Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/07/29 9:34
نوسەر: جینۆسایدی کورد

مێژوی زارەکی ئەنفال

مێژوی زارەکی ئەنفال

خالد سلێمان

مێژوی زارەکی چیە؟

مێژوی زارەکی لە ناو کایەی مێژودا مێتۆدێکە بۆ بەدواداگەڕان کە پشت دەبەستێت بە چاوپێکەوتن لەگەڵ دەربازبو یان ڕزگاربوان لە کارەساتەکان، هەروەها سەرچاوە زارەکیەکان. مێژوی زارەکی کە لە ڕێگەی دەنگی شایتحاڵەکانەوە دیدێکی جیاوازمان دەداتێ لەسەر ڕابوردو، تەنها لەسەر مێژوی ڕوداوی سیاسی و سروشتی نیە، لە هەندێ زانکۆکانی جیهاندا لە سەر مێژوی کەسایەتی وخێزان و گروپە کۆمەڵایەتیەکانیش ڕادەوەستێت. مەبەست لە مێژوی زارەکەی بیستنی دەنگی نەبیستراوە، ڕاوەستانە لە سەر مێژویەک دەنگی جیاوازی تیادایە، سەرچاوەکانی ڕەسمی نین و خەڵک تیایدا قسە دەکات. گۆشەی جیاجیا بۆ ڕوداوەکان هەیەو فرەدەنگی خەسڵەتێکی گرنگی تۆمارکردنی ڕوداوەکان کە مەبەست لێیان لێکۆڵینەوەیە لە ڕاستیەکان و پیشاندانیان وەک خۆیان نەک وەک ئەوەی سەرچاوەیەک یان لایەنێک دەیەوێت بیانخاتەڕو.

مێژوی مێژوی زارەکەی

لە بنەڕەتدا مێژوی گواستنەوەی ڕوداوەکان لەڕیگەی حیکایەت و شیعر و وێنەکێشانەوە، رەگەزێکی سەرەکی مێژو بوە؛ بە تایبەتی لای ئەو گروپ و کۆمەڵانەی سیستمی نوسینیان نەبوە. ئەمە لای کورد شتێکی شاراوە نیەو هەر نوسەرێک، مێژونوسێک، توێژەرێک ئاوڕێک لە حەیران و بالۆرەو حیکایەت و داستان و چیرۆکە ئەفسانەییەکان بداتەوە، ئەوەی لا ڕون دەبێتەوە کە بەشێکی زۆری مێژوی کوردو کوردستان زارەکیە. یەکێک لەو کتێبانەی تا ئێستا لە بەردەستدایە (توحفەی موزەفەرییە)یە کە بریتیە لە مێژوی موکریان و ئۆسکارمان کۆی کردوەتەوە. لەم کتێبەدا زۆر گۆشەی مێژوی ناوچەکانی موکریان لە ڕێگەی چیرۆک و بەیت و حەیران و گێڕانەوەی دەماودەمەوە ڕون دەبێتەوە.

مێژوی زارەکی وەک دەستەواژە بۆ یەکەمجار لە زمانی ئینگلیزیدا بەکار هاتوە کە دەوترێت (Oral History)و هەر لە زمانی ئینگلیزیشەوە هاتوەتە ناو زمانەکانی ترەوە. لەم ژانرە مێژویەدا مەرج نیە مێژونوس تاکە کەسێک بێت و چاوپێکەوتن لەگەڵ شایەتحاڵەکاندا بکات، لەوانەیە گروپێک بە کارەکە هەڵسێت و کەرەستەی وەک نوسین و تۆماری دەنگ و وێنەو هەمو ئەو کەرەستانەی لە چرکەساتی ڕوداوەکەدا بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەو پێداویستی شایەتحاڵە بەکاردێت و دەبنە بەشێک لە مێژوەکە.

باوکی مێژو وەک لە سەرچاوە ئەوروپیەکاندا ناودەبرێت “ هیرۆدۆت” جگە لە قسەو گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان سەرچاوەی نوسینی لە بەردەستدا نەبوەو لە نوسیندا پشتی بە میکانیزمی وێنەکێشانی مێژو بەستوە، ئەویش لە ڕێگەی شایەتحاڵەکانەوە.

دەتوانین بڵێین سەرەتای لە دایکبونی مێژوی زارەکی بەشێوەیەکی ئەکادیمی لە دەیەی سێیەمی سەدەی بیستەمەوە لە ئەمریکا دەست پێدەکات کاتێک مێژونوسە ئەمریکیەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی کۆیلایەتی دژی ڕەشپێستەکان پەنا دەبەنە بەر شایەتحاڵەکان . ساڵانی (١٩٣٠) کە بە دەمی ڕۆچونی گەورەی ئابوری لە ئەمریکادا دەناسرێت بەوە دەناسرێنەوە کە لێکۆڵینەوە لە هەمو شتێک دەکراو، ڕاوەستان لە سەر کۆیلایەتیش بەشێک لەو لێکۆڵینەوە. هەر لەو دەمەشدا تیۆری “عەدالەتی کۆمەڵایەتی” لە لایەن گەورە کۆمەڵناسی ئەمریکی (جۆن ڕاولز) پەرەی پێدەدرێت.

بەرواری لە دایکبونی ڕەسمی میژوی زارەکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٨ لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیوۆرک لە لایەن دەزگای یەکەم سەنتەری مێژوی زارەکی. هەر لەو ساڵەدا ئەو سەنتەرە دەست دەکات بە تۆمارکرنەوەیەکی سیستماتیکی  سەربردەی پیاوانی سیاسەت لە سەر ئاستی لۆکاڵی و فێدراڵی و نیشتمانی. ئەم سەنتەرە لەو ئاستەدا ناوەستێت و لە ناو سێکتەرەکانی تری داودەزگاو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا کار دەکات.

مێتۆدی کارکردنی جیاواز لە سەنتەرەکەدا بەکار دەهێنرێت، وەک تۆماری دەنگ و گەڕانەوەی کۆپی چاوپێکەوتنەکان بۆ بەردەستی شایتحاڵەکان لە پێناو پێداچونەوەو چاککردنەوە. یەکەم کاری ئەم سەنتەرە دامەزراندنی گروپێکی گەورەی کاری دانانی داتابەیس دەبێت و ئامڕۆ سەنتەرەکە خاوەن ملیۆنەها سەعاتی چاوپێکەونتی تۆمارکراوە.

لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا لە بەریتانیاو ئەڵمانیا و ئیتالیا لە دوو بواردا مێژوی زارەکی پەرەی پێدەدرێت، یەکەمیان بەهۆی سوتان و دڕاندنی بەڵگەنایەکەی زۆر لە ئەڵمانیا و ئیتالیا، مێژونوسان پەنا دەبەنە بەر شایەتحاڵەکان بۆ تۆمارکردنی شایەتیەکانیان لەسەر جەنگەکە، دووەمیان پەیوەستە بە پەرەسەندی تیۆری مێژوی کۆمەڵایەتی کە ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ڕۆژنامەنوسی و کاری ڕۆژانەی ڕۆژنامەنوسەکان وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند لە کایەی مێژوی زارەکیدا.  فەرەنسیەکان لە هەشتاکانی هەمان سەدەدا دەست پیدەکەن و پەیمانگەی نیشتمانی دەنگ و ڕەنگ دادەمەزرێنن.

لە دەیەی کۆتایی هەمان سەدەو دەیەی یەکەمی  سەدەی دوو هەزاردا لە زۆر وڵاتی دنیادا، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی بە ئەزمونی سیاسی ناهەموارو ستەم و کۆمەڵکوژیدا تێپەڕبون، (وەک ئەفریقیای باشور، عیراق، کەمبۆدیا، گواتیمالا، ڕواندا) سەنتەری جیاجیا بۆ ئەم بوارە دامەزران و لە پێناو تۆمارکردنی ڕوداوەکان لە ڕێگەی شایەتحاڵەکانەوە کاری جۆراوجۆر کران.

مێژوی زارەکی بۆ؟

مێژوی زارەکی لە پێناو دەرخستنی ڕاستیەکاندایە لەسەر زاری کارەکتەری ناو ڕوداوەکان.  ڕزگارکردنی مێژوە لە هەژمونی سەرچاوە ڕەسمیەکان کە زۆربەی کات بەرژەوەندی تیایاندا پێش ڕاستیەکان دەکەوێت. مێژوی زارەکی لە زانستی دەرونناسی و کۆمەڵناسی نوێدا وەک چارەسەریش بۆ قوربانیەکانی ستەمکاری و شەڕی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بەکار دێت، چونکە بە پێی توێژەرانی پسیکۆلۆژی گێڕانەوەی ڕوداوەکان باری دەرونیی قوربانیەکان سوک دەکات و یارمەتیان دەدات بەرگەی ئەو دڵڕەقی و توندو تیژیانە بگرن توشی بون و بە سەریاندا سەپێنراوە.

میکانیزمەکانی کارکردن لە مێژوی زارەکیدا

مێژوی زارەکی پشت بە مێتۆدی جیاجیا دەبەستێت و پەرەسەندنیشی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، پەیوەستە بە دیدێکی سۆسیۆلۆژی منداڵێک تیایدا دەبێتە کارەکتەی مێژویی و ڕوداوەکان دەگێڕێتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە توێژەرانی دەرونی ئەمریکاو کەنەدا لە ڕوداوی (تسونامی) ساڵی ٢٠٠٤ لە پیناو چارەسەرکردنی باری دەرونی ئەو مناڵانەی کارەساتەکەیان لە سریلانکاو شوێنەکانی تردا بینیبو پەنایان بردە بەر گێڕانەوەی ڕوداوەکان، هەروەها ئەو مناڵانەی لە وڵاتی وەک سیرالیۆن-دا دەخزێنرێنە ناو میلیشیای سەربازی و توندتیژی و شەڕەوە، بەهەمان شێوە لە پێناو گەڕاندنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگەو ڕاهێنانەوەیان لە ژیانێکی نۆرماڵدا، چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت و شایەتیەکانیان تۆمار دەکرێت کە ئامانجەکە تیایدا دەرخستنی ڕاستیەکان و سوککردنی باری دەرونییانە. لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێکرد نوسەری مێژوی زارەکەی یەک مێژونوس نیەو لەگەڵ فرەدەنگی کارەکتەری مێژویدا، مێژونوسیش فرەدەنگە، چونکە تۆمارکردن و وێنەو تەنانەت کەرەستەو ئیکسسواری کارەکتەرەکەش بەشێکن لە پرۆسەی تۆماکردنەکە.

مێژوی زارەکی پشت بە سەرچاوەی دوەم و سێیەم نابەستێت و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەکەسی یەکەمەوە، ئەوەی ڕوداوەکەی بینیوەو تیایدا ژیاوە. ئەویش بە تۆمارکردنی دەنگ، وێنە، کەرەستە، وردەکاری هەمو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە ڕوادوەکە یان کەسەکەوە هەیە.

لە هەنگاوی یەکەمدا لەوانەیە تۆمارکردنەکە، ئەگەر ڕیکۆردی دەنگ بێت یان ڤیدیۆ زۆر بخایەنێت و دوبارەبونەوەی تیادا بێت. دوریش جارێکی تر چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسەکەدا بکرێت، ئەگەر لە حاڵەتێکدا پرسیارێک، گۆشەیەک لە بابەتەکە لە بیر کرابێت. هەر شتێکی وەک وێنە، بەڵگەنامە، کەسەرستەی ژیانی ڕۆژانەی کاراکتەرەکەو ئەوانەی لەگەڵیدا بون، جل و بەرگ، ئەو حیکایەتانەی دەیانگێڕێتەوە، هەمو ئەمانە گرنگن و تۆمار دەکرێن. لەوانەیە لە نمونەی ئەنفالدا یەکێک لەو کەرەستانە جل وبەرگی مناڵێک بێت کە لە نوگرە سەلمان گیانی لە دەست دابێت و دایکی لای خۆی پاراستبێتی. کاتێکیش ڕودای مردنەکەی دەگێڕێتەوە، بونی جل و بەرگەکەی گرنگییەکی تایبەتی دەداتە مێژوەکە.

هیچ شتێک لەو تۆمارکردنە لانابرێت و لە ئەرشیفی لۆکاڵی یان نیشتمانیدا دەهێڵرێتەوە، بەڵام ئەو بەشەی لە کتێبێکدا، فیلمێکی دۆکۆمێنتاری، یان راپۆرتێکی رادیۆ، تەلەفزیۆنیدا پێشکەش دکرێت وێنەو شتە دوبارە بوەکان لە چاوپێکەتنەکەدا لە خۆن ناگرن و لە کاتی تەحریر کردندا لادەبرێن.

مێژوی زارەکەی وەک ڕەگەزێکی نوێی ناو کایەی مێژو، کۆمەڵناسیی، هەروەها دەرونناسی، تا ئێستا لە کوردستاندا نەبوەتە مێتۆدی کارو پرۆژەی بەردەوام لە تۆمارو دۆکۆمێنت کردنی ئەنفال و هەڵەبجەو ڕوداوە هاوشێوەکانی تر، بەشێوەیەکی تایبەتیش ژیانی لادێکانی کوردستان. ئەمە مانای ئەوە نیە لەم بوارەدا کار نەکراوە، بەڵکو کاری مەنهەجی نەکراوەو لەسەر ئاستی ئەکادیمی لە ناو زانکۆکانی کوردستاندا هێشتا سەنتەرێکی مێژوی زارەکی دانەمەزراوە.

لە ئاستی بینراودا، کەناڵی کوردسات زنجیرەیەک چاوپێکەوتنی لەسەر ئەنفال ئەنجامداوە کە لەلایەن ڕۆژنامەنوس سۆران عوسمان-ەوە ئامادە کراون، تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لە بەرنامەی ژیانەوەی کوردستان کە ڕۆژنامەنوس دڵشاد ئەحمەد ئامادەی دەکات، لایەنێکی لادێکانی کوردستانی پێش ئەنفال دەخاتەڕو. لەسەر ئاستی تاک چەند ڕۆژنامەنوس و نوسەرێک، کاری بەرچاویان لەم بوارەدا کردوەو ژمارەیەکی زۆر چاوپێکەتنیان لەگەڵ ڕزگاربوانی ئەنفال، هەروەها ئەوانەی لە نوگرە سەلمان گەڕانەوە ئەنجامداوە، لەو ڕۆژنامەنوسانە، عارف قوربانی، عومەر محەمەد، تەها سلێمان و چەند ڕۆژنامەنوسێکی تر.

لەسەر ئاستی ئەکادیمی و وەک پرۆژەیەکی سیستماتیک دامەزراوەی یادەوەری عیراق یەکەم سەنتەر بو لە عیراقدا بەشێوەیەکی بەرنامە داڕێژراو کار لەسەر مێژوی زارەکی بکات و لە هەمو عیراقدا گروپێک بۆ چاوپێکەوتن و تۆمارکردنی بەسەرهات و ڕوادوەکان لەسەر زاری کارەکتەرەکانەوە ئامادە بکات و سەدان چاوپێکەوتن ئەنجام بدات.

نمونە

یەکێک لەو نمونانەی لە حیکایەتەکانی ئەنفالدا دەکرێت بکرێتە بابەتی مێژوی زارەکی چیرۆکی ژنێکی گەرمیانیە بەناوی ئاوات خورشید کە له‌ کاتی ئه‌نفالدا له‌ ته‌مه‌نی پانزه‌ ساڵیدا بوو. له گرتووخانه‌ی قۆره‌توو له‌ نزیک شاری که‌لار له‌گه‌ڵ دایکی و خوشک برا بچووکه‌کانیدا له‌ باوکی جیاده‌کرێته‌وه‌ و به‌ره‌و گۆپته‌په‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ نوگره‌سه‌لمان ڕه‌وانه‌ ده‌کرێت. به‌درێژایی ئه‌م گه‌شتی ئازاره‌ی که‌ ناوی ئه‌نفاله‌ و له‌به‌رده‌م ماڵه‌ کورده‌کانه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد و له‌ گرتووخانه‌ و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی باشووردا کۆتایی پێهات، ئاوات خورشید شایه‌تحاڵێکی بچووکی به‌توانا ده‌بێت و یاده‌وه‌ری خۆی ده‌کاته‌ پانتاییه‌ک بۆ هه‌ڵکۆڵین.

ئه‌وێکی نه‌خوێنده‌وار له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌موو دڵڕه‌قییه‌دا چی بکات و چۆن شته‌کان بنووسێته‌وه‌، له‌به‌رده‌م جیاکردنه‌وه‌ی باوک و مام و که‌سوکاری تردا چۆن به‌ره‌نگاری ئه‌و داکشانه‌ پسیکۆلۆژیانه‌ بێته‌وه‌ که‌ په‌ره‌ به‌ بچووکترین گۆشه‌ی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌به‌ن. “ئاوات”ێکی په‌روه‌رده‌ی کولتووری لادێ و ته‌قالیدێکی دیاریکراو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌، له‌ساتی به‌جێهێشتنی ماڵ و گونده‌ بچووکه‌که‌یه‌وه‌ بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌دات یاده‌وه‌ری و په‌ڕه‌کانی (دڵ) وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، بکاته‌ ده‌فته‌ر و ڕه‌سمی گه‌شتی ئازاری تێدا بکات. یانی، بڕیاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ ده‌دات و ئامرازه‌که‌ش هۆنینه‌وه‌ی شیعر ده‌بێت و کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکانی یاده‌وه‌ری به‌سه‌ر ڕۆژانه‌ی تراژیدیاکه‌دا.

له‌ هۆنراوه‌یه‌کدا کە وا دیارە دووای کۆکردنەوەی ئەنفالکراوەکان لە گرتووخانەی تۆبزاوا هۆنیوەتییەوە ده‌ڵێت:

دەستم کەلەپچە بەدار بییەوە

چاوم هاوەلای قاپی چییەوە

قاپی سجنەکەم بە پۆڵا بەنە

دووژمن ئەیکاتەوە بەزەردەخەنە

قاقەز ئەنووسم لە گەڵە سرکەیی

چاو بەگریان و دڵ بەگلەیی

قاقەز ئەنووسم بۆ مامەی شارم

بۆ هیچ کوێ نەڕوات خۆم بریندارم

دەسڕەکەی باوکم دووگوڵی لە ناوە

بۆ فرمێسک سڕین ڕێگەی تۆبزاوە

ئەترسم بمرم لەم غەریبییە

خەڵک کەسی زۆرەو من کەسم نییە

ئاوات له‌ وێنه‌ شیعرییه‌کانیدا باس له‌ داخرانی ده‌رگاکان و کۆت و زنجیر و به‌ستنه‌وه‌ی ده‌ست و پێ و جه‌سته‌ی به‌دار و دیواره‌وه‌  ده‌کات، هه‌روه‌ها باسی ئه‌و ڕۆژانه‌ ده‌کات وا ژیانی ئه‌نفالکراوه‌کان له‌ناو لم و گه‌رما و دڵڕه‌قیی پاسه‌وانی گرتووخانه‌که‌ له‌ هه‌موو مافه‌کان داده‌ماڵرێت. هه‌ر له‌وێدا که‌ گه‌شتی ئازاره‌که‌ ده‌گاته‌ ترۆپک و ئیتر هه‌موو پاشگره‌کانی مه‌رگی وه‌ک سووکایه‌تی له‌ڕێگای تینوێتی و برسێتی و لێدان و مه‌رگی ئازیزان و گیاندانی منداڵانه‌وه‌ ده‌بنه‌ دیمه‌نێکی ڕۆژانه‌ی نوگره‌سه‌لمان. له‌و ڕۆژانه‌دا دوو خوشک و برای بچووکی له‌به‌رده‌م گه‌رما و سکچوون و تینوێتی و نه‌بوونی داوده‌رمان دا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ئاواتیش به‌شدارێکی بچووکی ئازاری “ئامینه‌”ی دایکی ده‌بێت و به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ جه‌سته‌ی ئازیزانیان ته‌سلیم به‌لمی بیابان ده‌کرێت.

له‌ ئاوات ده‌پرسم چۆن به‌رگه‌ی ئه‌و چرکانه‌ت ده‌گرت. وه‌ڵامه‌که‌ی وام بۆ ده‌رده‌خات که‌ ئه‌زیه‌تی یادوه‌ریم دابێت و دیمه‌نه‌کانی مه‌رگم بیر خستبێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و حه‌ز ده‌کات جارێکی تر وێنه‌ شیعرییه‌کانی بیر بکه‌وێته‌وه‌ و جارێکی تر بیانڵێته‌وه‌؛ یانی تیایاندا بژیت و ببێته‌ به‌شێک لێیان. ئه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشکنینی یادوه‌ریدا و ده‌ست ده‌کات به‌بیرکردنه‌وه‌ و له‌ ڕێگای شوێنه‌کانه‌وه‌ شته‌کانی دێته‌وه‌ خه‌یاڵ. قه‌ڵاو گرتووخانه‌ی قۆره‌توو وێنه‌یه‌کی شیعری بیرده‌خاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی تۆپزاوا وێنه‌یه‌کی تر و ئه‌وه‌ی نوگره‌سه‌لمان سه‌دانی تر، شته‌کان وه‌ک وتم گرێدراون به‌شوێنه‌کانه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌یاهێنێته‌وه‌ یادی خۆی ته‌نها کۆپله‌یه‌کیشی بۆ ناگوترێ.

وه‌ک له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێدا ئاوات نه‌خوێنده‌واره‌ و شیعر هۆنینه‌وه‌ له‌ گه‌شتی ئازار و داماڵران له‌ ژیان له‌ بیابانی عیراقیدا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی خۆڕسکانه‌ و ده‌روونی مرۆڤ بوو به‌رامبه‌ر دڵڕه‌قی و باڵاده‌ستیی توندوتیژی. ئامینه‌ ده‌ڵێت: “ئاوات له‌ناو قاوشه‌کاندا شیعری بۆ ده‌گوتین و هه‌موومان گوێمان لێ ده‌گرت”. له‌ درێژه‌ی ئه‌م وه‌ڵامه‌ ساده‌یه‌دا وامان بۆ ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م ڕه‌فتاره‌ تاکه‌که‌سییه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌ ڕێگای شیعر هۆنینه‌وه‌ بووه‌ته‌ پانتاییه‌ک بۆ گوێگرتن و دروستکردنی جۆرێک له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ ڕێگای مۆنۆلۆگه‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ده‌کات توانای وتنی ئه‌وه‌مان هه‌بێت که‌ ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ ڕۆحی و خۆڕسکییه‌ی ئاوات له‌ ئاستێک له‌ ئاسته‌کاندا سیفه‌تێکی ده‌سته‌جه‌معی وه‌رگرتووه‌ و چووه‌ته‌ ئاستی ئه‌و هێزه‌ ئینسانییه‌ی ته‌نها له‌ کاتی دڵڕه‌قی و ناخۆشی و ترسی له‌ ده‌ستدانی ژیاندا له‌ مرۆڤدا ده‌رده‌که‌وێت.

ئامانجی لە مێژوی زارەکی

وەک لەسەرەتادا ئاماژەم بۆ کرد، ئامانجی مێژوی زارەکی دەرخستنی ڕاستیەکانە و نوسینەوەی مێژو لەسەر زاری کاراکتەرەکانی ڕوداوە مێژوییەکان خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا ڕزگار کردنی مێژوە لە تاکدەنگی و پێدانی خەسڵەتی فرەیی  لە دەنگ و ڕەنگ و ڕاوبۆچونەکاندا. لە سەنتەرو زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکانی جیهاندا مێژوی زارەکی  ئامانجی تریشی هەیە کە دەتوانم لەم چەند خاڵەدا کۆیان بکەمەوە:

یه‌كه‌م: سووككردنی باری ده‌روونی قوربانییه‌كه‌له‌و كێشانه‌ی لێدان و توندوتیژی تووشی كردوون، چونكه‌گێڕانه‌وه‌وه‌ك هونه‌رێكی كۆنی شیعری و درامی، ته‌نانه‌ن له‌یۆنانی كۆنیشدا فاكته‌رێك بووه‌بۆ پاكژبوونه‌وه‌و قورتار بوون له‌خه‌مۆكی و قووتنه‌دانی غه‌م و په‌ژاره‌. به‌رده‌وام توندوتیژی و لێدان و دڵڕه‌قی ده‌روون و جه‌سته‌ی مرۆڤ توشی ژه‌نگ هه‌ڵهاتن ده‌كه‌ن و گێڕانه‌وه‌یه‌كێكه‌له‌و هونه‌رانه‌ی پاكبوونه‌وه‌ده‌به‌خشێته‌مرۆڤه‌كان و باریان سووك ده‌كات.

هه‌ڵبه‌ته‌دوور جۆر گێڕانه‌وه‌هه‌یه‌، یه‌كه‌میان قوربانی ده‌یگێڕێته‌وه‌و دووه‌میان زاڵمه‌كه‌، یان با بڵێین ئه‌و كه‌سه‌ی ئاكتی توندوتیژی ئه‌نجامده‌دات. ئه‌مه‌ی دووه‌میشیان هه‌ر ده‌چێته‌خانه‌ی كاتارسیسه‌وه‌(پاكژبوونه‌وه‌)و كه‌سه‌كه‌ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای گێڕانه‌وه‌وه‌دان به‌تاوانه‌كه‌ی خۆیدا بنێت وه‌ك جۆرێك له‌داوای لێبوردن له‌لایه‌كه‌وه‌، رزگاربوون له‌و باره‌قورسه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیگرتووه‌له‌لایه‌كی تره‌وه‌.

دووه‌م: ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی له‌گێڕانه‌وه‌و چیرۆكدا هه‌ن یارمه‌تی میدیاو توێژه‌ران ده‌ده‌ن زیاتر بچنه‌ناو ورده‌كارییه‌كانی توندوتیژییه‌وه‌و به‌دوای میكانیزی چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێن.

سێیه‌م: گێڕانه‌وه‌، چی له‌لایه‌ن قوربانییه‌وه‌بێت یان زوڵمكار، ده‌رگای ئازایه‌تی له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا ده‌كاته‌وه‌بۆ ده‌ركردنی ئه‌و هه‌موو چیرۆكی توندوتیژییه‌ی له‌ناو ماڵاندا ده‌كرێن.

چواره‌م: گێڕانه‌وه‌یارمه‌تی كه‌سه‌كان ده‌دات رووبه‌ڕووی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌ببنه‌وه‌.

پێنجه‌م: شكاندنی بێده‌نگی و لادانی ده‌مامكی خۆشبه‌ختی له‌نێوان تاكه‌كاندا. زۆرجار له‌پاڵ هه‌موو توندوتیژییه‌كاندا كه‌له‌ژنێك ده‌پرسیت ژیانت چۆنه‌؟، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: زۆرباشم سوپاس بۆ خوا، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌40 ساڵ بێت له‌ژێر لێدان و توندوتیژیدا بژیت.

شه‌شه‌م: به‌درۆخستنه‌وه‌ی چیرۆكێكی مێژوویی هه‌ڵبه‌ستراو كه‌كۆمه‌ڵگه‌دروستی كردووه‌و له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ژن بۆ شاردنه‌وه‌ی برینی لێدان ده‌ڵێت له‌په‌یژه‌كه‌وتمه‌خواره‌وه‌.

حه‌وته‌م: هه‌موو تاكه‌كان، ئه‌كادیمییه‌ك و نووسه‌رێك و كرێكارێك و جوتیارێكی ناو كێڵگه‌و ده‌ستفرۆشێكی ناوبازاڕ گوێ له‌حیكایه‌ت و گێڕانه‌وه‌ده‌گرن. واته‌چیرۆك و حیكایه‌ت له‌هه‌موو جۆره‌كانی تری نووسین و هونه‌رو چالاكییه‌مرۆییه‌كان زیاتر كاریگه‌رن و زووتر مه‌به‌ست ده‌پێكن.

بۆ ئەم نوسینە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

*سایتی مێژو بۆ هەموان بە زمانی فەرەنسی

*کتێبی (سێ سەممە دەبمە جەللاد) ٢٠١٠ سلێمانی، خالد سلێمان

*ئەزمونی دەزگای یادەوەی عیراق

*ئەزمونی چوارساڵ لە ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی لە بواری ستۆری تێڵینگ

بۆچوون