Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/06/01 8:14
نوسەر: جینۆسایدی کورد

بریاره‌ ئه‌ڵمانیا كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌ن به‌جینۆساید بناسێنێت

 

له‌سه‌رووبه‌ندی به‌جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نیه‌كان به‌ر له‌ 101 ساڵ له‌لایه‌ن عوسمانلییه‌كانه‌وه‌ كه‌بڕیاره‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی داهاتوو په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌نگی له‌سه‌ر بدات، توركیا كه‌وتۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌و فشاری خستۆته‌ سه‌ر ئه‌ڵمانیا بۆ ده‌ستبه‌رداربون له‌هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش به‌درۆی ئه‌رمه‌نیه‌كان وه‌سفده‌كات.

راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌ڵمانیا بڵاویانكرده‌وه‌ له‌ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌رمه‌نیه‌كان و كه‌مینه‌ مه‌سیحیه‌كان، فراكسیۆنه‌كانی هاوپه‌یمانی دیموكرات مه‌سیحی و مه‌سیحی كۆمه‌ڵایه‌تی وپارتی سۆسیال دیموكراته‌كان و پارتی سه‌وزی ئۆپۆزیسیون پرۆژه‌یه‌كیان خستۆته‌ به‌رده‌می په‌رله‌مان و بڕیاره‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ كاردانه‌وه‌ی توندی له‌ناو خۆی توركیادا به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، پێویسته‌ بشوترێت ساڵی پار هه‌ر له‌م یاده‌دا بۆیه‌كه‌مینجار “یواخیم گاوك”سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا وشه‌ی”كۆمه‌ڵكوژی”وه‌ك وه‌سفێك بۆ ئه‌و تاوانه‌ به‌كارهێنا كه‌عوسمانلیه‌كان له‌نێوان ساڵه‌كانی1915  و  1917 ئه‌نجامیانداو بووه‌ هۆی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵی یه‌ك ملیۆن و نیو خه‌ڵك، ئه‌م دانپیانانه‌ ره‌سمییه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌كاتی خۆیدا توڕه‌یی و ناڕه‌زایی ئه‌نقه‌ره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناو سه‌رۆكی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیای به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌له‌قسه‌كانیدا متمانه‌ی كردوه‌ته‌ سه‌ر درۆی ئه‌رمه‌نیه‌كان.

لای خۆشیه‌وه‌ جێگری سه‌ره‌ك وه‌زیرانی توركیا،نه‌عمان كورتملوش، پێی وابوو كه‌ده‌بێت ئه‌ڵمانیا په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ توركیا بپارێزێت به‌تایبه‌تی كه‌ 3 ملیۆنی به‌ڕه‌گه‌ز توركی كه‌گه‌وره‌ترین ره‌وه‌ندی جیهانی پێكده‌هێنن له‌ئه‌ڵمانیادا ده‌ژین.

بڕواشی وایه‌، ئه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیاو ئه‌ڵمانیا لاوازده‌كات و كاریگه‌ریش ده‌كاته‌ سه‌ر رێكه‌وتننامه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره‌و یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ دانانی سنورێك له‌به‌رده‌م لێشاوی په‌نابه‌راندا.

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆكراوه‌و بڕیاره‌ رۆژی پینج شه‌ممه‌ی داهاتوو 2-6-2016 ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

چاودێرانیش پێیان وایه‌ بڕیارێكی له‌وجۆره‌ گرژی وئاڵۆزی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت له‌م باره‌یه‌وه‌ فالته‌ر شتاینمایه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌به‌ر هه‌ستیاری ئه‌و پرسه‌ داوای كرد ره‌چاوی هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی نێوان ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌ڵمانیاو یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌گشتی بكرێت.

PUKmedia شیهاب عوسمان/ ئه‌ڵمانیا

بۆچوون