Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/04/11 13:15
نوسەر: جینۆسایدی کورد

قەسیدەی پڕمانا بۆ ئەنفال “فەریدون سامان “

بیابانییەکان

بۆ ئەنفال….

لەھەموو لایەک درزی بردووە
لەھەموو لایەک ژەنگی ھەڵێناوە
وێنەی شارە بزربووەکەمی
لەتوێی چوارچێوە شکاوەکەی ھەڵگرتووە ,
ئاوێنەیەکە
چاوەکانت
بەم تاوسانە خۆڵاوییە
بە تەم داگیراوە
سیمای تەڵخ و ھەڵپروکاوی نامۆییت
تێدا ڕەنگ ناداتەوە
لەسەر شەقامەکانی گەورەبووندا
جاویدانیت ھەنگاوەکانی لێ بەجێماوە
وێنەی جۆگەڵەی بنە دارھەنارێک
ماڵاوایی لە سیًبەرەکەی خۆی کردووە ،

ئاوینەیەکە
چاوەکانت
بە وێنەی ئاوێنەی ژەنگاوی
تەم و مژی ئاسمانی خۆڵاوی
شارە بزربووەکەم ،

لەم بیابانە
کەس نابینی
خەون بەو باڵدارا نە ببینێ
کە ھەمیشە لە سەفەر دان و ئیدی ناگەڕێنەوە
یان بەقەد ئەو بارانە بە ڕەحمەت بێ
کە لانکی خەونەکانی منداڵیت ڕادەژەنێ ،
تۆ نابینی
کە شەپۆلەکانی یادەوەریت سەرھەڵدەگرن
ھەرگیز ناگەنەوە کەنارە ڕیش سپیەکانی ئاسوودەیی
تۆ نابینی ،
کە گەڵایەک لەسەر لکی پیرەدارێکی کلۆردا
لەپایزی زەردی ژیاندا ھەڵدەوەرێ
ئیدی نابێتە چەتری ئەو چۆلەکانەی
کە تەنیایی دەیانکوژێ ،
لەم ھەوارە سەرگەردانە
لانەیەک نابێ لە سەرماو سۆڵەی زستان
بیانپارێزێ
یان ڕەشماڵێکی کۆچەری ئەم بنار شاخە
ھەرچی ئاسکە کێوی عاشق ھەیە
بخاتە نێو ئامێزی …
تۆ نابینی
چاوەکانت ،
ئاوێنەیەکن شوون ھەڵگر
بست بە بستی ئەم سەرزەمینە جەنجاڵە دەگەڕێن
لەھەواڵی کەوەکانی نێو قەفەسی
پێدەشتی گەرمیان و
ئێسک و پروسکی خۆڵەمێشی
منداڵانی ناو تەم دەگەڕێن.

زەری لم
تۆ کچی کوێستان نەبووی !
ئەدی چۆنە لەم وشکەڵانە بەتەنێ ماوی؟
وەکو با
وەکو باران
وەک برووسکە
بە گوێی ترۆپکی چیا دوورەکان دەچرپێنی
لەم شەوەزەنگە وەحشەتەی چارەنووست
بە نھێنی وەکو شەوڕۆ
بەرگی لمت پۆشیوە
بە نێو کوچەو کۆڵانی شاری عەشقدا وێڵی*
لەناسنامەی پاکیزەیی خۆت دەگەڕێی
لەو قەڵا سەختەی ژیان
کە بە مەنجەنیق و زنجیر گەمارۆ دراوە
چراکان خۆیان دەکوژێننەوە
تۆ تیشکەکان دەکەی بە پەیژە
بەسەر خۆردا سەردەکەوی

بە من ناڵێی
کام چۆم
کام ڕووبار
تۆی گەیاندە ئەم وشکەڵانە
تا لەو خاکە عەرعەریە
لەحەسرەت ئەوینی کوڕە چاومامزەکانی کوێستان
سەرھەڵبگری
گوڵەگەنم ئاسا
مەمکەکانت پڕ شیر بکەی
بۆ شکانی تێنوویەتی فەرەقەتێی بەجێماوی
نێو خەرمانەی دڕک وداڵ ،

بە من ناڵێی
تۆ بەم شەوە درەنگە تا بەرەبەیان
قژی کام داستانی لێکدابڕان دەھۆنیەوە
تۆ نازانی لێرە خۆرەتاو کەی ھەڵدێ
چۆن ئاوا دەبێ…
باران لە کوێ دادەکا
کام مێرگ و کانی لە تێنوویەتیدا ووشک دێنێ
کەسیش لە نھێنی مەرگی کەوەکانی کوێستان ناگا
پەڕەسێلکەکانیش نازانن بۆچی دەمرن
چما ماسیەکان
لەسەر ئەو ھەموو کەنارە غەریبەی
دەریایحەسرەت
خۆیان دەخنکێنن

لێرە لەم بیابانە
کێ گوێ ڕادەدێرێ بۆ فرمێسکی شەونم
ھەناسەی گۆرانیە شینەکانی لم
کێ لەم ئاتەشکەدەیە
تنۆکە فرمێسکێ بۆ حەسرەتەکانی ئاگر
نزای ئەو شمشیرە بریندارە دەڕێژێ
کێ دەکارێ
بەنێو لەشکری ڕم و نێزەو خەنجەر
بەنێو مەرزی خێوەتنشینەکان ڕاببورێ
ئاخۆ وێرای ئەو کێلە لمانە
کیً نوێژی جەماعی مردن
لەبەردەم قەڵغانی بەڵا دابەستێ
لەو خەرەندە بودڕە
بە باڵای تارماییەکان ھەڵزنێ

زەری لم
ئەدی تۆ جاران کچی کوێستان نەبووی
بەڵام ئێستا کەنیزەیەکی بیابانی
کە ناڵەت بە گوێی چیاکاندا دەچرپێنێ
ئەو چۆم و ڕووبارانە دێنە جۆش و خرۆش
کە گورگی بۆر ئاگر دەگرێ داوێنی
خێوەت دەبێ بە کاشانە
لەسەر تەرمی دڵدارە بەچاڵ کراوەکەت
زەماوەندی مەرگ ساز دەکەن …

لێرە وێرای گەردەلوول ، پەیامێ نییە
ھەواڵ بە تاشەبەرد و ئەشکەوت و لوتکە بگەیەنێ
چۆن بە بەر چاوی ھەموو فریشتەکانی سەر زەمین
خواوەندی مەرگ
لەنێو ڕەحمی ئەم شارە وێرانە نەزۆکەدا
تۆوی مردن بۆ مەم و زینەکان دەچێنێ

لەم بیابانە
ھەر کێلەو بە دوو گۆڕی ون بووی خۆی وێڵە
ھەر چاڵەو شێوەن بۆ تەرمی خۆی دەگێڕێ
لێرە لەم شەوەزەنگە وەحشەتە
کە ھەمیشە خۆری لێ گیراوە
لەو خەرەندە بودڕە
لەو قەڵا سەختە لماوییە
بە چاوی کوێر و
دەستی بڕاو و
لاشەی تێکشکاوم
بۆ سەردانی جل و بەرگ و پێڵاو و
یادگاری بەجێماوی پەڕەسێلکەکان
بۆ چۆمی ھەتکراوی زەری کوێستانم
ھاتووم
تا بە بەرچاوی ئەم خێوەتە ڕەشتاڵەوە.
ژەنگی ئاوێنە شکاوەکەم بسڕمەوە
گلێنەی چاوەکانم بدۆزمەوە
شاری مردووانم بگۆزمەوە
لەسەر شەقامەکانی گەورەبووندا
جاویدانی ھەنگاوەکانم ھەڵگرمەوە
لەم شەوەزەنگە وەحشەتە
کە ھەمیشەو ھەمیشە بێڕۆشنایی چرایە
ھاتووم شەقێک بدەم لەو گۆی زەمینە
کە ھێشتا لەسەر پشتی ماسیو قۆچی گایە….

بۆچوون