Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/05/06 9:14
نوسەر: جینۆسایدی کورد

ئەو كچە ئێزیدییەی چەندینجار تەحەدای مەرگی كرد

 لە ماڵپەڕی “خەندان”وە
لەمیا دواجار گەیشت بەئارامی، بەڵام بەلاشەیەكی بریندار‌و بارێكی دەروونی هیلاكەوە، دوای ئەوەی ئامادەنەبوو كۆڵ بدات، كاتێك چەندینجار روبەڕوی مەرگ بووەوە، لەماوەی ئەو ساڵ‌و نۆ مانگەی لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدا بوو.
لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ خەندان، لەمیا حەجی بشار كچە ئێزیدی رزگاربووی دەستی داعش، چیرۆكی ئازار‌و بەسەرهاتەكانی دەگێڕێتەوە لەسایەی ئەو گروپەدا، كە چەكدارەكانیان لەعێراق‌و سوریا بەسەریاندا هێناوە لەمامەڵەی كڕین‌و فرۆشتنیەوە تا هاوسەرگیری بەزۆر، پاشان هەڵهاتنی لەمانگەدا بۆ ئەو ناوچانەی هێزی پێشمەرگەی تێدایە.
چیرۆكە تراژییەكەی لەمیا (18 ساڵ) لە 11/8/2014وە دەستپێدەكات، كاتێك چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر گوندەكەیان (گوندی كۆچو) لەسنوری قەزای شەنگال، دوای كۆكردنەوەی تەواوی دانیشتوانی ناوچەكەیان لەقوتابخانەی گوندەكە‌و جیاكردنەوەی ژن‌و پیاوەكان، كچ‌و ژنەكانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

لەمیا پێش ئەوەی بكەوێتە دەست چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش

لەمیا كە تاوەكو قۆناغی سێی ناوەندی خوێندووە، لەو رۆژەدا لەگەڵ 9 خوشك‌و سێ‌ برا‌و دایك‌و باوكی كەوتوونەتە دەستی داعش.
لەگەڵ ژنان‌و كچانی گوندەكەیدا، لەمیا دەبرێتە سەنتەری قەزای شەنگال‌و لەوێشەوە رەوانەی ناون شاری موسڵ دەكرێن كە لە مانگی شەشی 2014وە بەدەست داعشەوەیە.
لەمیا وتی “لەموسڵ لەخانویەكی دوو نهۆمیدا بوین، دوای دوو رۆژ بەشێك لەكچەكانیان برد بۆ شوێنێكی تر، من‌و دوو خوشكم لەگەڵ سێ كچی تردا بردیانین بۆ شاری رەققە”.
رەققە، پارێزگایەكی سوریایە‌و ماوەی چەند ساڵێكە بەدەست چەكدارانی داعشەوەیە، بەپایتەختی ئەو گروپە لەو وڵاتە ناودەبرێت.
لەرەققە چەكدارانی داعش رۆژانە لەو كچانەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە كە لەشەنگالەوە رەوانەی ناوچەكە كراون، لەمیا‌و دوو خوشەكەكەیشی رەوانەی شاری حەلەب كراون لەسوریا.
“لەحەلەب رۆژانە لێیان دەداین‌و ئەشكەنجەیان دەداین بۆ ئەوەی ببینە مسوڵمان، بەڵام ئێمە قبوڵمان نەكرد” لەمیا وایوت.
لەحەلەب چەكدارێكی داعش لەمیا لەخوشكەكانی دادەبڕێت‌و دەیباتە شاری تەبقە -دەكەوێتە نێوان رەققەو حەلەب، دواتر وەكو لەمیا دەڵێت فشاریكردووەتە سەری هاوسەرگیریی لەگەڵدا بكات، بۆیە “وەكو دەربڕینی ناڕەزایی دەمارەكانی دەستم بڕی”.

بەهۆی برینەكەیەوە، لەمیا رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت لەشاری تەبقە‌و دوو رۆژ لەژێر چاودێری پزیشكدا دەمێنێتەوە، دەڵێت “لەڕێگادا داعشەكە شوشەیەكی شەربەتی دامێ، منیش شەربەتەكەم خواردو شوشەكەم كێشا بەسەریدا‌و لەئۆتۆمبێلكەی هەڵهاتم، بەڵام جارێكیتر دەستگیری كردمەوە”.
ئازارەكانی لەمیا، لەچیرۆكی دەیان كچ‌و ژنی تری ئێزیدا هەیە كە لەساڵی 2014وە بەشێواز‌و رێگای جیاواز، لەدەست توندوتیژییەكانی داعش هەڵهاتوون‌و خۆیان گەیاندۆتە ناوچە ئارامەكانی باشوور‌و رۆژئاوای كوردستان.
دوای یەكەم هەوڵی هەڵهاتنی، چەكدارەكەی داعش لەتەبقە لەسوریا لەمیا رادەستی چەكدارێكی عێراقی گروپەكەی دەكات بەناوی (ئەركان ئەبو مەنسور) كە خەڵكی موسڵ بووە، ئەویش دەیباتە شاری دێرەزوور لەسوریا‌و بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵدا دەكات.

لەمیا دەڵێت “ئەبو مەنسور دەست‌وپێی دەبەستم‌و بەزۆر دەستدرێژی دەكردە سەرم، داوای حەبی (منع) رێگریی لەدووگیانیم كرد بەڵام نەیدەدامێ، ناچار لەژێر ئەشكەنجەو لێداندا بووم بەمسوڵمان، بەمنی وت شایەتومان بێنە بەڵام داوای لێنەكردم نوێژ بكەم”.
بۆ ماوەی مانگێك لەمیا لەلایەن ئەبو مەسنورەوە دەستبەسەركراوە، دواتر ئەو چەكدارە عێراقیەی داعش فرۆشتوویەتی بەداعشێكی تر لەشاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، كە ناوی عیماد بووە‌و دوای هاوسەرگیری بەزۆر لەگەڵیدا، بردوویەتیەوە بۆ لای خێزانەكەی (هاوسەری داعشەكە) بۆ ئەوەی وەكو كۆیلە خزمەتیان بكات.
بەپێی وتەكانی لەمیا، عیماد بەرپرسیارێتی هەبووە لەناو داعشدا، تەقەمەنی‌و ئۆتۆمبێلی بومبڕێژكراوی ئامادەكردووە.
وتیشی “داوای لەمن كرد لەبۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێلەكان هاوكاری بكەم، لێی دەدام بۆئەوەی هاوكاریی بكەم، منیش ناچاربووم هاوكاری بكەم‌و دواتر منی گواستەوە بۆ خانویەكی دیكە”.

لەو خانووەدا كە لەگەڕەكی (حەی ئەلكیفاح) بووە لەموسڵ، لەمیا لەگەڵ سێ كچی دیكەدا دانراوە، لەوێ‌ درەفەتی بۆ هاتووەتەپێش لەگەڵ دراوسێیەكی خانوەكەدا قسەبكات كە عەرەب بووە‌و بەڵێنی پێداوە هاوكاری بكات بۆ هەڵهاتن.
“رۆژی هەینی بوو، وتی كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لەكاتی نوێژدا شوفێرێك دێت‌و دەرگاكەتان دەشكێنێ‌و رزگارتان دەكات، ئێمەش خۆمان ئامادەكرد‌و شۆفێرەكە هات وتی دەراوسێكەتان منی ناردوە، ئێمە چوار كچ بووین‌و لەگەڵ خۆمان مۆبایل‌و لابتۆپی داعشەكەمان برد، كاتێك سواری ئۆتومبێلەكە بووین لەپڕ داعشەكە لەبەردەم سەیارەكەدا وەستاو دەستگیریان كردین”، لەمیا وادەڵێت.
كاتێك دەستگیردەكرێنەوە، داعشەكان لێیان دەدەن، وەك لەمیا وتی “یەكێك لەو كچانەی لەگەڵماندا بوو، هەرچەندە ئێزدی بوو بەڵام ناپاكی لەگەڵدا كردین‌و داعشەكانی ئاگاداركردبووەوە، كاتی دەستگیركردنیشمان لەو كچەیان نەدەدا”.
بەهۆی هەوڵی هەڵهاتنیانەوە، چەكدارانی داعش لەمیاو كچەكانی تر دەبەنە دادگایەكی ئەو گروپە لەموسڵ.
لەمیا باسی لەوەكرد “حاكمەكە لەمنی پرسی بۆچی راتانكرد، منیش وتم حەزدەكەم بچم بۆلای خێزانەكەم، دواتر ئەشكەنجەیان دام‌و منیان برد بۆ سەر بیرێكی ئاو، وتیان دەستتان دەبڕین‌و دەتانكوژین‌و فڕێتان دەدەینە ئەو بیرەوە”.
بەوتەی لەمیا، ئەو بیرە ئاوە پڕبوە لەخوێن، لەوكاتەدا كەسێكی سعودی چوەتە لایان‌و نەیهێشتووە بكوژرێن.
ئەو چەكدارە سعودییەش، درێژەی بەكردەوەی داعشەكانی تر داوە‌و دەستیكردووە بەئەشكەنجەدانی لەمیا، پاش ماوەیەكیش فرۆشتویەتی بەكەسێك كە بەناوی (دكتۆر معاویە)وە بانگیان كردووە‌و ناوە راستەقینەكەی (ئیسلام تەها یاسین)بووە، ئەو داعشە پزیشكی نەشتەرگەری‌و ئەمیری نەخۆشخانەی حەویجە بووە، لەمیای بردووەتە حەویجە.
قەزای حەویجە، بەدوری 55كم دەكەوێتە باشوری پارێزگای كەركوكەوە، لەمانگی 6ی ساڵی 2014وە لەلایەن داعشەوە داگیركراوە‌و تائێستاش لەژێر حوكمی ئەو گروپەدایە.
لەمیا دەڵێت “دكتۆر ئیسلام لەمنی پرسی چی لەئاینی ئیسلام دەزانیت؟ منیش پێموت تەنیا دەزانم نوێژ بكەم، دواتر منی نارد بۆ پەیمانگای شەرعی لەحەویجە، ئەندامێكی داعش منی دەبرد بۆ پەیمانگاكەو دەیهێنامەوە”.
بەپێی زانیاریەكانی لەمیا، دكتۆر ئیسلام تەمەنی 30 ساڵ بووە، خێزانەكەی ناوی بەسمە بووە‌و دوو كچی هەبووە، بەبێ ئاگاداری هاوسەرەكەی هاوسەرگیری لەگەڵ لەمیادا كردووە.
لەمیا ساڵێك‌و یەك مانگ لای دكتۆر ئیسلام ماوەتەوە لەحەویجە، تا ئەوكاتەی لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی بۆ ماڵی باوكی (باوكی داعشەكە) لەموسڵ.
لەمیا هەر ئومێدی رزگاربونی لەدەست نەداوە‌و لای دایكی داعشەكە كەوتووەتە گێڕانەوەی چیرۆكی ئازار‌و ناخۆشیەكانی، بۆ ئەوەی هەوڵی ئەوەبدات لەگەڵ كوڕەكەیدا‌و ئازادبكرێت، بەڵام كوڕە داعشەكە رازی نەبووە‌و جارێكیتر بردوویەتیەوە بۆ حەویجە.
لەحەویجە دكتۆر ئیسلام لەمیا دەباتە ماڵی هاوڕێیەكی خۆی، لەوێشەوە چیرۆكی كۆتا هەوڵی رزگاربونی دەستپێدەكات، كاتێك خێزانی هاوڕێكەی ئەو دكتۆرە بڕیاردەدات بۆ هەڵهاتن هاوكاری بكات.
لەمیا دەڵێت “ژنی هەڤاڵەكەی هاوكاری كردم‌و تەلەفۆنی بۆ هێنام، منیش لەگەڵ مامە ئیدریسم قسەم كرد كە لەپارێزگای دهۆك بوو، ئەو شوێنێكی پێوتم‌و وتی بەیانی كاتی بانگی نیوەڕۆ لەو شوێنە بن‌و كەسێك دێت رزگارتان دەكات”.
بەشێك زۆر لەو كچە‌و ژنە ئێزدییانەی لەدەست داعش هەڵهاتوون، بەهەوڵی رێبەرەوە لەناوچەكانی ژێر دەستی ئەو گروپەكە گەیشتوونەتە لای هێزەكانی پێشمەرگە، بەشێكیشیان لەچەكدارانی داعش كڕدراونەتەوە یان رێكخراوو كەسایەتیەكانی بواری مافی مرۆڤ لەو مامەڵاندا هاوكارییان كردوون بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان.
ئیدریس، مامی لەمیایە‌و بۆ خەندان باسی ئەو ساتە دەكات برازاكەی تەلەفۆنی بۆ كردووە، وتی “هەستێكی زۆر خۆشم هەبوو كاتێك تەلەفۆنێكم بۆهات‌و وتی لەمیام، زۆر دڵخۆش بووم”.
لەمیا لەگەڵ ئەڵماس‌و كاترین، كە دووكچی دیكەی ئێزیدی بوون‌و لای دكتۆر ئیسلام بوون، خۆیان ئامادەدەكەن بۆ ئەوەی بچنە ئەو شوێنەی مامی دیاریكردووە، لەوێش كەسێك بەدەمیانەوە دێت بەپێی رێككەوتنی لەگەڵ مامی لەمیا، دەیانبات بۆ گوندێك كە نزیكەی كاتژمێرێك بەپێ‌ ڕۆیشتن لەحەویجەوە دوور بووە.
دوو كچە ئێزدییەكە‌و لەمیا بۆ سێ‌ رۆژ لەو گوندە دەمێننەوە لەگەڵ خێزانێكی خەڵكی تكریت كە ئەوانیش هەڵهاتبوون، كاتێك رۆژی گونجاو بۆ رۆیشتنیان دێت، لەكاتژمێر 7ی بەیانی لەگەڵ رێبەرەكەیاندا بەڕێدەكەون‌و كاتژمێر 4ی بەرەبەیان دەگەنە ناوچەكانی مەخمور لەسنوری پارێزگای هەولێر.
“لەڕێگادابون، بۆمبێكی چێنراوی داعش لەسنوری مەخمور پێماندا تەقییەوە، بەهۆیەوە كاترین‌و ئەڵماس (دوو كچە ئێزیدییەكەی هاوڕێتی لەمیایان دەكرد) گیانیان لەدەستدا، بانگی ئەڵماسم كرد دەنگی نەبوو، بەڵام كاترین یەكجار دەنگی هات‌و دواجار دەنگی نەما” لەمیا وایوت.
لەئەنجامی تەقینەوەكەدا لە (14-4-2016) لەمیا بریندار بووە، چاوێكی لەدەستداوە‌و چاوەكەی دیكەشی زیانی زۆری بەركەوتووە، بۆیە ئێستا ئاستی بینینی باش نییە.
بەڵام ئەو تەقینەوەیە لەمیا‌و رێبەرەكە‌و خێزانە تكرتییەكەی لەڕۆیشتن نەخستووە، چونكە ئەو شوێنەی روداوەكە بەوتەی لەمیا بەپێ‌ رۆیشتن نیو كاتژمێر لەسەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەوە دوور بووە.
رێبەرەكەی لەمیا‌و خێزانەكە تكرتییەكە، تاوەكو نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كردوون، لەوێوە وتوویەتی ئیتر ناتوانێت ئەو لەگەڵیاندا بێت، بۆیە خۆیان رۆیشتوون تاوەكو گەیشتوونەتە هێزەكانی پێشمەرگە.
لەمیا لەگەڵ دەگات بەهێزەكانی پێشمەرگە پێیاندەڵێت “كاترین‌و ئەڵماس نیو كاتژمێر دوورن لێرەوە، بۆ ئەوەی رزگاریان بكەن، بەڵام پیشمەرگە وتیان ناتوانین تەرمەكانیان بهێنین، تەرمی ئەوان لەوێ مایەوەو پێشمەرگە منی رەوانەی نەخۆشخانەی هەولێر كرد”.
ئیدریس، مامی لەمیا كاتێك برازاكەی دەبینێت بەبرینداری دەستدەكات بەگریان، ئەو لەبارەی ساتی بەیەكگەیشتنیانەوە وتی “كاتێك بینیم بریندار بووە بەو تەقینەوەیە زۆر خەمباربووم‌و گریام، بەڵام لەمیا پێی وتم مەگری با فرمێسك نەیەتەخوارەوە بەچاوتا، گرنگ ئەوەیە من لەدەست داعش رزگاربووم”.
لەمیا حەجی بشار، تائێستا چارەنووسی دایك‌و باوك‌و سێ‌ براكەی دیارنییە، لەكۆی نۆ خوشكەكەیشی تەنیا خوشكێكی لەدەستی داعشدا ماوە كە سێ‌ منداڵی هەیە.
ئەوەی ئازارەكانی لەمیای زیاتر كردووە، لەو ماوەیەی دەستبەسەر بووە داوای هاوكاری لەچەند كەس‌و خێزانی كوردی ژێر دەستی داعش كردووە، لەوانە كەسێكی خەڵكی هەولێر بەناوی تارق لەموسڵ‌و لەحەویجەش هارون كوردی، بەڵام كەس ئامادەنەبووە هاوكاری بكات.
هەر لەموسڵ داوای هاوكاری لەخێزانێكی خەڵكی دهۆك كردووە، كە پیاوەكە ناوی ئەیمەن كوردی بووە، بەڵام پێیانوتووە “كەسوكارت كافرن”.
لەمیا، ئێستا لەگوندی باعەدرێ سەر بەقەزای شێخان لەگەڵ ماڵی مامە ئیدریسی دەژی، ئەو بەئومێدەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەواوی ئەندامانی خێزانەكەیەتی كە هێشتا لەژێر دەستی داعشدا ماون.

بەپێی ئامارەكانی نوشینگەی كاروباری ئێزدیان لەوەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نزیكەی هەزار‌و 300 ئێزیدی شەهیدبوون بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزای شەنگال تاوەكو سەرەتای ئەمساڵ، هەروەها نزیك بەشەش هەزار هاوڵاتی ئێزیدی رفێنراون لەلایەن ئەو گروپەوە، نزیكەی دوو هەزار‌و 500 ئێزیدیش لەژێر داعش رزگاركراون.
داعش لە 3/8ی‌ 2014دا هێرشیكردە سەر قەزای‌ شەنگال‌و داگیریكرد، بەهۆیەوە هەزاران دانیشتوی‌ ناوچەكە كە زۆرینەیان سەر بەئاینی‌ ئێزدین، ئاوارە بون.
لەئۆپەراسیۆنێكدا بەدوو قۆناغ‌و كاتی جیاواز، هێزەكانی پێشمەرگە‌و شەڕڤانان لەمانگی‌ 11ی‌ 2015دا بەهاوكاری‌ فرۆكە جەنگیەكانی‌ هاوپەیمانان، توانییان قەزای‌ شەنگال كۆنتڕۆڵبكەنەوە، بەڵام تائێستا تەواوی دانیشتوانەكەی نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵی خۆیان، شارەكەش ئاوەدان نەكراوەتەوە.
بۆچوون