Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/08/03 16:08
نوسەر: جینۆسایدی کورد

3ی ئاب، جینۆسایدێكی تر بەرامبەر بەكورد

ئەنفالی نۆیەم، ئەنفالی شنگال ‌

راپۆرتی: جەمال ئارێز
مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو وەرچەرخانێكی گەورە لەجەنگی تیرۆر دژ بەعیراق روویدا كە بریتی بوو لەداگیركردنی موسڵ لەلایەن چەكدارە تیرۆریستەكانی سەربە گرووپی داعش. ی.ن.ك وەك هێزێكی بەئەزموون‌و دەستوپەنجە نەرمكردوو لەڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ تیرۆریزم، كە هەرزوو دەركی ئەركی خۆی‌و هەموو هێزە دیموكراتخوازو پێشكەوتنخوازەكانی دژەتیرۆر‌و كۆنەپەرستەكانی كردبوو، ئەو قەناعەتەی لەلا چەسپیبوو كە گرووپە تەكفیرییە تیرۆریستەكان كەس بەدۆستی خۆیان نازانن‌و هەموو كەس‌و لایەنێك كە وەكو ئەوان بیرنەكاتەوە، دەبێتە ئامانجی كردەوە تیرۆریستییەكانیان، هەرلەو سۆنگەیەشەوە هەموو هێزەكانی سەربە یەكەی 70 كە زۆرینەی پێشمەرگەكانی تێكۆشەری یەكێتین لەناو هێزی پێشمەرگەدا خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو، بەتایبەتیش دوای ئەوەی كە هێزو ورەو تەكنیكی سەربازیی سوپای عیراق ئاشكرابوو كە لەچەند رۆژێكی كەمدا سێ چوار فیرقە سەربازی پۆشتەو پڕ چەكی تاروماربوو و هەردوو گەورە شاری موسڵ‌و تكریت بەزۆربەی قەزاو ناحییەكانیانەوە بەكەمترین بەرگریی رادەستی ئەو هێزە تیرۆریست‌و كۆنەپەرستە كرا‌و بەشی جەنگێكی درێژخایەنیان لەچەك‌و تەقەمەتی‌و تەكنۆلۆژیای سەربەزیی نوێ-ش بۆ بەجێ هێشتن، بۆیە یەكێتی پێیوابوو كە ئەوە بەشێكی لە بێ ورەیی سوپای عیراقەو بەشێكی پەیوەستە بەپیلانێكی ئیقلیمی لەدژی عیراق‌و بەشێكی پەیوەستە بەو دەرفەتەی بۆ پاشماوەكانی بەعس رەخساوەو بەشێكیشی پەیوەندیی بەو ململانێ مەزهەبی‌و پەراوێزخستنەوە هەیە كە حكومەتی بەغدای زۆرینە شیعە لەدوای 2003وە بەرامبەر  پێكهاتەو دانیشتووانی پارێزگا سوننە نشینەكان گرتبوویەبەر، بۆیە هەموو ئەو هۆكارانە پێكەوە‌و كۆبوونەوەی ئەو ئەو هەموو ئاراستە جیاجیایە لەبەرژەوەندیی داعش ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە هەرێمی كوردستان بەگشتی‌و ئەو ناوچە دابڕێنراوانەی كە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، لەو بەڵایە سەلامەت نابن ئەگەر رێوشوێنێكی بەبەرنامەو ئامادەكارییەكی پێشوەختەی بۆ نەگیرێتەبەر‌و ئەو كەلێنانە بەباشی پڕ نەكرێنەوە كە پاشەكشەو هەڵهاتنی سوپای عیراق دروستی كردبوو.
نەشوەی سەركەوتن‌و بەیاننامەكەی داعش
لەدوای گرتنی موسڵ، جگە لەوەی خەڵكێكی زۆری مەدەنی دانیشتووی موسڵ بەتایبەتیش پێكهاتەكانی وەك كوردە ئێزدی‌و شەبەكەكان، كریستیانەكان، توركمانەكان كەوتنە بەرشاڵاوی تیرۆریستان‌و بەشێكی زۆریان فریای خۆیان كەوتن‌و روویان كردە ناوچە كوردنشینەكان‌و بەشێكیشیان روویان كردە كوردستان، بەشێكیشیان كەوتنە بەر شاڵاوی پاكتاوكردن‌و كوشتن لەلایەن تیرۆریستانەوە، جگە لەوەش بەشێكی زۆری ئەفسەران‌و سەربازانی سوپای عیراق چەكە سوك قورسەكانیان لەسەربازگەو یەكەكانیاندا بەجێهێشت‌و بەجلی مەدەنییەوە بەناو ئاوارەكاندا خۆیان گەیاندە كوردستان‌و لێرەوە چوونەوە بۆ بەغداو شارەكانی باشوورو ناوەڕاست. ئەمە ئەگەرچی بۆخۆی  كارەسات بوو، بەڵام هەندێك كەس‌و لایەن كە پێیانوابوو ئەم جەنگە پەیوەندیی بەكوردەوە نییەو ئەوە جەنگی نێوان شیعەو سوننەیەو بەرهەمی سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالكییە كە لەلایەك بەخراپترین شێوە ئیدارەی رەوشی ئەمنیی وڵاتی كردووە بەو پێیەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەو بەو پێیەش كە هێندەی شیعەگەرایی كردووە، هێندە وەك سەرۆك وەزیرانی سەرتاسەری عیراق كاری نەكردووەو ئەوە سوپای عیراقە كە بەشكاوی هانا بۆ كوردستان دەهێنێت، لەلایەكی دیكەشەوە داعش لەبەیاننامەیەكی تەكتیكیدا كە لەپێگەی رەسمیی ئەو گرووپە تیرۆریستەوە بڵاوكرایەوە ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو جەنگەی ئەوان پەیوەندیی بەكوردستانەوە نییە‌و جەنگی ئەوان رووی لەبەغدایە‌و مەبەستیانە حكومەتی بەغدا بڕووخێنن. ئەمەش ئەو نەشئەی سەركەوتنەی ئەو لایەنانەی زیاتر كرد كە كورتبینانە خوێندنەوەیان بۆ ئەو وەرچەرخانە مەترسیدارە كردبوو.
كشانەوەی 
فیرقەی 12
یەكێكی دیكە لەو ئاماژانەی كە سوپای عیراقیش بەشێكی لەو ئۆباڵە بەردەكەوت تا ئاراستەی جەنگەكە بگۆڕێت بەرەو كوردستان ئەوەبوو كە بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەخت‌و پێش ئەوەی داعش هیچ هێرشێكی بۆسەر باشوور‌و باشووری خۆرئاوای كەركوك‌و خۆرهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین‌و خۆرئاوا‌و باكووری خۆرئاوای پارێزگای دیالە بكات‌و وجودێكی ئەوتۆیان لەو ناوچانەدا هەبێت، فیرقەی 12ی سوپای عیراق لەخۆیەوە هەموو سەنگەرەكانی چۆڵكرد، ئەوە لەكاتێكدا كە هاتنی ئەو فیرقەیە لەساڵی 2010و جێگیربوونی لەو ناوچانە لەلێواری ئەوەدا بوو كە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و بەغدا لەلێواری پێكدادان نزیك بكاتەوە تا بەكۆمەڵێك مەرج كورد رازی بوو ئەو فیرقەیە جێگیربكرێت لەو ناوچانە، بەڵام بەبێ هیچ مەترسییەكی فیعلی هەموو چەكە سوك‌و قورسەكانیان بەجێهێشت‌و ناوچەكەیان چۆڵكرد، بۆیە هێزەكانی یەكەی 70‌و هێزی دووی پشتیوانی بەپەلە شوێنەكانیان پڕكردەوە بەوپێیەی بۆنی پیلانێكیان لەو پاشەكشە بێ بەرنامەو رانەگەیەندراوە كردبوو.
گرتنی شنگال‌و 
راستی تێڕوانینەكەی یەكێتی
هەرچەندە لەڕۆژی 9/6/2014وە تا ڕۆژی 3/8/2014 هێزەكانی یەكەی 70 لەزۆربەی ئەو شوێنانە جێگیركران كە سوپای عیراق لێی كشابۆوەو رۆژبەڕۆژیش سەنگەرەكان قایمتركران، بەڵام پێ بەپێی ئەوە لێرەو لەوێ ئەوە دەدرا بەگوێی خەڵكدا كە ئەو جەنگە جەنگی پەیوەندیی بەكوردەوە نییەو یەكێتی دەیەوێت باری نالەباری سیاسیی خۆی بەو نمایشە سەربازییە راست بكاتەوە، بەڵام شاڵاوی داگیركردنی شنگال‌و رەبیعەو زومارو سنونێ‌و باشیك‌و بەنداوی موسڵ، راستیی تێڕوانینەكانی یەكێتیی سەلماند كە دەبێت ئەو گرووپە بەرلەوەی دەست بوەشێنن، دەستیان لێ بوەشێنرێت‌و رێگە نەدرێت جێگیرببن لەو شوێنانەی كە دەكەونە سنووری مادەی 140-ەوە، هەربۆیەشە داگیركردنی شنگال‌و ناحیەو گوندەكانی دەوروبەری هەمان دیمەنەكانی ئەنفالی بەبیر خەڵكی كوردستان هێنایەوە كە زۆربەی دیاردەكانی ناو شاڵاوەكانی هەر هەشت قۆناغەكەی ئەنفال لەئەنفالی نۆیەمدا دووبارە بوونەوە‌و بەو پێیەی لەسنووری موسڵیشەوە هێرشەكان دەستیانپێكرد، بەشێك لەهێرشكەرانی سەر شنگال هەمان كەسەكان یان رۆڵەو نەوەكانی ئەو كەسانە بوون كە شاڵاوەكانی ئەنفالی 1-8ی ساڵی 1988یان لەدژی خەڵكی كوردستان جێبەجێ كرد، بۆیە جێی خۆیەتی ئەو هێرشەی كرایە سەر شنگال بە ئەنفالی 9 ناوبەرین لەسۆنگەی لێكچوون‌و بەرنامەڕێژییەوە لەدژی كورد‌و پێكهاتەو كەمینە نەتەوەیی‌و ئایینی‌و مەزهەبییەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا.
رۆژژمێرێك
 لەوەحشیگەریی
لەرووماڵی رۆژانەی ئەو رووداوە تراژیدییەدا كە شنگال‌و ناوچەكانی دەوروبەری گرتەوەو بووە مایەی راكێشانی سەرنجی هەموو ئازادیخوازانی جیهان‌و گەڕاندنەوەی دۆخەكە بۆ سەردەمێك لەوەحشیگەریی، چەندین لێدوان‌و راگەیەندراوی ئەو رۆژگارە نموونەن بۆ تەدوین كردن‌و بەدیكۆمێنتكردنی ئەو مێژووە رەشەی تیرۆریستان كە لێرەدا مشتێك لەنموونەی ئەو خەروارە وەحشیگەرییە وەردەگرین:
هەڕەشە
 بەشمشێرەوە
سەیدۆ چەتۆ نوێنەری كوردە ئێزدییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رۆژی 4/8 واتە یەك رۆژ لەدوای داگیركردنی شنگال‌و دەورەبەری وتی: «دوای كونترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی شنگال لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، كوردانی ئیزدی تووشی هەڕەشەی كوشتن بوونەتەوە‌و بەو هۆیەوە پۆل پۆل روو لەچیای شنگال دەكەن‌و  لەڕەوشێكی خراپدا ژیان بەسەردەبەن». هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە «دوای دەستبەسەرداگرتنی ناوچە ئێزدی نشینەكان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، لەلایەن ئەو چەكدارانەوە هەڕەشە لەوهاووڵاتییە ئێزدییانە دەكرێت تا ببن بەموسڵمان، بەپێچەوانەوە شمشێریان لەدژ بەكاردەهێنرێت». وتیشی: «زیاتر لە 30 هاووڵاتیی ئێزیدی لەكۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر بەهۆی رەتكردنەوەی بڕیارەكەی داعشەوە كوژراون».
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا راشیگەیاند كە «هەر ئەمڕۆ واتە 4/8 تیرۆریستانی داعش لەشارەدێی سنونی سەر بەقەزای شنگال مەزارگەی شیخ شەرەفەدینیان تەقاندەوە».
ئاژانسی فورات نیوز-ی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان لەرۆژی 6/8/2014 راسیگەیاند: «سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەچیای شنگال بەهۆی نەبوونی ئاوەوە (6) منداڵی ئێزیدی لەتێنواندا گیانیان لەدەستدا‌و دوێنێش واتە 5/8 دوو منداڵی دیكە بەهەمان هۆكار گیانیان لەدەستداوە «. هەروەك ئاماژە بەوە دەكات كە «لەدوای كشانەوەی پێشمەرگەو داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە (200) هەزار كوردی ئێزدیی خەڵكی شنگال روویان لەچیای شنگال كردووە، كە هیچ پێداویستییەكی سەرەكیی ژیانیان نییە».
لەسێدارەدان دەستیپێكرد
كۆچی خەڵكی شنگال لەترسی هێرش‌و پەلاماری وەحشیگەرانەی داعش بەردەوامەو بەرەبەیانی رۆژی 4/8/2014، (88) گەنجی ئێزدی لەسێدارەدران‌و هەشت منداڵیش بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستدا، ئەمەش لەئەندامانی ئەو خێزانانە بوون كە نەیانتوانیبوو ناوچەكە بەجێ بهێڵن.
رۆژی 7/8/2014 سەرچاوەیەك لەناو شنگالەوە بەئاژانسەكانی هەواڵی راگەیاند: نزیكەی 200 هەزار كەس ئاوارەبوون‌و ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی عەشیرەتە عەرەبییەكانی دەوروبەری شنگال، هاتوونەتە ناو شنگالەوەو ماڵی كوردە ئێزدییەكان تاڵان دەكەن. هەروەك ژمارەیەكی زۆر كچ‌و ژنی گەنجی ئێزدی رفێندراون كە زۆربەیان خەڵكی كۆمەڵگەی گر عوزێرن‌و تائێستاش چارەنووسییان نادیارە.
ئەو ئاژانسانە لەزاری سەرچاوە تایبەتەكانی خۆیانەوە ئەوەیان ئاشكراكردووە كە «لەترسی لەسێدارەدان‌و هەڕەشەی بەردەوامی داعش، بەناچاری چەندین گەنجی ئێزدی ئایینی خۆیان گۆڕیوە‌و بوونەتە موسڵمان».
دوای ساڵێك لەگرتنی شنگال‌و
پرسیارە بێ وەڵامەكان
داگیركردنی شنگال بەو زوییەو بێ بەرگرییەكی ئەوتۆ، لەكاتی خۆی‌و تائێستاش كۆمەلێك پرسیاری زۆری لای چاودێران دروستكردووە كە هێشتا وەڵامەكانیان وەك وەڵامێكی رەسمی‌و موقنیع نادیارە، بەتایبەت لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و وەزارەتی پێشمەرگەوە، كە پێویستە لایەنێك نەك هەر بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخە بگرێتە ئەستۆ، بەڵكو بەدواداچوونی جدیش بكات لەسەر:
*ئەو لێدوانانەی كە بەشێك لەفەرماندە سەربازییەكان لەو رۆژگارەدا‌و بەر لەساڵێك دەیانوت: بەتاكتیك پاشەكشەمان كردووە، بۆیە دەبێت لەدوای ساڵێك لایەنێك ئەوە پشتڕاست بكاتەوە كە كێ ئەو فەرمانی ئەو پاشەكشە تاكتیكییەی داوە؟
*ماوەی یەك ساڵە خەڵك‌و چاودێران‌و رۆژنامەنووسان هەموو ئاگاداری بەرەكانی بەرگرین بەتایبەتی لەسنوورەكانی جەلەولا، خورماتوو،  تەلوەرد، مەلا عەبدوڵڵا، مەخمور، گوێڕ، موسڵ‌و.. هتد، هەمووانیش گەواهیدەری قارمانێتیی‌و دلێریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانن لەهەموو بەرەكاندا، كە سەرباری ناهاوسەنگیی لەڕووی چەك‌و پێداویستییەوە بەڵام بەورەیەكی پۆڵایینەوە لەسەنگەرەكاندا ئامادەی گیانبەخشینن، بەڵام سەیرە شارێكی وەك شنگال‌و شارەدێكانی دەوروبەری ئاوا لەكون فەیەكونێكدا دەكەوێتە دەست داعش‌و بەهەزاران خێزان تێیدا ئاوارە‌و سەرگەردان دەبن‌و هیچ كەسێكیش بەرپرسیارێتی ناگرێتە ئەستۆ؟
هەڵمەتی كوردسات «هەموومان شنگالیین»‌و
 دوو هەڵوێستی جیاواز
لەگەڵ دەستپێكردنی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعش‌و هانابردنی خەڵكە لێقەوماوەكە بۆ چیای شنگال، كەناڵی ئاسمانیی كوردسات وەك زۆرێك لەهەڵوێستە نیشتمانی‌و نەتەوەییەكانی بەرنامە ئاساییەكانی خۆی پچڕاند‌و هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی هاوكاریی بۆ بۆ ئەو خێزانە لیقەوماوانەی كوردە ئێزدییەكان دەستپێكرد لەژێر ناونیشانی «هەموومان شنگالیین» كە لەسەر ئاستی هەموو باشووری كوردستان بەدەنگەوەهاتنێكی زۆری هەبوو، لەو رووەشەوە بەشی زۆری خەڵكی كوردستان كە خەڵكی موسڵمانن بەگەرمیی بەرەو پیری ئەو هەڵمەتە چوون‌و بەپێی ئاستی دارایی‌و بژێویی خۆیان هاوكاریی‌و كۆمەكەكانیان گەیاندە ئەو شوێنانەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كرابوو، هەروەك زۆربەی خەڵكی كوردستان‌و میدیاكان‌و كۆمپانیا بازرگانییەكان بەگیانێكی نەتەوەییانەو مرۆڤدۆستانەوە بەشداربوون لەو هەڵمەتانەدا كە بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەچوو، كە بەجۆرێك لەجۆرەكان كاریگەریی هەبوو لەسەر هەستی كوردانی ئێزدی‌و ئەو راستییەیان لەلا بەرجەستە بوو كە ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەژێر ناوو پەردەی ئیسلامەوە دەرهەق بەوان كردی دوورە لەپڕەنسیپی موسڵمانێتی راستەقینەو مرۆڤایەتییەوە، بەڵام هاوكات هەندێك كەسایەتیی ئیسلامیی سیاسی وێڕای چاوو راوكردنێكی زۆر جورئەتی ئەوەیان نەبوو ئەو كردەوە تیرۆریستی‌و نامرۆڤانانە پڕۆتستۆ بكەن‌و بەبیانووی جیاجیا پاساویان بۆ دادەتاشی، بەوەی كە ئەو ئێزدییانەی شەهیدكراون بەدەستی داعش ناكرێت پێیان بووترێت شەهید چونكە ئەوانە «مسوڵمان نین». ئەمەش بۆخۆی بەرلە ئێزدییەكان بووە مایەی ناڕەزایی‌و توڕەیی خەڵكی كوردستان.

* لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ وەرگیراوە 

بۆچوون