Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/01/14 16:35
نوسەر: جینۆسایدی کورد

چۆنیەتی ناساندنی جینۆسایدی ئێزدیەکان بەشی پێنجەم و كۆتایی

بەشی -5- کۆتای.
ئاوارە حسێن*

بەم ڕێگایانە بە قوڵی بەرچاو ڕونی یاسایمان داوە لەسەر چۆنیەتی دادگایکردنی تیرۆریستانی داعش، کە ئەنجامدەری جینۆسایدی ئێزدیەکانن لە شەنگال. هیوا دەخوازم کەچی تر ئەم کەیسە نوێیەش وەک کەیسەکانی تری جینۆسایدی کورد پەراوێز نەخرێت و یاساییانەو ئەکادیمیانە و دڵسۆزانە کاری تێدا بکرێت و بە جینۆساید بناسریت. چونکە کەیسی جینۆسایدی شەنگال کەیسێکی نوێیە گەر بڕیار بەدەستانی باشوری کوردستان بیانەوێت سود لە شارەزایانی بواریجینۆساید وەربگرن و یاسایانە مامەڵە بەو کەیسەوە بکەن ئەوا دەتوانن لە دادگای لاهای یان ئەو ڕیگایانەی تر کە ئاماژەمان بۆ کردووە و دەمانگەیەنن بە دادگایەکی تایبەت بە دادگایکردنی تیرۆرستانی داعش، دەتوانن بە جینۆسایدی بناسێنن.
ئەم زنجیرە وتارە بۆ یەکەم جارە بەقوڵی ئەو زانیاریانە دەبەخشێت کە تا هەنوکە هیچ کەسێک ئاماژەی بۆ نەکردووە، ئەوەش بەرهەمی شەونخونی و بیرکردنەوەیەکی قوڵی یاساییە لە دۆزی کەیسی جینۆسایدی گروپێک کە کوردە ئێزدیەکانە کە بەشێکن لە نەتەوەی کوردی جینۆساید کراو بە درێژای مێژوو.
ناساندنی ئەو کەیسە بە جینۆساید دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی قەرەبوی مادی و دەرونی بۆ ئێزدیەکان و پاراستن و هاوکاریکردنی ئێزدیەکان و کورد بۆ ئێستاو داهاتوش دەکەوێتە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و قەڵغانێکی بەهێز بۆ کورد دروست دەکات کە بیپارێزێت لە جینۆسایدەکانی داهاتو و هەروەها دەبێتە کارتێکی گرنگ و قوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی دەوڵەتی سەربەخۆ. وەک چۆن چەندین نەتەوەو گروپی جینۆساید کراو لە جیهاندا بە کارتی جینۆسایدەکەیان گەشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆ. نمونەی ئەو دەوڵەتانەش: (ئەرمەنستان- ئیسرائیل- تەیموری خۆرهەڵات- سربیا- کرواتیا- بۆسنە- مەکدۆنیا- سلۆڤینیا- هەرزەگۆڤینا- مۆنتینیگرۆ- کۆسۆڤۆ).
تاکە گروپێکی جینۆساید کراو کە پاش ئەوەی جۆرێک لە ئازادی بەدەست هێناوە و لە چوار چێوەی ئەو دەوڵەتەدا مابێتەوە کە جینۆسایدی لە دژ ئەنجام دراوە، توتسیەکانی ڕواندان کە ڕێژەیان تەنها لە سەدا چواردەی ئەو وڵاتەن. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئێستا نەک هەمو مافەکانیان ناسێنراوە بەڵکو خۆیان بە خاوەنی ڕواندا دەزانن و (پاوڵ کاکەگەیم) کە توتسیە سەرۆکی وڵاتە.

ئەوەی لەسەرم منە وەک کوردێک کە لەخانەوادەیەکی جینۆساید کراوی هەڵەبجەو کوردستانم، وەک کەسێکی یاسای. بە ئەرکە مرۆیی و یاسایی و نەتەوەییەکەی سەرشانم هەستاوم و بەردەوامیش دەبم لە ڕاژەکردن بە پرسی جینۆسایدی نەتەوەکەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و گەیاندنی قوڵترین بەرچاو ڕونی بە نەوەی نەتەوەکەم و هەمو ئەوانەی لە بواری جینۆسایدی نەتەوەکەم و مرۆڤایەتیدا کار دەکەن، هەروەها پێدانی هۆشیاری یاسای بە بڕیار بەدەستانی باشوری کوردستان. گەرچی لام ڕونە ئەم پەیامەشمان وەک پەیامە یاساییەکانی ترمان پەراوێز دەخرێت و کاری لەسەر ناکرێت. بەڵام ئەوەی گرنگە من بە ئەرکەکەی خۆم هەستام و پەیامەکە دەدەم ئیتر نازانم تا چەند دەگات. گەر توانیبێتم ئا ئاستێکی کەمیش بێت زانیاری یاسایی ئەوانەم بردبێتە سەرەوە کە لە جینۆساید دا کار دەکەن و ڕاژەیەکم بە پرسی جینۆسایدی ئێزدیەکان کردبێت، ئەوا بێ پەروا خۆم بەبەختەوەر دەزانم.

بۆچوون