Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/04/26 11:31
نوسەر: جینۆسایدی کورد

جینۆسایدی ئەنفال قۆناغی چوارەم 3-5-1988 تا 8-5-1988

ئا: تەها سلێمان

قۆناغی چوارەمی شاڵاوی تاوانی ئەنفال، لە 3-5-1988 تا 8-5-1988 ئەنجامدرا، پانتایی جوگرافی شوێنی ئەنجامدانی ئەم تاوانە “دۆڵی زێی خواروو” بوو، كە ئەم ناوچانەی گرتەوە وەك ” ئاغجەلەر، گۆپتەپە، عەسكەر”و ناوچەی “شێخ بزێنی، كۆیە، خەلەكان، دۆكان”. دوای قۆناغی سێیەمی شاڵاوی تاوانی ئەنفال، قۆناغی چوارەم بە پڕ قوربانیترین شاڵاوەكانی ئەنفال ئەژمار دەكرێ‌، هێزو توانایەكی زۆری رژێمی بەعسی لە گۆڕنراوی تیا بەكارهات، كاتێك سەرنجی بەڵگەنامەكەو قۆناغی چوارەم تیایدا دەدەین، ئەو راستیە روونتر دەبێـتەوە، كە پلانەكە زۆر دڕندانەو بەربەریانە بوە.
ئەو یەكە سەربازییانەی بەشدارییان لە قوۆناغی چوارەمی شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفالدا كرد، ئەمانەی لای خوارەوە بوون:
یەكەم: سەركردایەتی فەیلەقی یەكەم كە لەمانە پێك هاتبوون
ا، فیرقەی 38
ب، فیرقەی مەشات ئالی 5
ج، فیرقەی مەشات 8
ح، فیرقەی مەشات 2
دووەم: هێزی نەسر، بە سەركردایەتی عەمید روكن “خالد ئەحمەد ئیبراهیم”.
سێیەم: هێزی “46” بە سەركردایەتی عەمید روكن “عەلی ئەحمەد مەحمەد”.
چوارەم: هێزی پاراستنی نەوت، بە سەركردایەتی عەمید روكن “بارق عەبدوڵا حاجی حنتە”.
پێنجەم: ئامرییەی فەیلەقی یەك بە سەركردایەتی عەمید روكن “عەلاْ مەحمەد تەها”.
شەشەم: دەستەكانی هێزی ئامادە، لە سلێمانی و كەركوك.
حەوتەم: دەستەی ئەركانی هەواڵگری سەربازی سەربە فەیلەق و فیرقە سەربازییەكان.
هەشتەم: یەكەو بەشی كیمیاوی.
دەیەم: هەواڵگری سەربازی
جێبەجێكردنی نەخشەو پلانی ئەم شاڵاوەی ئەنفال “قۆناغی چوارەم”، لە ئێوارەی رۆژی 3-5-1988 دەستی پێكرد، ئەویش بە سوڕانەوەی فڕۆكەی جەنكی بە شێوەیەكی زۆرنزم لە سەرئاسمانی گوندی “گۆپتەپە”، دوای ئەوە دەنگی “8” تەقینەوە بە شێوەی دەنگی نزم نەك گەورەو بەرز دەبیسترێ‌، بە شێوەی یەك لەدوای یەك و دواتر بەرزبوونەوەی دوكەڵی سپی. وەك شاهێد حاڵەكان دەگێڕنەوەو باسی دەكەن، بەدوای خۆیاندا تەقینەوەی بۆمبەكان بۆنی سێوی گەنیویان هێناوەو دواتر هەمان دووكەڵ بە شێوەی رەنگاو رەگ بە سەرگوندەكەدا بڵاو بوەتەوە.
دوای گۆپتەپە فڕۆكەكان گوندی “عەسكەر” بە كیمیاوی بۆمباران دەكەن، كە زۆرێك لە دانیشتوانی گوندەكە دەبنە قوربانی و بەشێكی زۆریشیان برینداردەبن و بە بریندارەكانیشەوە ئەوەی دەمێنێتەوە دەستگیردەكرێن و رۆژی 4-5-1988 رەوانەی سەربازگەی “سوسێ‌” دەكرێن.

بەڵام لە قۆڵی دووەمەوە “تەق تەق” سوپای بەعس شێوازێكی تری بەكارهێنا، ئەویش گرتنی چواردەوری تەق تەق و دەورو بەری بوو، تاوانبار سوڵتان هاشم ئەحمەد خۆی راستەوخۆ ئەم نەخشەیەیی داڕشت، بەو پێیەی نەخشە داڕێژەری جەنگی شاخاوییە، هێزەكانی سوپای بەعس لە زۆر لاوە پێشڕەوییان كردو یەكەم جار گوندی “شێخ بزێنی”یان خاپورو وێرانكردو ئەوەی تیا مابوونەوە دەستگیریان كردن.
لە هەمان رۆژ واتە 4-5-1988 یەكە سەربازییەكانی بەعس پێشڕەوی زیاتریان كرد بەرەو گوندەكانی ناوچەكەو خێزان و خەڵكێكی زۆریان كەوتە بەردەست و دەستگیریان كردن و لە هەمانكاتدا سوپا “700” كەسی لە هێزی ئامادە بانگ كرد بۆ ئەوەی وەرگرتنی ئەو خێزانانەی بەردەستی سوپا كەوتبوون و لە رۆژی 6-5-1988 هەموو خێزان و خەڵكەكە درانە دەستی هێزی ئامادەو لەوێشەوە راپێچی زیندانەكان و بێسەرو شوێنكردن كران.
راپۆرتێكی رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ ئاماژە بەوە دەكات لەم شاڵاوەو لەو سنورە “1680” هاوڵاتی لە ژن و مناڵ و پیرو گەنج بێسەرو شوێنكراون ئەوانیش تەنها لە گوندەكانی “كلێسە، كانەبی، تۆزلۆ، كانی هەنجیر، گۆمەشین، هەروەك تەنها لە گوندی گۆپتەپەش سكاڵاكارەكان لیستێكی “500” كەسییان لە قوربانیەكانیان پێشكەش بە دادگای باڵای تاوانەكان كردوە بێسەروشوێنكراون. هەموو ئامارەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لە سنوری جوگرافی قۆناغی چوارەمی ئەنفالدا، “75” گوند لە سنووری شارۆچكەی ئاغجەلەو “24” گوند سنووری قەزای كۆیەو “52” گوند لە سنووری شارۆچكەی تەق تەق و “61” گوند لە سنووری شارۆچكەی شوان رووخێنراون و لە گەڵ زەوی یەكسان كراون و زۆربەی خەڵكەكەی بێسەرو شوێنكراون.
لە رۆژی 7-4-1988 تاوانبار “سوڵتان هاشم ئەحمەد” بەرپرسی فەیلەقی یەك بروسكەیەكی نهێنی و خێرا بە ژمارە “1807” ئاراستەی هەریەك لە “عەلی حەسەن مەجید، حوسێن رەشید تكریتی، سابر عەزیز ئەل دووری” دەكات و باسی ئەوە دەكات و دەڵێ‌”: بعون اللە تعالی و عزیمە المقاتلین من ابنا‌و العراق الغیاری تمكنت قیادە الفیلق الاول والوحدات الملحقە بها من قیادە قوات النصر بقیادە العمید الروكن خالد احمد ابیراهیم و وقیادە قوات 46 بقیادە العمید الروكن علی احمد محمد سالح وقیادە حمایە نفگ بقیادە العمید بارق عبداللە الحاج حنگە وقیادە جحفل الدفاع الوگنی بقیادە العمید الركن سعد شمسدین، امریە الفیق الاول بقیادە العمید الركن علا‌و محمد گە ومفارز گواری السلیمانیە من تنفیژ عملیە عملیات الانفال السابقە.. وقد تقدمت قتاعاتنا بأكپر ن 13 اتجاە وسحقت الخونە فی كل م “سوركاوشان، كوبتەبە، هسكە، جەوریژان، كلیە بوكد كەورە، بولقامیش، شبوە جان، جان كندا غاج، اعداد اوخرا”. والاستیلا‌و علی اعداد كبیرە من الاسلحە والالیات ولمعدات ولمواد الغژائیە والگبیە التی زوتهم بها سیادهم من خارج الحدود والعمل الجاد لتفتیش الغابات والودیات وتهدیم القری فی عملیات الانفال الرابعە والحمد للە علی نصر انە نعم المولی ونعم النصیر”.
ئەنفالی چوار، وەك شاڵاوەكانی ئەنفالی یەكەم و دووەم و سێیەم، لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە بە فەرمی وەك تاوانی “جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ” بە فەرمی ناسێنراو لە بەڵگەنامەكانی دادگا چەسپێنرا.
– پەراوێز: لە رۆژی 7-5-1988 سوڵتان هاشم سەرۆكی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق، لەبروسكەكەیدا بۆ سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا، وەك لەسەرەوە ئاماژەی بۆ كراوە، جگە لەراگەیاندنی سەركەوتن، و كۆتایی هاتنی قۆناغی چوارەمی شاڵاوی ئەنفال، هاوكات ژێدەرو سەرچاوەكان باس لە گرتن و بێسەرو شوێنكردنی هەزاران كەس دەكەن، لەپاڵ ئەمەشدا رووخاندن و سوتاندنی سەدان گوندو رەزوباخ و بردن و دزینی سەروەت و سامانی هاوڵاتیان.
– لەهەندێ‌ سەرچاوەو سەرژمێریدا، زیانە مرۆییەكان بەم شێوەیە خەمڵێندراون” 4228″ كەس بێسەروشوێنكراون، كە “1333” كەسیان لە رەگەزی مێ‌ و “2895”یان لە رەگەزی نێرن، و دابەش بوون بەسەر مناڵ و پیرو گەنجدا. ئەمە جگە لەزیانە ئابوریی و كلتووری و ژینگەییەكان.
– `ژێدەرو سەرچاوەكان ئەوە روون دەكەنەوە كە گووندی جەلەمۆرد، كە یەكێكە لە گوندە بەناو بانگەكانی ناوچەكە، “485” چوارسەدو هەشتاو پێنج كەس لە ژن و مناڵ و گەنج و پیریان لە شاڵاوی ئەنفالی چواردا بێسەرو شوێن كراون، ئەمەش نەك لەسەر ئاستی ناوچەی بەركەوتووی شاڵاوی چوارەمی ئەنفال، بەڵكو لەسەر ئاستی هەر هەشت قۆناغەكەی شالاوەكانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، بەرزترین ڕیژەیە لە گەرمیانەوە تا بادینان.

بڕوانە:
-بەڵگەنامەكانی دۆسیەی تاوانی ئەنفال، لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، “43” فایل 2006 بۆ كۆتایی 2007
-لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە “دۆسیەی ئەنفال” تەها سلێمان، چاپی یەكەم، 2015 ل 16
-اڵانفال، قرار محكمە، اشراف واعداد، الحقوقی بهزاد علی ادم، الگبعە اولی، 2014 297 تا 300
– پەمارە سەربازییەكانی ئەنفال لە هەشت قۆناغدا، عومەر مەحمەد، چاپی یەكەم 2013 ل 174، 175، 176
-ئەنفالی خاڵخاڵان، مەلاشاخی، 2006، چاپخانەی شەهید ئازاد هەورامی، كەركوك ، ل 4 تا 15

بۆچوون