Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/04/05 17:26
نوسەر: جینۆسایدی کورد

بڕیاری (٦٨٨) یەکەمین دەستتێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جینۆساید کردنی کورد دا

بڕیاری (٦٨٨) یەکەمین دەستتێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جینۆساید کردنی کورد دا

ئاوارە حسێن*

(٢٤) بیست و چوارساڵ پێش ئێستا لە (٥/٤/١٩٩١) ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبونەوەی ژمارە (٢٩٨٢) دا، پشت بەست بە بەشی حەوتەمی دەستووری ڕیکخراوی  نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری (٦٨٨) ی دەرکردو ناوچەی دژە فڕینی لەسەرووی هێڵی (٣٦) وە دانا بۆ پاراستنی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، ئەوەش دوای ئەوە هات کە ڕژێمی سەدام ڕاپەڕینەکەی بەهاری ساڵی (١٩٩١) ی سەرکوتکرد و خەڵکی باشووری کوردستانی ڕووبەڕووی کۆڕەوێکی ملوێنی کردەوە بۆ هەردوو بەشی خۆرهەڵات و باکووری کوردستانی داگیرکراو. کوردەکان لەو کاتەدا ژیانێکی سەخت و نالەباریان دەگوزەراند و مانەوەیان لە مەترسیدابوو، سەرەڕای ئەوەی کە پێداویستیە ژیانیە ڕۆژانەییەکانیان لەبەردەست نەبوو لە هەمان کاتیشدا کەش و هەوا زۆر نەگونجاو سەرماو سۆڵە بوو، بەوەش جینۆساید کردنی کورد ئاسانتر جێبەجێدەکرا لەلایەن ڕژێمی بەعسی سەدامەوە.

هەرئەوەبوو ئەو دۆخە نالەبارەی خەڵکی کورد کە گەشتبووە پلەی جینۆساید، بەڕاپۆرت لەلایەن نوێنەرانی هەردوو دەوڵەتی فەرەنساو تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە (٢/٤/١٩٩١) و نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە (٣/٤/١٩٩١)، دەگات بە نەتەوە یەکگرتووەکان و بە فشاری زۆری فەرەنسا بڕیاری (٦٨٨) دەردەچێت.

لەو بڕیارەدا لە کۆی هەر (١٥) پانزە ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لە کاتەدا، بە (١٠) دە دەنگی بەڵێ کە ئەوانیش بریتی بوون لە دەوڵەتانی: (فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، ڕوسیا، بەلجیکا، ئوستورالیا، ڕۆمانیا، ئیکوادۆر، کۆتدیڤوار، کۆنگۆ). (٣) سێ دەنگی نەخێر کە ئەوانیش بریتی بوون لە دەوڵەتانی: (کوبا، یەمەن، زیمبابۆ). هەروەها (٢) دوو دەنگی بێلایەن و بایکۆت کە ئەوانیش بریتی بوون لە دەوڵەتانی (چین و هیندستان).

گرنگی ئەو بڕیارە لەوەدایە کە لە مێژووی یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوە یەکەمین بڕیار بوو لەبەرژەوەندی کورد بێت و بیپارێزێت لە جینۆساید.

بڕیارەکە کە لە (٨) هەشت ماددە پیک هاتبوو. وە لە بڕیارەکەدا سەرزەنشتی حکومەتی عێراقی کردبوو لەسەر لەسەرکوتکردن و چەوساندنەوەی کورد کە بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەروەها داوای لە حکومەتی عێراقی کردبوو کە دەستبەجێ ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆتای پێبهێنێت و مەترسیەکان دوور بخاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت عێراق دەست بەجێ ڕێگا بدات بەڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کوردەکان و نەتەوە یەکگرتوکانیش هاوکار دەبن لە کۆتای پێهاتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە و گێڕانەوەی دۆخێکی جێگیر بۆ ناوچە کوردیەکان.

بڕیاری (٦٨٨) ئەوەی سەلماند کە دەستتێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتان کە هەردوو بڕگەی (٤-٧) ی ماددەی (٢) ی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بۆ دەکات هێندە گەوهەری نیە، بەڵکو لەکاتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتیدا دەست تێوەردان دەبێتە ئەرک و ئەو ئەرکەش لە بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی بۆ کردووە.

بۆچوون