Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/09/07 9:51
نوسەر: جینۆسایدی کورد

داعش: سەلەفیزمی چەکدار

نووسینی: مەریوان وريا قانع

سەرەتا

چۆن سەیری داعش بكەین؟ بەچ شێوەیەک لەبزوتنەوەیەک تێبگەین کە پەنجەیەکی لەحەڵەب‌و پەنجەیەکی لەموسڵ‌و پەنجەیەکی لەشیشان‌و یەکێکی تری لەلەندەن‌و ئەویتری لەئەمه‌ریکاو ئەڵمانیاو بەلجیکاو فەرەنسەیە.ئەم جانەوەرە فرەدەموچاوە چۆن بناسین‌و شیبکەینەوە؟ ئەم خەڵکە جیاوازانە کێن‌و چ جۆرە تاکەکەسێکن؟ چین ئەو شتانەی بەیەکەوە کۆیاندەکاتەوەو وایلێکردون هەر ڕۆژەی لەشوێنێکی دونیادا دەربکەون؟ ئەم هێزە چ وێنەیەکی بۆ خۆی‌و بۆ دین‌و بۆ دونیا هەیە؟

لەئەدەبیاتی تیوری ناو زانستە کۆمەڵایەتیی‌و سیاسییەکاندا هێزگەلی وەک داعش‌وهاوشێوەکانی لەژێر ناوی ”سەلەفیزمی چەکدار“ یان ”سەلەفیزمی جیهادی“یدا کۆکراونەتەوە. لەکۆتایی ساڵانی هەفتاوە تا ئێستا بەسەدان کتێب‌و بەهەزاران وتاری زانستییانە لەسەر سەلەفیزمی جیهادیی نوسراوە. ئەم نوسینە گەڕاندنەوەیە بۆ هەندێک لەتێزە سەرەکییەکانی ناو ئەو ئەدەبیاتە گەورەیە. بەڵام بەر لەباسکردنی بڕێک لەو تێزانە با سەرەتا مانای چەمکەکان بەوردی دەستنیشان بکەین‌و بزانین باسی چی‌و کام دیاردە دەکەین.

سەلەفیەت چییە؟

وەک زۆرێک لەدیاردەکانی تری ناو دونیای کۆمەڵایەتیی سەلەفیه‌تیش دیاردەیەکی ئاڵۆزو فرەشێوەیە، بەڵام دەکرێت سەلەفیزم وەک ئایدیۆلۆژیا مامەڵە بکەین، ئایدیۆلۆژیایەک پێیوایە ئیسلام وەک دین لەمڕۆدا گۆڕانکاریی زۆر، کە ئەوان پێیدەڵێن  ”بیدعە“، وێرانیکردوەو دوریخستۆتەوە لەو ”ئیسلامە پاکژە“ی لەسەرەتای ئیسلامدا ئامادە بوە. بۆیە بونیادنانەوەی ئەو ئیسلامە ”ڕەسەن“ە لەڕێگای گەڕاندنەوە بۆ ئیسلامی سەرەتایی، بۆ سەلەفی ساڵح، بەئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان ئەزانن. بەمانایەکی دیکە پرۆژەی سەلەفیەت پرۆژەی ”بەئیسلامیکردنەوە“ی کۆمەڵگایە بەو تێگەیشتنەوەی کە ئەوان بۆ ئیسلامیان هەیە.

بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەم ستراتیژە هەیانە جیهادیی‌و توندوتیژییەو پێیوایە لەڕێگای پەنابردن بۆ توندوتیژییەوە دەکرێت ئەم مەسەلەیە ئەنجامبدرێت‌و ئامانجیشیان ئەوەیە سەرجەمی سیستەم سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕن، هەیانە هەمو بەشدارییەکی سیاسیی بەکوفرو لادان لەدین دەزانێت‌و دەرهێنانی دین لەدەستی سیاسەت بەڕێگای ڕاستەقینە دەزانێت، بەڵام هەشیانە هەمو ڕەخنەگرتن‌و ناڕەزایی دەربڕین و یاخیبونێک لەدەسەڵات‌و دەسەڵاتداران، کە ئەوان بە ”وەلی ئەمر“ ناوی دەبەن، وەک لادان لەدین دەبینن.

لەدەرەوەی ئەم جیاوازییانەدا سەلەفیەت شێوازێکی تایبەتی دیندارییە کە گوتارێکی تایبەتی دەربارەی دین‌و خوداناسیی‌و ئەخلاق‌و یاسا هەیە.”گەڕاندنەوە بۆ سەلەفی ساڵح“، بۆ ”تێکستە بنەڕەتییەکانی ئیسلام“ کە لای ئەمانە ”قورئان“و ”گوتراوەکانی پێغەمبەر“ەو ڕێکخستنی ژیان بەپێی خواستی ئەو تێکستەو لاساییکردنەوەی ئەو سەلەفانە خاڵی بنەڕەتی ناو ئەم گوتارە دینییەیە. ئەمە جگە لەگەڕانەوە بۆ هەندێک تقوس‌و سروتی دینیی، شێوازی هەڵسوکەوت‌و جۆرە ئەخلاقێک کە دەدرێتە پاڵ ئەو سەلەفە ساڵحە، کە زۆرجار نەوەی یەکەمی یاوەرانی پێغەمبەرن. سەلەفیەت بەشێکە لەئیسلامی سوننیی، سەلەفیی شیعی بونی نییە، ئەمەش گوایە ئیسلامێکە دور لەهەمو جۆرە تازەکردنەوەیەک کە ئەوان بە ”بیدعە“ ناوی دەبەن.

سەلەفیەتی جاران‌و سەلەفیەتی ئێستا

مێژوی دروستبونی سەلەفیەت وەک بزوتنەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم لای کەسانێکی وەک جەمالەدینی ئەفگانیی‌و محه‌مەد عەبدە، بەڵام بێگومان سەلەفیەتی ئەم دو کەسە لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا تەواو جیاوازە لەسەلەفیەتی ئەمڕۆ. سەلەفیەتی ئێستا نەک تەنها دیندارییەکی داخراوترو کۆنەپارێزترو شکڵیترە، بەڵکو سەرچاوەی ئیلهام‌و بەشێکی زۆری توانا مادییەکانیشی لەسعودیەوە دێت‌و وەهابیزمی سعودیی ژێرخانە دینیی‌و فیکرییەکەی دەستنیشان دەکات. سەلەفیەتی ئەفگانی‌و محەمەد عەبدە لەدیالۆگێکی کراوەدا بو لەگەڵ زانست‌و پێدراوە جیاوازەکانی مۆدێرنەداو ئاکارێکی ڕۆشنبیرییانەی هەبو، لای ئەوان دین ئەلتەرناتیڤی زانست‌و پێشکەوتن‌و گەشەکردن‌و عەقڵانیەت نەبو، لەکاتێکدا سەلەفیەتی ئێستا، هیچ یەکێک لەو ئاکارانەی تێدا نییەو گەڕانەوەیەکی زۆر داخراوو دۆگماییانەیە بۆ چەند تێکستێكی کەم‌و بۆ کۆمەڵێک عوله‌مای کەلامی حەنبەلیی‌و کردنی ئەمانەش بەئەلتەرناتیڤی هەمو پێدراوە گرنگەکانی دونیای مۆدێرن. ئاکاری سەرەکیی ئەم گەڕاندنەوەیە خوێندنەوەیەکی حەرفیی‌و بێ قوڵایی تێکستە دینییەکان‌و لاساییکردنەوەیەکی تەواوی هەڵسوکەوت‌و شێوەژیان‌و بیرکردنەوەی ئەوانەیە کە ناوی سەلەفی ساڵحی لێدەنێن.کۆمەڵناسی ئینگلیزی جیل کەپێڵ کە لەسەرەتای ساڵانی هەشتادا دەست بەلێکۆڵینەوەی دیاردەی سەلەفیەت دەکات، هەمو دیاردەکە وەک دیاردەیەکی دینی ناسیاسیی‌و ناتوندوتیژ دەبینێت، بەڵام لەناوەڕاستی نەوەدەکاندا هەست بەگۆڕانی سەلەفیزم بۆ دیاردەیەکی جیهادیی گلۆباڵی دەکات‌و بەیەکێک لەدیاردە ترسناکەکانی ناودەبات.

سەلەفیزمی جیهادیی      

ڕەگەکانی سەلەفیەتی جیهادیی چەکدار دەگەڕێتەوە بۆ گروپگەلێکی وەک ”ئەلتەکفیر وەئەلهیجرە“و ”ئەلجەماعە ئەلئیسلامییە“ی میسر کە لەساڵانی ١٩٧٠دا لەمیسردا دروستدەبن، لەناو ئەم گروپانەو لەدەرەوەی ئەوانیشدا گروپێکی دیکە دروست دەبێت کە ڕادیکاڵترو داخراوترن. ئەوەی ئەلجەماعە ئەلئیسلامییە دروستدەکات گەنجێکی سەروی بیست ساڵی مسیرییە کە خوێندن‌و فێربونی لەوڵاتی سعودیە تەواوکردوەو لەژێر کاریگەریی وەهابیزمی سعودییدا بزوتنەوەی سەلەفیی مسیریی دروست دەکات. ئەم جۆرە سەلەفیەتە سەرچاوە فیکرییەکانی خۆیان دەبه‌نەوە سەر ئیبن ته‌یمیەو ئیبن قەیوم‌و محەمەدی کوڕی ئیبن عەبدولوەهاب. لەدونیای هاوچەرخیشدا بۆ هەندێک لەبۆچونە ڕادیکاڵەکانی سەید قوتب دەگەڕێنەوە. تەکفیکردنی کۆمەڵگاو بەکارهێنانی توندوتیژیی وەک ئامرازی سەرەکیی پیادەکردنی گۆڕانکاریی سیاسیی‌و ئایدیۆلۆژیی ئەو خاڵەیە کە ئەم سەلەفییە چەکدارانە لەسەرجەمی بزوتنەوە ئیسلامییەکانی تر جیادەکاتەوە. یەکێک لەپێگە ئایدیۆلۆژییە سەرەکییەکانی سەلەفیەتی جیهادیزم خۆجیاکردنەوەیە لەبزوتنەوەی ئیخوانی موسلیمین‌و ڕازینەبونیانە بەو هێڵە سیاسییەی ئیخوانەکان پیادەی دەکەن. دوژمنی ڕاستەوخۆی ئەم گروپە سەلەفییە جیهادییانە، لەناوخۆدا حکومەتەکانە، بەڵام دواتر گەشە دەکات بۆ پەلاماردانی هەمو کۆمەڵگاو ئینجا دوای ئەوە هەمو دونیا. لەمەشدا بەشی هەرە زۆری کاری گروپە سەلەفییە جیهادییەکان دژ بەموسڵمانەکانی ترە، شارەزایانی بواری تاکتیکی خۆتەقاندنەوە، ئەوەی خۆیان پێیدەڵێن عەمەلیاتی ئیستیشهادیی، لەوەمان ئاگاداردەکەنەوە کە بەشی هەرە زۆری کردەی خۆتەقاندنەوەکان دژی موسڵمانانی تر بون، تەنانەت دژ بەهەمو ئەوانەش کە چەکدار نین، وەک منداڵ‌و ژن‌و پیرو پەککەوتە. لای ئەم سەلەفییە جیهادییانە هەمو ئەوانەی وەک ئەوان نین، یان کافرن، یان دینیان دۆڕاندوە، یاخود ناپاک‌و خائینن‌و دەستیان لەناو دەستی شەیتاندایە. ئەم جۆرە بزوتنەوانە ڕوانینێکی ئایدیۆلۆژیی ترسناک بەرامبەر بەدین گەشەپێئەدەن‌و وەک شارەزایەکی بواری ئەم بزوتنەوانە دەڵێت ”ئەو سێ ناشێ‌و یاساغکردنە سەرەکییەی لەئیسلامدا هەیە، بەتەواوی پشتگوێ دەخەن:  ناشێی کوشتن، ناشێی خۆکوشتن‌و ناشێی کوشتنی کەسانی مەدەنیی“.ئەمەش لەڕێگای دروستکردنی کەلەپورێکی فیکریی‌و تیورییەوە کە هەر سێ ناشێکە پێچەوانە دەکاتەوەو لەناشێوە دەیناگۆڕێت بەئەرک‌و واجب.نیشاندانی جینالۆجیای دروستبونی ئەو شێوازە لەبیرکردنەوە، گەرچی کارێکی گرنگە، بەڵام دەکەوێتە دەرەوەی مەبەستەکانی ئەم نوسینەوە.

سەلەفیزمی جیهادیی وەک دیاردەیەکی گلۆباڵ

خاڵێک گرنگە لێرەدا جەغتی لێبکەین ئەو ڕاستییەیە کە سەلەفیەتی جیهادیی هەر لەسەرەتاوە ڕەهەندێکی نێونەتەوەیی ترانس ناسیۆنالی گرنگی هەبوە، چ لەو شەڕانەدا کە لەئەفگانستاندا دژ بەسۆڤیەت بەرپاکران، چ لەوانەدا کە دواتر بەرامبەر بەئەمه‌ریکا خۆی ئەنجامدران، تا بەوانەش دەگات کە دژ بەدەوڵەتەکانی تری وەک پاکستان‌و عێراقی دوای کەوتنی سەدام‌و سوریای بەشار ئەسەد، ئەنجامدران‌و ئەنجامئەدرێن. لەئێستاشداو لای هێزێکی وەک داعش ئەم ڕەهەندە ترانس ناسیۆنالییە زۆر گرنگتر بوەو لەهەمو کاتیش زیاتر بەرچاوترە. جیهادی بەگلۆباڵ بو ئەمڕۆکە دیاردەیەکی بەهێزەو لەوانەیە داعش خۆشی لەهەمو بزوتنەوە سەلەفییە جیهادییەکانی تر گلۆباڵترو توندڕەوتر بێت.لەڕاستیدا بەهێزی ئەم ڕەهەندە جیهانیی‌و ترانس ناسیۆنالییە یەکێکە لەو خاڵانەی کە دەشێت داعش تەنانەت لەهێزێکی وەک ئەلقاعیدەش جیابکاتەوە. بەشێکی گرنگی بەشداربوانی ئەم بزوتنەوە سەلەفییە جیهادییە منداڵانی نەوەی دوهەم‌و نەوەی سێهەمی ئەو کۆچبەرانەن کە لەوڵاتانی خۆرئاوادا لەدایکبون‌و لەو وڵاتانەدا چونەتە بەر خوێندن‌و لەووڵاتانەشدا گەورە بون، یانی ئەمانە منداڵی کۆمەڵگا ئەوروپییەکانن‌و زۆربەشیان وڵاتێکی ئیسلامی، تەنانەت رەنگە وڵاتی باوک‌و دایکی خۆشیان، تەنها لەوێنەدا بینیبێت. هەندێکی تر لەئەندامانی ئەم گروپە جیهادییە جیهانییانە ئەو ئەوروپیی‌و ئەمه‌ریکییە گەنجانەن کە وازیان لەدین یان بێدینیی خۆیان هێناوەو بون بەئیسلام. گروپی سێهەمیش ئەو کەسانەن کە ڕاستەوخۆ له‌خۆرئاوادا لەدایک یان گەورە نەبون، بەڵکو یان بۆ ئیش یان بۆ خوێندن یان وەک پەناهەندە چونەتە وڵاتێک لەوڵاتەکانی خۆرئاوا. دواتر دەگەڕێمەوە سەر گرنگیی ئەم ڕەهەندە جیهانیی‌و گلۆباڵییە لەنەخشناندنی جیهانبینی هێزێکی وەک داعشدا.

حیکایەتی گەورەی چەوساندنەوە

هیچ بزوتنەوەیەکی سەلەفی جیهادیی بونی نییە بەبێ بونی ”حیکایەتێکی گەورە“ کە ڕۆڵی ئەو چوارچێوە سەرەکیییەو ئەو جیهانبینییە دەبینێت، کە بنەمای تەفسیرکردنی هەمو ڕوداوە سیاسییەکانی دونیا پێکدەهێنێت، کە ئەرکی جیهادییەکان وەک تاکەکەس دەستنیشاندەکات‌و ڕەهەندێکی ئەخلاقیی‌و شۆڕشگێڕانەش بەهەڵسوکەوتەکانیان دەبەخشێت. ئەو حیکایەتە گەورەیەش، وەک نوسەرێک دەڵێت، بریتییە لە”حیکایەتیی ئازارو پەژارەی بێوێنەی ئومەی ئیسلامیی لەدونیای ئەمڕۆدا“.ئازارێک کە بەپلەی یەکەم خۆرئاوا لێیبەرپرسیارە ئینجا ئەو حاکم‌و دەوڵەتە “ئیسلامی“یانەی کە لەسێبەری سیاسەتەکانی خۆرئاوادا کاردەکەن، ئینجا هەمو ئەو موسڵمانانەی کە وەک ئەو گروپە جیهادییە بیرناکەنەوە. لەم حیکایەتەدا ئومەیەکی دینی هەیە گوایە بەردەوام ئازارئەدرێت‌و ئیهانە دەکرێت‌و کەرامەتی دەشکێنرێت. چەمکی ”ئومە“ لەخەیاڵی سیاسیی ئەم گروپانەدا چەمکێکی سنێتراڵەو وێناکردنی وەک یەکەیەکی بان سنوریی‌و بان کولتوریی‌و بان نەتەوەیی ئەو پاڵنەرەیە کە کەسە جیاوازەکانی بەشە جیاوازەکانی دونیا بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. ئەوەی دەستنیشانی ناوەرۆک‌و پێکهاتی ئەم ئومەیە دەکات کولتورو شوێن‌و نەتەوەو گروپی ئەتنیی نییە، بەڵکو ئینتیمایەکی دینیی جیهانییە.ئەوەی شوێنی سەرنجە وێنەی ئەم ئومەیە لای گروپێکی وەک داعش وێنەیەکی تایبەتی پڕ کێشەیە. ئەو ئومەیەی داعش وێناو نمایشی دەکات، نەک تەنها ئومەیەکی داخراوە، بەڵکو گروپێکی بچوکە شوێنی بەشی هەرە زۆری موسڵمانانی دونیای تێدا نابێتەوە، لەوانەش موسڵمانە شیعەکان، سوفییەکان، فەیلەسوفان‌و شاعیران‌و نوسەرانی ئیسلام، هەمو ئەو موسڵمان‌و دیندارە عەلمانیی‌و دونیاییانەی کە دین وەک بەشێک لەپەیوەندیی ناوەکیی خۆیان بەخوداوە دەبینن. ئەم ئومەیە کە هێزێکی وەک داعش وێنای دەکات، ئومەیەکە یەک ڕوانینی بۆ دین هەیە ئەویش ڕوانینی داعش خۆیەتی، یەک ئەخلاقی دینی تێدایە ئەویش ئەخلاقی دینی داعشە. ئومە لای ئەم جۆرە هێزانە ئەو کەسانەیە کە وەک خۆیان دژ بەبەشێکی گەورەی دونیای ئەمڕۆ لەجەنگدان‌و بەشی هەرە زۆری مرۆڤەکانی سەر زەوی بەکافرو شایستەی کوشتن‌و سەربڕین دەزانن. بێگومان فیکرەی ئومە شتێک نییە سەلەفییەکان دایانهێنابێت، بەڵکو لەبنەڕەتدا جەستەیەکی دینییەو ئیسلام وەک دین لەسەرەتای سەرەتاکانییەوە باوەڕی پێیەتی. بەڵام ئومە لەتێگەیشتنە ئیسلامییە سەرەتاییەکەدا لەشێکی ڕەمزییە کە موسڵمانانی هەمو شوێنێک لەناو خۆیدا کۆدەکاتەوە، ئەم لەشە ڕوبەرێکی هاوبەشە لەنێوان موسڵمانەکانداو لەهەمو ئەو جیاوازییانەش گەورەترە کە دەشێت موسڵمانێک لەویتر دوربخاتەوە. وەک دەبینین ئەم ڕوانینە بۆ ئومە تەواو جیاوازە لەڕوانینی گروپە سەلەفییەکان بەگشتیی‌و سەلەفییە چەکدارەکان بەتایبەتی. ئومە لەتێگەیشتنە سەرەتاییەکەدا شوێنێکە بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان بەیەکەوە، لەدوهەمیاندا شوێنێکە بۆ کوشتن‌و سەربڕینی جیاوازیی، لەیەکەمدا ئامرازێکە بۆ لێکنزیکبونەوە، لەدوهەمدا ئامرازێکە بۆ بەرپاکردنی جەنگ.

بەرگریی نەک هێرش

دروستکردنی وێنەی موسڵمان‌و وێنەی ئیسلام وەک قوربانیی، وەک غەدرلێکراوێکی گلۆباڵیی، وەک بونەوەرێک هێزە گەورەکانی دونیا دژایەتی دەکەن‌و پەلاماری ئەدەن، مەسەلەیەکی زۆر سەرەکییە لەخەیاڵی سیاسیی ئەم گروپە جیهادییانەدا. وەک چۆن لەمارکسیزمدا کاپیتالیزم لەهەمو شوێنێکی دونیادا ئامادەیەو لەناو هەمو بستێکی ئەو دونیایەشدا ململانێیەکی گەردونیی لەنێوان بۆرژوازییەت‌و پرۆلیتاریادا ئامادەیە، بەهەمانشێوە لای سەلەفییە چەکدارەکانیش هەمان ململانێی گەردونیی لەهەمو کون‌و قوژبنێکی دونیادا ئامادەیە، بەڵام لەباتی ئەوەی لەنێوان چینەکاندا ئامادەبێت، لەنێوان ئیسلام‌و دەرەوەی ئیسلامدا ئامادەیە. لەهەمو ڕویەکەوە جەنگی دژ بەئیسلام لەم فانتازیا سیاسییەدا جەنگێکی گەردونییە. ئەم ململانێ گەردونییەش ململانێیەکی نایەکسانە، هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم نایەکسانییە ئەو چوارچێوەیەیە کە ئەم جۆرە گروپانە بەهۆیەوە سەیری کێشەو مەسەلە سەرەکییەکانی دونیا دەکەن‌و هەڵوێستی بەرامبەر وەردەگرن.

لەزۆر ڕوەوە لۆژیکی جوڵەی ئەم هێزە داعشییانە ئەوە نییە کە بڵێت من دێم بۆ ئەوەی شوناسەکانی تر لەناوببەم‌و ئەمەی خۆمی بەسەردا بسەپێنم، یان بڵێت پێویستە شوناسی من تەنها شوناسێکی ناو دونیا بێت، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەم هێزە جیهادییە گلۆباڵییانە دەجوڵێنێت، هەستکردنە بەوەی ئەو شوناسەی کە هەیانە، ئەو ئومەیەی کە تەماهییان لەگەڵدا کردوە، لەهەمو لایەکەوە پەلامارئەدرێت‌و لەهەمو ئاراستەیەکەوە لەژێر فشارو پاڵەپەستۆو پلان‌و کردەی لەناوبردندایە. بەمانایەکی دیکە لۆژیکی ئەم هێزە سەلەفییە جیهادییانە، بەشێوەیەکی گشتیی، لۆژیکی هێرشکردن نییە، بەڵکو لۆژیکی بەرگرییە، دامەزراندنی شتێکی کۆنکریت‌و قابیلی ژیان نییە، بەڵکو تۆڵەکردنەوەیە، سیاسەتکردن نییە بەڵکو کردە یان ئەکشنێکی ڕوتە. ئەوەی ئەوان دەجوڵێنێت بەرگریکردنە لەشوناسێک‌و تۆڵەکردنەوەیە بۆ شوناسێک، کە لەجیهانبینی ئەواندا لەبەردەم هێرش‌و پەلاماردانی بەردەوامدایە. بەڵام بێگومان لەکوێدا بتوانن‌و بۆیانبکرێت ئەو شوناسەی کە وێنای دەکەن لەڕێگای توندوتیژیی‌و فشارو کوشتن‌و بڕینەوە بەسەر هەمواندا دەسەپێنن.

ئەم هێزە جیهادییانە، لەهەمو ئەو ساتانەدا کە باس لەسەپاندنی شوناسی خۆیان بەسەر دونیادا دەکەن، دەبنە مایەی پێکەنین‌و ئەوەی دەیڵێن دەبێتە کۆمیدیایەکی بێلەزەت. نمونەی ئەم جۆرە کۆمیدیا گەوجانەش لەوەدا دەردەکەوێت کاتێک داعش باس لەوە دەکات کە ئاڵاکەیان لەسەر کۆشکی سپی هەڵدەکەن‌و ئەمه‌ریکا دەگرن‌و شوناسی خۆیانی بەسەردا دەسەپێنن. بەکورتی ئەم هێزانە پەلامارێکی گلۆباڵیی بۆ سەر ئیسلام دەبینن‌و دەیانەوێت بەشداربن لەبەگژاچونەوەی ئەم پەلامارە گلۆباڵییەدا. وەک دو شارەزای بواری لێکۆڵینەوەی گروپە سەلەفییە چەکدارەکان دەنوسن باشترین شتێک یارمەتیمان بدات بۆ تێگەیشتنی هێزە سەلەفییە چەکدارەکان ئەوەیە وەک ”کردەیەکی دیفاعیی بیبینین بۆ پاراستنی ئیسلام بەرابەر دەستدرێژکردن‌و پەلامارو تەجاوزکردنی دونیای دەرەکی بەرامبەر بەئیسلام”.

پەژارە وەک بەهانە

لای ئەم هێزە سەلەفییە جیهادییانە ئازارو پەژارەی ئیسلام تا ئەو شوێنە مانای هەیەو تا ئەو شوێنە بەکەڵک دێت، کە ببن بەبەهانەیەک بۆ ئەوان بۆ ئەوەی جیهادی چەکداریی بکەن، بچنە جەنگەوە، لەڕێگای توندوتیژییەوە بەگژ دونیادا بچنەوە، بکوژن‌و ببڕن، ببن بەسەردێڕی هەواڵەکان‌و دونیا لێیانبترسێت. ترساندنی دونیا بەشێکی گرنگی ئاکارو بیرکردنەوەی ئەم هێزانەیە. مەسەلەکەشیان پەیوەندی بەکەمکردنەوەی ئازارو پەژارەکانی ئیسلام‌و موسڵمانەکانەوە نییە، بێگومان ئەگەر ڕاستبێت شتێک هەبێت ناوی پەژارەو ئازاری ئیسلام بێت، چونکە ئەوەی ئەوان ئەنجامی ئەدەن چەندان جار ئەو ئازارو پەژارەیە بەهێزترو گەورەترو فراوانتر دەکات. ئەوەی بۆ ئەم گروپە جیهادییانە گرنگە گۆڕینی ئەم ئازارو پەژارە دروستکراوو وێناکراوە نییە لەواقیعی ژیانی کۆمەڵگاکاندا، بەڵکو گۆڕینی ئەم پەژارەیەیە بەئامرازێک بۆ بەخشینی شەرعیەت بەبونی خۆیان وەک هێزێکی جیهادیی گلۆباڵیی، بۆ جەنگ لەگەڵ هەموان‌و دژ بەهەموان.

لەئوسامە بنلادنەوە بۆ ئەیمەن ئەلزەواهیریی، لەزەرقاوییەوەو ئەلبەغدادی، هەمویان باوەڕیان بەوەیە کە ئیسلام لەبەردەم هێرشێکی ئەمه‌ریکیی، سەلیبیی، خۆرئاوایی، زایۆنیستیدایە، پێشیانوایە جیهادی سەربازیی توندوتیژ تاقە کاردانەوەو وەڵامێکی رەوای شەرعی‌و دینیی‌و سیاسیی‌و ئەخلاقییە بەڕوی ئەم هێرشەدا. ئەم بۆچونانە مانای ئەوە نییە کە دروستبونی ئەم جۆرە گروپانە تەنها کاردانەوەیە بەڕوی خۆرئاوادا، یان کاردانەوەیە بەڕوی سیاسەتی دەرەوەی زۆرێک لەوڵاتە خۆرئاواییەکاندا. ئەم جۆرە لێکدانەوەیە تەنها دیوێکی تێگەیشتنە لەم گروپە سەلەفییە جیهادییانە، بۆ ئەوەی لەم گروپانە تێبگەین پێویستە کورتیاننەکەینەوە بۆ کاردانەوە بەرامبەر بەخۆرئاوا، بەتایبەتی بەرامبەر بەسیاسەتی خۆرئاوا لەدونیای ئیسلامدا. مەسەلەکە تەنها پەیوەست نییە بەکاردانەوەوە بەرامبەر بەخۆرئاوا، بەڵکو پەیوەستە بەدروستبونی ڕوانینێکی ئایدیۆلۆژیی تایبەتەوە کە دونیا بۆ دو بلۆکی گەورەی دژبەیەک دابەش دەکات‌و لەنێوان ئەو دو بلۆکەشدا جەنگێکی گەورەو بەزۆر مانا ئەبەدی ده‌بینێت. پەیوەستە بەئامادەگیی تۆڕێک بۆچون‌و وێنەو زمان‌و بەرخوردەوە کە جەنگکردن لەگەڵ دونیادا بەتاکە ڕێگای گۆڕینی ئەو دونیایە دەزانن. لەم ئایدیۆلۆژیا سەلەفییە شۆڕشگێڕەدا خۆرئاواو ئیسلام، یاخود خۆرئاواو خۆرهەڵات، وەک دو یەکەی هاوشێوە، بەڵام لەیەکدابڕاوو دژبەیەک‌و نەگونجاو تا ئاستی دوژمنایەتیکردنێکی بەردەوام، نمایش دەکرێت. لێرەدا جەوهەری خۆرئاوا لەجەوهەری خۆرهەڵات جیاوازەو ئیسلام‌و سیستمە سیاسییەکانی خۆرئاوا بەیەکەوە کۆنابنەوە. درستبونی ئەم ئایدیۆلۆژیایە رەوتێکی مێژویی تایبەتی لەپشتەوەیە کە کۆڵۆنیالیزم‌و بزوتنەوەی دژە-کۆڵۆنیاڵیزم‌و درستبونی دەوڵەتی دەسەڵاتگەریی پۆست کۆڵۆنیالیزم‌و بڵاوبونەوەی ناسیۆنالیزمی ئەتنیی‌و دینیی‌و کولتوریی‌و سەرلەنوێ بەهێزبونەوەی تائیفیەتی دینیی لەپشتەوەیە، ئەمە جگە لەئامادەگی بڕێکی زۆری ئەو ئایدیۆلۆژیا ڕاستڕەوو چەپڕەوانەی کە گاڵتەکردن بەدیموکراسیەت‌و پلورالیزمی سیاسیی‌و مافەکانی مرۆڤ‌و لیبرالیزم ئاراستەیان دەکات‌و هەمویان وەک بەشێک لەئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی ساختەو وەک بەرگریی لەکاپیتالیزم نیشان ئەدات.

ڕادیکالیزمی سەلەفیەتی دینی‌و ڕادیکالیزمی چەپگەرایی شۆڕشگێڕ زۆر شتی هاوبەشاین هەیە‌و زیاد لەخاڵێک بەیەکەوە کۆیاندەکاتەوە. هاوکات ئەم جۆرە گروپە جیهادییانە دیدێکیان بۆ سیاسەتکردن گەشەپێداوە کە یەکسانیکردوە بەجەنگێکی بێکۆتایی لەنێوان ئیمان‌و کوفرو باش‌و خراپ‌و ڕاست‌و هەڵەو پاک‌و پیسدا. ئەمە جگە لەتێگەیشتنێکی زۆر تایبەت بۆ دین کە لەپەرەگرافی داهاتودا لەسەری دەوەستین.

ڕوانین بۆ دین

دین یەکێکە لەهۆکارەکانی دروستبونی سەله‌فیزمی چەکدار، ناکرێت ڕۆڵی ئیسلام وەک دین‌و وەک هۆکارێکی گرنگ لەدروستبونی ئەم هێزانەدا نەبینین. بۆیە یەکێک لەو ئامرازانەی دەشێت ئەم شێوە بزوتنەوانەی پێ لێکبدەینەوە دینە، لەدۆخی هێزێکی وەک داعشیشدا ئیسلامە. بەڵام دین بەچ مانایەک؟ کام دین؟ کام ڕوانین‌و لێکدانەوە بۆ دین؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بەشێوەیەکی کۆنکریتیی ئەرکێکی فیکریی گرنگە، هەنگاوی یەکەمیش وازهێنانە لەوەی دین وەک جەوهەرو کرۆکێکی نەگۆڕ ببینین‌و مامەڵە بکەین، یان دین بگۆڕین بۆ ”شت“ێکی چەسپاوو هەمیشەیی نەگۆڕ، ئەوەی بەئینگلیزیی پێیدەڵێن  reifiecation. لەباتی ئەمانە پێویستمان بەگەشەدان بەڕوانینێک هەیە دینە وەک جۆرێک ڕوانین‌و وەک جۆرێک لەکولتور لەناو رەوت‌و دۆخێکی مێژویی تایبەتدا ببینێت کە دەشێت بگۆڕێت، هەروەها ئاگاداربون لەوەی کە دین بەشێوازی جیاواز لەناو یەک کۆمەڵگادا ئامادەیە، ئەرکی جیاوازو ڕۆڵی جیاوازیش لەژیانی کۆمەڵایەتیدا دەبینێت. خاڵێکی تر کە گرنگە بینینی دینە لەپەیوەندیدا بەبکەرە تایبەتەکانەوە، بەململانێ سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و فەرهەنگییەکانی ناو ساتەوەختێکی مێژویی تایبەتەوە.

ڕۆڵی دین لەبزوتنەوە سەلەفییە چەکدارەکانەدا ڕۆڵێکی گرنگە، ئەم بزوتنەوانە هەم زمانێکی دینی بەکاردەهێنن، هەم سیمایەکی دینییان بەخۆیانبەخشیوە، لەڕیش‌و سمێڵ‌و قژبڕینی تایبەتەوە بیگرە بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت، هەم باس لەهەندێک کەسایەتیی دینیی ناو مێژو دەکەن‌و هەم بۆ کۆمەڵێک تێکستی دینی تایبەت دەگەڕێنەوەو هەم شەرعیەتێکی دینی تایبەت بەکارو کرده‌وەکانیان ئەبەخشن. پێشیانوایە هەمو ئەو شتانەشی کە ئەنجامیئەدەن بەپێی یاساو بەهاو خواستە شەرعییەکانی ئیسلام ئەنجامیئەدەن واتە هەم بەگوێرەی شەرع‌و دین خۆیان بەکوشت ئەدەن‌و هەم بەگوێرەی شەرع‌و دینیش ئەکوژن‌و وێران دەکەن. بەکورتی ئەم جۆرە هێزە پێیوایە ئەوەی ئەنجامی ئەدات ئەرک‌و واجبێکی دینییە، گوێگرتنێکی ڕاستگۆیانەو ڕاستەقینەیە لەخوداو پێغەمەبەرو تێکستە دینییە موقەدەسەکان. بۆیە لەخوێندنەوەی ئەم جۆرە گروپەدا ناکرێت دین بکرێتە دەرەوەی کردەی تێگەیشتن لەخۆیان‌و هاوشێوەکانیان. بەڵام ئەوەی گرنگە ئاگامان لێیبێت ئەوەیە ئەوەی ئەم جۆرە هێزانە دەیخەنەکار دین نییە بەڕەهایی، دین نییە وەک جەوهەر، دین نییە وەک شتێکی نەگۆڕ، بەڵکو دینە وەک گوتار، ئەوەی ئامادەیە ”گوتارێکی دینیی“ە تیایدا کۆمەڵێک وێنەو لێکدانەوەو بیروبۆچون‌و چەمک‌و پراکتیک‌و ڕەمزی دینی کۆدەکرێنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن رەوایەتی بەو حیکایەتە گەورەیە بدەن کە دونیاو ڕوداوەکانی پێ تەفسیر دەکەن‌و شوێن‌و جێی خۆشیان لەبەرامبەر ئەو ڕوداوانەو لەناو دونیادا دیاری دەکەن. رەگەزە سەرەکییەکانی ناو ئەم گوتارە دینییە سەلەفییەی ئەمڕۆکە بریتییە لەچەمکەکانی جیهاد بەمانا سەربازییەکەی، شەهادەت وەک پراکتیکی سیاسیی ژمارە یەک، کۆکردنەوەی ئەو ئایەت‌و حەدیسانەی کە باسی شەڕو شۆڕو کوشتن‌و بڕین دەکەن، پێناسەکردنەوەیەکی نوێی چەمکی کوفرو کافرو دین‌و بێدینی، پیادەکردنی شەریعەت‌و دامەزاراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی. ئەوەی ئەم گوتارە ئیسلامییە لەئیسلامی دەوێت ڕوە توندوتیژو جەنگاوەرییەکەی دینە، ئەو ڕوەیە کە دەتوانێت بەهۆیەوە خۆی لەناو حیکایەتە گەورەکەدا وەک بونەوەرێک چالاک ئامادەبێت، هێزو شەرعیەتی تۆڵەکردنەوەو کوشتن‌و بەرپاکردنی جەنگی پێببەخشێت. خاڵی سەرەکی لەم گوتارەدا ئەوەیە ئیسلام دابڕێژێتەوە وەک ئەوەی دینێک بێت بەچەک وەڵامی کافرو بێدین‌و بڕوا دینییە جیاوازەکان بداتەوە. هەمو ئەم ڕوانین‌و لێکدانەوانە، ئەم سیاسەتە تایبەتەی تەفسیرکردنەی ئیسلام، بەشێکی هێجگار گرنگی بیرکردنەوەو ئاکارو پاڵنەری کارکردن‌و جوڵانەوەی ئەم هێزەیە. ئەم سیاسەتە تایبەتەی تەفسیرکردنە وادەکات هەمو شتێک لەئیسلامدا بۆنی ڕۆحانیەتی لێبێت، بۆ نمونە سۆفیزم، یان بۆنی فیکرو ئەدەبی لێبێت، بۆ نمونە فەلسەفەو ئەو بەشانەی عیلمی کەلام کە لەگەڵ عەقڵانیەتدا تەبایە، یان بۆنی یەکترقبوڵکردن‌و ڕێگرتن لەتوندڕەویی دینی لێبێت، وەک نائیسلام‌و دژەئیسلام‌و کوفر وێنا بکات.

وەک زۆرێک لەشارەزایان دەڵێن هێزی گروپگەلێکی وەک داعش‌و ئەلقاعیدە لەوەدا نییە کە خاوەنی دیسپلینی ڕێکخراوەیی پۆڵایین‌و ئۆرگانی گەورەو حزبیی پتەوی بێوێنەن، نا، بەپێچەوانەوە، هێزی ئەم جۆرە گروپانە لەوەدایە کە هێما بۆ کۆمەڵێک تێگەیشتنی تایبەت دەکەن. ئەمان ئەوەنده‌ی فیکرەن، کۆمەڵێک فیکرەی سادەو پەڕگیرو بێ قوڵایی، ئەوەندە ڕێکخراوو حزب‌و ئۆرگان نین. ڕاستە ئەمانە هەندێک چوارچێوەی ڕێکخراوەییان هەیە، سەرچاوەی داراییان هەیە، هەندێکجار کامپی مەشقکردنی سەربازییان هەیە، مانەوەی ئەم جۆرە گروپە لەدوای تێکشکاندن‌و وێرانکردنیان لەڕوی سەربازیی‌و ئەمنییەوە پابەستی ئەو ڕاستییە کە ئەم جۆرە گروپانە ئەوەندەی فیکرەن، ئایدیالن، لێکدانەوەیەکی تایبەتی ئیسلامن، هاوارێکن بۆ مۆبیلیزەکردن، کۆمەڵێک باوەڕی کەم‌و سادەی دینین کە باس لەدامەزراندنی یۆتۆپیایەکی ئیسلامی دەکەن، پێ لەسەر پیادەکردنی شەریعەت دادەگرن، لەسەر دژایەتیکردن‌و بێئیرادەکردن‌و دیسپلینکردنی ئافرەت کاردەکەن، لەهەموشی گرنگتر پێ لەسەر جیهاد دژ بەکەسانی ناموسڵمان‌و موسڵمانانی ناڕاستی وەکو شیعە، کە بەزەندیق ناویان دەبەن، دادەگرن، ئەوەندە هێزی ڕێکخراوو دیسپلینکراو نین. ئەمە جگە لەپێداگرتن لەسەر فیکرەی شەهادەت‌و شەهیدبون لەپێناوی ئومەو ئیسلامدا وەک هێماو رەمزو دەلالەت لەئیمانێکی دینیی قوڵ. بەڵام ئەو کەسانە کێن کە دەکەونە دوای ئەم جۆرە بزوتنەوانە؟ بەشی دوهەمی ئەم نوسینە تەرخانە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە.

لەبەشی یەکەمی ئەم نوسینەدا باسی ئەوەم کرد ئەو کەسانەی سەر بەگروپە سەلەفییە جیهادییەکانی وەک گروپی داعشن، کەسانێکن هه‌ڵگری ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتن کە بەکارھێنانی توندوتیژیی بۆ سەپاندنی ڕوانینێک لەڕوانینەکان بۆ دین خاڵی سەرەکییە، هه‌روەها خاوەنی خەیاڵێکی سیاسیی تایبەتن کە “ئومە“ی ئیسلامی وەک ئومەیەکی گلۆبالیی جیهانیی غەدرلێکراوو ئیهانەکراو وێنادەکات، هه‌روەها خاوەنی حیکایەتێکی گەورە کە خۆرئاواو زایۆنیزم‌و جولەکەو عەلمانیەت‌و حکومەتەکانی ئەم ناوچەیە هه‌مویان لەدۆخی ئەمۆکەی ئەم ئومە ئیسلامییە گریمانکراوە، بەرپرس دەکات. هه‌روەها لەوەش دوام کە ئەم ھێزانە لەڕوی ئایدیۆلۆژییەوە بۆ هه‌ندێک کەسایەتی دیاریکراوی ناو عیلمی کەلامی ئیسلامیی‌و هه‌ندێک نوسەری هاوچەرخی ئیسلامی سیاسیی ڕادیکاڵ دەگەڕێنەوە.

لەم بەشەدا دەمەوێت سەیری ئەو پاشخانە کۆمەڵایەتیی‌و فەرهه‌نگییە بکەم کە کەسانی سەر بەم جۆرە بزوتنەوانە هه‌ڵگرین.  ئەو پرسیارانەی دەشێت لێرەدا بیانکەیەن ئەمانەیە:  ئایا ئەو کەسانە سەر بەچ چین‌و توێژو گروپێکی کۆمەڵایەتین؟ چ جۆرە نەوەیەکن‌و چ جۆرە ئەزمونێکی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی‌و فەرهه‌نگیی دروستیکردون‌و وێنەکانی دونیای بەو شێوە تایبەتە لەناودا چاندون؟

خاڵێک دەمەوێت لێرەدا بەخوێنەری بڵێم ئەوەیە وەڵامی ئەم پرسیارانە بەوجۆرە ڕستە ئینشاییانە نادرێتەوە کە دەڵێت “ئێمە هه‌مومان داعشین“، یان “داعش لەناو هه‌موماندایە“، یان “داعش بەشێکە لەمێژوی ئێمە لەکۆنی کۆنەوە تا ئەمڕۆ“، یان “بەهه‌رلایەکدا بڕوانین ئەگەری داعشێک دەبینین“ ھتد…  ئەمجۆرە لێکدانەوە ئینشایی‌و گشتییانە باز بەسەر هه‌مو ئەو تایبەتمەندییانەدا ئەدەن کە ئەم جۆرە بزوتنەوە جیهادییە سەلەفییانە لەبزوتنەوەکانی ترو ئەندامەکانی لەمرۆڤەکانی ترو خەون‌و خەیاڵەکانی لەخەون‌و خەیاڵەکانی تر جیادەکاتەوە.  بەمەش هه‌م ڕێ لەناسینی ڕاستەقینەی دیاردەکە دەگرێت، هه‌م هه‌مو ئەو ڕێگایانەش دەسڕێتەوە کە بکرێت بەھۆیانەوە سەرەتایەک بۆ بەگژاچونەوەیەکی ڕاستەقینەی ئەم سەله‌فیەتە جیهادییە بدۆزرێتەوە.

دونیایەکی بێزانیاریی 

پێویستە لێرەدا ئەو ڕاستییە بەخوێنەر بڵێم کە پاشخانی کۆمەڵایەتیی ئەوانەی لەوڵاتانی خۆرئاوادا ژیاون‌و بون بەبەشێک لەم ھێزە سەلەفییە جیهادییانە، باشتر دیارەو لێکۆڵینەوەی وردیان لەبارەوە کراوە.  کۆمەڵێک شارەزای بواری  “بزوتنەوە جیهادییەکان“  زانیاریی وردیان لەسەر ژیانی ئەم تاکەکەس‌و گروپانەو ئەو دونیا ناوەکیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و فەرهه‌نگییە کۆکردۆتەوە کە ئەم گروپانە تیایدا دەژین‌و دونیاو دەوروبەری خۆیان ئەزمون دەکەن.  لەوانەش بۆ نمونە کەسانی وەک زانای سیاسیی ڕۆبەرت پاپێ، Robert Pape، زانای بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ریک کۆڵسەیت، Rik Coolsaet، لێزانی بواری ئیسلامیزم‌و جیهادیزم ئۆلیڤەر روا،  Olivier Royو، شارەزای دونیای عەرەب‌و ئیسلامی سیاسیی، جیل کەپێڵ،Gilles Kepel، ئەنترۆپۆلۆگی بەناوبانگ سکۆت ئەتران، Scott Atran. هه‌مو ئەمانە لەساڵانی نەوەدەوە کۆمەڵێک کتێب‌و نوسین لێکۆڵینەوەی گرنگیان نیشانداوین کە بەوردی دەستنیشانی چییەتی ئەو جۆرە کەسانە دەکەن کە دەبن بەبەشێک لەم بزوتنەوە جیهادییە گلۆبالیانە، لەپاشخانە کۆمەڵایەتیی‌و فیکریی‌و ئایدیۆلۆژییەکانیان کۆڵیوەتەوەو شێوە ژیانیان بەوردی نیشاندراوە.  بەڵام لەدونیای ئێمەدا ھیچ زانیارییەکی قابیلی باوەڕپێکردن‌وڕاستمان لەبەردەستدا نییە پێمانبڵێت کێن ئەوانەی، بۆ نمونە، لەکوردستان‌و عێراقدا دەچنە ناو ئەم گروپانەوە؟  شێوە ژیانیان چۆنە؟ سەر بەکام چین‌و توێژی کۆمەڵایەتین؟ بڕو ڕادەی خوێندەوارییان چییە؟ ئەو کتێب‌و نوسین‌و بڵاوکراوانە چین کە ئەمانە خوێندویانەتەوە؟ ھۆکاری توڕەبون‌و ناڕازیبونەکانیان کامەیە؟ چ ڕوانینێکیان بۆخۆیان‌و بۆ دونیا هه‌یە؟ ھتد..  لەباتی ئەمانە ئەوەی هه‌یە، هه‌ندێک وێنەی زیھنیی گشتیی ناڕاست‌و هه‌ندێک قسەو حوکمی حازربەدەستە لەسەر دین‌و ئیسلام‌و کۆمەڵگاو دەوڵەت‌و حزب‌و شتی تری لەم بابەتە.  بۆیە کۆمەڵگای ئێمە گەرچی ڕوی بەیەکێک لەھێزە ترسناکەکانی دونیای ئەمڕۆدا تەقیوەتەوە، بەڵام لانیکەم ھیچ زانیارییەکی قابیلی باوەڕپێکردنی لەسەر بەشداربوە کوردەکانی ناو ئەم بزوتنەوانە نییە.

جیهادیستە خۆرئاواییەکان کامانەن؟

یەکێک لەو نوسەرانەی کە گرنگی بەمەسەلەی ناسینی جیهادیستە سەلەفییەکان داوە ئیسلامناس‌و زاناسی سیاسیی فەرەنسیی ئۆلیڤەر ڕوایە. ئەو لەکتێبێکی گرنگیدا بەناوی “بەگلۆباڵبونی ئیسلام“  بەوردی لەسەر ئەم مەسەلەیە دەوەستێت‌و ئەم کەسانە بەسەر سێ گروپدا دابەش دەکات:  مناڵانی نەوەی دوهه‌م‌و سێهه‌می کۆچبەرە موسڵمانەکان بۆ خۆرئاوا، ئەو گەنجانەی لەدونیای ئیسلامەوە بۆ ئیشکردن یان بۆ خوێندن دەچنە خۆرئاوا، ئەو گەنجە خۆرئاواییانەش کە دینی خۆیان دەگۆڕن‌و دەبن بەموسڵمان.  ئۆلیڤەر ڕوا کە باس لەم کەسانە دەکات، ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر ئەو پاڵنەرانەی کە ئەم جۆرە کەسانە بەرەو ئامێزی ھێزە جیهادییە سەلەفییەکان دەبات.  کورتەی نوسینەکانی ئەم پیاوە نیشانمان ئەدات ئەوەی کە ئەم جیهادییانە ئەجوڵێنێت کەمتر تێکست‌و ئامۆژگارییە دینییەکانەو زیاتر کۆمەڵێک ھۆکاری ترە لەشێوەی توڕەبونی ئەخلاقیی، ناڕەزایەتی هه‌مەجۆر، گەڕان بەدوای شوناسێکی تازەدا، وێڵبون بەدوای ئینتیماو ئامانجێکدا مانایەک بەژیان ببەخشن.  پاشخانی دینیی دو کەس لەجیهادیستەکانی بریتانیا بەناوی یوسف سەروەرو محەمەد ئەحمه‌دەوە، کە لەشاری پێرمەنگەهامەوە بۆ ناو داعش لەسوریا  ڕۆیشتون،  نیشانیداوە، ئەو کتێبانەی ئەم دو کەسە لەڕێگای سایتی ئەمەزۆنەوە لەسەر ئینتەرنێت کڕیویانە بۆ ناسینی ئیسلام، ھیچ یەکێک لەتێکستە دینییە کلاسیکییەکان‌و تەنانەت کتێبە جیهادییە هاوچەرخەکانی وەک کتێبی “معالم فی التریق“ ی سەید قوتب نییە، بەڵکو کتێبی Islam for Dummies ، کە کوردییەکەی شتێک دەگەیەنێت لەبابەتی “ئیسلام بۆ گەمژەکان“  یان  “ئیسلام بۆ نەزان‌و بێئاگایان“. ئەم جۆرە کتێبانەش لەشێوەی ئەو کتێبانەن کە دەڵێن “چۆن فێری زمانی ئینگلیزیی یان ھیندیی یان چینیی دەبیت، بەبێ مامۆستاو لەماوەی یەک هه‌فتەدا“. واتە جۆرە کتێبێکی بازرگانی سادەن کە ھیچ شتێکی قابیلی تێڕامان‌و لەسەروەستانی لەسەر دین تێدا نییە.  بەم پێیە زانیاریی ئەم دو جیهادیستە لەسەر ئیسلام وەک ئەو “خواردنە خێرا“یانە وایە کە بەپەلە لەچێشتخانە هه‌رزانەکانی سەرڕێگاکان‌و ناو شارەکاندا دروست دەکرێن.

بەمانایەکی دیکە ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە بەرەو سەلەفیزمی جیهادیی دەبات مەرج نییە دین خۆی بێت، بەڵکو دەشێت شتی تر بێت لەجۆری:  ڕۆمانسیەتێکی شۆڕشگێڕانە، دروستکردن‌و بەجێھێشتنی وێنەی قارەمان لەخەیاڵی دۆست‌و ناسراوو کۆمەڵگادا، حەزی ناوبانگ دەرکردن‌و ناسین، یان ویستی بەدەستھێنانی ڕێزو ئیحترامێکی ئەبەدیی‌و هه‌میشەیی، یان خولیای یادکردنەوە بێت وەک جەنگاوەرێکی شۆڕشگێڕو نەمرو دەگمەن، یان دەربڕی ڕق‌و توڕەیی‌و تۆڵەیەکی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و فەرهه‌نگیی بێت.  هه‌ندێکجار ئەم جیهادیستانە کەسانێکن حەوسەڵەی دونیایان نەماوەو هه‌ست بەبێزاربونێکی گەورە دەکەن، زۆرجاریش خوێندەوارن بەڵام یان بێئیشن یان بێزارن لەو کارەی دەیکەن، زۆربەشیان کەسانی تۆبەکەرن‌و لەڕابوردوی نادینیی‌و بێئیمانی خۆیان هه‌ڵدێن.  بەکورتی جیهاد بۆ ئەم نەوە گەنجە جگە لەوەی لەژینگەیەکی تایبەتدا شۆرەت‌و ناوو ڕێزیان بۆ دروست دەکات، هاوکات کردەیەکی ڕۆمانسیی وروژێنەرە کە پڕە لەهه‌ڵچون‌و سەرگەرمبون‌و حەماسەت‌و نمایشکردنی ئازایەتیی‌و مەردایەتیی، جۆرێکە لەسەلماندنی پیاوەتیی پیاوانەی خۆیان، هه‌ڵاتنە لەوەسوسەی ئیهانەکردن‌و بچوک ڕاگرتن‌و خەساندن بەمانا فرۆیدیەکەی.  بینینی ئەم فاکتەرانە گرنگە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی فراوان‌و ڕاستەقینەمان بۆ دیاردەی سەلەفیەتی جیهادیی هه‌بێت.  بەڵام دیسانەوە پێویستە لێرەدا جارێکیتر پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دابگرینەوە کە هه‌مو ئەمانە مانای ئەوە نییە کە دین، لەم دۆخەدا ئیسلام، بەتایبەتی بەسیاسیکردنێکی ڕادیکاڵانەی ئیسلام‌و گۆڕینی بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی شۆڕشگێڕی توندوتیژ، ڕۆڵی گرنگ‌و بنەڕەتی نابینن.  داڕشتنەوەی ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی پەڕگیرو داخراوو توندوتیژ، زاڵبونی ڕۆحیەتی کۆنەپارێزێ‌و شکڵگەرایی بەسەر دینداریی خۆیدا، کردنی ئیسلام بەئەلتەرناتیڤی هه‌مو شتێک، بەدینێک کە دەبێت لەهه‌مو شوێنێک‌و لەناو هه‌مو شتێک‌و لەپاڵ هه‌مو دیاردەیەکدا ئامادەبێت، واتە کردنی بە “سیستمێکی تۆتال”، تا ڕادەیەکی زۆر بەرپرسە لەدروستبونی کەسانی سەر بەم جۆرە گروپانە.  بەڵام وەک ھێمام پێکرد بۆ تێگەیشتن لەدیاردەی سەلەفیەتی جیهادیی لەوە زیاتر پێویستە کە تەنها سەیری ئەم یان ئەو کتێبی دینیی‌و بۆچونی ئەم یان ئەو عولەمای کەلام‌و فەتواکانی ئەم یان ئەو شێخی دینیی بکەین.   هه‌مو کەسێکی دیندار، هه‌مو تاکەکەسێکی سەلەفیش، پرۆژەی جیهادیزم نییەو هه‌مو بەسیاسیکردنێکی دینیش بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی مانای بەسەلەفیکردن‌و بەجیهادیکردنی دین ناگەیەنێت، هاوکات کردەی “جیهاد“ خۆشی وەک کردەیەکی توندوتیژ دەشێت لەلایەن کەسانێکەوە پیادە بکرێت کە ژیانێکی نادینییان هه‌بێت‌و دین جوڵێنەری سەرەکی کارو کردەوەکانیان نەبێت.  ئەوەی بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە پێویستە دەستپێکێکی تیوریی ئاڵۆزە کە کورتنەکرێتەوە بۆ باسکردنی ئەم یان ئەو کتێبی دینی بەتەنها.  با لێرەدا سەرنج لەیەکێک لەو تێزە سەرەکییانە بدەین کە دروستبونی کەس‌و گروپی جیهادیی کەمتر بەدین‌و زیاتر بەکردەی نائامێزبون‌و نامۆبونی کۆمەڵایەتییەوە گرێئەدات.

جیهادیزم‌و نامۆبونی تاکەکەسیی

“نامۆبون“ وەک بەشێکی بنەڕەتیی ژیان  لەناو کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا، تێزێکە زیاد لەنوسەرو زانایه‌کی کۆمەڵایەتی لێیدواون‌و پێیان لەسەر داگرتوە، ڕەنگە کارل مارکس‌و ئێمیلی دۆرکهایم دو بەناوبانگترین کەسانێک بن کە بەرگرییان لەم بۆچونە کردبێت.  لای ئەم دو کۆمەڵناسە نامۆیی دەرکەوتێکی سەرەکیی ژیانی ناو کۆمەڵگا مۆدێرنەکانەو مرۆڤی ناو ئەم کۆمەڵگایانەش بەزیاد لەشێوەیەک ئالودەی ئەو نامۆبونەیە.  بەگەڕاندنەوە بۆ ئەم تێزە، ژمارەیەکی زۆر لەلێکۆڵەرەوە گرنگەکانی بواری ھێزە جیهادییە سەلەفییەکان بەرگریی لەتێزەی نامۆبونی کەسە جیهادییەکان‌و نائومێدبون‌و ناڕازیبونیان لەدونیاو لەژیانی خۆیان‌و لەو کۆمەڵگایەی تیایدا دەژین، دەکەن.  لەم ڕوانینەوە یەکێک لەھۆکارە هه‌رە سەرەکییەکانی چونە ڕیزەکانی ئەم جۆرە بزوتنەوانەوە نامۆبونە.  با لێرەدا لەسەر دو نوسەری سەرەکی سەر بەم تێزەیە ڕابوەستین.

١-  تێزەی تێکەڵبونی نامۆبون بەڕۆحی تۆڵەکردنەوە. 

فەیلەسوفی ئەڵمانی هانس ئینزێنسبێرگەر، Hans Enzensberger، لەکتێبێکی بچوک بەڵام بەناوبانگدا بەناوی “دۆڕاوی ڕادیکاڵەوە“ بەرگری لەم تێزی نامۆبونە دەکات.  ئەم نوسەرە پێیوایە تێرۆریزم کردەی تۆڵەکردنەوەیەکی وێرانکەرانەی ئەم دۆڕاوە ڕادیکاڵانەیە بەرامبەر فەشەلی کۆمەڵگا.  بەڵام فەشەلی کۆمەڵگا لەچیدا؟ فەشەلی کۆمەڵگا لەوەدا کە ناتوانێت هه‌لی سەرکەوتن‌و پێشکەوتن بۆ هه‌مو ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە دەستەبەربکات.  لەدیدی ئەم نوسەرەوە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆکە کۆمەڵگای سەرکەوتنی ژمارەیەکی کەمی مرۆڤ‌ودۆڕانی ژمارەیەکی زۆری ئەوانیترە.  ئەمەش بەشێکە لەسیستمی کاپیتالیزمی بەگلۆباڵبوی دونیای ئەمڕۆ.  لەم سیستمەدا نە ھۆکاری سەرکەوتن‌و دەوڵەمەندبونی کەسە براوەکان ئاشکرایە، نە دۆڕاوەکانیش دەزانن بۆچی ئەدۆڕێن‌و پەراوێزدەکەون.  ئەم دۆخەش ئەو جۆرە لەمرۆڤ بەرهه‌مدەھێنێت کە ناوی “دۆڕاوی ڕادیکاڵ“ی لێدەنێت.  ئینزێنسبێرگەر جیاکارییەک دەکات لەنێوان “دۆڕاوی ئاسایی“ سەرنەکەوتو کە دەشێت خۆی وەک قوربانیی ببینێت، لەگەڵ “دۆڕاوی ڕادیکاڵ“و ڕیشەییدا کە جۆرێکی دیکەیە لەمرۆڤ. ” دۆڕاوە ئاساییەکان“ دەتوانن خۆیان لەگەڵ دۆخی سەرنەکەوتن‌ودۆڕاندنی ئاسایی‌و بون بەقوربانیدا بگونجێنن، بەڵام دۆڕاوی ڕادیکاڵ وا نییە، ئەو نایەوێت تەسلیم ببێت‌و خۆی بگونجێنێت.  بۆیە خۆی لەدونیاو کۆمەڵگا دادەبڕێت، لەبەرچاو وندەبێت، خەریکی پاسەوانیی‌و نیگابانیی وەھمەکانی دەبێت، خۆی کۆدەکاتەوەو تواناکانی دەپارێزێت، کەی کاتی بەگونجاو زانی، دەستی خۆی دەوەشێنێت‌و پەلاماری کۆمەڵگا ئەدات‌و تۆڵە دەکاتەوە.  جیهادیزمی سەلەفیی هه‌م ئامرازی ئەم تۆڵەیەیە هه‌م ئەو ژینگەو کۆمەڵە تازەیەیە کە ئەم دۆڕاوە ڕادیکاڵە پەنای بۆ دەبات‌و دەیگرێتە ئامێز.

بەبۆچونی ئەم پیاوە دوژمنەکانی ئەم جۆرە بزوتنەوانە هه‌مان ئەو دوژمنانەن کە  خۆرئاوا وەک بەرجەستەکەری بەدڕەوشتیی‌و داڕمانی مرۆڤایەتیی دەبینن، بەتایبەتی ئەمه‌ریکا، زایۆنیزم، کاپیتالیزم، ئینجا بێگومان بێباوەڕان‌و ئەوانەی لەدیدی ئەم گروپانەدا دینداری ڕاستەقینە نین، یان دیندارن بەڵام دیندارییەکەیان لەناو دینێکی ناڕاستدایە.  ئەم گروپە سەلەفییە جیهادییانە گەشە بەو دیدە ئەدەن کە ئیسلام‌و موسڵمانان غەدرێکی گەورەو بەردەوام‌و سەختیان لێکراوە، دونیایەکیان بۆ دروستکراوە کە دونیای ئەوان‌و دونیای دینەکەیان نییە.  ئەوەشی ئەو دونیایەی بۆ ئەوان دروستکردوە ئەو دوژمنانەن کە باسکران.  لای ئەم گروپە جیهادییانە لێدانی ئەم دوژمنانە گرنگە، نەک بونی ھیچ ئامانج‌و مەبەستێکی سیاسیی.  ئایدیۆلۆژیا لێرەدا ئامرازێکە بۆ دۆزینەوەی دوژمن نەک بۆ تەفسیرکردنی دونیا، ئەمان دوژمنێکیان دەوێت بیکوژن، ئەو ئایدیۆلۆژیایەش کە دروستیانکردوە ژمارەیەکی ھێجگار گەورە مرۆڤیان بۆ دەکات بەدوژمن‌و لەوێشەوە بەبابەتی کوشتن.

٢- تێکەڵبونی نامۆبون بەمەسەلەی سێکس

زانای کۆمەڵایەتی ھۆڵەندی ئینان بیوریما، Ian Burums، لەسەر هه‌مان ھێڵی پێشو بەردەوامدەبێت‌و پێیوایە ئەم جۆرە بزوتنەوانە هه‌ستی بەھێزبون‌و دەسەڵاتێکی تۆتاڵ بە “دڕاوە ڕادیکاڵ“ەکانی هانس ئینزێنسبێرگەر باسیان دەکات، دەبەخشێت.  بیورما فاکتەرێکی گرنگ بۆ کەسایەتی ئەم دۆڕاوە ڕادیکاڵانە زیاد دەکات، ئەو فاکتەرەش جنس یان سێکسە.  ئەم جۆرە کەسانە لەسەرەتادا هه‌وڵئەدەن نوقمی ناو دونیای سێکس‌و خواردنەوەو دەرمان‌و شتی تری لەم بابەتە ببن، بەڵام هه‌ر زو بۆیان ئاشکرا دەبێت کە گەیشتن بەسێکس لەخۆرئاوا خۆشیدا بەو ئاسانییە نییه‌ کە ئەوان چاوەڕوانیان کردوە.  بیورما پێیوایە نەبونی سێکس‌و فەشەلی تێرکردنی ئارەزوە جنسییەکان ھۆکارێکی گرنگە وا دەکات کەسانێک دروستببن هه‌ست بە فەشەل بکەن‌و خۆیان وەک دۆڕاوێکی ڕادیکاڵ ببینن.  هاوکات لەماڵەکانیاندا دونیایەکی تر باڵادەستە کە دونیای باوک‌و دایک‌و خوشکانی پاکیزەو بێ سێکسەکانە.  بەم جۆرە لەزیاد لەڕویەکەوە لەژیانی ئەمانەدا ساتێک دروست دەبێت کە هه‌ست بەدۆڕانێکی گەورە دەکەن.   لەسەر هه‌مان ھێڵی تیوریی چەندان نوسەری تر هه‌ن کە فەشەلی ژیانی شەخسیی‌ودۆخی دەرونیی تاکەکەسەکان دەکەنە بنەمای بەشداربونی ئەم جۆرە کەسانە لەناو بزوتنەوە سەلەفییە جیهادییەکاندا.

بەکورتی، ئەوەی لێرەدا دەگوترێت ئەوەیە کە کەسانێک دروستدەبن هه‌ست بە “دۆڕانێکی ڕادیکاڵ“ دەکەن ئەمانەش “سیستم“ بەبکەری ئەم دۆزانە دەزانن‌و “سیستم“  تاوانباردەکەن.  ئەمانە پێیانوایە شتێک هه‌یە ناوی  “سیستم“ێکی دونیاییە، جا یان کاپیتالیزمە، یان چینێکی گلۆباڵییە، یان دەسەڵاتی جولەکەو زایۆنیزمە، یان خۆرئاوایە، کە لای ئەوان خاچپەرستییەکی نوێیە ھتد…  ئەمانە تاوانبارە ڕاستەقینەکانن‌و ئەوانن ناهه‌قی گەورەیان بەرامبەر بەوان کردوە، بۆیە ڕادیکالیزمی ئەوان بەرپاکردنی جەنگە دژ بەسەرجەمی “سیستم“ەکە.  سەلەفیزمی جیهادیی ئەو ڕوبەرە یاخییەیە کە دەتوانێت ڕقی ئەم جۆرە کەسانە بەرامبەر بە “سیستم“ بگرێتەخۆی‌و ڕێکیبخات‌و ئاکارێکی توندوتیژیی پێببەخشێت. ئەمانە بەدبەختیی‌و پەژارەو چارەڕەشییەکانی خۆیان بەچۆنیەتی ئیشکردنی “سیستم“ەکەوە گرێئەدەن.  بەکورتی لەم خوێندنەوەیەدا ئەوەی لەپشتی ئەم جۆرە لەبزوتنەوەی جیهادییەوە ڕاوەستاوە، تاکەکەسێکی نامۆبوی ناو سیستمێکی جیهانییە کە جگە لەحەزو ویستی تۆڵەکردنەوە، ئەم سیستمە ھیچی تری بۆ ئەم کەسانە نەھێشتۆتەوە.

جیهادیزم‌و نامۆبونی بونیادیی

کۆمەڵێک نوسەری تر هه‌ن کەمتر لەسەر “نامۆبونی تاکەکەسیی“ و زیاتر لەسەر “نامۆبونی بونیادیی“ دەوەستن. لەم شیکردنەوەدا لەباتی ئەوەی باس لەکۆمەڵێک تاکەکەسی نامۆ بکرێت، باس لەنامۆبونی “نەوە“یەک دەکرێت، باس لە”نامۆبونی کۆمەڵایەتیی“ توێژێکی کۆمەڵایەتیی یان “نامۆبونێکی ئەتنیی“ یان “دینیی“ دەکرێت.  هه‌مو ئەمانەش وەک دیاردەی کۆمەڵایەتیی دەستەجەمعی دەبینرێن.  لەم ڕوانینەدا بەشێکی دانیشتوان بەشێوەیەکی بونیادیی نامۆ بوەو هه‌ست ناکات هاوبەشە لەو دونیایەدا کە دروستکراوە.  سەلەفیەتی جیهادیزم لەم خوێندنەوەیەدا پابەستە بەکێشەی نەوەیەک یان بەشێکی تایبەت لەدانیشتوانەوە، وەک ڕێکخراوو بزوتنەوەش شوێنێکی کۆمەڵایەتییە ئامێز بۆ ئەو نەوەیەو ئەو بەشە لەدانیشتوان دەکاتەوە.  یەکێک لەنوسەرە هه‌رەگرنگەکانی ئەم شێوازە لە ڕوانین، زانای سیاسیی و ئیسلامناسی فەرەنسیی ئۆلیڤەر ڕوایە. من لەبەشی پێشووی ئەم نووسینەدا ئەوەم نیشاندا کە بەلای ئۆلیڤەر ڕواوە ئەوانەی دەچنە ناو ئەم بزوتنەوە سەلەفییە جیهادییانەوە سێ جۆرن:  نەوەی دوهه‌م یان سێهه‌می کۆچبەرانن بۆ ئەوروپا، ئەو گەنجانەن لەخۆرهه‌ڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەفریقاوە بەمەبەستی خوێندن‌و کارکردن بۆ خۆرئاوا کۆچ دەکەن، سێهه‌میشیان ئەو خۆرئاواییانەن کە دینی خۆیان دەگۆڕن‌و دەچنە سەر دینی ئیسلام.  بڕێکی زۆری لێکۆڵینەوەکان نیشانیداوە بەشێک لەمانە سەر بەوجۆرە کەسانەن کە لەزمانی کۆمەڵناسیدا پێیاندەڵێن ئەوانەی “سەرلەنوێ لەدایکبونەتەوە“  بەئینگلیزی پێیاندەڵێن: born-again.  لەدایکبونەوەی دوهه‌میان لەدایکبونەوەیەکی دینییە دوای ئەوەی زۆربەیان لەژیانیاندا حەشیشەکێش‌و ئەلکھولیست‌و بەکارھێنەری مادە بێھۆشەکان‌وتاوانبار بون.  هه‌ندێکیشیان لەزیندانەکاندا لەڕێگای گەڕاندنەوە بۆ دین “سەرلەنوێ لەدایک دەبنەوە“ .

ئەم نەوەیە لەدۆخێکی کۆمەڵایەتیی‌و فەرهه‌نگیی‌و سیاسیدا دەژین وایکردوە نە بەشێک بن لەو کۆمەڵگایەی تیایدا دەژین، نە بەشێکیش بن لەو ژینگە کولتوریی‌و عەقڵیی‌و دەرونییەی نەوەی باوکانیان کە نیوسەدەیەک لەمەوبەر وەک کرێکار لەیەکێک لەوڵاتە ئیسلامییەکانەوە بۆ خۆرئاوا کۆچیانکردوە. ئەمانە بەشێک نین لەو “دونیا تەقلیدییە ئیسلامیی“ەی کە باوک‌و دایکیان ناسیویانەو تیایدا ژیاون، نە ئیسلامی دایک‌و باوکیان ئیسلامی ئەوانە، نە ئەو وڵاتەشی کە لێوەیهاتون نیشتیمانی ڕاستەقینەی ئەمانە.  زۆرجاریش زمانی دایک‌و باوکی خۆیان نازانن، یان بەباشی نایزانن‌و زۆربەشیان خوێندن‌و پەروەردەیان لەناو خۆرئاوا خۆیدا بوەو جگە لەکۆمەڵگا ئەوروپییەکان ھیچ کۆمەڵگایەکی تر ناناسن.  ئۆلیڤەر ڕوا دەڵێت ئەم نەوەیە نەک تەنها زمان‌و کولتوریان لەزمان‌و کولتوری باوکیان جیاوازە، بەڵکو لەمانە گرنگتر، “چاوەڕوانییەکانیان جیاوازە“. ئەمانە ناتوانن بەو پێگە نزم‌و پەراوێزییە ڕازی ببن کە باوک‌ودایکیان لەو کۆمەڵگایەندا هه‌یانەو ناشتوانن وەک بیانی‌و خەڵکی شوێنێکی تر سەیری خۆیان بکەن، بۆیە چاوەڕوانییەکانیان لەو کۆمەڵگایەی تیایدا دەژین جیاوازە لەوەی دایکو باوکیان.  بەڵام بەھۆی ئەو کێشە بونیادییانەوە کە دوچاریان دەبێت، لەوانەش کێشەی پەراوێزکەوتن‌و هه‌ڵاوێردنی ئەتنیی‌و دینیی‌و کۆمەڵایەتیی، ناتوانن هه‌ست بکەن کە منداڵێکی ڕاستەقینەی ئەو کۆمەڵگایانەن.  بۆیە ئەمانە نە دەتوانن ببنە خاوەنی ئەو شوناسە نەتەوەیی‌و دینییەی کە باوک‌و دایکیان بەشوناسی خۆیان دەزانن، نە دەشتوانن ببنە هه‌ڵگری شوناسی ئەو کۆمەڵگایانەی تیایاندا دەژین.  وەک ئۆلیڤەر ڕوا دەڵێت ئەم جۆرە کەسانە “هه‌ستێکی بەھێزی “تەنهایی‌و پەراوێزخستنیان“ تێدا دروست دەبێت.  ئەمەش دەیانخاتە دۆخێکی “شیزۆفرینی کۆمەڵایەتیی‌و کولتوریی‌و ئەتنییەوە“ لەنێوان پاشخان‌و کولتورو دینی دایک‌و باوکیان‌و لەنێوان شێوەژیانیان لەناو کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا.  وەک ئۆلیڤەر ڕوا ئەڵێت ئەم دۆخە وادەکات ئەم نەوەیە دین بەشێوەیەک دابڕێژنەوە کە هاریکاریبێت‌و بەشێک بێت لەکردەی “یاخیبونێکی نەوەیی“، generational revolt، یاخیبونێک کە تەنها دژ بەخۆرئاوا نییە، بەڵکو دژ بەباوک‌و دایک‌و نەوەی پێش خۆشیانە، یاخیبونە بەڕوی سەرکردە ڕۆحییەکانی نەوەی پێش خۆیان‌و بەڕوی ڕوانینیان بۆ دین‌و بۆ دونیا.  ئۆلیڤەر ڕوا پێیوایە ئەو ئیسلامەی ئەم نەوە گەنجە هه‌ڵگریەتی ئیسلامی سونەتیی دایک‌و باوکیان نییە، بەڵکو ئیسلامێکە کراوە بەئامرازی یاخیبونی نەوەیەک لەنەوەکەی پێش خۆی‌و یاخیبونی نەوەیەک لەدونیایەک کە بەدونیای خۆی نازانێت.  ئیسلامی ئەمانە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئیسلامە بەزمانی یاخیبون لەباوکەکان‌و یاخیبون لەپرۆسەی بەخۆرئاواییبون، westernisation. سەلەفیزمی جیهادیی شوناسێکی ئەلتەرناتیڤ بەم مرۆڤە بێشوناسانە دەبەخشێت.  لەناو ئەم جۆرە بزوتنەوانەدا ئەم کەسانە خۆیان بەشێوەیەکی نوێ دادەڕێژنەوەو دروستدەکەنەوەو ئەو شوناسە بەخۆیان دەبەخشن کە جیگای ئەو هه‌مو توڕەبون‌و ناڕازیبون‌و یاخیبونەی تێدا ببێتەوە، وەک چۆن وەڵامێکیش بێت بەو هه‌ستکردنە قوڵ‌و فرەلایەنە بەتەنهایی‌و نامۆبون.

ئیسلام بۆ مرۆڤی نامۆ

ئیسلام بۆ ئەم مرۆڤە توڕەو تەنهاو نامۆیانە زیاترە لەتەنها دین، لەدایکبونەوەیەکی ترە، دروستکردنی هاوڕێ‌و کۆمەڵەو ژینگەیەکی نوێیە، ڕزگاربونە هه‌م لەشوناسە لۆکاڵییەکانی باوک‌و دایک‌و گروپە کۆچبەرەکان خۆیان، هه‌م لەو شوناسە نەتەوەییانەی کە ئەو کۆمەڵگایانە هه‌ڵگرین کە لەناویدا دەژین.  ئیسلام لێرەدا فۆرمی شوناسێکی ترانس ناسیۆنالیی ڕزگارکەر دەگرێتە خۆی، شوناسێک لەدەرەوەی نیشتیمان‌و نەتەوەو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی‌و کولتوریی تایبەتدا ئەمەش پرۆسەیەکە ئۆلیڤەر ڕوا ناویدەنێت: “لەشوێنکەوتن“ی شوناس، یان دابڕانی شوناس لەشوێن، بەئینگلیزی deterritorialization.  بەزۆر مانا ڕێکخراوە سەلەفییە جیهادییەکان دەبن بەخێزانی دوهه‌م، یان بەخێزانێکی نوێ‌و ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو شێوازانەی ژیانی دەستەجەمعی کە ئەمان لێیهه‌ڵدێن.  دەبن بەشوێنێک کە هاوڕێی نوێ‌و شوناسی نوێ‌و جێگەیەکی نوێیان لەناو دونیادا پێدەبەخشێت.  لەزۆر ڕوەوە ئینتیما بۆ ئەم گروپانە مانای کۆتاییهاتن ئەو نامۆبونە دەگەیەنێت کە ئەو کەسانە هه‌ڵگرین، ئەم ئینتیمایە دەرمانێکە دژ بەتەنهایی‌و پەراوێزکەوتن، میکانیزمێکی تایبەتی هه‌ڵوەشاندنەوەی نامۆییە، ھێزێکە بۆ “نانامۆبون“. لەم ئینتیمایەدا ئەم جۆرە بزوتنەوانە دونیا بەڕادەیەکی ترسناک سادە دەکەنەوە، دابەشی دەکەن بۆ دو کەمپی جیاوازو ناکۆک بەیەکەوە، ژیان کورتدەکەنەوە بۆ کۆمەڵێک ئەمرو نەھیی‌و ئەشێ‌و ناشێی دینیی کەم، زۆر بەئاسانیی‌و بەسادەیی چاکەکاریی لەخراپەکاریی جیادەکەنەوە، بەمەش سیستمێکی دیسپلین‌و ئاراستەکردن گەشەپێئەدەن کە پێویستی بەبیرکردنەوەی زۆر نییە، کە پرسیاری قورسی دەربارەی مرۆڤبون‌و ژیان‌و ئەخلاق‌و بەدئەخلاقیی تیادا نییە، شوێنێکی بۆ گومان نەھێشتۆتەوە، بەھۆی چەند ئایەت‌و سورەتێکی کەمەوە هه‌مو ئاڵۆزیەکانی دونیاو ئاڵۆزیەکانی ژیان‌و ئاڵۆزییەکانی مرۆڤبون لەناودەبات، یان دایاندەبەزێنێت بۆ نزمترین ئاست. هه‌مو ئەوانەی کە نازانن کێن‌و چین‌وچ ئەرک‌و ڕۆڵێکیان لەژیاندا هه‌یە، دەشێت ببنە بەشێکی گرنگی ئەم بزوتنەوانە کە دەتوانن بەشێوەیەکی زۆر سادە هه‌مو پرسیارەکانیان وەڵامبدەنەوە.

لەم جۆرە بزوتنەوانەدا مرۆڤ لەماوەیەکی زۆر کورتداو بەخێراییەکی گەورە  کەسایەتی خۆی بەشێوەیەکی تازە دادەھێنێت‌و خۆی لەناو بون‌و پەیوەندیی‌و مەسەلەو خەون‌و یۆتۆپیاو شوناسی تازەدا ئەدۆزێتەوە.  چونە ناو ئەم بزوتنەوانە جۆرێکە لەخۆدروستکردن‌و خودسازیی‌و خۆدۆزینەوە، بڕێکی زۆر لەڕۆمانسیەت‌و شیعریەتی تایبەتی تێدایە.  ئەم جۆرە بزوتنەوانە “شوناسێکی گەورە“ بەم بونەوە توڕەو یاخیی‌و نامۆیانە دەبەخشن، ئەم شوناسە دەیانخاتە دەرەوەو سەرەوەی هه‌مو لقەشوناسە بچوک‌و فەرعییەکانەوە، زۆرجاریش ئەو لقەشوناسانە لەناونابات، بەڵام کۆیاندەکاتەوەو دەیانھێنێتە ژێر ڕکێفی ئەو شوناسە گەورەو سەرەکییەوە.  ئەم شوناسە گەورەو گشتییەش، وەک پێشتریش باسمکرد، شوناسی موسڵمانە کە گوایە وەک کۆمەڵگاو وەک دین بەدوژمنەکانی گەمارۆدراوەو لەزۆر شوێنەوە لەبەردەم ھێرش‌و هه‌ڕەشەدایە.

ڕۆڵی میدیا

میدیای ئەلکترۆنی ھێزێکی ھێجگار گرنگە لەپشتی دروستبونی ئەم گروپە جیهادییە گلۆبالیانەوە.  ئەم میدیایە ژینگەیەکی گلۆبالی دروستدەکات کە تیایدا هه‌لی گەورە دەخاتە بەردەم دروستبون‌و داھێنانی خەیاڵێکی سیاسیی تایبەتەوەو ڕۆڵێکی لەڕادەبەدر دەبینێت لەدروستکردنی ئەو “ئومە“ خەیاڵیەدا کە گوایە لەهه‌مو جێگەیەکەوە لەبەردەم پەلاماردایە. ناسیۆنالیزمی دورمەودا، کۆمەڵگای مەدەنی بەجیهانیبو، گروپی بەرگیکەر لەمافەکانی مرۆڤ، وەک سەلەفییە جیهادییەکان، دەتوانن لەم ژینگەیەدا دروستببن‌و گەورەببن‌و گەشە بکەن. لەم ژینگەیەدا هه‌ر گروپەو دەتوانێت مێژوو کەلەپورو ڕەمزو ڕەگوڕیشەی تایبەت بۆ خۆی دابھێنێت‌و دروستبکات.  ڕابوردویەک دابھێنێت کە خۆی دەیەوێت، لەڕاستیدا ڕابوردو لێرەدا شێوەی بازاڕێکی گەورە دەگرێتەخۆی، کێ‌و کام کەس‌و کام کەلەپورو کام کولتورو کام حیکایەتی دەوێت دەتوانێت لەم بازاڕەدا هه‌ڵیبژێرێت‌و بیکات بەموڵکی تایبەتی خۆی.  کەرەستەکانی دروستکردنی ئەم ڕابوردوانە لەناو لاپەڕەکانی ئینتەرنێتدا هه‌ن‌و هه‌ڵگیراون، لەڤیکی پیادیاوە بیگرە بۆ یوتوب‌و لەفەیسبوکەوە بۆ تویتەر، ئەمە جگە لەبونی سەدەهاو هه‌زارەها سایتی تایبەت.  ڕۆڵی وێنە، فیلمی کورت، مۆسیقای تایبەت، خوتبەو دەرسی ئایدیۆلۆژیی ئەلیکترۆنی، ڕۆڵێکی گرنگە لەدروستبون‌و ئیشکردنی ئەم جۆرە گروپانەدا.

 

بۆچوون