Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/02/17 15:27
نوسەر: جینۆسایدی کورد

بوچی هەدیە بە پاڵەوان ناسرابوو پاش ڕزگار بوونی لە دەستی داعش؟

چی هەدیە بە پاڵەوان ناسرابوو پاش ڕزگار بوونی لە دەستی داعش؟

زۆرەدەسگرتەکردنی ژنانی ئێزیدی: چیرۆکی هەدیە

کازیوە ساڵح

     سەرکێشیەکانی هەدیە لە ناو داعشدا وایکردووە ئێزیدیەکانی دەوری بە پاڵەوان بانگی بکەن. بۆ یەکەم جار پاڵەوانێکی غەمبار، بێ ئومێد و بەهێزم لە مانگی ٨ هەشتی ٢٠١٥دا بینی. غەم و بێ ئومێدی کاتێک دەست بە سەر مرۆڤێکی بەهێزدا ئەکێشێت کە دۆڕانی هێزی کەرامەتی مرۆڤ ئەبێت بە نۆرم وجۆرە مرۆڤی بێ پرەنسیپ ڕابەری ئەو کارەکتەرە نایابانەی مرۆڤ ئەکات، کە خۆی نیەتی. زۆر جار گومانم ئەکرد پێستی گەنمی هەدیەی ٢٥ بیست وپێنج ساڵ تارای غەم نەبێت بووبێت بە ڕووپۆش.

  لە خێزانێکی هەشت کەسی، خەڵکی کۆجۆ تەنها خۆی و خوشکێکی چواردە ساڵانی لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە و دایک و باوک و سێ خوشک یەکێکیان لە خۆی گەورەترە و برایەک تا هەنووکە نادیارن. هەدیە ئەڵێت، ” ژمارەی خەڵکی لادێکە نزیکەی ١٨٠٠ کەس بوون، ئەمانویست بڕۆین بۆ شاخ خۆمان بشارینەوە ،  داعش لە ڕێگە گرتینی و وتیان بگەڕینەوە بۆ ماڵی خۆتان و ئێمە هیچ ناکەین وگەراندینیانەوە بۆ ماڵی خۆمان. پاشان وتیان هەرچیتان هەیە بهێنن و ئەتانبەین بۆ شاخ، بەڵام  بردینیان بۆ قوتابخانەیەیەک پیاوەکان لە خوارەوە، ژنەکان لە نهۆمی سەرەوە، هەرچێکمان هەبوو بردیان تەنها جلەکانی بەرمان مایەوە”

         شەربەتەکەی بە دەستەوەیە وپەرداخەکەی هێشتا نیوەیە و دادنێتەوە سەر مێزەکە و هەناسەیەکی قوڵ هەڵئەکێشێت و بەردەوام ئەبێت ”  گویمان لە دەنگی تەقە بوو، زانیمان پیاوەکانیان کوشت ، تەنها نزیکەی پەنجا پیاوێکیان مابوو ، خرانە ئۆتۆمێلەوە و بران ، نازانم بۆ کوێ …پاشان هاتنە لای ئێمە وتیان هەرچی کچێک شووی نەکردووە ئێستا جیا بێتەوە لەوانی دیکە، بە زۆر جیایان کردینەوە و بردینیان بۆ سوریا لە مەزرعەیەکدا دایان ناین ، نزیکەی ٢٥٠ کچ تەنها ٥٠ دانەیان ئێزیدی دێ و ناوچەکانی دی بوو ، ئیتر ٢٠٠ سەد کچەکەی دیکە خەڵکی کۆ جۆ بوون . کارەبا نەبوو ، قاعەکە زۆر تاریک بوو ، جلی داعشیان بۆ هێناین و بە زۆر پێیان لە بەرکردین ، ئەو کچانە کەسیان شووی نەکردبوو ، هەموو ڕۆژێک چەند کەسێک ئەهات ژمارەیەک لە کچەکانی ئەکڕی”

  – وەکو پێشتر بۆم باسکراوە ئەو دارستانە پڕ بووە لە داری هەناری گەورە ، ئایە ئەکرا لە چری ئەو دارانەدا خۆتان بشارنەوە و ڕابکەن؟ یان بە حوکمی ئەوەی زۆر بوون هەمموتان ببن بە یەک هێز و ڕووبەڕووی ئەو کەسە بوونایەتەوە کە ئەیفرۆشتن، یان ئەیکڕین و بە زۆر ئەینابردن ؟

” نا نەمانئەتوانی ، چوونکە راستە مەزرەعەکە چڕ بوو بەڵام چواردەورممان بە پاسەوان گیرابوو، ئەوان بەردەوام لە سەر نەڕۆشتن و خۆ پسکان لە دەستیان بە چەک و دارەکانی دەستیان لێیان ئەداین و جاری وا هەبوو ئەوەندەیان لە کەسێک ئەدا هەتا ئەبوورایەوە ئنجا ئەیانبرد “

              هەدیە لە گەڵ خوشکەکانی دی، چوار خوشک ئامۆزایەک لە ژمارەی سێ ئامۆزا دەبەن بۆ بنکەی تتیرۆرستەکان لە حەلەب ، لەوێش داعشێکی عێراقی درێژی ، قژ درێژ تەمەنی دەگات بە ٥٠ پەنجا ساڵ هەدیە و خوشکە بچووکەکی و لە گەڵ ئامۆزا دوازدە سالەکەی ئەکڕیت و ”   خۆی و پاسەوانەکانی بە زۆر ڕایانکێشاینە ناو ئۆتۆمبێلەکەیە و بردینیان بۆ مەزرعەکەی خۆی “

       لەم قۆناغەدا ئەوەی هەدیە ئەپارێزێت ئەوەیە دووانەکەی دی مناڵترن . لە رووی مێژوویە سەلمێنراوە کە زۆرەدەستگرتەکردن لە ئیسلامدا لە مناڵەوە دەست پێ ئەکات، ئەکرێت هەشت ساڵ یان تەنانەت شەش ساڵ بێت واتە هەتا مناڵتر بێت زووتر زۆرەدەستگرتەئەکرێت، پارەی زیاتریش ئەدرێت بۆ کڕینیان، لای داعشیش بە هەمان شێوە بووە. هەتا ئەم قۆناغە هەدیە زۆرەدەستگرتە ناکرێت و پارانەوەی بەردەوامیان کە بیانبەنەوە بۆ ئەو هۆڵەی خوشکەکان وئامۆزاکانی دی لێ یە ئەم داعشە عێراقیە ماندوو ئەکات وئەیانباتەوە بۆ ئەو هۆڵەی لێی کڕیون بەڵام کاتێک ئەگەنە ئەوێ ئەبینن کەسی لێ نەماوە، تەنها پێنچ کچ ماوە و ئەوانی دی هەموویان فرۆشراون وخوشک و ئامۆزاش لەوێ نەماون.لەویش جاریەکی دی ئەندامێکی داعش و شەڕکەریەکیان تەمەنی شەست ٦٠ ساڵ ئەبێت هەدیە ئەکڕیت ، ئەویش ئەیکات بە گریان پاڕانەوە کە خۆی بە تەنها نەبات وخوشکەکەشی لە تەک ببات ، داعشکە داواکەی جی بە چی ئەکات و خوشکەکە بچوکەشی ئەکڕیت و جاریەکی دی  لە سوریاوە ئەیانباتەوە بۆ عێراق. ” بردمی ،وتمان بۆ کوێمان ئەبەن ، وتیان مەپرسن. بردینی بۆ ماڵێک کچیکی تری ئێزیدی لێ بوو ، وتمان چیت لێ ئەکات ، وتی فێری نوێژت ئەکات وبە زۆر نوێژت پێ ئەکات و بە زۆر ئەتکات بە موسڵمان وهەموو ڕۆژێکیش  پاش نوێژکردنەکەت زۆرەدەستگرتەت ئەکات، وتم کەواتە ئەبێت ڕێگەیەک بدۆزمەوە ڕا بکەم”

       لەو ماڵەدا سێ ژنی داعشی و پیاوەکە و کچە ئێزیدیەکە و هەدیە وخوشکەکەی ئەژین ، ئەو ڕۆژە ، ”  هەتا ئەوان خەویان لێ کەوت،  ئێمە هەر خەریکی جل شتن وپاککردنەوە بووین، شەوێک ماینەوە لە گەڵ ژنەکانیاندا و بەڵام شەوی دووەم شەشی ٦ی بەیانی ڕامانکرد”. لە بەر ئەوەی بە پێی پەتی ڕائەکەن خوێن لە قاچەکانیان رێچکە نیشان ئەدات. ئەگەن بە پردێک و دەیانەوێ بە پەردەکەدا بپەڕنەوە دەدۆزرێنەوە و دەدرێنە بەر گولە ، کەسیان بەر ناکەون و ڕا ئەکەن بۆ ئەو بەری پردەکە و داوای هاوکاری لە شۆفێری ئۆتۆمبێلێک ئەکەن لە شەقامی ئەو بەرەوەی پردەکە  ئەویش سەریان ئەخات ، بەڵام داعشەکان ئەگەنە سەریان و ئۆتۆمبیلەکە رائەگرن و ” لە  شۆفێرەکە تۆڕە بوون ، تەمەنی نزیکەی سی ٣٠ ساڵ ئەبوو ، وتیان بۆ هاوکاری ئەم هەڵهاتوانە ئەکەیت ، ئەویش وتی من نازانم هەڵهاتوون و وامزانیوە خەڵکی ئاسایین ، ئێمەش وتمان ئەو ئاگای لە هیچ نیە  و ئێمە هیچمان پێ نەوتووە سەبارەت بە خۆمان . ئەو جارەش گیراینەوە چونکە ژنی ئەوان لە گەڵ پیاو ئەڕواتە دەرەوە نەک خۆیان بە تەنها، بۆیە بە ئاسانی دەدۆزراینەوە “

        لە سەر ئەو کارەی کردبوویان بریاری سزادانیان ئەدەن و دەیانبەن بۆ زیندانی ‘ قائم ‘ بە وێنەی قوربانیە ئەنفال کراوەکان ماوەی ٤ چوار ڕۆژ جگە لە ڕۆژی بوتڵێک ئاو هیچ خواردنیان نادەنی، بە ئاستێک ئەگەر زۆرەدەستگرتەش بکرێن هیچ وزە و جۆڵەیەکیان نەماوە بەرگری لە خۆیان بکەن. هەدیە وتی، ” کچە ئیزیدیەکەی تر لە ئامۆزاکەشم مناڵتر بوو تازە پێێ نابووە یازدە ساڵێیەوە و زۆریش جوان بوو ، جەستەی زۆر لاواز و بچووک بوو، بە تایبەت پاش چوار ڕۆژ نان نەخواردن بە ئاستەم هەناسەی دەدا ، پیاوێکی پیری سعودی هات ، ئەوی بردە ژوڕیکی تەنیشت ئەوەی ئێمەی تیا زیندان بووین  بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، قێژەی کچەکە ئەگەشتە ئاسمان ، کاتێک هێنهایەوە و فڕێیان دایە ژوورەکەی ئێمە بە بێ هۆشی هەموو گیانی خوێنی لێ ئەچۆڕا ، جگە لە زۆرەدەستگرتەکردن ئەوەندەشی لێ دابوو هەموو جەستەی شین بووبووە”

ڕۆژێک پاش ئەو کارەساتە کەسێکی لە بنەمادا خەلیجی  لە حەلەبەوە دێت بۆ کڕینی هەدیە “

ڕوخساری زۆر ترسناک بوو ، لە سەروو پەنجا ساڵەوە بوو نازانم بە چەند فرۆشتمیان چونکە لە بەردەمی ئێمەدا پارەکەیان نەئەدا،وتی ئەتبەم بۆ ماڵێک کارێکم هەیە  لە قائم  ئەیکەم و دوای ئەتبەم بۆ سوریا ، مالەکە ژنیک و پیاوێکی داعشی تیا بوو، ٨ی هەشتی  شەو ژن وپیاوەکە ڕۆشتن و وتیان ١٠دەی شەو ئەگەڕێنەوە، کارەبا بڕا ولەو ماڵە تاریەکدا نە ئەوان هاتنەوە و نە کارەبا، زۆر زۆر ترسام. لە پەنجەرەکەوە ڕۆشتمە خوارەوە بۆ ناو حەوشەکە لە سەر دیواری حەوشەکەوە چوومە سەرەوە هەرچی عەبا وجل و بەرگی داعش هەبوو بردم ، ڕۆشتم بە نێو ماڵەکاندا ، هەمووی ماڵی داعش بوون ، نزیکەی کاتژمێرێک بە پێ ڕۆشتم. زانیم لە ماڵە داعشەکان دەرچووم ، دەستم لە ئۆتۆمبێلێک ڕاگرت و لە شۆفێرەکە پاڕاومەوە هاوکاریم بکات و ڕزگارم بکات ، بردمی بۆ ماڵی خۆیان دوو کچی هەبوو وتی کورەکانم لە تورکیا ئەژی و خزمەتیان کردم و یارمەتیان دام و تەلەفۆنیان بۆ کوری مام کرد. کوڕی مامم وتی سبەی کاتژمێر ٣ سێ تەکسیەک بە پارە دێت بە شوێنتدا ئەتهێنێتەوە،   بەڵام  لە کاتژمێر ١ یەکدا و دوو٢ کاتژمێر بەر لە گەشتنی تەکسێکە سێ ئۆتۆمبێل بە  نزیکەی ٢٠ بیست داعشەوە گەشتنە ماڵەکە. پیاوەکە وتی شتی وا نازانم ونەمبینیوە ئەوانیش وتیان خۆتان و ماڵ و مناڵتان ئەکوژین ، منیش وتم ئەوە قبوڵ ناکەم  تۆ بە هۆی منەوە زیانت پێ بگات و خۆم تەسلیم کرد و دیسان بردمیان”

       داعشە خەلیجیەکە دەیباتەوە بۆ حەلەب ، ” زۆر زۆری لێدام ، وتی یان ئەتکوژم یان نابێت ئیتر ڕابکەیت” لەم کاتەدا هەردوو دەستی لە هەردوو لای کورسێکەوە لەپی دەستی دەخاتە ژێر هەردوو ڕانی و چەند چرکەیەک بێ دەنگ ئەبێت. ئازاری ڕۆح ، ئازاری جەستە بیر ئەهێنێتەوە ، ئەزانم لەو ساتەدا هەستی بە هەمان ئازار ئەکات کە چەشتویەتی ، زیندووکردنەوەی ئازارە تاڵەکان، پاشان ئەڵێت، ” بردمی بۆ ماڵێک ، ویستی زۆرەدەستگرتەم بکات ، سوێندم خوارد کە سوڕی مانگانەم هەیە و کە تەواو بووم بە بێ شەڕ و بەرگریکردن ڕێگەی لێ ناگرم. ئەویش باوەڕی پێ کردم و وازی لێ هێنام زۆرەدەستگرتەی نەکردم ، بەڵام وتی متمانەت پێ ناکەم ڕانەکەیت بۆیە هەردوو دەستمی کەلەپچەکرد”

        هەدیە خۆی دەکات بە خەوتوو هەتا داعشەکە ئەخەوێت ، پاشان وایەری تەلەفونەکە دەرئەهێنێت وهەوڵی کردنەوەی کەلەپچەکە دەدات و سەرکەوتوو ئەبێت . جاریەکی دی دایدەخاتەوە ، بۆ ئەوەی دڵنیابێت ئەگەر ئەو شەوە دەرنەچوو بتوانێت لە کاتێکی گونجاوتردا ڕا بکات، بەڵام جاری دووەمیش هەر بە وایەرەکە ئەتوانێت کەلەپچەکە بکاتەوە ، ” هێشتا خەبەری نەبووەو ڕامکرد ، دارێکی گەورە لە حەوشەکەدا بوو چوومە سەر دارەکە، خەبەری بووە و هاتە دەرەوە حەوشەکەم زۆر بۆ گەڕا ، بەڵام لە بەر ئەوەی لە سەر دارەکە بووم نەیبینیم، بۆیە سواری ئۆتۆمبێلەکەی بوو، ڕۆشت دەرەوەم بۆ بگەڕێت ، منیش جلی داعشم لە بەردا بوو ، ڕۆشتم، زۆر ڕۆشتم ، بەڵام جاریەکی دی لە ڕێگا گرتمیەوە. وتی تۆ بە کەڵکی من نایەیەت ، سەر ئێشەم زۆر بۆ دروست ئەکەیت.  ئیتر بەو شەوە گەڕاندمیەوە بۆ هەمان مەزرعەی کە کڕیبوومی لێیان ، دوو کچی تیدا بوو، کەسێک هات وتی ئەو دوو کچە هەردووکیان لاڵن بەڵام هەردوکیان برینداریش بوون ، سەرو دەستیان بریندار بوو”                                                            .

       کە دەگاتە ئەوێ خێرا پرسیاری ماڵ و خوشک وکەسی لێ ئەکەن و پێێ ئەڵێن ئەگەر نەبیت بە موسڵمان واتە هەر زۆرەدەستگرتە ئەکڕێیت ، هەدیە ئاگای لە چیرۆکی ئەو کچانە ئەبێت کە نەک هەر بوون بە موسڵمان بەڵکو پێنج جار نوێژ ئەکەن و فێری قورئان خوێندن کراون، هەر دوای نوێژەکانیش زۆرەدەستگرتە ئەکرێن ، بۆیە ئەزانێت تەنها فێڵێکە بۆ بە زۆر موسڵمان کردنیان و ئاین گۆڕینەکەی هیچ دادی نادات و هەتا ئەو کاتەش خۆی پاراستووە تەنها هێز و پشو درێژی خۆی بووە. بەڵام ئەم جارە شوفێری ئەمیری داعش ئەیکڕێت، تەمەنی ٣٥ ساڵە، ئەیباتەوە بۆ ماڵەوە و لەویش کچێکی دیکەی ئێزیدی ١٤ ساڵ لە ماڵەکەیدا دەبێت کە هەموو ڕۆژێک زۆرەدەستگرتەی کردووە . ماوەی مانگ و نیویەک لەم ماڵەدا ئەمێنێتەوە ، خواردنەکانیان لە ماڵەدا لە هەموو شوێنەکانی دی باشتر ئەبێت ، برنج و گۆشت و میوە و هەموو جۆرە خواردنیەکان پێشکەش ئەکەن. هەفتەی یەکەم هیچ جۆرە شتێک ڕوونادات، پاش نانخوارن و هەرچیەک ئەخۆن سروشتی ئەبن، “بەڵام پاش هەفتەیەک  ، دوای نانخوارن ئەبوراینەوە هەتا بەیانی. بەیانی ئەمانزانی کە هەردووکمان زۆرەدەستگرتەکراوین لە لایەن سایەقەکەوە ، ئەگەر خەڵکی تریشی هێنابێت  نازانم چوونکە ئێمە هیچ ئاگامان لە خۆمان نەبووە”

        لە گەڵ ئەوەی کراسێکی درێژی تا سەر پەنجەکانی لە بەردایە ، بەڵام لەم کاتەدا لە سەر ئەژنووە ڕایدەکێشێت و کراسەکە دەکشێت وەکو ئەوەی بیەوێت بەشێکی دەرکەوتوو لەشی  بشارێتەوە. لە گەڵ ئەم گەڕانەوەدا چاوی پڕ فرمێسک ئەبێت و هێزیەک ئەیگەڕێنێتەوە ناهڵێت دابارن،  لە پەنجەرەکەوە بۆ دوو ئەڕوانێت، نیگا دوورەکان و فرمێسکە قەتیس ماوەکان چیرۆکی شێرێکی بریندار ئەگێڕنەوە ، کە خەڵکێکی نابووت و ترسنۆک لە پشتەوە و بە فێڵ گورزی لێ ئەدەن. بۆ ئەوەی بیخەمەوە سەر دۆخی پێشتری خۆی، پێێ ئەڵێم ، ” تۆ بە گاڵتە پێت ناڵێن پاڵەوان ئەو هەموو کاتە توانیت خۆتیان لە دەست بپارێزیت،  تۆ ئەوەندە تۆقێنەر بوویت بیر لە چەندین پلان بکەنەوە بۆ دەستەمۆکردنت، دواجاریش ترسنۆکانە و  بە فێڵ و لە بێ ئاگایدا دەستیان وەشاندووە، ئەمە گەورەیی تۆ  و بچووکی و نابووتی یەک هێزی تەواوی وەکو داعش ئەگەیەنێت بەرانبەر بە تۆ. فرمیسکەکان وشک بوون و بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی چیرۆکە جەرگ بڕەکەی، ” مانگ نیویەک بەو شیوەیە و لەو دۆخەدا ژیام، نەیئەهێشت خوشکەکەم ببینم، یان  بە هیچ لایەکدا بڕۆم، ئەیووت ڕائەکەیت. منیش وتم هەموو کەس و خێزانم لە لایەن ئێوەوە گیراون تازە بۆ کوێ رابکەم و بۆ لای کێ ، پاشان من پێشتر ڕام ئەکرد بۆ ئەوەی زۆرەدەستگرتە نەکرێم، ئێستا کە زۆرەدەستگرتەکراوم  ئیتر ڕاناکەم”

          پاش مانگ و نیوەک شۆفێرەکەش ئەیفرۆشێت بە پزیشکێکی نەشتەرگەری میسری، ناوی محەمەد ئەحمەد ئەمین  تەمەنی ٣٠ سی ساڵ ئەبێت. لە نەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆ ئەو داعشانە ئەکات کە بریندار ئەبن .  بە هەدیە ئەڵێت من دەستدرێژیت لێ ناکەم، چوونکە لە بنەمایا من هیچ ئارەزوویەکی تۆم نەکردووە و ئەمیری داعش فەرمانی پێکردووم بتکڕم ، سێ مانگ ئەمێنێتێتەوە زۆرەدەستگرتەی ناکات ، باوەڕ لە نێوانیاندا دروست ئەبێت ، بۆیە ڕۆژێک پێی ئەڵێت ئەمەوێت پەیوەندی بە مامێکمەوە بکەم کە موسڵمانە و ئێستا لە ناو داعشدایە. کە لە ڕاستیدا ئەو مامەی لە بەر ئەوەی بە سەختی بریندار بووە داعش نایبات و لە کۆجۆ جێێ دە‌مێنێت و نە موسڵمانە و نە داعش . پزیشکەکە ئەیبات بۆ سەنتەرێکی بچووکی تەلەفۆن و لەوێوە تەلەفۆن ئەکات و لە بەر ئەوەی بە کوردی قسە ئەکات داعشەکە لێی تێ ناگات.  ٨ هەشت مانگ لە ماڵی ئەم پزیشکەدا ئەمێنێتەوە زۆرەدەستگرتەی ناکات، بەڵام پاش سێ مانگ مەرجی زۆرەدەستگرتەنەکردنی ئەبێت بە ئاین گۆڕین و بە زۆر ئەیکات بە موسڵمان  و بەیانیان ئەڕوات ئێواران ئەگەڕێتەوە و هەموو ئێوارەیەک بە زۆر نوێژی پێ ئەکات. ئەو نوێژکردنە زیاتر متمانە دروست ئەکات ودکتۆر لە ماوەی ئەو ٨ هەشت مانگەدا چوار تا پێنج جار ، جاری سەد دۆلاری پێ ئەبەخشێت ئەڵێت لەوانەیە شتێکت بۆ خۆت پیویست بیت بیکڕیت، بەڵام هەدیە هیچ ناکڕێت چوونکە بیر لە ڕاکردن ئەکاتەوەو هیچیش پارەی پێ نابێت کە هاوکاری دەرچوونی بکات، بۆیە پارەکانی کۆ ئەکاتەوە و کە نزیکەی ٥٠٠ پێنج سەد دۆلاری پێ ئەبێت، پێی وایە ئەتوانێت پێی دەرچێت . بەیانیەک کە پزیشکەکە ئەڕوات هەدیە لە ماڵ دەرئەچێت و وەکو ئەندامێکی داعش مامەڵە ئەکات لە گەڵ شۆفێرەکاندا و تەکسیەک ئەگرێت بیبات بۆ ” دەوار نەعیم” لەوێ لە دەرگای یەکێک لە ماڵە ئاساییەکان ئەدات و تکایان لێ ئەکات کە هاوکاری بکەن ڕابکات، ئەوانیش تەکسی بۆ ئەگرن و ئەینێرن بۆ  سنووری تورکیا ، ئەگات بە ئۆرفە. لە ئۆرفەش ئاوارە کوردەکانی لێ ئەبێت هەموو بە کرمانجی قسە ئەکەن، هاوکاری ئەکەن ، لەوێوە بە هاوکاری مامی ئەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

        هەدیە ئەڵێت ، ” بەڵام هیچ هەواڵی خێزانەکەم نازانم و نازانم چەندیان ماون ، براکانم،  ٨ ساڵ و ١١ و یەکیک ٥ ساڵ ١٣ ساڵن . گەڕانەوەم وەکو سەر لە نوێ لە دایک بوونەوە بوو، لە گەڵ ئەوەی کەسم نەماوە و  لە ماڵی مام ئەژیم، مام وتی من سەربەرزم بە تۆ و تۆ کچی منیت وچیت بوێت بۆت ئەکەم. لە ماڵەوە دانیشتووم و زۆربەی کات بە چاوەڕوانی کەس و کارم وگریان بۆ ئەوان بە ڕێ ئەکەم برا ١٥ سالەکەم بەر لە ١٥ ڕۆژ گەڕایەوە و  براکەمیان بردبوو بۆ ڕاهێنان، پاش ڕاهێنان بردبوویان بۆ سوریا و ئەویش لەوێوە هەڵهاتووە.”

   – تێ بینی: بە هۆی پابەند بوون بە لایەنی یاسایی و ئەتیکی لێکۆڵینەوە وێنە و ناوی ڕاستەقینە ئاشکرا ناکرێن و هەر کچێک داوام لێکردووە ناوێکی خوازراو کە خۆی پێێ خۆشە هەڵبژێرێت . ئەم دیدارانە بە سۆرانی نەکراوە و خۆم بە سۆرانی دامڕشتووە.

بۆچوون