Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/03/26 16:23
نوسەر: جینۆسایدی کورد

ئەنفال: قۆناغی دووەم 22-3-1988 تا 1-4-1988

قئەنفال: ۆناغی دووەم 22-3-1988 تا 1-4-1988

ئا:جینۆساید كورد

قۆناغی دووەمی شاڵاوی تاوانی ئەنفال، لە 22- 3-1988 تا 1- 4- 1988 لە ناوچەی قەرەداغ ئەنجامدراوە، ئامانج لە ستراتیژی قۆناغی دووەمی شاڵاوی ئەنفال لە ناوچەی قەرەداغ، جێبەجێكردنی بەشی دووەمی پلانەكە بوە، قەرەداغیش بە درێژایی مێژوو بۆ حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ناوچەیەكی سەخت بوە، لە هەمانكاتدا شوێن و جێكای بەشێكی بەرچاو لە شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی بوە، خەڵكەكەشی هەمیشە نەیانویستوە تەسلیم بە زوڵم و زۆرەكانی دەسڵاتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بن. قۆناغی دووەمی شاڵاوی تاوانی ئەنفال بە سەركردایەتی لیوا روكن ” ئەیاد خەلیل زەكی” سەركردەی فەیلەقی دوو بوە، كە بە قواتی “یەرموك” ناسراو بوە، هەر بە پێی بەڵگەنامەكەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق چەندین یەكەی تری سەربازی و هەواڵگری و ئەمنی بەشدارییان كردوە، كە بەوردبوونەوە لە بەڵگەنامەكان بۆمان روون دەبێتەوە.
ئەو هێزانەی بەشدارییان لە شاڵاوەكانی ئەنفالی دووەم، یان قۆناغی دووەمی تاوانەكانی ئەنفالدا كردوە ئەمانەی خوارەوە بوون:
یەكەم: فیرقەی زەمینی 15، هێزەكانی “فارووق” كە لەم یەكانە پێكهاتبوون:
ا، لمش 436
ب، لمش 14
ج، لمش 76
د، كەتیبەی دەبابات
دووەم: فیرقەی زەمینی 34و هیزەكانی “ئەلحارس” كە لەم یەكانە پێكهاتبوون:
ا، لمش 502
ب، لمش 504
ج، لمش 90
د، كەتیبەی دەبابات
سێیەم: فیرقەی سێیەمی مدرەعە “هێزەكانی سەڵاحەدین” كە لەم یەكانە پێكهاتبوون:
ا، لمش 8
ب، لمع 12
ج، لمع 6
د، فەوج مغاویر
چوارەم: فیرقەی “50” بە سەركردایەتی “زهێر یونس عەلی”.
پێنجەم: سەركردایەتی فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی”، “جەحافل” فەوجەكانی جاش” بە سەركردایەتی عەمید روكن “سەعد شمسەدین”
شەشەم: ئامریەی هێزەكانی یەكەم
حەوتەم: ئامریەی هێزەكانی “جەحافل” جاش ، 3
هەشتەم: ئامرییەی هێزەكانی قەرەداغ
نۆیەم: هێزەكانی ئامادەی سلێمانی
یانزەیەم: یەكەی كیمیاوی
دوانزەیەم: فڕۆكەی سوپا
سیانزەیەم: هێزی ئاسمانی
چواردەیەم: بەشی ئەندازەیی راسپێردراو بە تێكدانی گوندەكان
پانزەیەم: بەشی كردنەوەی رێگاوبانی سەربازی
شانزەیەم: یەكەی هەواڵگری سەربازی
لە 22-3-1988 هێزە سەربازییەكانی رژێمی بەعس دەستیان بە جوڵەكرد، سەرەتای ئامانجە سەربازییەكانیان بە گرتنی چواردەوری ناوچەكە “قەرەداغ” بوو، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی “حوسێن رەشید تكریتی”، پلانە سەربازییەكەیان لەم قۆناغەی ئەنفال “دووەم” بە بۆمبارانی سەختی فڕۆكە جەنگیەكان دەستی پێكرد، كە رێك لە كاتژمێری “6”و نیوی ئێوارە 22-3-1988 بوو، ئەم گوندانەی گرتەوە “گومەتە، هەستەوی، كوشكی سەروو، تەكیە، بەلەكجاڕ، سێوسَینان”، دوای بۆمباران و لێدانیان بە كیمیاوی، پاشان بە تۆپی دوورهاوێژو راجیمە بە كیمیاوی لەو گوندانەی باسمان كرد درا، لە 29-3-1988 هێرشی زەمینی سوپا دەستی پێكرد بۆ ناوچەكە بە شێوەیەكی بەرفراوان و لە هەموو قۆڵەكانەوە، بە هاریكاری فڕۆكەو هێزی ئاسمانی و تانك و مدەڕەعەو تۆپی دوورهاوێژو راجیمە.
دانیشتوانی ناوچەی قەرەداغ و گوندەكانی دەورو بەری بوون بە سێ‌ بەشەوە، بەشێكیان بەرەو ناوچەی گەرمیان و بەشێكی تریان خۆیان رادەستی هێزەكانی سوپای بەعس كردو بەشەكەی تریش بە شێوەی نهێنی خۆیان گەیاندە ناوشاری سلێمانی و دەورو بەری.
لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، بە پشت بەستن بە چەندین بەڵگەنامە ئەوە پشتڕاستكرایەوە كە لە قۆناغی دووەمی تاوان و شاڵاوی ئەنفالدا:
یەكەم: بەشێوەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراو چەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی لە دژی هاوڵاتیانی سڤیل بەكارهێنراوەو ئەمەش بوەتە هۆكاری كوشتنی چەندین هاوڵاتی لە پیرو گەنج و مناڵ و ئافرەت.
دووەم: كوشتن بەبێ‌ هۆو بەبێ‌ دادگاییكردن
سێیەم: دەربەدەركردنی دانیشتوانی گوندەكان و ناچاركردنیان بە ژیانی سەخت و پڕ كولەمەرگی.
چوارەم: گرتن و زیندانی كردن و بێبەشكردن لە ژیان وەك لە زیندانەكانی “تۆپزاوەو دبزو سلێمانی و نوگرەسەلمان” روویانداوە.
پێنجەم: ئازارو ئەشكەنجەدان لە سەردەستی “حەجاج”و جێگرەكەی “شمخی” لە زیندانی نوگرەسەلمان.
شەشەم: دەستدرێژی كردنە سەریان لە زیندانی نوگرەسەلمان لە پێشچاوی “حەجاج و شەمخی”.
شەشەم: چەوساندنەوەی دانیشتوانی گوندەكانی ناوچەی قەرەداخ تەنها لە بەركورد بونیان.
حەوتەم: بێسەرو شوێنكردنی ئەنفالكراوانی قۆناغی دووەمی ئەنفال.
ئەم بەڵگەنامانەش وای لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كرد، ئەوەی لە قۆناغی دووەمی شاڵاوەكانی ئەنفال لە ناوچەی قەرەداغ ئەنجامدراوە، وەك تاوانی “جینۆساید، تاوانی دژی مرۆیی، تاوانی جەنگ” بە فەرمی بڕیاری لە سەربداو بیناسێنێ‌.

____________________________________________________
پەراوێز: لە شاڵاوی ئەنفالی دووەمدا، بە پێی ئامارو سەرژمێرییەكان، “250” دوو سەدو پەنجا گوند كرابوونە ئامانج، و داگیروخاپوركران، هەروەك ئاماژەمان بۆكردو بە پێی بەڵگەنامەكان چەكی كیمیاوی بەكارهێنرا بەتایبەت بە گوندی سێوسێنان، بە هەزاران گەنج و ژن و مناڵ و پیر، دەستگیركران و بێسەروشوێنكران.
حەجاج و شەمخی، وەك دوو گەورە تاوانبار ناویان لە بەردەوام لە سەرزاری ئەو ئەنفالكراوانەیە كە لە نوگرە سەلمان بوون، ئەوەی جێگای داخە تا ئێستاو دوای رووخانی بەعس لە ساڵی 2003 كەس نازانێ‌ ئەم دوو تاوانبارە لە كوێ نیشتە جێن و خۆیان شاردوەتەوە.
لە 2-4-1988 سەركردایەتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە بەیانی ژمارە “3109”، كۆتایی شاڵاوی دووەمی ئەنفالی راگەیاند.
بڕوانە:
-بەڵگەنامەكانی دۆسیەی تاوانی ئەنفال، لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، “43” فایل 2006 بۆ كۆتایی 2007
-لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە “دۆسیەی ئەنفال” تەها سلێمان، چاپی یەكەم، 2015 ل 13
-جینۆسایدی گەلی كورد” ئامار، داتا، پشكنین”، تەها سلێمان، چاپی یەكەم، 2014 ل50
-اڵانفال، قرار محكمە، اشراف واعداد، الحقوقی بهزاد علی ادم، الگبعە اولی، 2014 ل 287 تا 291
-پەلامارە سەربازییەكانی ئەنفال لە هەشت قۆناغدا، عومەر مەحمەد، چاپی یەكەم 2013 ل 37 تا 50

بۆچوون