Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/11/04 14:28
نوسەر: جینۆسایدی کورد

” ده‌توانرێت كه‌یسی‌ شه‌نگال له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌كار بهێنرێت”

جێگر و راوێژكاری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ رێگری له‌ جینۆساید رایگه‌یاند، كه‌یسی‌ شه‌نگال ده‌توانرێت له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی دژی رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش به‌كار بهێنرێت.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌2015 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئاده‌م دینگ، جێگر و راوێژكاری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ رێگری له‌ جینۆساید و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا دینگ خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌و دیدارانه‌ی كرد كه‌ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئێزدی و كرستیانه‌كان ئه‌نجامی داون و له‌ نزیكه‌وه‌ گوێی له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بووه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆرستان به‌سه‌ریاندا هێنراون و جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ كه‌یسی به‌هێزه‌و ده‌توانرێت له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی دژی تیرۆرستانی داعش به‌كار بهێنرێت و ئه‌وه‌ش جێگیر ببێت كه‌ جینۆساید به‌رامبه‌ر ئێزدییه‌كان ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی زیاتره‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش باسی له‌و هه‌نگاوانه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و كه‌یسه‌دا بیانگرێته‌ به‌ر و هه‌موو هاوكارییه‌كی خۆیشی له‌مباره‌یه‌وه‌ راگه‌یاند.

وتیشی‌: “له‌ چوارچێوه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی رۆحانیی كوردانی ئێزدی و ئه‌و كه‌مپانه‌ ده‌كات كه‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر تێیدا جێگیر كراون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ بێت كه‌ له‌ لایه‌ن تیرۆرستانی داعشه‌وه‌ به‌سه‌ریاندا هێنراون و له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ نیوویۆرك باس له‌ هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تی و ناحه‌قیانه‌ ده‌كات كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێزدییه‌كان ئه‌نجام دراون”.

لای خۆشیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و تێبینی و سه‌رنج و پاڵپشتییه‌كانی به‌رز نرخاند و به‌ پێویستی زانی به‌ڕێزیان هاوكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و لیژنه‌ تایبه‌تیه‌ بكات كه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ دژی ئێزدییه‌كان ئه‌نجام دراوون و پێكهێنراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ باشترین شێوه‌ كه‌یسه‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ن كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌یسه‌كه‌ وه‌ك جینۆساید بناسێنن و ئێزدییه‌كان هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ رووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌ و تاوانبارانیش بگه‌نه‌ سزاكانیان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پیشان دا.

*لە خەندانەوە وەرگیراوە 

بۆچوون