Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/11/03 15:37
نوسەر: جینۆسایدی کورد

نابێت سوڵتان هاشم ئازاد بكرێت

نابێت سوڵتان هاشم ئازاد بكرێت

ژێدەرو هەواڵەكان بڵاویان كردوەتەوە هەفتەی داهاتوو سوڵتان هاشم كە بەئەنجامدانی تاوانی ئەنفال حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەركراوە، ئازاد دەكرێت، سەرچاوە فەرمی و نافەرمیەكانیش دەڵێن “هەفتەی داهاتوو، سوڵتان هاشم، كە تاوانبارە بە ئەنجامدانی جینۆسایدی ئەنفال و حوكمی لەسێدارەی بۆ دەركراوە، ئازاد دەكرێت”.
ئێمە لە دەزگای لێكۆڵینەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال، ئازادكردنی گەوەرە تاوانبار “سوڵتان هاشم” بەشداری كاراو ئەندازیاری جێبەجێكردنی بەشی زۆری نەخشەی شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفالەو بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە، بە هەرهۆكارو سەفقەیەك بێت و هەر پاساوێكی لە پشتەوە بێت، رەد دەكەینەوەو ئیدانەی دەكەین.
لێرەشەوە داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان، كەس و كاری سەربەرزی قوربانیانی جینۆسایدو ئەنفال، رێكخراوەكانی جینۆسایدو ئەنفال، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، نوسەران و رۆشنبیرانی عێراقی و كوردستانی، تەواوی چین و توێژەكانی كوردستان دەكەین، رێگا نەدەن و بەهەموو شێوەیەك دژی ئازادكردنی گەورە تاوانبار “سوڵتان هاشم” بوەستنەوە.
بێگومان ئەوەش مەعلومە ئازاداكردنی ئەم تاوانبارە بێڕێزیە بە خوێنی قوربانیەكانی تاوان و شاڵاوەكانی ئەنفال و كەس و كارەكانیان و هاوكات پێشێلكردنی سەروەری بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانە لە عێراق و رێزنەگرتنە لە تەواوی یاساو رێسا نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە تاوانی “جینۆساید، دژی مرۆیی، جەنگ” كە سوڵتان هاشم هەرسێ‌ جۆری تاوانەكەی لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا بەسەردا ساغ بوەتەوە.
دەزگای لێكۆڵینەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال
3-11-2015

 

بەرپرسیارێتیەكانی سوڵتان هاشم لە تاوانی ئەنفالدا
سوڵتان هاشم ئەحمەد
ئاستی بەرپەرسیارێتی بەرپرسی فەیلەقی یەكی سەربازی، لەهەمانكاتدا بەرپرسی شاڵاوی یەكەمی ئەنفال، و بەرپرسی راستەوخۆی وێرانكردن و سوتاندنی گوندەكانی چوارچێوەی شاڵاوی یەكەمی ئەنفال، راگوازستنی دانیشتوانەكەی و رادەستكردنی بە بارەگای مەكتەبی رێكخستنی باكور “كوردستان”، بەم پێیەش ئەم تۆمەتانەی بەسەردا ساغ دەبنەوە:
– تاوانی كۆمەڵكوژی، بە پشت بەستن بە مادەی “11”، یەكەم بڕگەی “ا و ج”، لە بەر رۆشنایی مادەی “15” لە یاسای دادگا.
– تاوانی دژی مرۆیی، بە پشت بەستن بە مادەی “12”، یەكەم، بڕگەی “ا، ج”، لە بەر رۆشنایی مادەی “15” لە یاسای دادگا.
– تاوانی جەنگ، بە پشت بەستن بە مادەی “13” یەكەم بڕگەی “ا، د، ل” لە بەر رۆشنایی مادەی “15” لە یاسای دادگا.

 

كورتەیەك لە ووتەكانی سوڵتان هاشم ئەحمەد

دادوەری لێكۆڵینەوە پرسیار لە تۆمەتبار “سوڵتان هاشم” دەكات و پێی دەڵێ‌” لە ساڵی 1987 تا 1988 چی بەرپرسیارێتیەكت بوو؟ تۆمەتبارەكە وڵام دەداتەوەو دەڵێ‌” لە ساڵی 1987 من فەرماندەی فەیلەقی شەش بووم لە پارێزگای میسان، لە ساڵی 1988و لە مانگی شوبات بانگیان كردم بۆ بارەگای سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان، چاوم بە سەرۆكی ئەركانی جەیش “نزار عەبدلكەریم خەزرەجی” كەوت، ئاگاداری كردم كە تەكلیف كراوم بە بوونم بە قائیدی عەمەلیاتی ئەنفال سەرباری ئەركەكانی ترم. داوای كرد بیگوێزمەوە بۆ سلێمانی باكوری عێراق، بۆی شیكردمەوە كە سێ‌ فرقە، فرقەی “33” و فرقەی “4” و هێزێكی تر بە ناوی “سەركردایەتی یەكەمی جەحفل”كە ئەمە ناونیشانی كورتكراوەی ئەو فرقانەیە كە بە ناوی ” ئەفواج دیفاع وەتەنی” كورد بوون. شوێنێكیان بۆ رێكخستم و كۆمەڵێك ئەفسەری روكنیان بۆ تەنسیب كردم، ئاگاداریانم كرد كە هێزەكان رێك دەخەمەوەو پێداویستیەكانیان نوێ‌ دەكەینەوە، هەروەها راهێنانیان بە شێوەیەكی گونجاوو بە پێی كەش و سرووشتی ناوچەكە.
دادوەری لێكۆڵینەوە پرسیاری ئەوە لە تۆمەتبارەكە دەكات كە ئەركی ئەو لە عەمەلیاتی ئەنفالی یەكەم و ئەوانی تر چی بوە؟ تۆمەتبارەكە بە دوورو درێژی وڵام دەداتەوە، بەڵام ئێمە كورتەیەك لە قسەكانی وەردەگرین كە دەڵێ‌” دەمەوێ‌ هەندێ‌ خاڵ روون بكەمەوە كە رەنگە بۆ لێكۆڵینەوە سوودیان هەبێت، فەوجی دیفاع وەتەنی، مەبەستم ئەو فەوجانەیە كە لەلایەن رژێمی پێشوو درووست كران، ناویان بە “فەوجی دیفاعی وەتەنی” جێگركرا لە ساڵی 1980، ژمارەیان “200” فەوج بوو، ژمارەی هەر فەوجێك نزیكەی “300 بۆ 5000” كەس دەبوو، ئەوان بە بڕیاری سەرۆك عەشیرەتەكەیان یان بە بڕیاری فەیلەقەكان كە دابەشبوون بە سەر قاتعی سلێمانی و ناوی قیادەی جەحفلی خەفیفەی یەكەمی لێنراو لە مستەوای فیرقە بوو، هەروەها قیادەی جەحفلی پێنج ئەویش بە مستەوای فیرقە لە قاتعی هەولێرو دهۆك بوو. لێرە شتێك هەیە دەمەوێ‌ روونی بكەمەوە پاشینەیەكە بۆ هەندێ‌ بابەت، لە ساڵی 1987 من لە ناوچەی پێنجوێن ئامر فەوج بووم بە پلەی مقدم روكن، لەو ماوەیەدا حكومەت هەڵسا بە راگواستنی گوندەكانی شریتی حدروودی لە ناوچەكانی سلێمانی و ئەو ناوچانەی لە سنووری ئێرانەوە نزیك بوون.
تۆمەتبار سوڵتان هاشم لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دانی پێدەنێ‌ و دەڵێ‌” دوای ئەوەی كە بووم بە قائیدی فەیلەقی یەك و عەمەلیاتی ئەنفالی یەكم جێبەجێكرد، هاریكاری نێوان من و نوسینگەی رێكخستنی باكوور، بڕیاری “4008” بوو كە لە 20-6- 1987 لە لایەن تۆمەتبار “عەلی حەسەن مەجید” رازگری نوسینگەی رێكخستنی باكوورەوە بوو، هاریكاری نێوان من و نوسینگەی رێكخستنی باكوور دیاریكراو بوو، ئەویش ئەو گوندانە بوو كە دەكەوتە سنووری ئامانجەكانی هێزی سەربازی فەیلەقی یەك، دوای گرتنیان خێزانەكانیان و ئەوانەی لەوێ‌ بوون بە رێگای ئۆتۆمبێلی سەربازی دەگوێزرانەوە بۆ دەزگای هەواڵگری سەربازی لە كەركوك و لەوێشەوە رەوانەكردنیان بۆ نوسینگەی رێكخستنی باكورو هیچ كەسێك لە جەیش چارەنووسی ئەو كەسانە نازانێ‌ ، دوای رەوانەكردنیان بۆ نوسینگەی رێكخستنی باكوور، مەبەستم لە ئامادەبوان لە ناوچەكە “ژن و مناڵ و پیاو” و پێداویستیەكانیان، دەمەوێ‌ شتێك روون بكەمەوە بەبڕیارێك كە لە تۆمەتبار “عەلی حەسەن مەجید” وە دەرچوو، مامەڵەكردن لە ئەو گوندانەی لە رووی ئەمنیەوە “مەحزوور” بوون، لە كاتی بینیی هەرجوڵەیەك یان هەرشتێك لەو ناوچانە، یەكە سەربازییەكان راستەوخۆ بە تەقە وڵامی دەدەنەوە جا بە فیشەك یان بە تۆپ بێت.

بۆچوون