Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/04/01 10:29
نوسەر: جینۆسایدی کورد

تاوانی ئەنفال: قۆناغی سێیەم 7-4-1988 تا 20-4-1988

ئا: جینۆساید كورد

قۆناغی سێیەمی شاڵاوی تاوانی ئەنفال، لە 7- 4- 1988 تا 20-4- 1988 لە ناوچەی گەرمیان لە سنوری پارێزگای كەركوك، و سنووری شارەكانی ” خورماتوو، كەلار، كفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ” و چەندین شارۆچكەی تر، كە هەریەكەیان سەدان گوندیان لە خۆگرتبوو، ئەنجامدرا. شارەزایان و پسپۆران وای بۆ دەچن پلانی ئەنجامدانی قۆناغی سێیەمی شاڵاوی ئەنفال، پەیوەندی كاتێكی دوورترەوە هەیە، كە ئەویش راستەوخۆ بە تووندی گرێدراوە بە گوڕینی و راگواستنی دانیشتوانی كوردی رەسەنی كەركوك و شێواندن و تێكدانی یەكە ئیدارییەكانی. زۆرترین یەكەی سەربازی و هەوڵگری و ئەمنی بەشدارییان لە قۆناغی سێیەمی شاڵاوی تاوانی ئەنفالدا كرد، هەروەك ئەنجامدانی قۆناغی سێیەمی شاڵاوەكانی ئەنفال لە سنووری گەرمیان، پەیوەستە بە كاتی راگواستنی پارێزگای كەركوك، كە بەشێوەیەكی چڕ لەوكاتەدا دەستی پێكردبوو لەلایەن بەعسەوە.
لە بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، نەخشەو پلانی ئەنجامدانی تاوانەكەو بەشداری سوپاو یەكە سەربازییەكانی رژێمی بەعس وردتر روون دەبێتەوە بەم شێوەیەیی خوارەوە:
یەكەم: هێزەكانی فەیلەقی دووەم، بە سەركردایەتی فەریقی یەكەم “كامل ساجت” كەلەم یەكە سەربازییانەی خوارەوە پێكهاتبوو:
ا، فیرقەی مەشات 15
ب، فیرقەی مەشات 34
ج، فرقەی ئالی مدرەعە 3
دووەم: هێزەكانی فەیلەقی یەك بە سەركردایەتی “سوڵتان هاشم ئەحمەد” كەلەم یەكە سەربازییانە پێكهاتبوون:
ا، فەوجەكانی جاش بە سەركردایەتی “سەعد شمسەدین”.
ب، فیرقەی دەیەمی مدڕەعە بە سەركردایەتی لیوا “خالد ئەل دلێمی”.
ج، هێزەكانی پاراستنی نەوت، بە سەركردایەتی عەمید روكن “بارق عەبدوڵا”.
ح، ئامریەی فەیلەقی یەك بە سەركردایەتی لیوا “منزر ئیبراهیم”.
سێیەم: بەشی ئەندازە بۆ تێكدانی گوندەكان
چوارەم: دەستەی سەرۆكایەتی هەواڵگری سوپا سەربە فەیلەق و فیرقەكان.
پێنجەم: بەشی كیمیاوی
شەشەم: فڕۆكە جەنگیەكان
حەوتەم: هێزی ئاسمانی
هەشتەم: یەكەكانی ئاسایشی سەربە ئاسایشی سلێمانی و كەركوك.
بۆ جێبەجێكردنی نەخشەی تاوانەكە لە قۆناغی سێیەمی ئەنفال، یەكەم جار هێزەكانی سوپا لە قەزای “خورماتوو” بە چڕی كۆكرابوونەوە، كە پاشكۆی زیاتری ئەم هێزە كۆكراوەش لە “كەركوك، چەمچەماڵ، سەنگاو” بوون، لە دەستپێكەوە لە بەیانی رۆژی 7-4-1988 دەستیان بە جوڵە كردو تێكڕا لە شارۆچكەی قادر كەرەم یەكیان گرتەوەو كۆبوونەوە.
هێزی یەكەم: بەرەو لای باكوری رۆژئاوای “نەوجول” و بە ئاراستەی رووباری “ئاوەسپی” رۆشتن
هێزی دووەم: بەرەو رۆژئاوا، بە پشتیوانی فڕۆكەی هێلی كۆپتەرو سەمتی و بۆمبارانكردنی گوندەكان.
هێزی سێیەم: هێرشێكی بەرفراوان و دڕندانەیان بۆ گوندی “تازەشار” دەست پێكرد، لە گەڵ لێدانی گوندەكە بە كیمیاوی و ئەم هێزە گوندەكانی “كانی قادری سەروو، كانی قادری خواروو، گوندی شێخ حەمید” گرت و دانیشتوانەكەیانی گرت و هەموو سەروەت و سامانەكانیانی بەتاڵان.
هێزی دووەمیش بەرەو گوندەكانی نزیك لە قادر كەرەم لەلای باشووری رۆژئاواوەوە كەوتە جوڵەو یەكەم گوند كە دەستی بەسەردا گرت “ئیبراهیم غوڵام” بوو، لە پێشا دانیشتوانەكەی بەرەو تەپۆڵكەكانی نزیك لە گوندەكە رۆشتن و دوای خۆیان رادەستی سوپاكە كردو “51” یەك كەسیان لێ‌ شوێن بزركردن. لەولاشەوە هێزی سێیەم بەرەو چەمچەماڵ و سەنگاو رۆشت و هەموو گوندەكانی ناوچەی “چەمچەماڵ و سەنگاو”ی وێران و خاپوركردو ئەو خەڵكەش گە دەستگیری كردن یان خۆیان رادەستكردبوو، راپێچی كردن بۆ ناو قەزای چەمچەماڵ و لەوێشەوە بەرەو تۆپزاوەو دبزو نوگرە سەلمان.
لەم قۆڵەوە دوا گوند “فەقێ‌ مستەفا” بوو كە دەستی بەسەردا گیراو خاپورو وێران كرا، كە ئەویش لە 20-4-1988 بوو.
لەلایەكی تریشەوە هەر تایبەت بە ئەنفالی سێیەم، لە چەند قۆڵێكی ترەوە هێرش و پەلاماری ناوچەی گەرمیان درا، وەك “كفری بۆ بەشێك لە ناوچەی داودە، سەرقەڵا بۆ بەشێك لە گوندەكانی داودەی كوردستان و زەنگنە، كەلار بۆ بەشێك لە گوندەكانی بناری گوندە جاف نشینەكان و گوندەكانی ناوچەی زەنگنە، دەربەندیخان بۆ گوندەكانی بەشێك لە بناری شارۆچكەی سەنگاو”، كە لە كۆتایدا تەواوی گوندەكای سنووری “قەزای چەمچەماڵ، قەزای دووز خورماتوو، قەزای كفری، قەزای كەلار”و شارۆچكەكانی “سەنگاو، قادركەرەم، پێباز، سەرقەڵا”ی خاپورو وێرانكردو زۆرترین خەڵكی بێسەرو شوێنكردو لەم سێ‌ رێگایەوە دەیگواستنەوە:
یەكەم: خورماتوو- بۆ تكریت – نوگرە سەلمان ، دووەم، چەمچەمال – بۆ تۆپزاوەو دبز- نوگرەسەلمان، سێیەم، ملە سوورە- بۆ كەلارو قۆرەتوو- تۆپزاوەو دبز- نوگرەسەلمان.
لە بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقدا، بە فەرمی ئەوە سەلمێنراوەو بڕیاری لە سەردراوە، كە لە قۆناغی سێیەمی شاڵاوەكانی ئەنفالدا لە سنوری گەرمیان، یەكەم: تاوانی جینۆساید، دووەم: تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، سێیەم: تاوانی جەنگ ئەنجام دراوە.
بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید لە قۆناغی سێیەمی شاڵاوەكانی ئەنفالدا، پشت بە بەڵگەی سەلماندنی “كۆشتنی كۆمەڵ، راگواستن، برسیكردن، تینۆكردن، زیندانیكردن، تۆقاندن، ئازاری دەروونی و جەستەیی، جیاكردنەوەی پیاو لە ژن، رێگری لە نزیكبوونەوەو مومارەسەی سیكسی” بەستراوەو هەروەك بۆ پشتڕاستكردنەوەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی پشت بەڵگەی “كوشتن بەبێ‌ هۆو بەبێ‌ دادگا، گواستنەوەی بە زۆرە ملێ‌، زیندانی كردن و بێبەشكردن، ئەشكەنجەدان، دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەتان، چەوساندنەوە، بێسەرو شوێنكردنی بە زۆر”، بەستراوە. هەرەوەك بۆ سەلماندنی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ پشت بە بەڵگەی “هێرش و پەلامار بۆ سەرگوندەكان و تێكدانی، رووخاندن و تێكدانی قوتابخانەو شوێنە ئاینیەكان، دەركردنی بڕیار بە دەركردن و راگوساتنی گوندە نشینەكان” بەستراوە.
قۆناغی سێیەمی ئەنفال، بە یەكێك لە سەخترین پەلامارو شاڵاوەكانی ئەنفال دادەنرێ‌، زۆرترین خەڵكی تیا بێسەرو شوێنكراوەو كۆمەڵكوژكراوە، لە رووی جوگرافیشەوە فراوانترین زەوی بەركەوتوەو زۆرترین گوندی تیا رووخێنراوە، لە رووی سەروەت و سامانیش زۆرترین سەرەوەت و سامانی هاوڵاتیان بەتاڵان براوە.

سەرچاوە:
1- بەڵگەنامەكانی دۆسیەی تاوانی ئەنفال، لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، “43” فایل 2006 بۆ كۆتایی 2007
2- لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە “دۆسیەی ئەنفال” تەها سلێمان، چاپی یەكەم، 2015
3- جینۆسایدی گەلی كورد” ئامار، داتا، پشكنین”، تەها سلێمان، چاپی یەكەم، 2014
4- جینۆساید لە عێراقدا، پەلاماری ئەنفال بۆ سەركورد، مەحمەد حمە ساڵەح تۆفیق، چاپی سێیەم، سلێمانی
5- اڵانفال، قرار محكمە، اشراف واعداد، الحقوقی بهزاد علی ادم، الگبعە اولی، 2014
6- پەلامارە سەربازییەكانی ئەنفال لە هەشت قۆناغدا، عومەر مەحمەد، چاپی یەكەم 2013

بۆچوون