Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/07/29 16:54
نوسەر: جینۆسایدی کورد

لە نێوان خەمی بارزانیە قوربانی بەخشەکان و بێ باکی بارزانیە سیاسیەکاندا

لە نێوان خەمی بارزانیە قوربانی بەخشەکان و بێ باکی بارزانیە سیاسیەکاندا

ئاوارە حسێن*

لە (٣١/٧/١٩٨٣) دا، ڕژێمی بەعسی سەددام، بە هێزێکی گەورەوە کە پێک هاتبوو لە دەزگا ئاسایشیەکان و گاردی کۆماری. گەمارۆی هەردوو کۆمەڵگەی (قودس و قادسیە) ی دالە شارۆچکەی قوشتەپە. کە بارزانییەکانی تێدا نیشتەجێبوون، دەستیکرد بە دەستگیرکردنی نێرینەی تەمەن (١٥) پانزە ساڵ تاکو پێرەمێردی (٩٠) نەوەد ساڵ.

لە مانگی (٨) هەمان ساڵ، پەلاماری کۆمەڵگە زۆرە ملێیەکانی (بەحرکەو هەریر و دیانە) ی داو نێرینەکانیان دەستگیر کرد. لە مانگی (١٠) هەمان ساڵ، دووبارە هەڵیان کوتایە سەر هەردوو کۆمەڵگەی (قودس و قادسیە)، بۆ ئەو مێرد منداڵانەی کە جاری پێشوو دەستگیر نەکرابوون، و هەموویان دەستگیر کران. لەو پەلامارانەدا نزیکەی (٨،٠٠٠) هەشت هەزار نێرینەی بارزانی لە گەنج و پیر بە ساغ و نەخۆشەوە، تەنانەت ئەوانەشی کە لەڕووی دەرونیەوە تەواو نەبوون دەستگیر کران و وونکران و ژن و مناڵەکانیشیان بە بێ سەرپەرشتی و بە ژیانێکی مەرگەساتی لە ئۆردوگاکان هێشتەوە. بە پێی بەڵگەنامەکان ئەو نێرینە بارزانیانەی کە تەمەنیان لە (١٥) پانزە ساڵ بەرەو سەرەوە بوو بۆ بەغدا گواستراونەوەو ڕەوانەی دادگای بە ناو شۆڕش کران و بەشێوەیەکی ڕەمەکی لە سێدارە دراون و هەندێکی تریشیان بەشێوازی جۆراو جۆر بۆ بیابانی (بوسەیە) لە باشووری خۆرئاوای عێراق زیندە بەچاڵکران.

سەرەڕای جینۆساید کردنی فیزیکی بارزانیەکان، ئەوەی ئازارە دەروونی وکۆمەڵایەتییەکەی قوڵتر دەکردەوە و تا ئێستاش کاریگەرییە قوڵەکەی ماوە. ئەوەبوو بۆماوەیەکی دوور و درێژ لە ناو هەزاران مرۆڤدا پرۆسەی هاوسەرگیری نەما و گۆڤەند و هەڵپەڕکێ بوو بە خەون لە هزر و بیری ئافرەتانی بەجێماوی جینۆسایدی بارزانیەکاندا.

بۆماوەیەکى دوور و درێژ لە ئۆردووگا زۆرەملێیەكانی بارزانیەكان و دواتریش لە ئۆردووگای (قودس و قادسیە) لە قوشتەپە و لە ئۆدووگاكانی تریش (هەریر و بەحركە و دیانا)، هیچ هاوسەرگیریەك ئەنجام نەدرا. چونكە هەموو پیاو و مێرد منداڵ و نێرینەی بارزانیەکان جینۆسایدكران. تەنیا ئافرەت و منداڵ مانەوە و ئافرەتانیش هەرگیز بیریان لە شوكردن نەكردەوە. بەڵكو سەرەڕای لە دەستدانی خوشەویستانیان ئەركی سەرەكیان بەخێوكردنی منداڵەكان و پاراستنی بیرو باوەڕو كەرامەتی خۆیان بوون.

ئەوان بۆ ماوەی زیاتر لە (٢٢)بیست و دوو ساڵ لانكیان نەهەژاند و بێشكە لە ماڵە بارزانیەكان بەدەگمەن دەبینرا.

ئەوەش دەگمەن ڕوویداوە لە جینۆسایدەکانی تری دنیادا بەدرێژای مێژووی جینۆساید، کە جگە لە جینۆساید کردنیان کار بکەن بۆ تێکشکاندنیان لە ڕووی دەروونیەوە. بەوەش ڕژێمی بەعس ویستوویەتی هێزی بەرهەمهێنەر کەم بکەنەوە بەوەش ببێتە هۆی لەسەر خۆ جینۆساید کردنی هەموو ئەوانەی کە جینۆساید نەکرا بوون.

ئەو جینۆسایدە پێش ئەوەی بەرامبەر بە بارزانیەکان و نەتەوەی کورد کرابێت، جینۆسایدێک بوو لە دژی مرۆڤایەتی. ئەو جینۆسایدە بەپێی ماددەی (٢) ی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەدەغەکردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکارانی، کە عێراق ئەندام بوو و وە ئەندامەیشە تیایدا، دەکرێت بە ڕووناکترین جینۆساید دابنرێت، کە تاو ئەو کاتە ئەنجام درابێت لە مێژووی جینۆسایددا.

لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، لە ساڵی (٢٠٠٣) وە، لە پرۆسەی گەڕان و پشکنین تا ئێستا ژمارەیەک لە ڕوفاتی بارزانیەکان هێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان و لە گۆڕستانی بارزان جارێکی تر بە خاک سپێردرانەوە.ئەو ژمارەیەش (٥٩٦) ڕووفاتن و لە زێدی دایک بە خاک سپێردرانەوە.

کەیسی جینۆسایدی نێرینە بارزانیەکان یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق. یەکەم دانیشتنی دادگا سەبارەت بەو کەیسە  لە (٢/٣/٢٠٠٩) ئەنجام درا. پاش (٤٠) چل دانیشتن، دادگا لە (٣/٥/٢٠١١) کەیسی جینۆسایدی بارزانیەکانی بە پێی ماددەی (١١) ی دادگاکە کە بەپێی یاسای ژمارە (١٠) ی ساڵی (٢٠٠٥) پێک هاتبوو، بە جینۆساید ناساند و پاش جیاکردنەوە (تمیزی) بڕیاڕەکەش لە (٢٠/٦/٢٠١١)، بووە هۆی ئازادکردنی تۆمەتبار (وەتبان ئیبراهیم حەسەن)، زڕبرای سەدام حسەین. و سزادانی چەند تاوانبارێکی تر و دووبارە کەیسەکە بەجینۆساید ناسێنرایەوە.

ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئێمەیە وەک کەسێکی یاسایی، کە نەم ویستووە و نامەوێت لەڕووی سیاسیەوە هەڵسەنگاندن بۆ کەیسە بکەم، وەک ئاماژەشمان بۆ کردووە ئەو جینۆسایدە یەکێکە لە جینۆسایدە دەگمەنەکان لە مێژووی جینۆسایدی مرۆڤایتەیدا.

بارزانیە قوربانی بەخشەکان لە ماوەی (٣٢) ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا بەو ئازارەوە تلانەوە و دەتلێنەوە. خەمی قوڵی ئەوان ئەوەیە کە ئەو جینۆسایدە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسرێت و بەوەش ئەو گەرەنتیە یاساییە وەربگیرێت کە جارێکی تر چی ئەوان چی نەتەوەکەیان ڕووبەڕووی جینۆساید نەبنەوە.

بەڵام بارزانیە سیاسیەکان، زۆر بێ باکانە جگە لە گریانێکی تیمساحی ساڵانە لە یادی ئەو جینۆسایدەدا، نەیانتوانی و نەیانویست و نایانەوێت ئەو کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێنن. ئەوەی بارزانیە سیاسەکانی گەیاندە بەرزترین پۆستە سیاسەکانی باشووری کوردستان ئەو جینۆسایدە بوو، خوێنی گەشی ئەو بارزانیانە بوو کە با نەهەق و ناڕەوا لە بیابانەکانی عەرەب ڕژێنرا.

لە (٢٤/٦/٢٠٠٧)دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی بڕیاری دەستگیر کردنی بۆ (٤٢٣) تۆمەتبار دەرکرد، کە (٢٥٨) تۆمەتباریان کوردن و دەستیان هەبووە لە جینۆساید کردنی نەتەوەکەیاندا. وە دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی بەفەرمی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە ئەو تۆمەتبارانە ڕادەستی دادگا بکەن بۆ لێکۆڵینەوە دادگایی کردن. بەڵام حکومەتی هەرێم نەک هیچ هەوڵێکی نەداوە، بەڵکو ئەو تۆمەتبارانە لە ناو پارتە سیاسەکانی باشووردا جێگایان کراوەتەوە و پەنا دراون. زۆربەی زۆریان لە ناو ڕیزەکانی پارتەکەی بارزانیە سیاسەکاندان، جۆرە ڕێزێکیان هەیە زیاتر لەو ڕێز و پاداشتەی کە بۆ بارزانیە قوربانی بەخشەکان هەیە.

بارزانیە سیاسەکان بەو کارانەیان ئازارێکی دەروونی گەورەی هەموو کوردێکی دڵسۆز و یاسایی و بارزانیە قوربانی بەخشەکانیان داوە، کە لەوانەیە بارزانیە ڕزگاربووەکان خۆیان هەستی پێ نەکەن، یان ئەو هەقیقەتە تاڵە دەزانن و بەهۆکاری ئایدۆلۆژی حیزبییەوە بێدەنگیان لێ هەڵبژاردووە. پەنادانی تۆمەتبارانی جینۆساید کورد لە لایەن بارزانیە سیاسیەکان و پارتە سیاسیەکانی تری کوردەوە. نەک هەر بووەتە هۆی ئەوەی کە تا ئێستا ئەو کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید نەناسرێت، بەڵکو بووەتە هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوەی تا ئێستا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتوانی جینۆسایدی کورد نەکرێتەوە.

لە چەندین شوێنی تریشدا ئاماژەم بۆ کردووە، کە بارزانیە سیاسەکان ناتوانن باس لە هاوبەشیکردنێکی ڕاستەقینەی ئازاری ئەو جینۆسایدە بکەن، تاوەکو ئەو تۆمەتبارانە ڕادەستی دادگا نەکەن و بە ڕاستگۆیانە لە ڕێگای کەسانی یاسایی و شارەزا و  زمان زانەوە کار بۆ بە نێودوڵەتیکردنی جینۆسایدەکە نەکەن.

بۆچوون