Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/04/10 17:48
نوسەر: جینۆسایدی کورد

100 هاوڵاتی له‌گەڕەکی شێخ مه‌قسود کۆمه‌ڵکوژ کراون

مانگی سوری کورد راگه‌یاند: له‌هێرشی گروپه‌ چەكدارەكان بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌کی شێخ مه‌قسود تا ئێستا زیاتر له‌ 100 هاوڵاتی مه‌ده‌نی ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 650 که‌سیش برینداربوون.

رێکخراوی مانگی سوری کورد سه‌باره‌ت به‌هێرشی چەكدارەكانی هاوپه‌یمانی سوریا بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌کی شێخ مه‌قسود و به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکرده‌وه‌.

مانگی سوری کورد له‌ لێدوانه‌که‌یدا ده‌ڵێت:”له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی رێککه‌وتننامه‌ی ئاگربه‌ست له‌سوریا له‌کۆتایی مانگی شوباته‌وه‌، به‌ڵام  له‌زۆرێک شوێن و هه‌رێم شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌ و ئه‌م شه‌ڕه‌ش له‌دژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌مافی مرۆڤ و پاراستنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نیه‌ له‌کاتی شه‌ڕدا”.

ئه‌و هێرشه‌ی له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌کداره‌کانی سه‌ر به‌ئۆپۆزسیۆنی سوریا له‌سه‌ر گه‌ڕه‌کی شێخ مه‌قسودی سه‌ربه‌حه‌له‌به‌وه‌ پێکدێت و له‌نێودا ژن و  منداڵ ده‌کرێنه‌ ئامانج، پێشێلکردنی ئاشکرای رێککه‌وتننامه‌ی پاراستنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نیه‌، له‌و هێرشانه‌ی له‌سه‌ر گه‌ڕه‌کی شێخ مه‌قسود به‌رێوه‌ ده‌چێت، هه‌موو شێوه‌ چه‌کێک به‌کار دێنن، له‌سه‌ر لاشه‌ی هه‌ندێ له‌و هاوڵاتیانی گیانیان به‌ختکردووه‌، شوێنی هه‌ندێ چه‌ک به‌دیده‌کرێت که‌ له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا قه‌ده‌غه‌کراون.

هه‌ر له‌لێدوانه‌که‌ی مانگی سوری کورددا هاتووه‌: تا ئێستا له‌ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا زیاتر له‌ 100 هاوڵاتی ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و زیاتر له‌ 650 هاوڵاتیش بریندارن. ئه‌وانه‌ی بریندارن دوو ئازاریان هه‌یه‌، یه‌کێک ته‌واوبوونی ده‌وا و ده‌رمان و ئه‌وی تریش گه‌ماڕودان له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ و رێگا ناده‌نه‌ به‌وه‌ی که‌ برینداران ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ بکرێن و له‌ئێستاشدا ناوه‌نده‌کانی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ که‌مبوونی ده‌وا و ده‌رمان رووبه‌روون.

له‌کۆتایی لێدوانه‌که‌یدا، مانگی سوری کورد دا هاتووه‌: ئێمه‌ وه‌کو مانگی سوری کورد، داوا له‌رێکخستن و دامه‌زراوه‌ مرۆیی و ته‌ندروستیه‌کان ده‌که‌ین ده‌ربازی گه‌ڕه‌کی شێخ مه‌قسود ببن و هاوکاری برینداران بکه‌ن، هاوکات داوا له‌کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و رێکخستنه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌که‌ین ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و ره‌وشه‌ بکه‌ن و هه‌وڵی راوه‌ستاندنی ئه‌و هێرشانه‌ بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بده‌ن.

*لە سپی میدیاوە

بۆچوون