Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/11/04 17:28
نوسەر: جینۆسایدی کورد

کچێکی ئێزیدی: دێوێکی ناشیرین دەستدرێژیی کردە سەرم

رووداو
کچۆڵەیەکی کوردی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە رفێنراوە و دوای سێ مانگ رزگار کرا، ئێستا بەسەرهاتی خۆی بە تایبەت بۆ (رووداو) دەگێڕیتەوە و تێیدا باس لە دووگیانبوونی خۆی دەکات لە ئەنجامی دەستدرێژیی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی.
کچەکە تەمەنی 15 ساڵە و خەڵکی شنگالە. بۆ ئەوەی ناسنامەی پارێزراو بێت، لەم راپۆرتەدا بە “هیند” ناوی دەهێنین کە ناوێکی خوازراوە. هیند لە ساڵی رابردوودا کاتێک شنگال کەوتە دەستی داعش، وەک سەدان کچ و ژن و منداڵی دیکەی ئەو دەڤەرە بە تاڵان برا.
هیند دەڵێت: “کاژێر دووی بەیانیی رۆژی سێی ئاب، شەڕ لە شنگال دەستی پێکرد. شەڕ تا کاژێر نۆی ئێوارە بەردەوام بوو، پێشمەرگە و ئێزیدییەکان تووشی شکست هاتن. من لەگەڵ براژنەکەم چوومە ماڵی مامم. خوشکە بچکۆلانەکانم لەگەڵدا بوون و پووریشم منداڵەکانی خۆی لەگەڵ بوو، خێرا توانیمان ئۆتۆمبێلێک بدۆزینەوە. باوکم و دایکم و مامم بەرەو شاخ دەرچوون. ئەوانەی بەپێ چوونە شاخ توانییان دەرباز بن و ئەوانەی بە ئۆتۆمبێل هەڵاتین کەوتینە دەستی داعش.”
عەرەبەکان بۆ دەرفەت دەگەڕان
هیند دەڵێت ئەو گومانی هەیە لەوەی هەندێک لە عەرەبەکانی شنگال چاوەڕێ بووبن دەرفەتێک رێکبکەوێت و پەلاماری ئێزیدییەکان بدەن. ئەو دەڵێت زۆرینەی ئەوانەی نەیانتوانی رابکەن لە سنووری سووریا گیران و گواسترانەوە بۆ کەمپێک لە خانەسوور”.
هیند دەڵێت خۆی و دوو لە خوشکەکانی بۆ ئاوایی باج گواسترانەوە و دواتر بردیانن بۆ تەلعەفەر. دوای ئەوێ بران بۆ گرتووخانەی بادۆش و لەوێ 25 رۆژ مانەوە.
هیند و کچەکانی دیکە دووبارە دەگەڕێننەوە تەلعەفەر. هیند دەڵێت “دیسان ئێمەیان بردەوە تەلعەفەر و لە قوتابخانەیەک جێگەیان بۆ کردینەوە. ئەوان کچە گەنجەکانیان لە ماڵەوە جیا دەکردەوە. ئێمە نزیکەی 700 کچ دەبووین.”
ئەمیرێکی داعش دەیبات
هیند و کچەکانی دیکە بۆ ماوەیەک لە خانوویەکی سێ نهۆمیدا دەهێڵدرێنەوە، تاوەکو رۆژێک ئەمیرێکی داعش سەردانیان دەکات “ئەمیرەکەی داعش، من و کچێکی دیکەی لە نێو کچەکان هەڵبژارد و لەگەڵ خۆی بردین”.
هیند بە (رووداو)ی گوت “بەیانی کاژێر سێ ئەو دێوە ناشیرینە دەستدرێژیی کردە سەرم. سێ مانگ من گریام هەر لە بەیانییانەوە تاوەکو درەنگانی شەو”.
هیند و هاوڕێکانی ئومێدیان لەدەست نەدا. هەوڵیان دا رابکەن، بەڵام لەلایەن چەکدارانەوە گیران و برانە شوێنێک کە سەدان کچی دیکەی ئێزیدی لێبوو. ئەو دەڵێت: “من و برادەرێکم لە ژێرزەمینی ماڵێک بەند کراین، نە ئاومان هەبوو نە خواردن.”
هیند و دەستەخوشکەکەی بە بەردەوامی لەم شوێن بۆ ئەو شوێن دەگوازرانەوە. ئەو دەڵێت جارێکیان ئێمەیان بردە سووریا و گەڕاندیانینەوە.
 دەشڵێت “من هێشتا لە ترسدا دەژیێم و هەموو شەوێک خەونی ناخۆش دەبینم. ئەوەی یەکەمجار دەستدرێژی کردە سەرم، باڵای بەرز بوو، ریشێکی درێژی هەبوو. خەڵکی سووریا بوو.”
دەکرێتە دیاری
زۆربەی کچە کوردە ئێزدییەکان کە داعش رفاندوونی کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە، هەندێکیان بەسەر بارەگاکانی داعشدا دابەشکراون، جگە لەوەش زۆربەی ئەمیرەکان بەشێک لەو کچانەیان بردووەتە ماڵەکانی خۆیان.
رۆژی 16/5/2015 لەسەر فەرمانی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا، هێزێکی تایبەتی ئەمریکی لە سووریا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەی دیاری داعش ئەبو سەیاف ئەنجامدا. لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەبو سەیاف کوژرا و ژنەکەی دەستگیرکرا، هێزە تایبەتەکەی ئەمریکا کچێکی ئێزدییان لە ماڵی ئەبو سەیاف دۆزییەوە.
هیند دەڵێت جارێکیان بە 200 دۆلار فرۆشراوە و جارێکی دیکەش وەک “هەدیە” لەلایەن چەکدارێکەوە بەخشراوەتە چەکدارێکی دیکە. دواجار هیند ناچار دەکرێت شوو بە ئەندامێکی داعش بکات کە بردوویەتیە ماڵێکی کریستیانەوە.
چۆن رزگاری بوو؟
بەپێی راپۆرتێکی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، 4000 کچ و ژنی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە ناوچەکانی شنگال و دەوروبەری رفێنراون، بەڵام زۆر لەوانە بەڕێگەی جۆراوجۆر ئازادکراون.
هیند باسی چۆنیەتی رزگاربوونی خۆی و هاوڕێکەی دەکات و دەڵێت “توانیمان تەلەفۆنێکی مۆبایل پەیدا بکەین و شەحنمان کردەوە. من لەگەڵ ماڵەوەمان قسەم کرد و ئەوان یارمەتییان دام قاچاخچییەک بدۆزمەوە کە بە نهێنی کچە کوردە ئێزیدییەکانی دەستی داعشی دەکڕییەوە و دەیناردنەوە.”
بەردەوامی بە چیرۆکی رزگاربوونەکەی دەدات و دەڵێت “کاژێر سێی بەیانی لە نهۆمی دووەمەوە خۆمان فڕێدایە خوارەوە. ئۆتۆمبێلێک هات و ئێمەی گەیاندە مووسڵ. سێ رۆژ لەوێ ماینەوە. قاچاخچییەکی دیکە هات و ئێمەی بردە جەزیرەی نزیک مووسڵ.”
ئەو توانی لە مانگی 11ی پارساڵدا بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام چوار لە خوشک و براکانی تاوەکو ئێستاش لەدەستی داعشدا ماون.
چی بە چەکدارەکان گوت؟
هیند لەنێو داعشدا هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە، تەنیا توانیویەتی بە قسە رووبەڕوویان ببێتەوە. هیند دەڵێت “من سەیری چاویانم دەکرد و لێیانم دەپرسی، بۆ وا دەکەن؟ لە خوا ناترسن؟ من پێمدەگوتن ئێمە لە تەمەنی کچەکانی ئێوەداین. ئێوە بەزەییتان نییە. لە من دەدەن. دەستدرێژیم دەکەنە سەر”.
وەڵامی چەکدارانی داعش چی بوو؟ هیند دەڵێت “دەیانگوت ئیسلام رێگە بەوە دەدات.” هەروەها گوتی: “ئەوان ناچاریان کردم قورئان بخوێنمەوە و لەبەردەم ئەواندا دوعا بکەم. منیش هیچ چارێکم نەبوو، دەبووایە بە قسەیان بکەم”.
مەشروبیان دەخواردەوە
هیند دەگێڕێتەوە کە زۆربەی ئەندامانی داعش بیانی بوون و هەندێکیشیان ئینگلیزییان دەزانی. هەندێکیان خەڵکی میسر، ئەفغانستان، پاکستان، بەریتانیا، ئەمەریکا، چین و وڵاتانی دیکە بوون. ئەو دەڵێت بیانییەکان زیاتر لە سووریا دەمانەوە و نەدەهاتن بۆ عێراق.
هیند بیری دێتەوە کە چەکدارەکان زۆر حەزیان لە نوێژ و رۆژوو بووە و زوو زوو باسی بەهەشتیان دەکرد. ئەو دەڵێت “هەندێک لە چەکدارەکان مەشروبیان دەخواردەوە، بەڵام بە نهێنی، چونکە لە ئیسلامدا رێگەپێدراو نییە”.
هیند باسی بارودۆخی ژنە چەکدارەکانی داعش دەکات “هەندێک لەو ژنە بیانییانەی لەگەڵ داعشدا بوون پێدەچوو زۆر بەختەوەر بن”. ژنێک کە لە بەریتانیاوە هاتووە بە هیندی گوتووە: “موجاهیدانی دەوڵەتی ئیسلامی زۆر باشن، هەموو شتێکمان دەدەنێ، پارە و ماڵ و پاسەوان.”
داعش دووگیانی دەکەن
هیند دەڵێت چووەتە قوتابخانە و جاران دەیزانی چۆن بنووسێت و بخوێنێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی داعش بەسەریدا هێنا هەموو شتێکی لێ تێکچووە.
بە گوتەی خۆی لەلایەن سێ چەکداری داعشەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر کە هەرسێکیان خەڵکی سێ وڵاتی جیاواز بوون “من نەمدەزانی دووگیان بووم. هەر نەخۆش دەکەوتم و دواتر خوێنم لەبەر چوو. بردیانمە دکتۆر و گوتی دووگیانی. منداڵەکەم لەبارخۆم برد، چونکە ژیانمی دەخستە مەترسییەوە.” گوتیشی “خۆشحاڵم کە منداڵێکی داعشی ناهێنمە سەر دونیا.”
خۆشەویستەکەی دەستبەرداری بوو
هیند ئازاری زۆری بینیوە و تووشی تراوما بووە “بەر لە هێرشی داعش کوڕێکم خۆشدەویست. کە گەڕامەوە کوڕەکە پێی گوتم منی ناوێت، چونکە دەستدرێژیم کراوەتە سەر”.
هیند بەنیاز نییە شوو بکات و ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی لە کەمپێکی دەوروبەری شاری هەولێر نیشتەجێن، بەڵام هیچ دڵی بە ژیانی نێو کەمپ خۆش نییە و دەڵێت “ژیان لە کەمپ زۆر سەختە. بەم نزیکانە دەچمە ئەورووپا و ناگەڕێمەوە ئێرە، تەنانەت ئەگەر ئێرە ببێتە بەهەشتی سەر زەویش”.
بۆچوون