Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2015/12/29 11:18
نوسەر: جینۆسایدی کورد

کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان وەک بەرپرسیارییەتیەکی جیهانی

مێژوو پڕە لەو كارەساتە گەورانەی كە ئەوڕۆكە وەك كۆمەڵكوژی تۆماركراون و هەزاران دۆكۆمێنت لەسەریان كۆكراونەتەوە، هۆلۆكۆست و پێشتریش كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان، ئەنفال و كیمیابارانكردنی كورد و دەیان كۆمەڵكوژی دیكە مرۆڤایەتی رادەگرن لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەدا. بەڵام ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەتواناییدایە لەم جیهانە مۆددێرنەدا، لەناو ئەو هەموو تەكنۆلۆژیا، پەیوەندی، ئاوەدانی و پێشكەوتنانەدا بەر بە جینۆساید و كۆمەڵكوژی بگرن؟
كاتێك تیرۆر توانای ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دەبێت ئیتر هاوكێشەكان لە قەیرانەوە بازهەڵدەدەنە قۆناغێكی ترسناكتر.
لەوبارەیەوە دەنگی ئەمریكا وتووێژێكی لەگەڵ نوسەر و رۆژنامەوان گۆران بابە عەلی سازداوە.
گۆران بابە عەلی رایوایە “ئەوەی بەسەر ئێزیدییەكاندا هاتووە ئەگەر وەك كەیسێكی جیاواز ئیشی لەسەر بكرێت زۆر گرنگە”
هەروەها دەڵێت ” گروپێك كە توانایەكی سەربازی و هەروەها لۆجیستیكی و تەنانەت جۆرێك لە بیرۆكراسی دەوڵەتی هەبێت ئەویش دەتوانێت جینۆساید ئەنجام بدات، لەبەرئەوە پێمباشە دەوڵەتی ئیسلامی داعش هەروەك دەوڵەتێك سەیر بكرێت كە خۆیان راگەیاندوە، بەو شێوەیە كە تەنانەت بەپێی یاسای نێودەوڵەتی جێنۆساید دەشێ وەكو دەوڵەت موحاسەبە بكرێن”
شارەزایان كۆكن لەسەر ئەوەی كاتێك كە تیرۆر دەگاتە قوناغێكی مەترسیداری شەڕانگێزی و كوشندەگەرایی بێوێنە ئیتر مرۆڤكوشتن و كاولكاریی و وەحشیگەری دەبنە كردەگەلێكی ستراتیژی و بەرنامەڕێژ كە بەڕەنگاربونەوەیان و وەستاندنیان پێویستی بە ستراتیژ و هزرێكی جیاواز و قوڵ هەیە بۆ ڕاڤەكردن و تێگەیشتن لەوردەكاری و ستراتیژە هەرە نادیارەكانی دیاردەیەكی وك داعش.

بۆ گوێگرتن لە تەواوی چاوپێكەوتنەكەی دەنگی ئەمریكا كلیكی ئەم ناونیشانەی خوارەوە بكە: وتووێژ لەگەڵ گۆران بابە عەلی (17:50)

بۆچوون