Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/03/24 14:12
نوسەر: جینۆسایدی کورد

جینۆسایدی كوردو كاردانەوەی لەسەرئاستی نێودەوڵەتی

تەها سلێمان
لەپێش ساڵی 2003 و دوای رووخانی رژێمی بەعس لەهەمان ساڵ، لەرێگای نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارت و بەشێك لەپارت و لایەنە سیاسییەكان، رێكخراوەكانی تایبەت بەجینۆساید لەسەرئاستی ناوخۆو دەرەوەی كوردستان، هەوڵ و تەقەلای جۆراوجۆر كرا بۆ ئەوەی تاوانەكانی دژ بەگەلی كورد لەلایەن رژێمی بەعس و حكومەتی عێراقی وەك كردەی جینۆسایدكردن بسەلمێنن.
بەوردبوونەوەیەكی خێراو گەڕانەوە بۆساڵەكانی پێش 2003، واتە لە 1991 تا 2003 هەوڵەكان پچڕپچڕ بوون، كۆدەنگییەكی پێویست نەلەسەرئاستی حكومەتی هەرێم نەلەسەر ئاستی پارت و لایەنە سیاسییەكان نەش لەسەرئاستی رێخكراوەكانی تایبەت بەجینۆسایدی گەلی كورد نەبوو، بۆ ئەوەی هەوڵەكان وەك پێویستە بگەنە ئاستی مەبەست و ئامانجەكانیان بپێكن، چونكە دیدەكانیش بۆ خوێندنەوەو بینینی تاوانەكان و جۆری ئەنجامدانی یەك نەبوون، رەنگە درووستترو راستربێت، ئەگەر والێكدانەوەی بۆبكەین حكومەتی هەرێم پلانێكی گوونجاو پێویستی نەبوو بۆ دنەدان و كاركردن لەسەر ئەم پرسە، پارت و لایەنە سیاسییەكانیش روانگەیان بۆ تاوانەكانی حكومەتی عێراقی و بەعس، هەڵێنجراوی دیدی سیاسی و جۆری پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەعس دیاری دەكرد. بۆنموونە كۆمەلێك پارتی سیاسی ئیسلامی لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 1991وە لەنێوگۆڕەپانی سیاسی ئامادەبوونیان هەیە، بەڵام تاساڵی 2003 و ساتەوەختی رووخانی بەعس روانگەیان سەبارەت بەتاوانەكانی جینۆساید دژ بەگەلی كورد ناڕوون و لێڵ بوو، ئەمەش رێك پەیوەندی بەپەیوەندی ئەوان بەحكومەتی عێراقی و پەوەندییەكانیان لەگەڵ ئەووڵاتە ئیسلامی و پارت و رێكخراوە ئیسلامیانەوە بوو، كەتاڕووخانی “بەعس” دانیان بەوەدا نەدەنا كە بەعس و حكومەتی عێراقی تاوانی جینۆسایدی دژبەگەلی كوردی ئەنجامدابێت، تەنانەت ئەو دەوڵەت و پارت و رێكخراوە ئیسلامیانە لەكاتی دادگایی كردنی “سەدام حوسێن” و بەشێك لەسەرانی بەعس، پشتگیرییان لە “سەدام حوسێن ” و دارودەستەكەی دەكرد، و بەسیمبولی نەتەوەی عەرەب و ئیسلامیان دەچواند.
بەڵام پاش رووخانی “بەعس”، هەوڵ و تەقەلاكان گۆڕانكارییان بەسەردا هات، دیدو بۆچوونی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لێك نزیكبوونەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی كاركردنی بەجۆرێك لەجۆرەكان چڕتر كردەوە سەبارەت بەكاركردن بۆ ناساندنی تاوانەكانی جینۆساید لەسەرئاستی جیهان، رێكخراوەكانی تایبەت بەجینۆساید كاراترو فراوانتر بوون، چەندین كۆنفرانس لەسەرئاستی ناوخۆو دەرەوە لەسەرجینۆسایدو تاوانەكانی بەعس بەستران، چەندین شاندی جیاجیای حكومی و غەیری حكومی بەشداری كۆنفرانسەهەرێمایەتی و جیهانییەكانیان لەسەر پرسی تاوانی جینۆساید كرد، دادگای باڵای تاوانەكان “6” دۆسیەیی تاوانی دژ بەگەلی كوردی وەك جینۆساید ناساند، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی بەفەرمی وەرگرت و بەزۆرینە دەنگی لەسەردا، ئەمانە كۆمەڵێك هۆكاربوون لە نزیك بوونەوەی هەندێ‌ لەدەوڵەتان لە دۆسیەیی جینۆسایدكردنی گەلی كورد. ئاكامەكەشی ئەوەبوو كە هەریەك لەوڵاتانی “سوئید، بەلجیكا، كۆریای باشوور، نەرویج، پەرلەمانی ئەروپا، هۆڵەندا، ئیتالیا، فلندا، بەریتانیا” بەئاستی جۆراوجۆر لەپرسی جینۆسایدكردنی گەلی كورد نزیكبوونەوەو بەدیاریكراویش هەریەك لە پەرلەمانی “سوئید، بەریتانیا، كۆریای باشوور، نەرویج” بە شێوەی نافەرمی و لەنێو لیژنەكانی تایبەتمەندی پەرلەمان تاوانەكانی دژ بە گەلی كوردیان وەك جینۆساید ناساند.
دەكرێ‌ بەم هەنگاوە بڵێین سەرەتایەكی ئەرێنی، بەڵام هێشتا لەسەرەتایەو زۆری تری دەوێ‌، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان، پارت و لایەنە سیاسییەكان، رێكخراوەكانی تایبەت بەجینۆسایدو تاوانەكان، نووسەرو چالاكوانەكانی بواری جینۆساید، كارایانەتر لەم مەیدانە كاربكەن و بجوڵێن. لەبەرامبەریشدا ئەركێكی ئاكاری و مرۆڤانەیە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، حكومەت و پەرلەمانەكانی ئەوروپاو رۆژئاوا، وڵاتانی هەرێمایەتی و عەرەبی و ئیسلامی، بەپیر پەیامی ئاشتیخوانەی گەلی كوردەوە بێن و تاوانەكانی جینۆساید كەلەدژیان ئەنجامدراوە بەفەرمی بناسن و دانی پێدابنێن.

بۆچوون