Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/12/28 19:19
نوسەر: جینۆسایدی کورد

1193 سكاڵاكارو شاهیدحاڵ ” بەشی دەیەم “

بە پێی بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، 1193 سكاڵاكارو شاهیدحاڵ لە دۆسیەی ئەنفال سكاڵایان تۆماركردوەو وەك شاهیدحاڵ شاهیدییان داوە، ئەمە یەكێك بوە لە بەڵگەنامە گرنگەكان و دادگای باڵای تاوانەكان وەك بەشێكی گرنگ پشتی پێبەستوەو بایەخی گرنگی پێی داوە، ئێمە لێرەدا بەشێك لە قسەكان و شاهیدحاڵی ئەوان وەك نموونەیەكی گرنگ و دیكۆمێنتكراو لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە دەخەینە روو.

ئا: تەها سلێمان
بەشی دەیەم
سكاڵاكارەكانی دۆسیەی ئەنفال

سی و یەك: مەحمەد رەسوڵ مستەفا

تەمەن 1931، شوێنی دانیشتن گوندی بەڵخەی خواروو، قەرەداغ، سلێمانی، من دانیشتووی گوندی “بەڵخەی خواروو” بووم، كە سەربە قەزای قەرەداغ بوو، لە شەوی 22- 23- مانگی ئازاری 1988 گوندەكەمان بە چەكی كیمیاوی تۆپبارانكرا، هەروەها بەچاوی خۆم بینیم دووكەڵ لە گوندی “سێوسێنان” بەرز دەبێتەوە، ڕۆژی دوای جەیش لە ناوچەكانی “قەرەداغ و دەربەندیخان و تاگیر” تەحەشودی كرد، ئێمەش لە گوندەكەی خۆمان هەڵاتین و رۆشتین بۆ گوندی “قۆپی”، من لە گەڵ كوڕی براكەم ” ئیبراهیم مەحمەد رەسوڵ” كە چارەنووسی نادیارە، بە چیادا هەڵگەڕاین و بینیمان گوندەكانی ” بەڵخەی خواروو، حسێوی، دیوانە، هەسێڵ، حەجیە” دەسوتێن و دووكەڵی لێبەرز دەبێتەوە. دوای ئەمە بەرێكردن گەشتینە گوندی “ملەسوورە” و جەیش چواردەورمانی كردو دەستگیریان كردین، لە رێگای ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری “ئیڤا” رەوانەی “قۆرەتوو” یان كردین، دواتریش بۆ “تۆپزاوە” و لە “تۆپزاوە” پیاوەكانیان لە ژن و مناڵ جیاكردەوەو پاشان ئێمەیان رەوانەی “نوگرەسەلمان” كرد، سێ‌ رۆژ بەبێ‌ نان و ئاو ماینەوە، ژمارەی بەندكراوەكان “3 بۆ 4″ هەزار كەس دەبوو، لە كاتی دەستگیركردنم هاوسەرەكەشم ” فاتمە كەریم داود” و مناڵەكانم ” بەهار، ئاواز، سەلام، هۆزان و سەباح” یش دەستگیركران و تا ئێستا چارەنووسیان نازانم.
من سكاڵام لە دژی سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجیدو هەموو ئەوانە هەیە كە بەشدار بوون لەم تاوانە.

سی و دوو: رەفعەد مەحمەد سەعید

تەمەن 1931، پیشە جوتیار، شوێنی دانیشتن گوندی جافەران، قەزای قەرەداغ، پارێزگای سلێمانی، لە كاتژمێری نۆو نیوی شەو، رۆژی 23-3-1988 گوێمان لە دەنگی تەقینەوە بوو لە ناو گوندەكەمان، بۆ بەیانیەكەی من و كوڕی براكەم ” رەفیق” بەرەو گوندەكە رۆشتین بینیم هەموو گیان لەبەرەكان مرداربوونەتەوە، چاوو لوتمان ئاوی لێدەهات، لە ژێركاریگەری ئەو قومبەلانەی كیمیاوی بوون و تەقێنرابوون، من كوڕی خوشكێكم بەرەو سلێمانی بەرێ كەوتین، كاتێك گەشتینە دۆڵی “قارەمان” و چوینە سەر چیای گڵە زەردە، دوای ئەوە جەیش هەستا بەگرتنم لە گەڵ خزمەكانم لەناویاندا ” كەریم تالیب و فەلاح تالیب” و جەیش بەردەوامبوون لە گرتنی خەڵك لە ناوچەكە تا نزیكەی “500” كەس دەبووین، بە سەیارە رەوانەی فیرقەی سەربازییان كردین بۆ سلێمانی، دوای گواستراینەوە بۆ بارەگای تەواری لە سلێمانی، لەم كاتە بەدەست برسێتی و تینوێتی بۆ ماوەی یەك هەفتە دەمانناڵاند، دواتر رەوانەی تۆپزاوە كراین و ژن و پیاوو پیرو گەنجیان لە یەكتر جیاكردەوەو ئێمەیان رەوانەی “نوگرە سەلمان” كردو نان و ئاویان پێنەدەداین بۆ ماوەی 24 كاتژمێر، 3 كەس لە قاعەكەی ئێمە گیانیان لە دەستدا، بەرپرسی قاعەكەی ئێمە عەسكەرییەك بوو بە ناوی “حەجاج”، بە زۆر لە بەر هەتاوەكە رایدەگرتین بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لە رۆژێكدا، هەروەها ئازارو ئەشكەنجەی زۆری دەستگیركراوەكانی دەدا، من بە چاوی خۆم بینیم سەگێكی رەش تەرمی مردوەكانی دەردەهێناو دەیانی خوارد، دوای چەند مانگێك بە وەجبات بەرمانیاندا.
سكاڵام لە دژی سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجیدو حەجاج هەیە.

سی و سێ‌: ئیمداد عوسمان كەریم

تەمەن 1927، پیشە كەم ئەندام، شوێنی دانیشتن چەمچەماڵ، من كاتی خۆی دانیشتووی گوندی “قەشقە”ی سەربە شارۆچكەی قادركرەم بووم، لە ساڵی 1988 جەیشی عێراق بەرەو گوندەكەمان هێرشی كرد، فڕۆكەكانیش گوندەكەیان تۆپباراندەكرد، لەم قەسفەدا كوڕی برایەكم بە ناوی ” شاخەوان مەحمەد عوسمان” كوژرا، هەروەها حاجی ” حمە ئەمین رەحمان” كوژرا، هاوكات جەیش برایەكەمی بە ناوی ” مەهدی عوسمان كەریم” كوشت و ئیتر گوندەكەمان چۆڵكردو لە ترسی گیانی خۆمان بەرەو “قادر كەرەم” بە رێكەوتین، لەوێش جەێش گەنجەكانی لە بەتەمەنەكان جیاكردەوەو گەنجەكانیان برد بۆ گوندی “ئەلیادە”و لە سەیارەی زیلی سەربازییان باركردن بەرەو كەركوك، ئێمە بە تەمەنەكان لە “قادر كەرەم” ماینەوە، دوای ئەوەی جەیش گوندەكەمانی وێران كرد، من مناڵەكانم لە دەستدا كە ئەمانە بوون ” فەرهادو عەباس”، لەو كاتەی گەنجەكانیان دەستگیركردو بردنیان بۆ گوندی “ئەلیادە” براكانم ” مەحمەدو جیهاد”یشم لە دەستداو تا ئێستا چارەنووسیان نازانم.
من سكاڵام لە دژی سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجیدو هەموو دەستەو دایەرەكەیان هەیە.

بۆچوون