Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/01/06 20:13
نوسەر: جینۆسایدی کورد

زۆرەدەسگرتەکردنی ژنانی ئێزیدی : چیرۆکی بەهار

زۆرەدەسگرتەکردنی ژنانی ئێزیدی : چیرۆکی بەهار

کازیوە ساڵح

بە ڕاوێژ لە گەڵ بەڕێز مامۆستا حەمەفەریق حەسەنی نووسەر وشەی’ زۆرەدەسگرتەی’ م هەڵبژارد بۆ دەستدرێژی سێکسی، ئەمە وشەیەکی هەورامی کۆنە. ئەم جۆرە دەستدێژییە  کە بە عەرەبی پێێ ئەوترێت اغتصاب و بە ئنگلیزی رەیپ، هەردوو وشە عەرەبی و ئنگلزێکە بۆ ناونانی ئەو پرۆسەیە گونجاوە چوونکە زۆرە مڵی وبە زۆر کردارکردنی تێدایە. بەم دواییە بە کوردی وشەی ‘ لاقە ‘ هاتوەتە ناو زمانی کوردییەوە، نازانم کێ و بە چ واتایەک ئەم وشەیە داتاشراوە، ڕەچەڵەکی وشەکە نازانم، بەڵام ئاوازەکە و واتاکەی هیچ بە زۆرێکی پیوە دیار نیەو زیاتر پێ ئەچێت واتای’ لاق کردنەوە’ بکات ئەمەش پێناسەی کارەساتەکە نادات. لە هەمان کاتدا ئێمە ناتوانین هەموو جار دەسترێژیکردنی سێکسی بەکار بهێنین چونکە ئەو کات لە بری چەمک ئەبێت بە ڕستە بۆیە لە ئیستادا’ زۆرەدەستگرتەی’ بە کار ئەهێنم، خوازیارم لە داهاتوودا وشەیەکی ئاسانتر و پڕ ماناتر بدۆزینەوە.                                                                                                                          

 

– بۆچی بەهار؟

– کە لای داعش گیرابووم زوو زوو بیرم لە لاپاڵی سەوزی دێیەکەمان ئەکردەوە لە بەهاردا، لە خۆمم ئەپرسی بکرێت ڕۆژێک بیبینمەوە.                                   .

       ڕوخساری زەرد ولاشە لاواز و  بچووکەکەی بەهاری سیازدە (١٣) ساڵ  ، وێنای ئاسكێکی برینداری دەم ڕەوە گورگی بیابانی ئەنەخشان.  کاتێک داعش گوندەکەیان  ‘کۆجۆ’ داگیر ئەکات، ئەو بۆ پۆلی دووی ناوەندی دەرچووبوو، لە نسێی ماڵە گەورەکەیاندا کە بیست وهەشت (٢٨) کەس ، مناڵی دوو ژنی باوکی و ماڵی مامەکانیشی لە خۆ گرتبوو بەختەوەرانە ڕۆژەکانیش وەکو پۆلی قوتانخانەکەی پڕ قەرەباڵغی و هاورێ و بزوێ بوو. لەو بیست و هەشت کەسە دە کەسیان تا ئێستا بێ سەرو شوینن بە برا گەورەکەی خۆشییەوە کە لە ساڵی ١٩٨٨ لە دایک بووە ، هەژدە کەسیشیان گەڕاونەتەوە بۆنێو ‘نیوە’ ژیان. بەهار وتی، ” هەرگیز کێشەمان نەبوو، نازانین باوەژن و دایکی ڕاستەقینە مانای چیە ، جوونکە دایکم و ژنی دووەمی باوکم زۆر باش بوون بە یەکەوە… ئێمە { ئێزیدیەکان}خەڵکێکی بێ کێشەین ، ماڵی وامان هەبووە تا چل کەسیشی تیا ژیاوە بە بێ کێشە و ئاژاوە.

     ڕۆژی ٣-٨-٢٠١٥ کە دەنگۆی گەشتنی داعش دەگات پێیان بڕیار ئەدەن کە دێیکەیان بە جێ بهێڵن و ڕووبکەنە شاخی شنگال، بەڵام پێیان ئەوترێت کە ڕێگەی دەرچوونیان لاوازە، چوونکە داعش زۆر نزیکە لە دێیکەوە و لە ڕێگە ڕووبەڕوویان ئەبنەوە. زۆر بە سەر ئەم کێشمەیەدا تێ ناپەڕێت داعش دەگاتە گوندەکەو پێیان ئەڵێت نەترسن ونەچن بە هیچ لایەکدا ئاسایشیان دەپارێزن. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەچنە لای شێخی دێ یەکەیان و داوای لێ ئەکەن خەڵکەکەی رازی بکات واز لە ئاینی خۆیان بهێنن وبچنە سەر ئاینی ئیسلام. ئەویش لە وەڵامدا داوای دوو ڕۆژ مۆڵەتیان لێ ئەکات بۆ ئەوەی پرس بە خەڵکەکەی بکات و نیازی داعش بە ئەوان بگەیەنێت وئازادیان بکات لە بڕیاردان و پاشان وەڵامیان لێ بگەڕێنێتەوە.
دوو ڕۆژ ئاوا دەبێت و داعش لە نیازی خەڵکەکە تێ دەگات ” مردنمان پێ باشترە لە واز هێنان لە ئاینی خۆمان ” داوا لە خەڵکەکە ئەکات کە هەرچی پارە شمەکی گرانبەهایان هەیە لە گەڵ خۆیان بیبەن بۆ قوتابخانەکەی کۆجۆ ، وە داوا ئەکەن ئەوانەی ئۆتۆمبیلیان هەیە بە ئۆتۆمبێل بڕۆن، ” چوونکە لەوێوە دەتانبیەن بۆ شاخی سنجار بۆ لای ئێزیدیەکانی تر ، بۆ ئەوەی ئەگەر شەڕ لە ناو دێیەکەدا ڕوویدا خەڵکی مەدەنی نەکوژرێت”

لە حەوشەی قوتابخانەکەدا هەموویان ڕائەگرن ، سەرەتا داوا ئەکەن هەرچی پارە و شمەکە گرانبەهاکانیان دابنێن، لە گەڵ کلیلی ئۆتۆمبێلەکانیان، تەنانەت ئەڵقەی هاوسەرگیریشیان لە دەست ئەکەنەوە ، لە مۆبایل و کۆمپیوتەر دایانئەماڵن ئەمەش ڕێگەی هەموو پەیوەندێکیان لە گەڵ دنیای دەرەوە ئەپچڕیت.پاشان پیاوەکان ئەکەنە نهۆمی یەکەم و ژن و مناڵەکانیش ئەکەنە نهۆمی دووەمی قوتابخانەکە. پاش تاوێک گوێیان لە دەستڕێژی گولەباران ئەبێت کە لە نهۆمی خوارەوە دێتە گوێ ، تێ ئەگەن کە پیاوەکانیان کۆشت.
لەو قوتابخانەوە ژنەکان و مناڵەکان دەبەنە پەیمانگایەکی نوێ کە هێشتا بونیادنانی تەواو نەبووە، بۆیە ناویشی لە سەر نەبوو . کاتژمێر (٨)  هەشتی شەو” هەموو ژنە جوانەکان وکچەکان لە تەمەنی نۆ ٩ ساڵی بۆ سەرەوە جیاکردەوە ، کورەکانیش لە تەمەنی شەش ٦ بۆ ١٥ پازدە ساڵی لە دایکیان وەرگرتن و بردنیان بۆ تەلەعەفەر و ئێستا کە گەڕامەتەوە تێگەشتم کە کورەکان راهێنانی { داعشیان} پێکراوە ” بەهار وتی.

کاتژمێر ١١.٣٠ یازدە ونیوی شەو كچەکان دەبن بۆ شاری موسڵ ولە خانویەکی سێ نههۆمی گەورەدا دایان دەنێن کە نزیکی مزگەتی گەورەی ساری موسڵ دەبێت و لەو خانوەدا ١١٤ سەد و چواردە کچی ئیزیدی دیکەی تێدا دەبێت.

پاش دوو ڕۆژ ٥٧ پەنجاو حەوت کچیان، یەکێکیان بەهارە دەبەن بۆ سوریا و لە نێو هۆڵێکی گەورەدا دادەنڕێن کە کەوتوەتە نێودارستانێکی گەورە و جەنگەڵ ، پشتەوەشی شاخە ، چری دارەکان دیمەنێکی ترسناکی و ئومێد بڕی پێ ئەبەخشێت کاتێک بەهار بیر لە ئەگەری ڕاکردن ئەکاتەوە. کاتێک ئەمان ئەگەن  ٢٠٠ دوو سەد کچی دی لەو شوێنەدا ئەبێت ، بە هەموویان یەک خۆشۆرو و یەک تەوالێتی تێدا ئەبێت . لە دەرەوە دەرگای هۆڵەکە بە کلێکی گەورە دائەخەن کە بە زنجیریەکی ئەستورەوە بەستراوە بە ئۆتۆمبێلێکەوە لە بەر دەرگاکەدا بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت دەرگاکە بشکێنێت و ڕا بکات. لە دەرەوەش چەند ژوورێکی بچووک دەوری هۆڵەکیان گرتووە و لەو ژوورانەدا پاسەوانەکانی ئەو هۆڵە دژین.

هەتا ئێرە بەهار زیاتر چاوانی دەبڕێ سەقفی ژوورەکەوە وەکو ئەوەی لە سەر تەختە سپی ئەو ژوورە یادەوەریەکان بە هێڵێکی رەش نووسرابنەوە .هەر جارەی بە دەستێکی  پەنجەکانی دەستەکەی دی ڕادەکێشا  و دەتەقێنێت  وەک بیەوێ هەرچی سەهۆڵی دوودڵی و دلە راوکێیە لە ژێر پەنجەکانیدا ورد بکات.

“هەموو ڕۆژێک پیاوێک یان چەند پیاوێک ئەهاتن، دارێکی درێژ بە دەستی چاودێرەکەوە بوو دەیخستە ژێر چەناکەمان و سەری پێ بەرز ئەکردینەوە بۆ ئەوەی پیاوەکان دەم و چاومان ببینن، چەند جوان بوایە ئەوەندە زیاتر و زووتر ئەکڕا  من و کچە مامەکەم و کچێکی دی ئێزیدی خەڵکی کۆجۆ بردنینیان بۆ بنکەی ” ئیفتدا” پڕی بوو لە پیاو . لەوێوە داعشێکی سعودی ناوی ئەبوو مالک بوو کڕیمی ، تەمەنی لە سەروو چل ساڵ دەبوو ، ڕیش و قژی درێژ و چڵکن و ڕوخساریەکی زۆر ناشرین. بردمی بۆ ماڵی هاوڕیەکی، چوونکە خۆی ژن و مناڵی هەبوو لە ماڵی خۆیدا… لە ماڵی هاوڕێکەیدا دوو ژنی داعشی هەبوون ، ئەوان لە ماڵ دەرچوون و… لە ماڵ دەرچوون و …”

نیگاکەکانی بەهار لە سەر سەقەفەکە ئەگوێزرێنەوە بۆ سەر زەوێکە، قاچەکانی ئەنووشتێنێتەوە بۆ ژێر کورسێکەی و هەوڵدەدات لە  ژێرەوە گرمۆڵەی بکات و لە زەویان ببڕیت ، بە دەستەکانی بەردەوام قۆڵی کراسەکەی ڕائەکێشیت بە سەر دەستیا وەکو ئەوەی بیەوێ لەشی لە کەڵپەی ژەهراوی بشارێتیەوە، تۆنی دەنگی ئەگۆڕێت بۆ غەمبارتر ، نزمتر و هەناسەکانی کورتر دەبن و بەردەوام ئەبێت ، ” پاش ئەوەی ژنەکان ڕۆشتن،  لاقەی کردم ، لە بەر ئەوەی هەڵمدا بەرگری لە خۆم بکەم ئەوەندەی لێدام بورامەوە. “

بەهار لە پاڵ لاقەکردندا  ڕۆژەکانی بە گریان ، خزمەتکاری و پاڕانەوە بۆ ئەوەی بیبەن بۆ لای خوشکەکانی دی بە رێ ئەکات. ئەوان داوای لێ ئەکەن خواردن دروست بکات ، جل بشوات و ماڵ خاوێن بکات ، بەهاریش ئەو کارانەی پێشتر نەکردووە و نەیزانیوە ، بۆیە ژنە داعشیەکان زۆر جار لە پیاوەکان خراپتر چەوساندویانەتەوە و لێیانداوە هەتا فێر بووە.  ئەو کاتانەی ئەو داعشە ئەچێت بۆ کۆبانی ئەیباتە لای خوشکەکان و کچە ئێزیدیەکانی دی ، لەوێش ماڵەکانی دی ڕۆژانە ئەیانبەن بۆ خزمەتکاری  ناو ماڵ هەتا داعشەکە لە شەڕ ئەگەڕێتەوە.

بەهار چوار مانگ و دە ڕۆژ لە ماڵی هاوڕێ کەی ئەبو مالک ئەمێنێتێتەوە ، ئەبو مالکیش هەموو ڕۆژێک ئێواران ئەچێت بۆ ئەوێ بەر لە گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆیان. هەتا ڕۆژێک کە ئەبو مالک ئەچێت بۆ شەڕ و ئەویش لە گەڵ کچێکی دی ئێزیدا ئەبرێن بۆ ماڵێک بۆ خزمەتکاری. کاتێک ژن و پیاوەکە دەر ئەچن لە ماڵ هەلی ڕاکردنیان بۆ هەڵئەکەوێت ، بۆیە پۆشاکی داعش لە بەر ئەکەن و ڕائەکەن، ماوەیەکی زۆر بە پێی ئەڕۆن، پاشان داوا لە شۆفێرێەک ئەکەن بە ئۆتۆمبێلەکەی بیانبات بۆ سنوری تورکیا ، کچە ئێزیدیەکەی دی هەندێک پارەی پێ ئەبێت داوا لە شۆفێرەکە ئەکات مۆبایلێکی بۆ بکڕیت . ئەو پێی وایە ئەوان داعشن ، بۆیە کارەکانیان بۆ جێ بە جێ ئەکات و هەتا سنووری تورکیا ئەیانبات. شاخەکانی سنووری تورکیا بە پێێ پەتی و  چوار کاتژمێر ئەبڕن و لە سەر سنوور خێزانێک ئۆتۆمبیلێک بۆ خۆیان ئەگرن بۆ ناو شارەکانی تورکیا هاوکاری ئەوانیش ئەکەن وجێگەیان ئەکەنەوە و لەویشەوە پەیوەندی بە کەس و خەڵکی خۆیانەوە لە کوردستان ئەکەن.

      بەر لە جینۆسایدی ئێزیدیەکان لە لایەن  داعشەوە ، بەهار خەونی بوو ببێت بە پزیشکی گشتی ، ئێستا پێی خۆشە ببێت بە پزیشکی ژنان ، بەڵام  لە مانگی ١ی ٢٠١٥ وە گەڕاوەتەوە و من مانگی ٨ی ٢٠١٥ دیدارم لە تەک ساز کردووە ، پاش هەشت مانگ هێشتا نەگەڕابووە بۆ خوێندن ، چوون خزمەتی خوێندن و گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان کە بەشێکی گەورەی چارەسەرەکردنی گرفتە سایکۆلۆژیەکانی پاش کارەساتی دەستدرێژی سێکسیە  هێشتا نەبووبوو  بە غەم.

____- تێ بینی: بە هۆی پابەند بوون بە لایەنی یاسایی و ئەتیکی لێکۆڵینەوە وێنە و ناوی ڕاستەقینە ئاشکرا ناکرێن و هەر کچێک داوام لێکردووە ناوێکی خوازراو کە خۆی پێێ خۆشە هەڵبژێرێت .

بۆچوون