Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/05/02 20:14
نوسەر: جینۆسایدی کورد

دادگایکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال

پاداشتکردنی بەکرێگیراوانی جینۆساید و سزادانی دادوەر هاوژین حامید،

ئاوارە حسێن*

ماوەیەکە ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی کەسوکاری ڕزگاربوانی ئەنفال و کیمیاباران و چالاکوانانی بواری جینۆساید بە ‌قوڵی کار بۆ دەستگیرکردن و دادگایی کردنی تۆمەتبارانی ئەنفال و جینۆسایدی کورد دەکەن و جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی دەکەنەوە.

پرۆسەی ئەنفال وەک سامناکترین ھێرش و قوڵترین مێژووی جینۆسایدەکانی دنیا بە ھاوکاری کوردە بە کرێگیراوەکان ئەنجامدرا کە بەھەزارانیان لە ڕیزەکانی سوپای داگیرکەری ڕژێمی سەددامدا ڕاژەیان دەکرد. ئەو بە کرێگیراوانە لە فەرنگی کوردیدا بە جاش و مستەشار ناسراوون. و لە یاسای نێودەوڵەتیشدا بەپێی ماددەی ٤٧ ی پڕۆتۆکۆڵی یەکەمی ژنێڤ ی ٨-٦-١٩٧٧ بە بە کرێگیراو ناسراوون، کە لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی و بە ڕەزامەندی خۆیان ئەو بەکرێگیراویەتی و ناپاکییە ھەڵدەبژێرێن.

یەکەمین ڕۆژی دادبینی لە کەیسی ئەنفال لە ٢١-٨-٢٠٠٦ دەستیپێکرد و پاش٦١ دانیشتنی دادگا، دادگا لە ٢٤-٦-٢٠٠٧ کەیسی ئەنفالی بە جینۆساید ناساند و سزای بەسەر شەش تاوانباری سەرەکیدا سەپاند ئەوانیش ھەریەک لە (عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان ھاشم و حسەین ڕەشید تکریتی) بە لە سێدارە دان و ھەریەک لە (سابیر عەبدولعەزیز دوری و فەرحان موتلەگ ساڵح) بەزیندانیکردنی ھەتا ھەتای و ھەروەھا (تایەر تۆفیق ئەلعانی) بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرچوو. لە ھەمان ڕۆژ دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ٤٢٣ تۆمەتبار دەرکرد کە لە پرۆسەی ئەنفالدا بەشدار بون لە ناو ئەوانەشدا ٢٥٨ تۆمەتباریان کورد بوون کە بە موستەشارەکان ناسراوون. ئەو بەکرێگیراوانە تا ئێستا لە ناو ڕیزەکانی حیزبەکاندان و ھەندێکیان پۆستی حیزبی و حکومییان ھەیە، و هەندێکیشیان لە لایەن حیزبەکانی کوردستان و حکومەتی باشوورەوە ڕەوانەی دەرەوەی کوردستان کران لە ناو ئەو بەکرێگیراوانەدا ھەیە کە ڕیزو مافیان زیاترە لە کەسوکاری زیانلێکەوتوانی ئەنفال و جینۆسایدی کورد، ئەمەش ئازاری جینۆسایدی کوردی قوڵتر کردووەتەوە کە ئەوانەی لە پرۆسەکانی جینۆسایدکردنی ئەواندا بەشدار بون لە ئەمرۆی خاوەن حکومەتی خۆ بەڕێوەبەریدا نەک بە سزای یاسایی نەگەیەنراون بەڵکو ڕێزو ماف و ژیانی ئێستایان باشترە وەک لە سەردەمی بەعس و ژیانی بەکرێگیراوێتیان.

ئەو بیانوەی کە تا ھەنوکە بەدەست حیزبە کوردیەکانەوەیە بۆ ڕادەستنەکردنی ئەو تۆمەتبارە بەکرێگیراوانە، ئەوەیە کە ئەوان بەخشراون و بڕیاری لێبوردنیان بۆ دەرکراوە لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە، لە کاتێکدا نە بەرەی کوردستانی و نە ھیچ دەستگایەکی تر و هیچ دەسەڵاتێکی یاسادانان و دەسەڵاتێکی دادوەری لە سەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی ئەو مافەی نیە کە بیانبەخشێت و بڕیاری لێبوردنیان بۆ دەربکات. گەرچی ھەندێ دادوەری کورد بە زانیاریە ھەڵەو ھەژارەکانیانەوە دەڵێن ئەوە لە تایبەتمەندی پەڕلەمانە کە بڕیاری لێبوردن دەربکات، ئێمە بە بەڵگەی یاساییەوە ئەوەش ڕوندەکەینەوە کە ھیچ لێبوردنێک ئەو بەکرێگیراوانە ناگرێتەوە.

دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی بڕیاری دەستگیرکردنی ٢٥٨ تۆمەتبارە کوردە دەنێرێت بۆ وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەریمی کوردستان ئەویش دەینیرێت بۆئەنجومەنی وەزیران، لەوێشەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی دادوەریش لە ٥-٥-٢٠١١ داوا لە ھەرچوار دادگا تێھەڵچونەوەکانی ھەولێڕ، سلێمانی، دھۆک و گەرمیان دەکات کە ئەوانیش لای خۆیانەوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەربکەن. بەڵام تا ئێستا بڕیاری دەستگیرکردنیان لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە جێبەجێنەکراوە ھۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە نیەت و ویستێک نیە بۆ دەستگیرکردنیان ئەگینا ھێندە زەحمەت و مەحاڵ نیە.

دادگای باڵای تاوانکاری عێراقیش لە ماددەی ٢٤ دا کاری بە سزاکانی یاسای سزادانی عێراقی کردووەو چەند بڕیاری لە سێدارەدانی لە کەیسە مەترسیدارەکانی لەسەرەتای دامەزراندنی دادگاکەوە جێبەجێکردووە. ھەروەھا لە ماددەی ٢٧ی دادگای باڵای تاوانکاری عێراقیدا باسی جێبەجێکردنی بڕیارەکان کراوەو لە بڕگەی یەکەمی ماددەی ٢٧ ھاتووە ،،بڕیارەکانی ئەم دادگایە جێبەجێدەکرێن بەپێی یاسا،،. ھەروەھا لە بڕگەی دووەمدا ھاتووە ،،ھیچ لایەنێک بە سەرۆک کۆماریشەوە بۆی نییە بڕیاری لێبوردن دەربکات یان سزاکانی ئەم دادگایە سوک بکات، وە سزاکەش پێویستە لە دوای بەسەر چونی ماوەی (٣٠) ڕۆژ جێبەجێ بکرێت لە بەرواری وەرگرتنی بڕیارەکە بە پلەی کۆتای،،. ھەروەھا لە بڕگەی شەشەمی ماددەی ١٥ ی دادگاکەدا ھاتووە ،، بڕیارەکانی لێبوردنی پێش جێ بە جێ کردنی ئەم یاسایە ھیج یەکێک لەم تۆمەتبارانە ناگرێتەوە کە تۆمەتبار کراون بە ئەنجام دانی یەکێک لە لەم تاوانانەی لەم یاسایەدا، ئەو تاوانانەش بریتین لە: جینۆساید ماددەی ١١، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ماددەی ١٢، تاوانەکانی جەنگ ماددەی ١٣، پێشێلکاری یاسا عێراقیەکان ماددەی ١٤،،.

لە سەروی ئەمانەشەوە ماددەی ٧ ی ڕێککەوتننامەی بەربەندکردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکارانی کە لە ٩-١٢-١٩٤٨ دەرچووەو عێراقیش لە ٢٠-١-١٩٥٩وە ئەندامیەتی، دەڵێت ،،تاوانبارانی جینۆساید مافی وەرگرتنی پەنابەری مرۆی و سیاسیان نیە و جینۆساید وەک کەیسێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت و ئەنجامدەرانی ڕوبەڕوی سزای یاسای دەبنەوە.

لە ژێر ئەو ڕاستییە یاساییانەی سەرەوەدا، ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە کە لە سەر ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتیش ئەنجامدەرانی تاوانە نێودەوڵەتیەکان بە گشتی و بە تایبەت (جینۆساید) لە سزای یاسای ڕزگاریان نابێت و ھیچ دەوڵەتێکیش ناتوانێت داڵدەیان بدات و تاوانەکانیان وەک تاوانی سیاسی سەیر بکات و مافی پەنابەری سیاسی و مرۆییان پێ ببەخشێت. بۆیە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆی و یاسایی ھەمو و ئەو حیزب و لایەنانەیە کە ئەو تۆمەتبار و بەکرێگیراوانەی کە دادگا داوایان دەکات و لە ناو رێزەکانی ئەواندان ڕادەستی دادگای بکەن و بۆ ئەوەی لە دادگا تاوانباری و بیتاوانی ئەوانە یەکلای بکاتەوە، بەمە دەتوانن بە ڕاستگۆی بەشداری بکەن لە کەیسی بە جینۆساید ناساندن و بە نێودەوڵەتیکردنی ئەنفال و کەمردنەوەی بەشێک لەو ئازارەقوڵەی کە لە ھزر و ھەست و ڕۆح و ھەناوی ھەمو کوردیکی بە ھەست و ڕزگاربوانی ئەنفال بە تایبەتی دروست بووە.. بەبێ ئەمە ھەر قسەکردنێک لەسەر ڕاژە کردن بە کەسوکاری قوربانیان و ئەنفال و بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسەکەی لەلایەن ئەو حیزبە کوردیانەوە کە تاھەنوکە ئەو تۆمەتبارانەیانە پەنا داوە درۆ و دیماگۆژیەتێکی مەزنە.

ئەوەی دادوەر هاوژین حامید کردوویەتی هەستان بووە بەو ئەرکە یاساییەی کە یاسا خستویەتیە ئەستۆی و پابەندبوون بووە بەو سوێندە یاساییەی کە لەکاتی بەدادوەر بوونیدا خواردوویەتی، دادوەر هاوژین ڕاستگۆترین ئەو دادوەر و مرۆڤە مەزن و جوانانەیە کە بووە بە سیمبولی شانازی نەتەوەیەکی جینۆساید کراو.

دادوەری بەرز و یاسا پەروەر، سەربەرز بە، لە وڵاتێکدا تاوانکارانی جەنگ فەرمانڕەوای بکەن چارەنووسی کەسانی یاسایی دورخستنەوە و بایکۆت کردن و تۆمەت خستنە پاڵیانە.

بەڵێنت پێدەدەم بە هەموو هەست و هێز و هزری یاسایی خۆمەوە لە گەڵتم لە هەرکوێیەک بیت، سەربەرز بیت بۆ هەمیشە، گەرچی ئەمڕۆ لایەنگرانی هەقیقەت و یاسا کەمن، بەڵام بەوە گەشبین بە کە لە کۆتایدا هەقیقەت و یاسای گەوهەرانە سەردەکەوێت.

ئاوارە حسێن

مامۆستای جینۆسایدی کورد و یاسای نێودەوڵەتی- زانکۆی هەڵەبجە.

بۆچوون