Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/11/24 8:38
نوسەر: جینۆسایدی کورد

بەرپرسیارێتی پەرلەمان لەناساندنی جینۆسایدی كوردستان

بەرپرسیارێتی پەرلەمان لەناساندنی جینۆسایدی كوردستان

“بەرپرسیارێتی پەرلەمان لەناساندنی جینۆسایدی كوردستان”، تازەترین كتێبی نووسەرو پەرلەمانتار “سالار مەحمود”ە، كە بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو بكەوێتە بەردەستی خوێنەران. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە وەك یەكێك لە لێكۆڵینەوەكانی یەكەمین كۆنفرانسی تایبەت بە جینۆسایدو ئەنفال لەشاری كەلار بەچاودێری سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كەلەلایەن دەزگای لێكۆڵینەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال لەسەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ سازكرا، پێشكەش كراوەو پاشان لێكۆڵینەوەكە فراوانكراوەو وەك كتێبێكی سەربەخۆ بۆ چاپ ئامادەكراوە.

نووسەر كتێبەكەی پێشكەش كردوە بە حەوتەوانەكەی گوندی وڕێڵە پورزا ئەنفالكراوەكانی “پەخشان، ژیان، مەهابات، دڵشاد، ئازاد، شنۆ، هێژا”، ئەمەش وەك رێزلێنانێك لەوان كە جگە لەوەی كەسی نزیكین، هاوكات هاوتەمەن و هاوڕێی مناڵیشی بوون.

كتێبەكەی نووسەر “سالار مەحمود” بەسەر نۆزدە بەش و بابەتی گرنگدا دابەش كراوەو چەندین داتاو زانیاری و بۆچوون و بیرۆكەو پێشنیاری لەخۆگرتوە، لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتی پەرلەمانی كوردستان لە ناساندنی جینۆسایدی كوردستان بە دنیای دەرەوە، بەم شێوەیە:

بەرپرسیارێتی پەرلەمان لەناساندنی جینۆسایدی كوردستان

بەرپرسیارێتی پەرلەمان لەناساندنی جینۆسایدی كوردستان

  • دەستپێك
  • چەمكی جینۆساید
  • پێناسەی جینۆساید
  • یاساكانی تایبەت بە ئەنفالكراوان و بزربوەكان و قوربانیانی جینۆساید
  • چی كراوە چی نەكراوە چی بكرێت؟
  • پەرلەمان و ئەركی جگە لە یاسادانان
  • پەرلەمانی سویدو ناساندنی ئەنفال
  • پەرلەمانی بەریتانیاو جینۆسایدی گەلی كوردستان
  • پەرلەمانی فینلندی و هەوڵی ناساندنی جینۆسایدی كوردستان
  • سكاڵای پەرلەمان لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی
  • پەرلەمانی هۆڵەنداو هەوڵی ناساندنی جینۆساید
  • هەڵوێستە بڕیاری پەرلەمانی عیراق و كوردستان لە 14-4-2008
  • تاوانی شەنگال و دەوروبەری دژ بەئێزدییەكان
  • پرۆژە بڕیاری بەفەرمی ناسینی جینۆسایدی (شەنگال)
  • چارەنووسی ئاشووری و ئێزیدیەكان لە شاڵاوی ئەنفالدا
  • كورد لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی نێودەوڵەتی
  • قوربانی و جەلاد لەجینۆسایدی ئەرمەندا
  • بەرپرسیارێتی پەرلەمان لەجینۆسایدی ئەرمەندا
  • لێپێچینەوەی یاسایی بۆ ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆساید
  • رۆژئاوای كوردستان و كۆبانی لەپەرلەمانی كوردستانەوە
  • پرسی گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانی جینۆسایدو ئەنفال
  • دیبەیت لەبارەی جینۆسایدو ئەركەكانی پەرلەمان
  • دەرئەنجام

لە دەستپێكی كتێبەكەدا نووسەر دەڵێ‌”: پەرلەمانی كوردستان ناوەندێكی باڵاو فەرمی هەڵبژێردراوی گەلی كوردستانە. ساڵی 1992 لە ئەنجامی یەكەم هەڵبژاردنی خەڵكی كوردستانی عیراق، لە رۆژی 4-6-1992 خولی یەكەم دەستی بەكارەكانی كردوە. گەلی كوردستان بەبەرهەمی خوێنی شەهیدان و،  قوربانیانی جینۆسایدو  شۆڕشی رزگاریی خوازیی خۆیانی دەزانن. لەگواستنەوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ شەرعیەتی دیموكراسیی و، قانوونی”.

هەروەها دەنوسێ‌”: لەدایكبوونی پەرلەمانی كوردستان بۆ گەلی كوردستان بایەخی مێژوویی هەبووە. دواتر لەدایكبوونی دەسەڵاتەكانی تری جێبەجێكردن و دەسەڵاتی دادوەری. كە دەگوترێت پەرلەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئەنفال و قوربانیانە. دەشێت ئەو پرسیارە بكرێت؟ ئایا تا چ ئاستێك ئەم ناوەندە گرنگە توانیویەتی لە پرسی جینۆسایدو ناساندنی بەدونیای دەرەوەو ئەركە ناوخۆییەكان لەپرسی جینۆسایددا رۆڵ و بەرپرسیارێتی ئەدا بكات”؟

هاوكات ئەوەش روون دەكاتەوە”: بەندە وەك ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كە لەهەردوو خولی سێیەم و چوارەمی پەرلەماندا شەرفی ئەندامێتیم لەم دەزگا باڵایەی كوردستاندا بەركەوتووە، لەخولی سێیەمدا سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ بووم و لەخولی چوارەمیشدا سەرۆكی لیژنەی كاروباری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیم. ناشێ‌ خۆ بدزرێتەوە لە بەرپرسیارێتی. بەڵام بۆ مێژووش دەبێت ئەوە روون بێتەوە كە ئایا پەرلەمان لە چ سۆنگەیەكەوە كاری كردوە، لە چ ئاستێكدا كەمتەرخەمی هەبووە، لە رایكردنی بەرپرسیارێتی لەم كەیسەدا. لەم باسەدا هەوڵ دەدەم تیشك بخەمە سەر ئەو یاساو بڕیارانەی دەركراون لەم بوارەداو بۆ خزمەتی پرسی بەدونیاناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان. راستەوخۆو نا راستەوخۆ كاركردن و نەكردن بەناوەڕۆكی یاساو بڕیارەكان. ئەو پرۆژە بڕیارو بیرۆكانەی دەبوو پەرلەمان كاری لەسەركردبان و هێشتا نەیكردوون. لەگەڵ پەیوەندی پەرلەمانی كوردستان بەدونیای دەرەوەو بایەخی ئەو پەیوەندیە لای دەزگاكە وەك (مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان) بۆ پرسە چارەنووسسازەكان”.

كتێبەكە “170” لاپەڕەی ئەی فۆرەو ژمارەی سپاردنی “808” ی وەزارەتی رۆشنبیری پێدراوەو بەتیراژی “2000” هەزار دانە چاپ دەكرێ‌ و هەفتەی داهاتوو دەكەوێتە بەردەستی خوێنەران و كتێبخانەی كوردییەوە.

بۆچوون