Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/05/18 19:57
نوسەر: جینۆسایدی کورد

دوای شەش ساڵ لە جینۆسایدکردنی پڵنگەکانی تامیل، تامیلیەکان داوای دادپەروەری لە کێ بکەن؟

ئاوارە حسێن*

دوای خەبات و تێکۆشانێکی (٢٦) بیست و شەش ساڵەی خوێناوی کە نزیکەی (٧٥) حەفتاو پێنج ھەزار لە دەوڵەتی سریلانکاو تامیلیەکان کوژران. بەرئەنجام لە ڕۆژی (١٨/٥/٢٠٠٩)، حکومەتی سریلانکا پاش جەنگێکی قورس وخوێناوی کۆتای بە تێکۆشانی پڵنگەکانی تامیل ھێناو خودی ڤیلۆپیلای پراباکارانی سەرۆکی پڵنگەکانیش لە گەڵ (٢٥٠) پڵنگی چەکدار دەکوژرێن و کۆتای بە تێکۆشانە مافخواز و ئازادیخوازەکەیان دێت. پڵنگەکانی تامیل خاوەن ھێزێکی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی مەشقپێکراو بوون گەر ھاوکاریە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان نەبوایا، ئاسان نەبوو حکومەتی سریلانکا بتوانێت کۆتاییان پێبهینێت.
لە جینۆسایدکردنی پڵنگەکانی تامیل دا دوو پێوەری یاسایی ھەیە کە جینۆسایدەکە دەسەلمێنێت. ئەوانیش لەلایەک پڵنگەکان وەک گروپی تاوان بەرامبەر کراو وەک ئاین ھندۆسن و حکومەتی سینھالی (سریلانکا) وەک گروپی تاوانکار وەک ئاین بودین، لە لایەکی ترەوە پڵنەگان وەک نەتەوە تامیلی و حکومەتی سریلانکاش وەک نەتەوە سینھالین. نوسەرانی بواری جینۆساید، جینۆساید کردنی پڵنگەکانی تامیل بە جینۆسایدێکی جیاواز ناودەبەن و پێیان وایە بە تەنھا جینۆسایدێکی فیزیکی نیە، بەڵکو دەڵێن حکومەتی سریلانکا ھەستا بە ئەنجامدانی جینۆسایدی پەروەردەی، کەلتوری، ئابوری و ئاینی و تێکشکاندنی پەروەردە، کەلتور، ئابوری و ئاینی گروپێکی جیاواز کە پڵنگەکانی تامیلە.
ماوەی شەش ساڵە پڵنگەکانی تامیل جینۆساید کراون و تا ئێستاش حکومەتی سریلانکا بەرپرسیارێتی تاوانەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، گەر زۆربەی تاوانبارانی جینۆسایدەکانی پێشوو تر بەبێ سزا دەربازیان بوبێت و ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی نەکرابێتنەوە بە ھۆی نەبونی دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی، ئەوا جینۆسایدی پڵنگەکانی تامیل لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی (لاھای) لە کاردا بووە و بە پێی ماددەکانی (٦- ٧- ٨) ی دادگاکە ئەوەی لە دژی تامیلەیکان ئەنجامدرا لە سریلانکا، تاوانەکانی جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ پێک دەھێنێت. بەڵام لەبەر ئەوەی سریلانکا وەک دەوڵەتێک ئەندامی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی (لاهای) نیە، دادگاکە ناتوانێت دەستێوەردانی یاسایی بکات، ئەو ڕێگایەی کە کەیسی جینۆسایدی پڵنگەکانی تامیلی پێبگەیەنرێت بە دادگاکە بریتیە لەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیارێک بە پێی بڕگەی (ب) ی ماددەی (١٣) ی ھەمان دادگا و بەپێی بەشی حەوتەمی دەستوری ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان کەیسەکە ئاراستەی دادگا بکات و لەوێدا لێکۆڵینەوەی تێدا بکات و داواکاری گشتی دادگاکەش دەستێوەردانی یاسایی بکات. بەڵام وەک ئاشکرایە سەروەری یاسا بووە بە قوربانی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریە وشکەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ لە ڕوی یاساییەوە نوێنەری نەتەوەکانی دنیایە، نەیتوانیوە و نایەوێت نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی بکات و لە ئاست پێشێلکاری یاساو ماف و لە ناوچونی گروپێکی ئاینی و نەتەوەی بە ھەڵوێست بێت و سزای یاسایی بسەپێنێت بەسەر پێشێلکارانی یاساو قەرەبوی گروپە ئاینی و نەتەوەییە جینۆسایدکراوەکان بکاتەوە.

دوای شەش ساڵ لە جینۆسایدکردنی پڵنگەکانی تامیل، دەبێت ئەو پرسیارە لە ویژدانی مرۆڤایەتی بکرێت، تامیلیەکان داوای دادپەروەری لە کێ بکەن؟

بۆچوون