Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/02/16 10:17
نوسەر: جینۆسایدی کورد

داعش‌و خەوارج “ئایین سەرەتاکەی ئازادبوونە و کۆتاییه‌کەی بەندبوونە”

ئازاد قەزاز

دەرخستنی داعش و چواندنی بە خەوارج لە لایەن ئیسلامییەکانەوە، بیانوویەکە بۆ ئەوەی خۆیانی لێدوربخەنەوە و له‌به‌رانبه‌ردا بەرپرسیارێتی خۆیان دوربخه‌نه‌وه‌. هەرچەندە پەیوەندییەکی مێژوویی و عەقیدی لەنێوان خەوراج و داعشدا بەدیدەکرێ، بەڵام جیاوازییەکی تایبەتیش لە نێوانیادا دبینرێ. ئایا خەوارج لە ئایینی ئیسلام ده‌رچوون یان لە پێناوی ئیسلامدا بە پەڕگیریدا چوون؟! ئەمە پرسیارێکە و لەم بابەتەدا وەڵامی دەدەینەوە.
خەوارج
ساڵی ٦٥٦ی زایینی ئەو ساڵەیە، پاش کوژرانی خەلیفەی سێیەم عوسمانی کوڕی عەففان، عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب بە خەلیفەی چوارەم دادەنرێت. موعاوییەی کوڕی ئەبو سوفیان بە بیانووی ئەوەی کە عەلی بکوژەکانی عوسمان بەدەستەوە نادات، لە عەلی یاخی دەبێت. لێرەدا بۆ ئێمە  گرینگ نییە بۆ عەلی بکوژەکان ڕادەستی دادگا ناکات و بۆ موعاوییەش داوای دەکات، چونکە لە دەرەنجامی مشتومڕی عەلی و موعاوییە و ئەو ململانێ و تەنگژەیەی ئەوان هێنایانە ئاراوە، زەمینەیەك ساز بوو تا خەوارج تیایدا دەربکەوێت. پاش ئەوەی عەلی و موعاوییە ڕێککەوتنێ ئەنجامدەدەن، گروپێک لەو ڕێکەوتنەی نێوان عەلی و موعاوییە ڕازی نابێ و بە لادەریان دەزانن. ئەو باوەڕەیان لەلا دروستدەبێت کە حوکمی خودا لەم ڕێککەوتنەدا جێبەجێنەکراوە و تەنها مرۆڤەکان بە ڕاوبۆچوونی خۆیان ڕێککەوتنیان ئەنجامداوە. ئەوان دروشمی ” لا حکم إلا لله-  حوکم ته‌نها بۆ خودایە” بەرزکردەوە و لە بەرەی عەلی دەردەچن، هەرچی لەگەڵ خۆیان نەبوایە بە کافریان دەزانی. ئیدی ئەم گروپە ناوی خەوارج وەردەگرێ.
کەواتە خەوارج بەو کەسانە وتراوە کە لە سەرەتادا لە بەرەی عەلی کوڕی ئەبو تاڵیبدا بوون و پاشان لەو بەرەیە هاتوونەتە دەرێ و دژی عەلی وەستاونەتەوە کە بە عەرەبی پێیان وتراوە (خرجو علی عەلی) و بوونەتە ڕکابەری سەرسەختی ئەو. دەرچوونی ئەوان لە نێوەندی کافرەکان و کۆچکردنیان بەرەو خودا و پەیامبەرەکەی، نازناوی خەوارجیان پێدەبەخشێت. واتە هەرچی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی کە لەگەڵ بێباوەڕەکان -لە دیدی ئەوانەوە-  هەیانبووبێت، پچڕاندوویانە و لەو کۆمەڵگەیە دەرچوون. هەندێجار ئەو ناوەیان لەوەشەوە وەگرتووە کە بۆ جیهاد دەرچوون. واتە خەوارج (مجاهد) بوون و لەبەرامبەر ئەوانەدا بەکارهێنراوە  کە بە دانیشتوو(قاعد) بوون. واتە ( مجاهدون و قاعدون) بە هۆی سەرهەڵدانی خەوارجەوە، جیابوونەتەوە. ئەوان سێ بنەمایان بۆ خۆیان دامەزراندووە و پەیڕەویان کردووە، ئەوانیش: یەکەمیان تەکفیرکردنە، دووەمیان کۆچکردنە و سێیەمیان حاکمییەتە. هەروەک لە پێشەوە ڕەفتاری ئەوانمان سەبارەت بە عەلی و موعاوییە، خستەڕوو  ئەوەبوو کە ئەوانیان کافر کرد، لای ئەوان کۆچیان کرد و بەرەو جێبەجێکردنی حوکمی خودا هەنگاویان نا.
کەواتە ئەوانەی دەیانەوێ داعش بە خەوارج بچوێنن، بۆ ئەوەی لە ئیسلام بیانکەنەدەرەوە، بەهەڵەدا چوون، چونکی دینداریی خەوارجەکان و پابەندبوونیان بە ئیسلامەوە، هەرگیز چاوپۆشی لێناکرێت. خارجێتی ئەوان بۆ جیهادکردن بووە و پەرۆشی ئەوان بۆ فەرمانی خودا بووە، واتە دەرچوون لە ئیسلام نەبووە، بەڵکو دەرچوون لە پێناوی ئیسلام بووە. لەم ڕووەوە داعش و خەوارج زۆر لەیەکدی دەچن کە کۆمەڵگە کافر دەکەن، ئەوجا لەو کۆمەڵگەیە دێنەدەرێ و کۆچ دەکەن، تا حوکمی خودا بە هەر نرخێک بووە بچەسپێنن. ئەوەی کە داعش لێرەدا لە خەوارج جیادەکاتەوە ئەوەیە کە عەلی و موعاوییە و لانەگرانیان لای دعش کافر نین، هەروەک چۆن لای خەوارج کافر کرابوون.
زۆربەی گروپە جیاوازەکانی خەوارج لەسەر ئەوە یەکدەنگبوون، کە بوونی ئیمامێك بۆ موسڵمانان واجیبە و گرینگە.  گوێڕایەڵی بۆ ئیمامێك لای خەوارج بایەخی زۆری بووە، لەهەمان کات جیا لە گروپە موسڵمانەکانی تر، بوونی ئیمام لە ڕەچەڵه‌کی قورەیش بە زەروری نەزانیوە. چونکی بە گوێرەی باوەڕی ئەوان، لە قورئاندا ئەوە نەهاتووە کە چ نەوە و ڕەچەڵەکێک دەبێت فەرماڕەوایی بکات، بەڵکو تەنها ئەوە هاتووە کە دەبێت دادپەروەر بێت، وەک ئەم ئایەتە دەڵیت:” إژا حکمتم بین الناس أن تحکموا بالعدل”. لەوە دەچێت ئەم خاڵەش داعش و خەوارج لە یەکتری جیابکاتەوە، وەک بیستومە کە ئەبوبەکری بەغدادی بۆ شەرعیەتدان بە خۆی، تا ببێتە خەلیفە، ڕەچەڵەکی خۆی بۆ سەر پەیامبەر بردۆتەوە.
لای هەندێکیان ئیمام هێندە گرینگ بووە کە چاکیی ئەو چاکی ئوممەت بێت و خراپی ئەویش هەر خراپی ئوممەتێك بێت، لای هەندێکیان گەشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە ئەگەر ئیمام کوفر بکات؛ مانای وایە گەلەکەیشی کوفری کردووە. واتە ئەم بۆچوونەیان وایلێکردوون، تا بڵێن؛ ئەرکی سەرشانی ئەو گەلەیە تا ئیمامەکەیان ئەگەر لایدابێت، ڕاستبکەنەوە، چونکە چارەنووسی هەردوکیان پێکەوە بەستراوەنەتەوە. هەمووشیان لەسەر ئەوە  کۆدەنگن کە دەبێت ئیمامی ستەمکار بە زەبری شمشێر لاببرێت. واتە شۆڕشکردن بەسەر ئیمامی ستەمکاردا، بە واجیب دەزانن. هەر ئەوانیش بوون کە عوسمانی کوڕی عەففانیان کوشت و پاشانیش شانازییان بەو کارەیانەوە کردووە. تەنانەت هەڕەشەشیان لە (عەلی) کردووە کە ئەگەر حوکمی خوا نەچەسپێنێت، ئەوا چارەنووسی ئەویش وەک چارەنووسی عوسمان دەبێت. لەم خاڵەدا داعش لە خەوارج نزیکبۆتەوە، چونکی باوەڕی داعش وایە کە حاکمەکانی وڵاتانی ئیسلام بە گشتی لە بنەماکانی ئیسلام لایانداوە و دەبێت جەنگ دژیان هەڵبگیرسێنرێت. ئەمە جگە لەوەی لە دیدی ئەوانەوە حاکمانی وڵاتانی ئیسلام هەموو خۆیان خستۆتە باوەشی ئەمەریکا و ڕۆژئاواو زایۆنیزمی جیهانییەوە، کە لە چاوی ئەواندا بۆتە هۆی سوکوڕیسواکردنی موسڵمانان.
یەکێک لەو گروپانەی خەوارج کە بە ئەزرەقییەکان ناسراون، زۆر توندڕەو بوون. پێچەوانەی ڕای خۆیان هەرگیز پەسەندنەکردووە. کوشتنی ژن و منداڵی موخالیفی خۆیان بە حەڵاڵ زانیوە. تەنانەت لەگەڵ خۆشیاندا توندڕەو بوون و هەرگیز (توقیە)یان لە گوتارو گفتاریاندا پەسەند نەکردووە. دەبوایە ئەو کەسە باوەڕی بە چی بووبێت، ئەگەر ڕوبەڕوی مەرگیش بوایەتەوە، هەر ئەوەی ئاشکرا کردبێت.  کەواتە داعشی ئیمڕۆکە لەگەڵ گروپی توندڕەوی ئەزرەقی سەبارەت بە کوشتنی نەیارەکانی خۆیان، لە یەکتردەچن.
زەمینەی پێشینەی دەرکەوتنی داعش
چەند بزاڤێکی ئیسلامی لە جیهانی ئیسلامدا لە بەرامبەر کاردانەوەی شکستی خەلافەت و هەرەسی ژیاری ئیسلامی لە بەرامبەر ژیاری ڕۆژئاوادا، لە سەرەتاکانی سەدەی پێشوو هاتنەئاراوە. ڕێبازی جیهادی و سەلەفی، کە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی پێشوو سەریان دەردەهێنا، پەیوەستە بەو ڕێبازانەی کە سەرەتا لە کاردانەوەی شکستی ژیاری ئیسلام و کەوتنی خەلافەتەوە لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا ڕوویاندا. ئەوە ئاشکرایە کە بزاڤی ئیخوانولموسلمین لە جیهانی عەرەب، بزاڤی ئەبوئه‌علای مەودودی لە پاکستان و کۆمەڵەی نوور لە تورکیا وەک کاردانەوەیەک سەریان دەرهێنا و هەر یەکە و لە ناوچەکەی خۆی، سەربەخۆ گەشەیان دەکرد. ئەمانە ئەو بزاڤ و ڕێبازانە بوون کە دەیانەویست جارێکی تر بۆ سەرچاوەی یەکەمی ئیسلام بگەڕێنەوە، چونکی بە بۆچوونی ئەوان، ڕووخانی ژیاری ئیسلام، دەرئەنجامی دوورکەوتنەوەی موسڵمان بووە لە ئیمان و لە ئیسلام و وازهێنان بووە لە ئاکاری ئیسلامی و کزیی ئیمانی موسڵمانەکان بووە کە بوونەتە هۆکاری ئەم شکستپێهێنانە. بۆیە چارەسەریش بە بڕوای ئەوان، هەر گەڕانەوە بووە بۆ ئەو سەرچاوەیەی کە ئوممەتی موسڵمان لێی دوور کەوتۆتەوە. ئەگەر چی سەرکردە و ڕابەرانی ئەم بزاڤانە، سیاسەتێکی نەرمیان پیادەدەکرد و ڕێبازی خۆیان لەسەر پەروەردەی تاک و خێزان و کۆمەڵ بەڕێدەکرد، بەڵام لە هەناویاندا سیاسەتێکی ڕەقیشیان هەڵگرتبوو. دەرەنجامی چەوساندنەوەی ئەم بزاڤانە لە لایەن حکومەتی نەتەوەیی ئەو دەوڵەتانەی تیا دەرکەوتبوون و گەڵاڵەبوونی فکری گەڕانەوە بۆ دامەزراندنی خەلافەت وەک سەرچاوەی بووژانەوەی ژیاری ئیسلامی، دواجار بزاڤی سەلەفی جیهادیشی لێکەوتەوە.
ئەگەر فکری سەیید قوتب بخوێنینەوە، دەبینین وەک سیاسەتێکی ڕەق لە هەناوی ئیخوانێکی نەرمدا دێتەدەرەوە. قوتب لە ژێر کاریگەری ئەبوئه‌علای مەودودی کە باس لە حاکمییەت دەکات، باوەڕی وایە هەرچی حوکم هەیە ئینسانییە و حوکمی خودا کە لە قورئانەوە سەرچاوەی گرتووە، بە تەنها حوکمێکی خودایانەیە. بەمانایەکیتر حوکمی ئینسانی حوکمێکی جاهیلییە لەبەرامبەر حوکمی خودا کە خەلافەت و پیادەکردنی حوکمی قورئانە، دەڵێ:
ئەم عالەمەی ئیمڕۆ یەکپارچە لە جاهیلییەتدا دەژی؛ ئەم جاهیلییەتە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە دەستدرێژیی کردۆتە سەر گرینگترین خاسییەتی ئولوهییەت (خوداداری) لە سەر زەوی، کە ئەویش خاسییەتی حاکمییەتە (فەرمانداری).
ئیدی لێرەوە ئیخوان لە نێوەندی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی پێشوو، باڵێکی فرەوانی دەکەوێتە ژێر کاریگەری فکری (سەیید قوتب)ەوە و بە رەو توندڕەوی سەر دەکێشێت. هەرچەند قوتب خۆی هیچ هەوڵێکی توندڕەوی پێوە دیار نەبووە، چونکی ئەویش هێشتا باوەڕی بە گۆڕانکاری لە دەروونی تاکەکانەوە بووە، بەڵام ئەو باڵە توندڕەوانەی کە سەرهەڵدەدەن، لە کاری پەروەردەیی بۆ گۆڕانکاری دەروونیی تاک و کۆمەڵەوە کە ئیخوان و سەید قوتب خۆیان باوەڕیان پێبووە، بۆ گۆڕانکاری جەستەیی و بەکارهێنانی هێزی بازوو چەك و تەقەمەنی، خۆیان دەگوێزنەوە. بەڵام هێشتا قوتب خۆی باوەڕی بەوە بووە کە موسڵمان دەبێت لە ناخەوە خۆی بگۆڕێت، بۆ ئەوەی بەرەو حوکمی خودا بگەڕێنەوە. وەک خۆی دەڵێت:( کاری ئێمە ئەوە نییە لەگەڵ ئەم واقعەی کە کۆمەڵگەیەکی جاهلییە، ڕێکبکەوین، ناشبێ هیچ جۆرە هاوسۆزییەکمان (ولا‌و) بۆی هەبێت، چونکە ئەم واقعە بەو سیفەتە جاهیلییەتەی کە هەیەتی، شیاوی ئەوە نییە کە ڕێککەوتنی لەگەڵدا ئەنجامبدەین. کاری ئێمە ئەوەیە لەسەرەتادا خۆمان بگۆڕین تا ئەم کۆمەڵگەیە دواجار بگۆڕین… یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە خۆمان لە ئاست بەها و بۆچوونەکانی ئەم کۆمەڵگەیەدا بەرز ڕاگرین، لە پێناوی ئەوەی لە نیوەڕێگەیەکدا بەوان بگەینەوە، نابێ خۆمان لە هەندێ بەها و بیروباوەڕی خۆمان دووربکەوینەوە، نەخێر؛ نابێت وا بکەین، چونکە ئێمە و ئەوان لەسەر دوو ڕێگەی جیاوازین، ئەگەر لەگەڵ ئەواندا یەک هەنگاو بە یەك ئاڕاستەدا بنێین، ئەوا کۆی بەرنامەکەی خودا وندەبێت و لە کۆتاییشدا ڕێگاکەمان وندەکەین.
ئەم بۆچوونەی سەرەوەی قوتب ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە ئیسلامی سیاسی ئیمڕۆکە لەو ڕێبازە لایانداوە بەوەی کە بەشداریی دەسەڵاتێک دەکەن، لەچاوی ئەودا (قوتب) دەسەڵاتێکی جاهلییە. واتە خەسڵەتێکی خوداییان بۆ خۆیان بردووە، لەگەڵ دەسەڵاتی جاهلی سەردەمدا دانوستان دەکەن و لەبری حوکمی خودا لەگەڵ حوکمی مرۆڤاندا خۆیان تێکەڵ دەکەن. ئەم بۆچوونەی قوتب، لە بۆچوونی ئەو کاتەی  خەوارجەکان دەچێت کە عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب و موعاوییە و تەواوی ئەو موسڵمانانەی لەگەڵیاندا بوون، پێدەبینی. ئەم جیهانبینییەی سەید قوتب و زۆریك لە بیرمەند و بانگخوازانی ئیسلامی، بە ناو گشتەی موسڵمانەدا تەنەشە دەکات و گەشە دەکات، تا دەگاتە دەرکەوتنی ڕێکخراوێکی وەک داعش.
داعش لە مێژووی خۆیدا
داعش (دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق و شام) لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٣ دامەزرا.  پێشتر ئەم ڕێکخراوە لە ڕێکخراوێکی ترەوە بەناوی (دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق) سەری دەرهێناوە. مۆرکی ڕاستەقینەی ئەم ڕێکخراوە، مۆرکێکی سەلەفی جیهادییە، کە داوای گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و لەناوبردنی گشت دیاردە و ڕەفتارێکی نائیسلامی دەکات و گۆڕەپانی کارەکانی لە سنوری عێراق و سوریادا دیاریکردووە. واتە ڕیشەی ئەم ڕێکخراوە لەو ساڵەی (٢٠١٣) کە خۆی تیادا ئاشکرا دەکات کۆنترە، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، ئەو ساڵەی کە ئەبو موسعەبی زەرقاوی رێکخروای (کۆمەڵەی جیهاد و تەوحید) ی تێدا دامەزراند. ئەم ڕێکخراوەی زەرقاوی موبایەعەی ئوسامە بن لادنی ڕابەری ڕێکخراوی ئەلقاعیدەشی کردووە، هەر لەبەرئەوەشە کە ناوەکەی لە کۆمەلەی جیهاد و تەوحیدەوە بۆ ڕێکخراوی (القاعدە فی بلاد الرافدین) دەگۆڕێت. ئەم ڕێکخراوە لە کاتی خۆیدا بەتایبەتی هەر بۆ بە گژاچوونەوەی ئەمەریکییەکان لە عێراقدا دامەزرابوو. ئەم ناونانە و ئەم بەرەنگاربوونەوەیەی ئەم ڕێکخراوە، بە گشتی هەم لە جیهانی ئیسلامی و هەمیش لە جیهانی ئەوروپیدا، بووە هۆی سەرنجڕاکێشانی لاوانی موسڵمان. پاش لە ناوچوونی زەرقاوی ساڵی ٢٠٠٦، ئەم ڕێکخراوە ناوی گۆڕا بۆ دەوڵەتی ئیسلام لە عێراق، بە ڕابەرایەتی ئەبو عومەری بەغدادی. ساڵی ٢٠١٠ ئەبو عومەر دەکوژرێت، ئەبو بەکری بەغدادی دەبێتە ڕابەری ڕێکخراوەکە و هەر بە ڕابەری دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی خەلافەتیش ڕادەگەیەنێت. واتە لە ئەمیری کۆمەڵێکەوە خۆی دەکات بە خەلیفەی هەموو موسڵمانان. بەم هەنگاوەی سەرنجی گشت جیهانی ئیسلامی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و زۆرێک لە گروپە سەلەفی و جیهادییەکانی دنیا بەیعەتی پێدەدەن.
بەغدادی ساڵێ ١٩٧١ لە سامەڕا هاتۆتە دنیاوە، دەرچووی زانکۆی ئیسلامیی بەغدایە و بەکالیۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای هەر لەو زانکۆیەدا بەدەستهێناوە. ماوەیەکی باش وەک مامۆستا و بانگخواز لەو دەڤەرەدا کاری کردووە. لە خێزانێکەوە هاتووە کە هەڵگری عەقیدەی سەلەفی تەکفیری بووە و باوکی و مامەکانیشی هەر لەسەر ئەو عەقیدەیە کاریان کردووە. بەغدادی لە هەردوو پارێزگای دیالە و سامەرا، کەسێکی سەله‌فیی جیهادی دیار و کاریگەر بووە. پێش ئەوەی ببێتە ڕابەی داعش، ئەو لەو ناوچەیەی خۆیدا چەند شانەیەکی جیهادی و قتالی دامەزراندووە، چەندین عەمەلیاتی عەسکەری ئەنجامداوە و دواهەمینیان دامەزراندنی ڕێکخراوێک بووە بەناوی (لەشکری ئەهلی سوننە و جەماعە). پاش ئەوەی بەغدادی دەبێتە ڕابەری داعش، ئەوە ڕادەگەیەنێت کە سنور لە نێوان سوریا و عێراق نەمێنێت و موسڵمانانی بۆ دەوڵەتی خەلافەت بانگهێشتکرد. بەغدادی دەبێتە هەڵگری ناخێک و گرتنی ئەزموونێک کە لە پێناو گێڕانەوەی خەلافەت و ڕازیکردنی خودا وەک خۆی باوەڕی پێیەتی، دەست لە هیچ شتێک نەپارێزێت. ئەم ئەزموون و پێکهاتە دەروونییە، بوو بە زەمینەیەک بە ئاسانی توندڕەوی و خوێنڕشتن و جیهادکردن تا ئەو پەڕی ڕەقی و پڕ لە ڕق تیایدا بڕوێت.
ئێمە وتمان بەغدادی و زەرقاوی پەیوەندییان پێکەوە هەبووە. زەرقاوی جگە لەوەی کە لە ڕووی جیهادییەوە خۆی بە شوێنکەوتوی بن لادن زانیوە، بەڵام کەوتۆتە ژێر کاریگەری شێخێکی ترەوە بەناوی ئەبی عەبدوڵڵای موهاجری میسرییەوە. ئەم شێخە فیقهێکی خوێناوی لە بەرامبەر نەیارەکانیدا هەڵبژاردووە. کتێبێکی بەناوی (مسائل فی فقه الجهاد) کە بە فیقهی خوێن ناسراوە، نووسیوە. ئەم کەسایەتییە یەکێک بووە لە گرینگترین شێخەکانی زەرقاوی. زەرقاوی ڕێبازی جیهادی خۆی لەسەر ئەو فیقهە خوێناوییە دامەزراندووە و پاشانیش داعش بەردەوامی بەو ڕێبازە داوە. ئەو کتێبەی کە بە فیقهی خوێناوی ناسراوە، فکری خۆی لەسەر ئەوە دامەزراندووە کە هەموو جیهان و لە پێش هەموویانەوە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان، بوونەتە خانەی جەنگ و هەڵگەڕاوە و کافرن و جیهادکردن دژیان واجیبە. هەر لەو کتێبەدا شەرعیەت بە سەربڕینی کافر دەدات، نەك هەر بە زیندوویی، بەڵکو بە مردوویش سەربڕینیان شەرعییەت پێدەدا و بۆ ترساندنی کافرەکان بە کارێکی واجبی دەزانێت. بە بۆچوونی ئەوان خودا هەر نەیوتووە کافر بکوژن، بەڵکو ئەمریشی کردووە کە ملیان بپەڕێندرێت. لەو فیقهەی ئەودا سەربڕین لای خودا زۆر پەسەندکراوە و زۆریشی پێخۆشە. بۆ گەشتن بەم ئامانجە بە پێویستی دەزانێت کە کوشندەترین چەکی کۆمەڵکوژ و کیماوی و بایەلۆژی بە دەستبهێنن. بێگومان داعش بەشێوەیەکی کردەکی و زۆر بە جدی ئەوەی کردۆتە پرۆژەیەک و جێبەجێی دەکات.
ئەم پاشخانە فکری و پەروەردەیی و کەلتوورییەی بەغدادی، لەگەڵ مێژوویەکی نزیکی سەدەی بیست و مێژوویەکی دووری ئیسلامیش، دەبنە خۆراکدەری ئەوجۆرە بیرکردنەوەیە. بۆیە بەغدادی هەر بەتەنها ئەو ستراتیژەی کە لەدەرەنجامی ئەزموونی ژیانی خۆی بۆی هاتووە، نەبۆتە پاڵنەر و پاڵپشت، بەڵکو سوود لەو مێژووەش وەردەگرێ تا بتوانێ هەموو جیهانی ئیسلامی بۆ خۆی کێش بکات. لەوە تێگەشتین، کە پاشخانی فکری و ئایدیۆلۆژی داعش، بە فکری ئەلقاعدەی جیهادی و فقهی سەلەفیی جیهادی و فقهی توندڕەوی زەواهری و شێخەکەی بەناوی ئەبو عەبدوڵڵای موهاجری شێلراوە. تەنانەت فکری جیهادی ئەلقاعیدەشی لە توندڕەویدا تێپەڕاندووە، تا ئەو ئاستەی کە ئەبوبەکری بەغدادی لە فەرمانی ئەیمەن زەواهری کە جێگرەوەی بن لادنە، دەرچووە.
هەرچەندە داعش و خەوارج لە هێڵێکی گشتیدا کۆدەبنەوە کە لە تەکفیرکردن، هیجرەتکردن و حاکمییەتی  هەر بۆ خودا، خۆی دەبینێتەوە، وەلێ ناتوانین لەیەک جۆرە گروپدا کۆیان بکەینەوە. داعش ڕەنگێکی جیهانی وەرگرتووە لە لایەکەوە و فرە کارەکتەریشی لە خۆی گرتووە لە لایەکیترەوە. بەناوی ئیسلام و خەلافەت و سوننەوە بۆتە گلۆباڵ و لەهەموو دنیاوە خەڵکی بۆخۆی کێش دەکات. خەوارج لە کاتی خۆیدا یەک پاشخانی کەلتوری کۆیکردبوونەوە، بەڵام داعش یەک پاشخانی کەلتوری کۆینەکردونەتەوە. وەلێ یەک پاشخانی ئایینیە کە هەم داعشیەکان و هەمیش خەواریجەکان کۆدەکاتەوە.
لە ڕوویەکیترەوە لەم جیهانبیینیەی ئەمانە بڕوانێت، هەست دەکەیت لەگەڵ باوەڕەکەیاندا ڕاستگۆن. چونکە ئەگەر ئیسلام دینێک بێت کە خوا ناردبێتی، ئەگەر ئیسلام ئەو ڕێبازە  کامڵە بێت وەک خۆیان دەڵێن، ئەگەر ئیسلام چارەسەری گشت کێشەکانی لا بێت، ئەگەر قورئان تاقە کەلامی خودا بێت لەم گەردوونەدا، ئەگەر پەیامبەر موحەمەد پەیامبەر گشت مرۆڤەکانی سەرزەوی بێت و دوا پەیامبەریش بێت، ئەگەر ئەمانە هەمووی وابێت، وەک داعش و گشت موسڵمانێک بە ئیسلامی سیاسیشەوە باوەڕیان پێیەتی، ئیتر بۆ پەنا بۆ ڕێباز و سیستەمێکی تر بەرین؟ ئەگەر ئیسلام هێندە جوان بێت وەک هەموو موسڵمانێک دەڵێت، چ پێویست دەکات باسی دیموکراسییەتێک کە داهێنەرەکەی مرۆڤە، بکرێت؟ بۆیە لای داعش، گشت پارتە ئیسلامییەکان کە بەشداری سیاسەت دەکەن و باسی دیموکراسی دەکەن، کافر دەبن، چونکە لەو ڕێبازە خوداییە لایانداوە. ئەگەر لە ناو مێژوویەکی سەدان ساڵ و بەتایبەتیش سەدەی ڕابووردوو، موسڵمان لەسەر ئەو ئایدیۆلۆژیایە گۆشکرابێت کە لەسەرەوە خستمانەڕوو، ئەوا سەرەتای دەرکەوتنی کاردانەوەی جیهانی ئیسلامی کە نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر ڕوویدا، پەیوەندییەکی پتەوی بەو پەرەسەندنە لە هێمنییەوە بۆ توندڕەوی هەیە کە ئیمڕۆ بە بزاڤە ئیسلامییە توندڕەوو و میانەڕەوەکانەوە دەبینرێن.
ئەم جۆرە خوێندنەوەیە بۆ پرۆسەیەکی وەک مێژوو، بەتایبەتی مێژووی ئایینێک، مێژووی بزافێک یان ئایدیۆلۆژیایەک، دەمانگەیەنێتە ئەوەی کە بڵێین ئایین یان هەر ئایدیایەک سەرەتا کە سەرهەڵدەدات جۆرێک هوشیاربوونەوەی لەگەڵدایە، چونکە مرۆڤ لە ژێرباری ئایدیای باو یان ئایینێکی باو دەهێنێتە دەرێ، وەلێ پاش ئەوەی ئەویش دەبێتە باوو و دەسەڵاتێک لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا ڕایدەگرێت، جارێکی تر مرۆڤ بەند دەکات و لە بیرکردنەوەدا  گۆتی دەکات. ئیسلام لە پێش سەدەکانی ناوەڕاستەوە ئیدی بە جۆرێک بووە ئاینێکی باو، بیرکردنەوە بە ئاڕاستەیەکی تردا لە گشت لاوە بەری پێدەگیرا. کاتێ لەسەردەمی مۆدێرنەدا کە جیهانی ئیسلامی زەبری کوشندەی بەردەکەوێ و لە خۆی هۆشیاردەبێتەوە کە چەندێک لەکاروانی پێشکەوتن و مرۆڤدۆستیدا دواکەوتووە، ڕاچەنینێک ڕووی تێدەکات کە کۆمەڵێک بزاڤی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە، هەروەک لە پێشەوە تیشکمان خستنە سەر، کە ئیمڕۆکە داعش بەرهەمدەهێنێ.
لەسەرەتای ئەم بابەتەوە تا گەشتینە ئەم کۆتاییە، بە ئاڕاستەیەکدا ڕۆیشتین کە هەم لە ئیسلامییەك و هەمیش لە دژە ئیسلامییەك، جیامان دەکاتەوە. واتە وەک ئیسلامییەک داعش ناکەینە دەرەوەی ئیسلام لە پێناوی جوانکردنی خۆمان و دزێو کردنی ئەوان، هەروەها وەک دژە ئیسلامییەکیش، نا کۆشین  بۆ ناشیرینکردنی هەرچی موسڵمان و مێژووی ئیسلامە لە پێناوی تێرکردنی حەزو خۆزگەکانی خۆمان.  گەشتی ئەم بابەتە چاو پێداخشاندنەوەیک بوو کە لە سەردەمی ململانێی عەلی و موعاوییەوە دەستیپێکرد و لەگەڵ دەرکەوتنی داعش کۆتایی هات. لەوە تێگەشتین کە داعش هەر ئەوە نییە دژی هەموو جیهان وەستابێتەوە، بەڵکو شەرمەزارییەکی زۆریشی بۆ موسڵمانان لەگەڵ خۆیدا هێناوەتەوە. بۆیە چاودێرە موسڵمانەکان بە ئیسلامی سەلەفی و ئیسلامی سیاسییەوە، هەندێک لەوانەی کە دیاردەی داعش دەخوێننەوە، بەردەوام ئیسلام وەک سەرچاوەیەکی ئیلاهییانە لە ئیسلامێکی دەستکردی موسڵمانانە جیادەکەنەوە، بێئەوەی بە خۆیان بزانن، سەرچاوە ڕەسەنەکە لای خۆیان دادەنێن و ناڕەسەنەکەش بە داعش دەسپێرن، ئیدی دڵی خۆیان بەوە خۆش دەکەن کە ئەوان ئیسلام لە دەستی جەردەکانی وەک داعش دەپارێزن. هەندێکی تریشیان ئەگەر چی لە بازنەی ئیسلام دەریان ناکەن، بەڵام وەک لادەر لە ڕاستە ڕێگەی ئیسلام دەیانبینن. ئەم دوو خوێندنەوەیە بەشێوەیەکی گشتی لە وتارەکانی ئیسلامییەکاندا دەبینرێنەوە. ئەوان لەوە سەرسامن چۆن دەبێت ئیسلامی ڕەحمەت بۆ مرۆڤایەتی لە کاتی جێبەجێکردنی ئایەت و حەدیسدا، بەم شێوە قێزەونە دەرکەوێت. ئەوان ناتوانن ئەو ماوەیە لە بیرکردنەوەیاندا ئەژمار بکەن کە دەکەوێتە نێوان سەرەتای دەرکەوتنی ئیسلام لەتەک پەیامبەرێکی وەک موحەمەدا  و کۆتای دەرکەوتنی ئیسلام لە فۆرمی داعشدا لە تەک موجاهیدیکی وەک ئەبوبەکری بەغدادیدا. دژە ئیسلامییەکانیش بە پێچەوانەوە، ڕاست و چەپ بەسەر هەموو شتێکدا دەهێنن و ئەو هەلەیان بۆ هەڵکەوتووە کە بێژن بەڵێ ئەوەتا.. ئەوەیە ئیسلام، بێئەوەی مێژوو و مرۆڤ و دەق و پرۆسەی بە کۆمەڵایەتیکردن و گۆڕانکاری دید و بۆچوونی مرۆڤ بە هەند وەربگرن. چونکی هەم ئیسلامی و هەمیش دژەکانیان لە یەک ئاستدا بیردەکەنەوە و لە یەک گۆشەنیگاوە مێژوو و مرۆڤ دەناسنەوە، ئەوەیش ئەوەیە کە مرۆڤ کائینێکی وەستاوە، چوارچێوەیەکی داخراوە، یان ڕەشە یان سپی، نە خۆیان لە ئێستەدا دەناسنەوە و نە خۆشیان لە ناو مێژوودا دەدۆزنەوە.
ڕێبازی بیرکردنەوەی ئەم بابەتە ئەوەیە: ئایین سەرەتاکەی ئازادبوونە و کۆتاییه‌کەی بەندبوونە. ئەم وتەیە گوشراوەی پرۆسەیەکە کە لە مێژووی گشت ئایدیۆلۆژیایەکدا دووبارە دەبێتەوە، بە جۆرێکە کە ناتوانین کۆتاییەکەی بە سەرەتاکەی بەراورد بکەین و لە یەک قاڵب و ڕیزبەندیدا دایانبنێین. واتە داعشێکی ئیمڕۆکە ناکرێ و ناشێ بە ئیسلامێکی سەرەتا بەراورد بکەین و بە یەک چاو تێیان بڕوانین. بەڵام ئەم بۆچوونە ئەوە ناگەیەنێت کە توندڕەوەکان لەدەرەوەی ئیسلام بن و میانڕەوەکانیش لە ناو ئیسلامدا مابێتنەوە، نەخێر؛ هەردوولا لە ناو بازنەی ئیسلامدان و لە کانیاوی قورئان و حەدیس ئاو دەخۆنەوە، کەچی هەرلایەو ئەویتر بە ساختە دەزانێ. واتە ناشێ و ناگونجێ بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبیت، ئیسلام وەک مێژوو لە ئیسلامی خودا جیا بکەیتەوە بە بیانووی ئەوەی داعش دەرکەیتە دەرەوەی ئایینی خودا.
لە بری ئەوەی داعش وەک خەوارج بناسێنین و ئیتر ئەم دیاردەیە لە کۆڵ خۆمان بکەینەوە، باشتر وایە لە هۆکار و فاکتەر و زەمینەسازییەکانیان بکۆڵینەوە. لە بری ئەوەی یەکتر تاوانبار بکەین و ئەم بە داعش و ئەو بە ماعش بچوێنین، چاترە بۆخۆمان لە خۆمان بپرسین: بۆ ڕۆژگاری ئیمڕۆکەی جیهانی ئیسلامی بەم ڕۆژە گەشتووە؟ بۆ کۆمەڵێك لە خاک و خۆڵ و زەمینەی خۆماندا، بەم چەشنە هەڵقوڵاوە؟ ئەمان لە هەمان سەرچاوەی ئیسلام خۆراکی خۆیان وەردەگرن، کەچی بۆ ئێمە بوونەتە شێرپەنجە و خۆمانی لێ کەنار دەگرین. بۆیە دەڵیم کێشەی جیهانی ئیسلامی هەر داعش نییە، بەڵکو بیرکردنەوەی جیهانی ئیسلامییە بە گشتی، ئەو جیهانەی سەرباری ئەو هەموو گرفت و وێرانییە، هێشتا هەر خۆی بە خاوەنی هەقیقەتی ڕەها دەزانێ و لە خۆی ناکەوێتە گومانەوە. داعش تۆوێکە لەو زەمینەیەی جیهانی ئیسلامیدا چەکەرەی کردووە، ئەگەر تائیستە دەرنەکەوتووە ئەوە لەبەر ئەوە بووە کە پەرش و بڵاوبووە، وەلێ ئێستە کە لە شوێنێکدا کۆکراوەتەوە، بۆمان دەرکەوتووە و لەبەرچاومان ئەو دیاردەیە بەرجەستە بووە. مرۆڤ جاری وا هەیە خۆی بە خۆی نازانێ کە شتێکی کوشندەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، چاوەڕێی دەرفەتێکە تا دەرکەوێ، کە جوڵا ئەوجا هەستی پێدەکا.

لە ماڵپەڕی چاودێرنویز وەرگیراوە

بۆچوون