Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/04/12 12:28
نوسەر: جینۆسایدی کورد

ئەنفال، جینۆساید کردنی نەتەوەی کورد

ئەنفال، جینۆساید کردنی نەتەوەی کورد

ئاوارە حسێن*

تاوانی ئەنفال یەکێکە لە قوڵترین جینۆسایدەکان، نەک بەتەنها لە مێژووی جینۆسایدی کورددا، بەڵکو لە مێژوو جینۆسایدەکانی دنیادا ئازارێکی قوڵ و برینێکی ساڕێژ نەبووە.

زاراوەی ئەنفال ناوی هەشتەمین سورەتی قورئانی پیرۆزە، قورئانی پیرۆز لە (١١٤) سەدو چواردە سورەت پێک هاتووە.  سورەتی ئەنفال لە (٧٥) حەفتاو پێنج ئایەت پێک دێت. ئەنفال لە زمانەوانیدا لە (نفل) وە هاتووە و بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (Spoils) و بە مانای دەست کەوت دێت.

(٢٧) بیست و حەت ساڵ لەمەوبەر حکومەتی بەعسی عێراقی بە پیلانێکی پێش وەختەو بەرنامە بۆ داڕێژراو لە پەلامارو پرۆسەیەکی بە ناو ئەنفالدا تاوانی جینۆسایدی لە دژی گەلی کورد لە باشوری کوردستان ئەنجامدا بە مەبەستی لە ناوبردنی نەتەوەی کورد. ئەو هەڵمەتە نەفرینلێکراوە کە لە هەشت قۆناخی جیاوازدا بو لە (٢٣/٢/١٩٨٨) دەستیپێکردو لە (٦/٩/١٩٨٨) کۆتایهات و لە قۆناغی سێیەم و لە بەرواری (١٤/٤/١٩٨٨) دا جینۆسایدەکە گەشتە لوتکەی نامرۆیانەو هۆڤانەی خۆی و بە جارێک چەند هەزار کوردێک لەیەک رۆژدا ئەنفالکران. لەو پرۆسەی جینۆسایدەدا (٤٧٣٢) گوندی باشوری کوردستان  وێرانکران و (١٨٢٠٠٠) هەزار کوردی بی گوناه لە ژنان، منداڵان و پیرەکان. لە ناوبران. ئەمە سەرەڕای سوتانی ڕەزو باخ و کوێرکردنەوەی کانیاو کارێزەکان و هەروەها لە پرۆسەی جینۆسایدی کورددا جگە لە کوشتن بە ڕێگا جیاوازەکان، کەرامەتی نەتەوەکەشیان شکاند و کچ و ژنە گەنجەکانیان بە یانە لەشکڕەکانی وڵاتانی عەرەبی فرۆشت، ئەوەش دەگمەن ڕویداوە لە مێژووی هیچ گروپێکی تری جینۆساید کراو، کە جگە لە جینۆساید کردنیان کار لەسەر شکاندنی کەرامەتیشیان بکەن و دەست درێژی بکەنە سەر ناموسیان. لە کتێبێکمدا کە ئێستا لە قۆناغی کۆتایدایە ئەوەم سەلماندووە کە جینۆسایدی کورد بەتایبەتی ئەنفال و هەڵەبجە قوڵترین جینۆسایدە، لە مێژووی جینۆسایدەکانی دنیادا.

پاش ئەوەی ئەو جینۆسایدە لەدژی نەتەوەی کورد ئەنجام درا لە ساڵی (١٩٨٨)، ئەرکی یاسایی و ئاکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە هەستایە بە پێک هێنانی دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ دادگایکردنی سەرانی ڕژێمەکەی سەدام. بەڵام بەرژەوەندییە یاسایی و سیاسی و ئابووریەکانی دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی (١٩٨٨) وایکرد کە ئەو بڕیارە دەرنەکرێت. یەکێک لە هۆکارە بەهێزەکانی پێک نەهێنانی ئەو دادگایە ئەوەبوو کە لە جینۆسایدی هەڵەبجەدا (١٩٦) کۆمپانیا لە (١٩) دەوڵەتی جیهانەوە چەکی کیمیاییان بە ڕژێمەکەی سەدام فرۆشتبوو ئەویش لە دژی کورد و بە تایبەت هەڵەبجە بەکاریهێنابوو. لە ناو ئەو دەوڵەتانەشدا (٧) حەوتیان ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بوون لە ساڵی (١٩٨٨) دا، ئەوانیش هەریەک: لە ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنسا وەک دەوڵەتانی هەمیشەی و هەروەها دەوڵەتانی: ئەڵمانیاو ئیتالیاو بەرازیل و ژاپۆن، وەک دەوڵەتانی ئەندامی نا هەمیشەی. ئەوەش هۆکارێکی دیار بوو کە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەرکە یاساییەکەی جێبەجێنەکات و هەڵنەستێت بە پێک هێنانی دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی، دەرچوونی بڕیاریش لە ئەنجومەنی ئاسایش پێویستی بە (٩) نۆ دەنگ هەیە لە کۆی (١٥) پانزە دەنگەکەی دەوڵەتە ئەندامەکانی و دەبێت هیچ کام لە دەوڵەتە هەمیشەییەکان بایکۆتی بڕیارەکە نەکەن ئەو کاتە دەردەچێت، بەڵام لەو کاتەدا ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی ئەندامی هەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایش نەیهێشت ئەو بڕیارە دەربچێت. هەربۆیە ساڵی (١٩٨٨) ئەو ساڵە بوو کە قوڵترین جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی جینۆسایدەکانی دنیا لە دژی باشووری کوردستان ئەنجام دراو نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگیان هەڵبژارد و لە بری ئەوەی ئەو ڕێکخراوە هەڵوەشێتەوە پێچەوانەکەی ڕویداو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی (١٩٨٨) ی پێبەخشرا.

پاش ڕوخاندنی حکومەتی بەعسی عێراق لە (٩/٤/٢٠٠٣) بە پێی یاسای ژمارە (١٠) ی ساڵی (٢٠٠٥) دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی پێکهات بۆ دادگایکردنی ئەو تاوانکارانەی کە لە نێوان (١٧/٧/١١٩٦٨) تاوەکو (١/٥/٢٠٠٣) چوار تاوانیان لە دژی گەلانی عێراقی ئەنجامداوە. ئەوانیش تاوانەکانی: (جینۆساید ماددەی ١١- تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ماددەی ١٢- تاوانەکانی جەنگ ماددەی ١٣- پێشێلکاری یاسا عێراقیەکان ماددەی ١٤).

کەیسی ئەنفال یەکێک بوو لەو کەیسانەی کە لەدادگا بە جینۆساید ناسێنرا.ئەویش پاش ئەوەی، کە یەکەم دادبینی لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق، لە ڕۆژی (٢١/٨/٢٠٠٦) بوو، پاش (٦١) شەست و یەک دانیشتن، دادگا لە (٢٤/٦/٢٠٠٧)، کەیسەکەی بە جینۆساید ناساند. لەگەڵ ناساندنی کەیسەکە بە جینۆساید و سزادانی چەندین تاوانکاری سەرانی ڕژێمی پێشوو، بڕیاری دەستگیرکردنی (٤٢٣) تۆمەتبار دەرچوو، کە (٢٥٨) یان کوردن و تا ئێستا تەسلیم بە دادگا نەکراون. لەو ناو ئەوانەدا هەندێکیان لە لایەن حیزبەکانی باشوری کوردستانەوە کار ئاسانییان بۆ کراو ڕەوانەی دەرەوە کوردستان کران و هەندێکی تریان لە ناو حیزبەکاندا جێگایان کرایەوە.

ئەوەی لەسەر حکومەتی ئێستای عێراق ئەرکەو دەبێت پێوەی پابەند بێت و جێبەجێی بکات قەرەبوکردنەوەی مادی، دەرونی و ژینگەی کەسوکارو ڕزگاربوانی ئەنفالکراوانە و دەڤەرەکانیانە. گرنگی ئەوەش لەوەدایە کە ئەو زیانە گەورانەی کە لە پرۆسەکانی ئەنفالدا بەر کورد کەوتون بە تێپەڕبونی کات بەسەر ناچێت و مافی قەرەبوکردنەوەی زیانەکان دەمێنێ، چونکە جینۆساید یەکێکە لە تاوانە نێودەوڵەتیەکان و تاوانی جینۆسایدیش لە پاڵ تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ بە تێپەڕبونی کات بەسەر ناچن. بۆ وەرگرتنی قەرەبوی شایستەی ئەو زیانانەی کە بەر کورد کەوتون لە پرۆسەکانی جینۆسایددا دەتوانرێت پشت بە ماددەی (١١٢) بڕگەی (١) ی  دەستووری هەمیشەی عێراق ببەسترێت، هەروەها دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی لە ماددەی (٢٢) دا دەڵێت: (کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی عێراقی بۆیان هەیە داوای شارستانی دژی تۆمەتباران تۆمار بکەن دەربارەی ئەو زیانانەی  کە لێیان کەوتووە بەهۆی ئەو کارانەی کە بە تاوان دادەنرێن بە پێی بڕیارەکانی ئەم یاسایە، وە پێویستە دادگا کێشەکان یەکلای بکاتەوە بەپێی یاسای بنەما دادبینیە سزاییەکانی ژمارە ٢٣ ی ساڵی ١٩٧١ و یاساکانی پەیوەندیدار). هەروەها کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی پرۆسەکانی ئەنفال دەتوانن بە گوێرەی هەردوو ماددەی (٢١٩ و ٢٣١) ی  یاسای شارستانی عێراقی ژمارە(٤٠) ی ساڵی (١٩٥١)  داوای قەرەبوکردنەوە بکەن لەدادگا شارستانیە عێراقیەکاندا.

ئەوەی دەمێنێتەوە بە نێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدی ئەنفالە. ئەمەش ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە ڕێگا جۆراوجۆرەکان بە تایبەت لە ڕێگای هاوکاریکردنی ئەو شارەزا کوردانەی کە لەبواری جینۆساید دا چەند ساڵێکە ماندو نەناسانە، لێبڕاوانە، دڵسۆزانەو خۆ نەویستانە  ڕاژە بەم پرسە دەکەن. هەروەها تەسلیم کردنەوەی ئەو تۆمەتبارانەی ئەنفال بە دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی و بەبێ تەسلیم کردنەوەی ئەوانە بەدادگا ناتوانرێت باس لە هاوبەشیکردنێکی ڕاستەقینەی ئازاری ئەنفالکراوان بکرێت.

بۆچوون