Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/06/03 9:33
نوسەر: جینۆسایدی کورد

جینۆسایدی ئەرمەن، ئەڵمانیاو كوردستان؟

تەها سلێمان
جینۆسایدی ئەرمەن لە1915، لەسەردەستی ئمپریاتۆریای عوسمانی “توركیا” یەكێكە لە هێرش و پەلامارە گەورەو ترسناكەكان، بە ئامانجی لەناوبردنی ئەرمەن وەك نەتەوەو شوناس و كولتوورو زمان، كە دەوڵەتی توركیا وەك میراتگرەوەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی پێش خۆی، ئامادەیی ئەوەی تێدانیە لەبەرامبەر ئەم تاوانە داوای لێبوردن بكات و دانی پێدا بنێ‌، بەڵكو بەردەوام رێگرو بەربەستیشە لەبەردەم ئەو دەوڵەتانەی وەك ئەركی مرۆیی خۆیان تاوانەكە وەك جینۆساید دەناسێنن.
ئەڵمانیا، بوو بە “24”مین دەوڵەت لەسەر ئاستی جیهان كە تاوانی دژ بە ئەرمەنەكانی لەلایەن عوسمانیەكان وەك تاوانی جینۆساید ناساند، ئەگەر لەرابووردودا بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی و كۆلكەی هاوبەش لەنێوان توركیاو ئەڵمانیا، ئەم بڕیارەی پەك خستبێ‌، ئەوە ئەمڕۆ بۆ ئەڵمانیاو پەرلەمانەكەی بوێرییەكی گەورەیە، كە هەنگاوو بڕیارێكی وا مەزنی داو جێگای دەست خۆشی و ستایشێكی بەرزە، چونكە ئەم بڕیارە پێش توركیا لە ناوەڕۆكدا پرۆتیستۆی سیاسەتە هەڵەكانی پێشووی ئەڵمانیا دەكات، لە تێوەگلان یان كەم تەرخەمی ئەڵمانیا لە بەرامبەر جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا.
كوردستان، بەدرێژایی مێژوو نیشتمان و خاك و گەل و ناسنامەو كولتوورو ژینگەیەكی بە ئامانجگرتووی داگیركەران بوەو لەم چوارچێوەیەشدا، روو بەڕووی تاوانی جینۆساید بوەتەوە، لە “باكوور، باشوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات”، بەڵكو هەندێ‌ جار لە رێَگای “جاش” تۆڕی بەكرێگیراوی ناو خودی پێكهاتەكانی كوردستان، خۆشمان تێوەگلاوین، بۆ نموونە لە جینۆسایدی “جینۆسایدی ئێزدییەكان و بەشداری پاشای كۆرە تیایدا، دەرسێم لە باكووری كوردستان و بەشداری جاش و بەكرێگیراوی كورد تیایدا، ئەنفال و بەشداری موستەشارو جاش تیایدا، بەشداری بەكرێگیراوان لە تاوانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان” و چەندین نموونەی تر.
كەباسی جینۆسایدی ئەرمەن دەكرێ‌، كورد یەكێكە لەوانەی پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژدەكرێ‌ بە بەشداریكردن و تۆمەتباركردنەكەش بە پێی بەڵگەنامەو سەرچاوە مێژووییەكان راستە، بەڵام ئەوە بڕیاری كورد یان كوردستانی نەبوە كە بەشێك لە كورد جا ژمارەیان چەند بووبێت بەشداریان لە تاوانەكەدا كردبێ‌، بەڵكو ئەو بەشدارییە بەشداری بژاردەیەكی كوردی جاش و بەكرێگیراو بوە، لەهەمانكاتدا هەر كورد خۆی لەو شاڵاوو پەلامارانەدا بەشێك بوە لە قوربانی و تاوانی لەدژ ئەنجام دراوە.
بەبڕوای من ئێستا، دەرفەتێكی گەورە لەبەردەم كوردایە كە بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی سەرشانی خۆی جێبەجێبكات، ئەویش ئەوەیە كە لە رێگای پەرلەمانی كوردستانەوە “دوای كاراكردنەوەو دەست بەكاربوون”، پڕۆژە بڕیارێك ئامادەبكرێ‌ و بڕیاری لەسەربدرێ‌، كە گرنگە ئەم دوو رەهەندە لەخۆبگرێ‌: یەكەم، جینۆسایدی ئەرمەنەكان بە فەرمی وەك تاوانی جینۆساید بناسێنێ‌. دووەم: داوای لێبوردن لە گەلی ئەرمەنیش بكرێ‌ لەبەرامبەر بەشداریكردنی بژاردەیەكی بە كرێگیراوی كورد “جاش” لە بەشداریكردنیان لە تاوانەكەدا.
جگە لە بەجێهێنانی لایەنی ئەرك و بەرپرسیارێتمان، بەم بڕیارە دەیسەلمێنین كە كوردو كوردستان خۆی بەشێكە لە قوربانی تاوانی جینۆسایدو نە لە رابووردوو، نە ئێستاو داهاتووش، خواست و ئامانجی پەلاماردانی كەسی نیە، بەڵكو لە هەمانكاتدا داوا لە ئەرمیناو ئەڵمانیاو تەواوی وڵاتانی دنیا دەكات، تاوانەكانی “جینۆسایدی دێرسیم، جینۆسایدی ئەنفال، جینۆسایدی هەڵەبجە، كیمیابارانی كوردستان، جینۆسایدی كوردی فەیلی، جینۆسایدی قەڵادزێ‌، كیمیابارانی سەردەشت، جینۆسایدی ئێزدییەكان و پێكهاتەكانی تر”، وەك تاوانی جینۆساید بناسێنن و باوەڕیشم وایە ئەو كاتەو دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان، ئەرمینیا یەكەم دەوڵەت دەبێت كە پشتیوانمان بێت.

بۆچوون