Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/11/03 14:57
نوسەر: جینۆسایدی کورد

سالار مەحمود: داوا لەكەس و كاری ئەنفالكراوان دەكات سبەی 4-11-لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە رزگاری ئامادەی گربوونەوەیەك بن دژی هەوڵەكانی ئازادكردنی تاوانبار سوڵتان هاشم

سالار مەحمود: داوا لەكەس و كاری ئەنفالكراوان دەكات سبەی 4-11-لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە رزگاری ئامادەی گربوونەوەیەك بن دژی هەوڵەكانی ئازادكردنی تاوانبار سوڵتان هاشم

سەبارەت بە بڕیاری ئازادكردنی تاوانباری گەورە “سوڵتان هاشم” كەلەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوە، سالار مەحمود پەرلەمانتاری كوردستان و سەرۆكی لیژنەی كۆمەڵی مەدەنی، بە ماڵپەڕی جینۆساید كوردی راگەیاند، بە هەموو شێوەیەك دژی هەوڵەكانی ئازادكردنی سوڵتان هاشم دەوەستنەوە.

سالار مەحمود وتی: داوا لەكەس و كاری ئەنفالكراوەكان، چالاكوان و نووسەرو شارەزایانی بواری جینۆسایدو ئەنفال دەكەم، سبەی 4-11-2015 لە مۆنۆمێنتی دێبنە لە شارۆچكەی رزگاری ئادەبن بۆ ئیدانەكردن و فشاركردن لەسەر هەوڵەكانی ئازادكردنی سوڵتان هاشم.

ماڵپەڕی جینۆساید كورد هاوڕای پەیامەكەی سالار مەحمود داوا لەكەس و كاری ئەنفالكراوەكان دەكات، سبەی ئامادەی گردبوونەوەكەی مۆنۆمێنتی دێبنە لە شارۆچكەی رزگاری بن، بۆ ئەوەی بەهەموولایەك رێگا لە ئازادكردنی ئەم گەورە تاوانبارە بگرین.

یەكەمین قۆناغی ئەنفال سوڵتان هاشم سەرپەرشتی كردوە، زانیارییەكان لیرەوە بخوێنەوە

قۆناغی یەكەم 9-2-1988 تا 23-2-1988

قۆناغی یەكەمی شاڵاوی تاوانی ئەنفال، بە پێی بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوان لە عێراق، لە ناوچەی “سەرگەڵو، بەرگەڵو” لە 9-2 1988 تا 23-2-1988 ئەنجامدراوە، واتە 23-2 كۆتایی شاڵاوی قۆناغی یەكەمی تاوانەكەیە. شوێنی ئەنجامدانی تاوانەكە ناوچەی “سەرگەڵو، بەرگەڵو” ناوچەیەكی شاخاوییەو دەكەوێتە سنووری شارۆچكەی سوورداش سەر بە قەزای دۆكان، گوندەكانی ئەم سنوورە لە “150” گوند پێكدێت و ناوچەیەكی شاخاوی و سەختە، ئەم هێزو یەكانەی خوارەوە بە سەركردایەتی تاوانبار ” سوڵتان هاشم ئەحمەد” بەشدارییان لەم تاوانەدا كردوەو ئەمەش لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە پشتڕاست كراونەتەوە. بۆ ئەوەی هیچ گومان یان دڕدۆنگیەك نەخرێـتە سەر راستێنەی قسەكردن لەم لایەنەی ئەم ئیشە، بەڵگەنامەكانی دادگا وەك خۆیان دادەنێینەوە.

قۆناغی یەكەمی شاڵاوی تاوانی ئەنفال، بە سەركردایەتی تاوانبار “سوڵتان هاشم ئەحمەد” ئەنجامدراو ئەم یەكە سەربازییانە بەشدارییان تێكرد، لە ژێر چەتری فەیلەقی یەكەمی سوپادا:

-فیرقەی زەمینی “38” هێزەكانی “عومەر عەبدل عەزیز” كە پێك هاتبوون لە ” لیوای زەمینی 18، لیوای زەمینی 48، لیوای زەمینی 130، یەكەی تۆپهاوێژو فەوجی مغاویر”.

-فیرقەی ئالی هێزەكانی “مەحمەد قاسم” كە پێكهاتبوون لەم یەكانەی خوارەوە “لمش21و 15و لمش 20و لمع 2”.

-فیرقەی زەمینی م دووەم، “هێزەكانی موسەنا”، كە پێكهاتبوون لە “لمش 22، لمش 48، لمش 44”.

-سێ‌ لیوای گاردی كۆماری بە چەكی پێشكەوتوو پێداویستی تەواوەوە.

-هێزەكانی بەدر.

-فیرقەی زەمینی چوارەم، “قەعقاع”.

-فیرقەی 33

-هێزەكانی موعتەسەم

-چەندین یەكەی تر وەك “یەكەی كیمیاوی، یەكەی فڕۆكەوانی، هێزی ئاسمانی، یەكەی شەڕكەر لە فیرقەی پێنج، یەكەی ئەندازەیی بۆ تێكدانی گوندەكان، یەكەی رێگاو بانی سەربازی، یەكەی هەواڵگری سوپا”.

 هەریەك لە “بەڵگەنامەكان بڕیاری ژمارە “160” 29-3-1987ی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەناو شۆڕش و بڕیاری ژمارە “4008” 20-6-1987ی نوسینگەی باكور “كوردستان” لەلایەن عەلی حەسەن مەجید، هەروەها چەندین بەڵگەنامەی تری سەربازی سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان و ئەركانی سوپا، لە گەڵ چەندین تۆماری دەنگی و بەڵگەنامەی تری تایبەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و قەدەغەكراو، هاوكات بەڵگەنامەكانی هەردوو رێكخراوی رۆژهەڵات كە لەلایەن هەواڵگری سەربازییەوە بەرێوە دەبرا، هەروەها بەڵگەنامەیەكی تر بەناونیشانی “ش3، ق 2/122، لە بەرواری 1-3-1988 لەلایەن رێكخراوی هەواڵگری رۆژئاواو كە لەلایەن تاوانبار”فەرحان موتڵەگ جبوری” واژۆكراوەو بۆ بەشی هەواڵگری شوعبەی سێیەم نێردراوەو روون كراوەتەوە كە تەنها لەم قۆناغەدا نزیكەی “120100” دوانزە هەزارو سەدكەس بەهۆی چەكی كیمیاوی كوژراون یان بریندار بوون لە قۆناغی یەكەم و دووەمی شاڵاوەكە”، ئەو بەڵگانەی سەرەوەو دانپیانانەكانی هەریەك لە “عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم ئەحمەد، حوسێن رەشید تكریتی، سابر عەبدل عەزیز ئەلدووری، فەرحان موتڵەگ جبوری، تاهر تۆفیق ئەلعانی”، و هاوكات سكاڵاكارو شاهید حاڵەكانی تاوانەكە، تاوانی قۆناغی یەكەمی شاڵاوەكانی ئەنفال پشتڕاستكراونەتەوە.

بەشێكی تر لە بەڵگەنامەكانی سەلماندنی قۆناغی یەكەمی تاوانی ئەنفال، راپۆرتێكی شارەزایانی نێودەوڵەتیە، كە لەو راپۆرتەدا بۆ دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە 30-11- 2006سووڕی “26”ی دانیشتنەكان روون كراوەتەوەو هاتوە”: یەكەم، دۆزینەوەی 123 رووفات كە هەموویان بە فیشەك كوژرابوون، دووەم، دەست نیشانكردنی 25 بیست وپێنج رووفاتی ئافرەت، سێیەم، دەست نیشانكردنی 98 نەوەدو هەشت رووفاتی ئافرەت، چوارەم، لە 90%ی رووفاتەكان مناڵ بوون لە خوار تەمەنی 13 ساڵیەوە”.

شارەزایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگای روونكردوەتەوە كە “: 69% قوربانیەكان چاویان لە دەستدابوو، 69% لە سەریان درابوو، 72% لە بڕبڕەی پشتیان درابوو، 66% لە دەست و قاچیان درابوو”، هەروەك شارەزایەكە بۆ دادگاشی روون كردوەتەوە كە كە لەنێو گۆڕە بە كۆمەڵەكەدا، چەندین ناسنامەو بەڵگە دۆزراونەتەوە كە هی دانیشتوانی گوندە بەركەوتوەكانی قۆناغی یەكەمی شاڵاوو تاوانی ئەنفال بوون.

بەم شێوەیەیی كە لە سەرەوە باسمان كرد، شاڵاوی قۆناغی یەكەمی پەلاماری ئەنفال دەستی پێكردو تاوانەكە ئەنجامدراو دواتریش وەك دەستپێكی دۆسیەكە لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق پشتڕاست كرایەوەو سەلمێنرا.

تێبینی: تا ئێستا 22ی شوبات 1988 بە مێژووی دەست پێكی شاڵاوەكانی قۆناغی یەكەمی ئەنفال دیاریكراوە، بەڵام بە پێی بەڵگەنامە پشڕاستكراوەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و ئەو بەڵگەنامانەی بەردەستی كەوتوون، مێژووی ئەنجامدانی شاڵاوەكە دەگەرێتەوە بۆ پێش ئەو بەروارەوەو لە 9-2-1988 تا 23-2-1988ی خایاندەوە.

بۆچوون