Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/06/03 9:55
نوسەر: جینۆسایدی کورد

جینۆساید، له‌سوڵتانه‌وه‌ بۆ ئه‌ردۆغان

هیوا سەید سەلیم

سه‌د ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان تێده‌په‌ڕێت، كه‌ له‌لایه‌ن سوپای ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌نجامدرا، كه‌ ئه‌مڕۆ حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ بواری سیاسی و ده‌ستوری و كه‌لتووری میراتگری ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌، ساڵی ١٩١٥ ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه‌ به‌ ده‌وڵه‌تیكی دڕنده‌ ناسرابوو له‌وه‌ی هه‌میشه‌ په‌لاماری گه‌لانی بێده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌ی ده‌دا‌و بیانووی دینی هه‌میشه‌ ده‌كرده‌ په‌رده‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵكوژی گه‌لان، هه‌ر بۆیه‌شه‌ ناونرابوو (ده‌وڵه‌ته‌ نه‌خۆشه‌كه‌).
سه‌د ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ، ئه‌رمه‌نه‌كان یه‌كێك بوون له‌و گه‌لانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ كۆمه‌ڵكوژ كران.
گه‌لانی ئه‌رمه‌ن و لۆبی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ ساڵانیكی زۆره‌ كارده‌كه‌ن بۆ به‌ جینۆسایدناساندنی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیه‌ی كه‌ گه‌له‌كه‌یان قوربانی زۆری لێداوه‌، تا ئه‌مڕۆش زیاتر له‌ بیست وڵات په‌رله‌مانه‌كه‌یان ده‌نگی به‌ كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان داوه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌، دواوڵاتیش ئه‌ڵمانیا بوو كه‌ له‌و چه‌ند رۆژه‌  په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ دوای مشتومڕێكی زۆر و چه‌ندجار دواخستنی ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، سه‌ره‌نجام ده‌نگی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان دا.
ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا،  جگه‌ له‌ رووه‌ یاساییه‌كه‌ی كه‌ بارێكی گران ده‌خاته‌ سه‌رشانی ده‌وڵه‌تی توركیا، له‌رووی دبلۆماسی و ئابووریشه‌وه‌ ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ توركیا  درووستده‌كات، چونكه‌ به‌مدواییه‌ به‌هۆی كێشه‌ی په‌ناپه‌ران خه‌ریك بوو په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌ڵمانیا و توركیا به‌ره‌وه‌ شوێنیكی باش بڕوات، كه‌ هه‌موولایه‌كیش ده‌زانین ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌زۆر بوار بۆ توركیا گرنگه‌، به‌وه‌ی گه‌وه‌ره‌ترین جالیه‌ی توركیا له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیایه‌ و بازاڕه‌كانی ئه‌ڵمانیا بۆ كالا توركیه‌كان یه‌كێك له‌هه‌ره‌ بازاڕه‌ گرنگه‌كانه‌ .
به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ دوای بڕیاری په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كیشه‌یان بۆ دروستده‌بێت، بڕیاره‌كه‌ش  هینده‌ی تر باڵی توركیا قورس ده‌كات به‌وه‌ی به‌ ئاسانی له‌و ته‌نگه‌ژه‌ سیاسیانه‌ نه‌توانێت ده‌ربچێت .
بۆیه‌ پێشبینی كاردانه‌وه‌ی توندی توركیا له‌به‌رامبه‌ر بڕیاری په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كرێت،  چونكه‌ ئه‌و بڕیاره‌ داننانه‌ به‌وه‌ی توركیا له‌ مێژوو تاوانێكی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی كردووه‌‌و ده‌بێت باجی ئه‌و تاوانه‌ش بدات .
توركیا كێشه‌ی كه‌م نه‌بوو ئه‌مه‌شی هاته‌سه‌ر ، هه‌ر له‌كێشه‌ی‌ بوونی به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا كه‌ ئه‌م بڕیاره‌یان زیاتر ده‌بێته‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌نگاوه‌ , كێشه‌ی  تۆمه‌تباركردنی توركیا كه‌  پشتیوانی تیرۆریستانی داعش ده‌كات، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ رووسیا و كێشه‌ ناوخۆیه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد، هه‌ڵوێسته‌ سلبی‌و دوژمنكاریه‌كانی حكومه‌تی ئه‌ردۆغان له‌به‌رمبه‌ر ئازادیه‌كان‌و میدیای ئازاد‌و گه‌لی كورد.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، ئه‌وه‌ی ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كورد له‌ باكووری كوردستان ده‌یكات هیچ جیاوازیه‌كی زۆری نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا، سوڵتانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌رمه‌نه‌كان ئه‌نجامی داوه‌.
ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له‌به‌رامبه‌ر كورد ده‌یكات به‌هه‌موو پێوه‌رێك ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی جینۆساید، له‌ كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی كوردان و ڕاگواستنی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ زێدی خۆیان‌و تێكدانی سه‌رچاوه‌كانی ژیان .
وه‌لی وه‌ك چۆن دوای سه‌د ساڵ، ئه‌مڕۆ داننان به‌جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن ده‌بێته‌ پرسی وڵاتان، ده‌پرسین ئاخۆ كه‌ی تاوانه‌كانی ده‌رهه‌ق به‌كورد ئه‌نجامدراون هه‌ر له‌ كۆمه‌ڵكوژی دێرسیم تا رۆژگاری ئه‌مڕۆمان دانی پێداده‌نرێت؟
كورد چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌رابردوو توركیا‌و ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی له‌دژی كردوون، به‌جینۆسایدی بناسرێت؟
گرنتی چیه‌ كه‌ ئه‌و تاوانانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد چه‌ندباره‌ نه‌بنه‌وه‌؟
چونكه‌ گوفتارو ره‌فتاری ئه‌ردۆغان هه‌ر هی سوڵتانه‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌‌و ئاماده‌ نیه‌ ده‌ست له‌خوێنڕشتن‌و كۆمه‌ڵكوژی كوردان هه‌ڵبگرێت.

بۆچوون