربون” یان “بەسەداکەوتن”.
(٣) لەم بابەتەدا “عەورەت” ی کەنیز بە شێوەیەک دیاری کراوە کە لە هیچ ڕێبازێکی فیقهیی ئیسلامی ناچێت بەتەواوی، چونکە ڕێبازی زۆرینە (مالیکیەکان و زۆربەی حەنبەلیەکان و بیروڕای پشت‌پێ‌بەسراوی لای شافیعەکان) ئەوەیە کە “عەورەت” ی کەنیز تەنها نێوانی ناوک و ئەژنۆیەتی. بەپێی ڕێبازی حەنەفییش “عەورەت” ی کەنیز بریتیە لەو شوێنانەی جەستە کە لە جەستەی ئافرەتی ئازاددا بۆ مەحرەمیشی نیە سەیریان بکات، کە ئەمەش هەمو قەدی جەستە دەگرێتەوە، لە ئەژنۆوە هەتا سک و پشتیش،  واتە نێوانی ناوک و ئەژنۆ لەگەڵ سک و پشت. ئیتر سنگ لای هیچیان بۆ کەنیز بە “عەورەت” دانانرێت. بەڵام لای بەشێک لە حەنبەلیەکان “عەورەت” ی کەنیز وەکو “عەورەت” ی ژنی ئازاد وایە و جیاوازیی نیە.. لەم بابەتە یان نزیک لەمە؛ بیروڕای (ئیبن تەیمییە) ی حەنبەلی و (ئیبن حەزم) ی ظاهیری، ئەوەیە کە تەنها بۆی هەیە سەر و دەم‌وچاوی و دەستەکانی و پێیەکانی دەربخات، ئیتر بۆی نیە سنگیشی دەربخات.. ئیتر ئەمەی لە بڵاوکراوەکەدا هاتوە؛ لەم ڕێبازەی ئیبن تەیمییە و ئیبن حەزم دەچێت یان تێگەیشتنێکە لەم ڕێبازە، کە ملیشیان لەگەڵ سەر حساب کردوە. لە کەلەپوری فیقهی ئیسلامدا پەشێوی و ناکۆکییەکی زۆر هەیە لەم باسەدا، و وا دەردەکەوێت ئەو بڕەی هەمویان لەسەری یەک‌دەنگن هەر نێوانی ناوک و ئەژنۆیە، هەرچەند لەمە کەمتریش وتراوە!
(٤) ئەم “حەدیث” ـە لە سەرچاوەکانی تردا بەڕونی هاتوە کە دراوەتە پاڵ پێغەمبەر، بۆ نمونه: لە “موسنەد” ی (ئەحمەد) دا، هاتوە کە جەریر وتویەتی: پێغەمبەر وتویەتی: “أَيُّمَا عَبْدٍ أَبَقَ مِنْ مَوَالِيهِ فَقَدْ كَفَرَ”، و ئەمەش ـ لای شوعەیبی ئەڕنائوط ـ حەدیثێکی صەحیحە. بە هەمان شێوە لە کتێبی “السنة” ی ئیمام (ئەبو بەکری خەللال) ـدا هاتوە. ئەم گێڕانەوەیەی موسلیم، کە لە هەندێک سەرچاوەی تریشدا بەم شێوەیە هاتوە (وەکو: لای (طەبەڕانی) لە “المعجم الکبیر” دا، لای (ئیبن مەندە) لە “الإیمان” دا، دەڵێت کە جەریر قسەکەی داوەتە پاڵ پێغەمبەر، بەڵام مەنصور کە ئەوەی لە شەعبیەوە گێڕاوەتەوە؛ وتویەتی پێم خۆش نیە ئەمە ـ واتە بەرزکردنەوەی قسەکە بۆ پێغەمبەر ـ لە منەوە ـ لە بەصرە ـ بگێڕرێتەوە. هەروەها لە سەرچاوەکانی تریشدا ـ وەکو “صەحیح” ی ئیبن خوزەیمە، و “سونەن” ی ئەبو داوود، و “سونەنی کوبڕا” ی نەسائی ـ قسەکە هاتوە لە جەریرەوە و دەیداتە پاڵ پێغەمبەر، بەڵام دەقەکە لەم سەرچاوانەدا ناڵێت “کافر دەبێت”، بەڵکو دەڵێت “نوێژی لای خوا قبوڵ ناکرێت”. شایەنی ئاماژەیە لە گێڕانەوەیەکی (ئەبو داوود) دا لە کتێبی “سونەن”، دەقەکە بەم شێوەیەیە: “إذا أَبقَ العبد إلى الشِّركِ، فقد حلِّ دَمُه”، واتە: “ئەگەر کۆیلە ڕا بکات و ببێتە موشریک [واتە: بۆناو موشریکەکان]؛ ئەوە خوێنی حەڵاڵ بوە”، بەم شێوەیە لەم گێڕانەوەوە وا دەردەکەوێت کە مەبەست لە دەرچونی لە باوەڕ؛ حاڵەتێک بوە کە کۆیلە ڕا بکات و ببێت بە “موشریک” یش، واتە بچێتە ڕیزی موشریکەکان. هەر بەم واتایە لە هەندێک سەرچاوەی تردا ـ وەکو “موسنەد” ی ئەحمەد، “موستەخڕەج” ی ئەبو عوانە، “موعجەمی کەبیر” ی طەبەڕانی، بەم شێوەیە هاتوە: “إِذَا أَبَقَ الْعَبْدُ، فَلَحِقَ بِالْعَدُوِّ، فَمَاتَ، فَهُوَ كَافِرٌ”، واتە: “ئەگەر کۆیلە ڕای کرد، و ئیتر چوە پاڵ دوژمن، و لەسەر ئەوە مرد؛ ئەوە ‘کافر’ ە”. ئیتر ئایا شێوەی ڕاستەقینەی قسەکە ـ ئەگەر قسەی وا کرابێت ـ چۆن بوە؛ ڕون نیە. گرنگ ئەوەیە ڕاکردنی کۆیلە لە دەستی خاوەنەکەی بە گوناهێکی گەورە دانراوە، و کاتێک دەقەکە دەڵێت “کفر”، واتە “کافر بوە”؛ ئەمە بە گوناهێکی گەورە لێک‌دراوەتەوە کە لە “کوفر” نزیک دەبێتەوە نەک مەبەستی لە ئیسلام دەرچون بێت، یان مەبەست ئەوەیە ئەو ڕاکردنە کاری “کافر” ەکانە و بۆ موسوڵمان نابێت! و هەندێک بە “کوفری نیعمەت” لێکیان داوەتەوە.
(٥) بڕوانه: ابن قدامة، المغني. مكتبة القاهرة، ١٩٦٨. جـ. ٧، ص. ٣١٠.
(٦) ئەم قسەیەی (نەواوی) لە کتێبی “شرح صحیح مسلم” ـدایە کە ناودارە بە “المنهاج شرح صحيح مسلم بن الحجاج”، نەک لە کتێبی “المنهاج” ـدا یانی “منهاج الطالبین”. بڕوانه: النووي، المنهاج شرح صحيح مسلم بن الحجاج. بيروت: دار إحياء التراث العربي. الطبعة الثانية، ١٣٩٢هـ. جـ. ١٠، ص. ١٥١.

سەرچاوەکان:
١. بڵاوکراوەکەی دەوڵەتی ئیسلامی، بە شێوەی فایلیPDF ، لێرەوە داببەزێنە:
ia902703.us.archive.org/4/items/Reqap03/Reqap_03.pdf
٢. بۆ بینینی بانگەشەی سایتێکی ڕاگەیاندنی داعش، کە سایتی (المنبر الإعلامي الجهادي) ـە، بۆ بڵاوکراوەکەیان، و خوێندنەوەی بە وێنە و دابەزاندنی بە فایلیPDF؛ بڕوانە:
“ديوان البحث و الإفتاء في الدولة الإسلامية، يقدم: سؤال و جواب في السبي و الرقاب”. (المنبر الإعلامي الجهادي).
https://www.alplatformmedia.com/vb/showthread.php?p=406619
٣. لە لاپەڕەیەکی تری خۆیانەوە:
“ديوان البحث و الإفتاء في الدولة الإسلامية، يقدم: سؤال و جواب في السبي و الرقاب”.
http://justpaste.it/Sabi_Reqab
٤. لە پەیجی (الغرباءللإعلام05) ەوە کە پەیجێکی خۆیانە لە (تویتەر):
“الدولة الإسلامية ـ مكتبة الهمة ـ مطوية سؤال وجواب في السبي والرقاب”


٥. بۆ ڕاپۆرتەکەی یەکەی JTTM ی دەزگای MEMRI بڕوانه:
Islamic State (ISIS) Releases Pamphlet On Female Slaves. MEMRI’s Jihad and Terrorism Threat Monitor (JTTM). December 4, 2014.
http://www.memrijttm.org/islamic-state-isis-releases-pamphlet-on-female-slaves.html
٦. ڕاپۆرتی (دەیلی‌مەیل):
Hall, John, “ISIS’s ‘Slavery for Dummies’: Jihadists compile chilling checklist of how to treat thousands of kidnapped sex slaves”. (Daily Mail Online), 9 December 2014.
http://www.dailymail.co.uk/news/article-2867179/ISIS-s-Slavery-Dummies-Jihadists-compile-chilling-checklist-treat-thousands-kidnapped-sex-slaves.html

* لەچاودێر نویس وەرگیراوە 

بۆچوون