Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/11/03 21:06
نوسەر: جینۆسایدی کورد

وه‌زیری شه‌هیدان له‌گه‌ڵ نێرده‌ری بان كی مۆن و پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ كۆده‌بێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ 3/11/2015 مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینه‌كانی، تر به‌ئاماده‌بوونی محه‌مه‌د قادر هاودیانی وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و د.ئامانج ره‌حیم زه‌نگه‌نه‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵاو ئه‌ندامانی بوردی راوێژكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان، پێشوازیانكرد له‌ ئه‌دامه‌ دینك نێرده‌ی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری جنیۆساید.

له‌دیدارێكدا نێرده‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ كوردستان روونكرده‌وه‌و هاوخه‌می خۆی به‌گه‌لی كوردستان راگه‌یاند بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ دژی كراوه‌، پێشی راگه‌یاندن كه‌ هاتووه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری باردۆخی هه‌رێم بێت و گوێ له‌لیژنه‌كه‌یان رابگرێت تاكو بتوانێت له‌ئۆفیسی تایبه‌تی خۆی هاوكار بێت بۆ پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌كورد له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

وتیشی: هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانمه‌ بۆ كوردستان، به‌ڵام له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری باردۆخی ئه‌و هه‌رێمه‌م و هاتنم له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌ولێر وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ شه‌ودا هاتبمه‌ رۆژ، چونكه‌ هه‌ستم به‌ئارامی كرد له‌و هه‌رێمه‌دا.

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان سه‌ردانی نوێنه‌ری ئه‌مینداری گشتی بۆ كاروباری جینۆسادی به‌گرنگ وه‌سفكردو هیوای خواست ببێته‌ هانده‌رێك بۆ ناساندنی كه‌یسه‌كانی كورد له‌نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

هه‌روه‌ك كورته‌یه‌كی مێژوویی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ی كه‌ هه‌م له‌سه‌رده‌می رژێمی له‌ناوچوو و له‌سه‌ر ده‌ستی داعش پێیڕاگه‌یاندن كه‌ مێژووی تاوانه‌كانی دژی گه‌لی كوردستان مێژووێكی دووری هه‌یه‌، به‌ڵام به‌فۆرمی جیاجیا.

له‌ته‌وه‌رێكی تری قسه‌كانیدا وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان تیشكی خسته‌سه‌ر كاری لیژنه‌ی باڵای ناساندنی تاوانه‌كانی دژ به‌كوردانی ئێزیدی و پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینه‌كانی تر، به‌نێرده‌ی ئه‌مینداری گشتی راگه‌یاند كه‌ ئه‌وان كه‌یسه‌كانیان به‌ به‌ڵگه‌ی ته‌واوه‌وه‌ گه‌یاندووه‌ته‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌كێتی ئه‌وروپاو كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ و داوای یاسای دژی سه‌رانی داعش تۆماركراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌ندام نه‌بوونی عیراق له‌دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌توانراوه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت، داواشی لێكرد له‌ڕێگای خۆیانه‌وه‌ فشار دروستبكه‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داوا له‌دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی بكات بۆئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌یسه‌دا بكات یان هاوشێوه‌ی دادگا تایبه‌ته‌كانی پێشوتر كار بۆ پێكهێنانی دادگایه‌كی ناوخۆ بۆ كه‌یسه‌كان پێكبێت.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د هاودیانی ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای ناساندنی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینه‌كانی تر به‌نوێنه‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی راگه‌یاند كه‌ ئه‌وان زیاتر له‌ 300 كه‌یسیان له‌باره‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و تاوانانه‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كانی جینۆسایدی تێدایه‌، هه‌ر له‌كۆمه‌ڵكوژی و ده‌ستدرێژی و تێكدانی په‌رستگاو ئاواره‌كردنی به‌زۆرو گۆڕینی ناسنامه‌ی دینی كه‌ هه‌ر هه‌مووی له‌یاسای بنه‌ره‌تی روما جێگه‌ی كراوه‌ته‌وه‌.

ئامانج ره‌حیم سكرتێری یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داوایكرد كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوكاربێت بۆئه‌وه‌ی توانا ناوخۆكان مه‌شق پێبكرێن و تواناكانیان به‌رزبكرێته‌وه‌و هاوكاری زیاتر هه‌رێمی كوردستان بكرێت.

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌ وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی هاوخه‌می به‌گه‌لی كوردستان، رایگه‌یاند كه‌ هاوكار ده‌بێت بۆ هه‌وڵه‌كان لیژنه‌كه‌یان.

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان دیاری وه‌زاره‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌په‌ڕتوكی تایبه‌ت به‌و تاوانانه‌ی دژی گه‌لی كوردستان كراوه‌ پێشكه‌ش به‌نێرده‌ی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان پێشوازیكرد له‌ عه‌بدوڵڵا نۆروه‌لی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌و لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌.

له‌دیدارێكدا كه‌ په‌ری نوری عه‌زیز سه‌رپه‌رشتیاری گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئاماده‌بوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی كۆمه‌ڵێك پرسی تایبه‌ت به‌هه‌ڵه‌بجه‌و قوربانیان كرا به‌تایبه‌تی پرسی دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ كه‌ له‌مدواییانه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌و وه‌رگرتنی نموونه‌ی خوێن و منداڵانی ونبووی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ له‌ئێستادا كار.

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ته‌ئكیدی له‌پێویستی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌ت و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌گرنگ زانی و سوپاسی خۆی بۆ ئه‌و یه‌كه‌ ئیداریانه‌ دووپاتكرده‌وه‌.

له‌ته‌وه‌رێكی تری قسه‌كانیدا گرنگیدا به‌پرسی شه‌هیدان له‌سنوری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌تایبه‌تی و ته‌ئكیدیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت تایبه‌تمه‌ندی هه‌ڵه‌به‌جه‌ له‌هه‌یكه‌لی ئیداری ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت.

 راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان

بۆچوون