Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/06/04 15:32
نوسەر: جینۆسایدی کورد

تاوانی گەلکوژی و ھەندێ تێبینی سەرنج لەسەر چەمک و تاوانەکە

شاخەوان شۆڕش
٢٠١٦-٠٥-٣١
لە چەند کۆڕ و سمینارێکدا سەبارەت بە چەمک و تاوانی گەلکوژی (ژینۆساید) کە لە شاری ھەولێر و سۆران ڕێکخرا کۆمەلێ پرسیار و سەرنج ھاتنەکایەوە، کە پێویستی دەزانم ھەروەستەیەک لەسەر ھەندێکیان بکەم و روونکردنەوەی زیاتریان لەسەر بنوسم.  ئەو تێبینیانە لە بواری دیکەش دەکەونەبەرچاو یا دەبیسترێن بۆیە بە گونجاوی دەبینم لە خوارەوە لەسەر گرنگترینیان بوەستم. 
کێشەی بەکارھێنانی وشەی رەشەکوژی یا کۆمەڵکوژی بۆ چەمکی ژینۆساید؟  لەبەرچی وشەی گەلکوژی گونجاوە؟

لە کۆڕ و سمینارەکاندا بەپێویستم زانی گوتن لەسەر پێناسەی چەمکی ژینۆساید بکرێ و من چەمکی گەلکوژیم وەکو گونجاوترین وشەی کوردی لە بری چەمکی ژینۆساید ئاماژە پێدا. بەپێی تێبینی و روونکردنەوەی ئامادەبووان، دەرکەوت کە تێکەڵکردن و کێشەی تێگەیشتن سەبارەت بە پێناسەی تاوانی ژینۆساید ھەیە، بۆیە پێ لەسەر بەکارھێنانی ھەندێ وشە لە بری ژینۆساید دادەگیرێت. لەبەرئەوە روونکردنەوەی زیاتر لەمبارەیەوە پێویستە، کە لێرەدا بەکورتی لەسەری دەوەستم.
سەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت کە بەکارھێنانی وشەیGenocide  کە بەکوردی وەکو ژینۆساید یا جینۆساید دەنوسرێت دەکرێ وەکو خۆی لە زمانی کوردیدا بەکاربھێندرێت، ھەوەکو چەمکەکە وشەیەکی نێونەتەوەییە و لە زۆر زماندا وەکو خۆی یا لە شێوەیەکی وەکو خۆیدا بەکار دەھێندرێت. 
ئایا وشەی کوردی “گەلکوژی” لە کوێوە ھاتووە؟ وشەی بەرامبەر بۆ تاوانی ژینۆساید لەلایەن ھەندێ لە زمان و نەتەوە پێشکەوتووەکاندا داندراوە و بەکار دەھێندرێت. ھەندێ لەو زمان و وڵاتانەی کە وشەی گەلکوژی لەبری ژینۆساید بەکاردەھێنن، لەوانە دانیمارکیەکان وەکو “فۆلکەدغاب” Folkedrab لەلایەن سویدیەکان وەکو “فۆلکەمۆرد” Folkemord و لەلایەن ئەلمانەکانەوە وەکو “ڤۆلکەمۆرد” Völkermord ، لەلایەن ئایسلەندیەکانەوە وەکو “خیونھارمۆرد” þjóðarmorð ، لەلایەن پۆلۆنیەکانەوە وەکو “لودەبۆیستڤۆ” ludobójstwo ، لەلایەن فینلەندیەکان وەکو “کانسانمورھا” Kansanmurha وە ھتد.  (دەکرێ نوسینە کوردیەکان ھەڵەیان تێدابێت). ھەموو ئەو چەمکانە کە لە جیاتی وشەی ژینۆساید بەکاردەھێندرێن ئاماژە بە لەناوبردن و کوشتنی خەڵک یا گەل دەکەن، واتە ئەو وڵاتانە چەمکی گەلکوژی بە زمان و فۆنەتیکی خۆیان لەبری چەمکی ژینۆساید بەکاردەھێنن. بەمجۆرە وشەی گەلکوژی کوردی سوودی لەم وشەیە وەرگرتووە و وەرگێردراوی ئەو وشەیەیە کە خەڵکی ئەو وڵاتانە لەبری وشەی ژینۆساید بەکاری دەھێنن. دەکرێ یەکێک لە ھۆکارەکانی بەکارھێنانی وشەی گەلکوژی لەبری ژینۆساید لە زمانەکانی سکەندەناڤیادا یا وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا لەبەرئەوە بێت کە لە زۆربەی بارەکاندا ئەوانەی دەبنە قوربانی تاوانەکە کۆمەڵە خەڵکێکن لەبەر جودایی و تایبەتمەندی جیاوازیان وەکو خەڵکێکی تایبەت یا وەکو گەل دەبیندرێن، دەکرێ لەبەرئەوەبێت کە ئەو وڵاتانە پێیانوایە خەڵک بەزمانێکی سادەتر و خۆماڵی، باشتر دەتوانن لە تاوانەکە بگەن، دەکرێ ھۆکاری دیکەش ھەبێت کە وادەکات کە ئەوان وشەی گەلکوژی بە وشەی گونجاوی بەرامبەر ببینن. ھەرچۆنی بێت سەبارەت بە وشەی کوردی گەلکوژی وشەی “گەل” ی کوردی لەبری   folk فۆلک ی سکەندەناڤی یا  people پیوپلی ئینگلیزی بەکارھاتووە. پیوپل people  یا فۆلک folk واتای خەڵک یا گەل لە زمانەکانی خۆیاندا دەدەنە دەست، لەو زمانانەدا وشەکە دەکرێ سنوردار بکرێت و تەنھا بۆ گەل بەواتای ناسیۆن یا کۆی خەڵکی وڵات بەکاربھێندرێت، دەکرێ لە بری خەڵک یا کۆمەڵێک مرۆڤ بەکاربھێندرێت. بۆیە چەمکی گەل راستەوخۆ یەکسان نییە بە چەمکی نەتەوە، وە چەمکی گەل مەرجی سەروەری رامیاری و جوگرافی دانپێندراو ناسەپێنێت. لە زمانی کوردیشدا وشەی گەل وشەیەکی تاڕادەیەک پەرتە و دەکرێ بەشێوەی   people ی ئینگلیزی بەکاربێت.  دەکرێ ڕەخنە لە چەمکی گەلکوژی لەبەر ئەو ناسنورداریەی وشەی “گەل” بگیرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە کێشەیەکی ئەوتۆ دروست ناکات، چونکە پەرتیەکە سنوردارە بەوانەی دەکرێ پێیان بگوترێت گەل.  ھەروەکو ئەگەر کۆمەڵگە یا گروپی ئامانجکراو خاوەن سەروەری رامیاری بێت یا نا، جوداییەکە ئایینی بێت یا ڕەگەزی، دەکرێت بەو کۆمەلگە قوربانیە بگوترێت گەل. لەھەردووباردا ئەوەی لەناودەبردرێت لە زۆربەی بارەکاندا دەتوانێ وەکو گەل خۆی پێناسە دەکات یا ئەو بەھایانە لەخۆدەگرێت کە بتوانێ سەروەری ڕامیاری وەکو گەل بەدەستبھێنێت.  دیارە کە چەمکی گەلکوژی لە بری ژینۆساید بەکاردەھێندرێت، ئاماژە بە لەناوبردنی گروپێک مرۆڤ یا کۆمەڵێک مرۆڤ دەکات کە دەچنەچوارچێوەی گەل یا ناسیۆن یا دەکرێ لەبەر وابەستەیی ئێتنیانەیان وەکو گەل سەیریان بکرێت یا وەکو کۆمەڵیک خەڵک کە وەکو یەک ھەلگری تایبەمەندی جیاوازن سەیریان بکرێت، ھەروەکو تایبەتمەندی جیاوازی ئەو کۆمەڵە خەڵکە وایکردووە بە یەکەوە وەکو کۆمەڵێک یا کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە کۆمەڵگەی دژ یا لایەن و دەسەڵاتی تاوانکار خۆیان پیشان دەدەن.  تاوانی ژینۆساید لەناوبردنی بەشێک یا تەواوی خەڵکێکی تایبەتە لەبەر بوونی جودایی رەگەز، ئایین، ئێتنی یا نەتەوەیی، ئەو جودایانەی کە جیاوازیەکە بە کۆمەڵگە یا گروپە ئامانجکراوەکە دەبەخشن. لە زۆربەی بارەکاندا خەڵکە ئامانجکراوەکە وەکو گەلێکی جیاواز خۆیان پێناسە دەکەن. 
لەپێناسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەخت دەخرێتەسەر فاکتەرەکانی جۆری قوربانیان و ھۆکاری روودانی تاوانەکە، چۆن تاوانکە ئەنجام دراوە، بەڵگە بۆ سەڵماندنی مەبەستی تایبەتی لەناوبردن، ژمارەی قوربانیان و کاریگەریان لەسەر بوونی گۆمەڵگە ئامانجکراوەکە، تاوانکاریەکانی وابەستە بە تاوانەکە و ئەگەرەکانی لەناوبردن لە ئەنجامیاندا.   ژینۆساید بەواتا تووندەکەی واتای تاوانێکە کە دەبێتەھۆی نەمانی گەلێکی دیاریکراو، لەو روانگەیەوە ئەگەر گەلی ئامانجکراو بەتەواوی لەناو نەچووبێت ئەوا تاوانی ژینۆساید رووینەداوە. بۆیە ھەندێ لە یاساناسەکان جگە لە تاوانی ھۆلۆکۆست و یەک دوو تاوانی دیکە، تاوانەکانیتر بە تاوانی ژینۆساید دانانێن.  ئەو تێگەیشتن و لێکدانەوە تۆتالیست و رەقە دوای پەسندکردنی تاوانی کوشتاری موسوڵمانەکانی سرێبرەنیسیا لەساڵی ٢٠٠٤ دا گۆرانی بەسەردا ھات. لەدوای ئەو بڕیارە لەئەگەری بوونی بەڵگەی مەبەستی تایبەتی لەناوبردن، ئەگەر بەشی لەنێوبردراو بتوانێ بوونی گەل بشێوێنی یا ببێتەھۆی مەترسی راستەوخۆ لەسەر مانی خەڵکی ئامانجکراو دەکرێ وەکو تاوانی ژینۆساید سەیر بکرێت.   بۆیە گرنگە ئەو چەمکەی بۆ تاوانی ژینۆساید بەکاردەھێندرێت بتوانێ بەجۆرێ لە جۆرەکان لەگەڵ ئەو فاکتەرانەدا خۆی بگونجێنێ و وەڵامی ھەماھەنگی بداتەدەست.  چەمکی گەلکوژی ئاماژەی راستەوخۆ بەتاوانێکی دیاریکراو دەکات کە ئەویش تاوانی ژینۆسایدە، تاوانی لەناوبردنی گەلێکە یا کۆمەڵیک خەڵکە کە دەکرێ وەکو گەل پێناسە بکرێن. بۆیە وشەکە تاڕادەیەکی زۆر گونجاو و پڕبەپێستە بۆ تاوانەکە، وشەکە ئەو پەرتوبڵاویە بەرفراوانەی چەمکەکانی کۆمەڵکوژی و ئەوانیتری نییە، چونکە جگە لە تاوانی ژینۆساید ئاماژە بەھیچ تاوانێکی دیکە ناکات یا گومان لە جۆری تاوانەکە ناھێڵێتەوە و جۆرێ تاوانەکە بە روونی دەردەبڕێ. بۆیە کە گوترا گەلکوژی ھیچ گومانێک لە جۆری تاوانەکەدا نامێنێتەوە و راستەوخۆ ئاماژە بە تاوانی گەل بێ ئەملاوئەولا دەکرێت.  وشەی گەلکوژی دەتوانێ خۆی لەگەڵ پێناسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بگونجێنێ و کێشەکانی جۆرایەتی، چەندایەتی و چۆنایەتی پێناسەی ژینۆساید دادەپۆشێ. بۆیە دەکرێ وشەی گەلکوژی وەکو گونجاوترین وشەی کوردی بێت کە گونجاوە لە زمانی کوردیدا بۆ وشەی ژینۆساید بەکاربھیندرێت.
لەلایەکیتر گرنگە ئەوە بگوترێت کە گونجاو نییە وشەکانی کۆمکوژی، کۆکوژی، کۆمەڵکوژی یا ڕەشەکوژی بە وشەی گەلکوژی یەکسان بکرێت، چونکە ئەو وشانە جیاوازن، ھەروەھا گرفتی داپۆشینی کیشەکانی جۆرایەتی، چەندایەتی و چۆنایەتیان ھەیە. ھەردوو وشەی کۆمەڵکوژی یا رەشەکوژی کە لە سمینارەکاندا دەگوترانەوە و جۆرێک پەسندیان لای ھەندێ لە ئامادەبووان ھەبوو، چەمکی جیاوازن لەیەکتر و واتای جیاوازیان ھەیە. کۆمەڵکوژی کە لە “ابادە جماعیە” کەی عەرەبی وەگیراوە و وەرگێردراوی ئەو چەمکەیە دەکرێ بۆ ھەموو کۆمەڵکوژیەک بەکار بھێندرێت، ئەوجا کۆمەڵکوژیەکە بە قەوارە و ژمارە بچوک یا گەورە بێت، پلانبۆداندراو یا پلان بۆ دانەندراو بێت، ھۆکاری کوشتارەکە ھەرچی بێت، نیاز لە کوشتارەکە ھەرچی بێت، جۆرایەتی خەڵکی ئامانجکراو، خەلکە ئامانجکراوەکە سەربە یەک گروپی تایبەت یا تیکەڵ بن ھتد. بۆیە وشەکە لەلایەک وشەیەکی پەرتوبڵاوە، ورد و کۆنکریتیانە نییە، جۆری تاوان دەرنابڕێ و دیار ناکات، وە پرسیار لە چەندایەتی قوربانیان و جۆر و مەبەستی تاوان دێنێتە ئاراوە بۆیە کێشەی لەگەڵ پێناسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ھەیە.  لەبەرئەوەیە چەمکی کۆمەڵکوژی وشەیەکی گونجاو نییە و ھەڵەیە لەجیاتی یا بۆ تاوانی گەلکوژی بەکاربھێندرێت. وشەی رەشەکوژی کە لێرەولەوێ لە جیاتی وشەی ژینۆساید بەکاردەھێندرێت دەکرێ بۆ ھەر ڕەشەکوژیەک بەقەوارە بچوک یا گەورە بەکاربھێندرێت، دەکرێ بۆ کوشتاری کوێرانە و بێپلان بەکاربھێندرێت، دەکرێ بۆ کوشتار بەکاربھێندرێت بەبێ گوێدانە ھۆکار و مۆتیڤی (ھۆکاری کردار) کوشتارەکە یا نیاز و مەبەست لە کوشتارەکە. چەمکی رەشەکوژی بەھەمانشێوەی چەمکی کۆمەڵکوژی سنوردار و کۆنکریتیانە نییە، جۆری تاوان دەرنابڕێ و دیار ناکات، پرسیار و گومان لەسەر جۆری تاوان دروست دەکات، وشەیەکی پەرت و بڵاوە، کێشەی چەندایەتی و چۆنایەتی ھەیە، بۆیە بەکارھێنانی بۆ تاوانی ژینۆساید گونجاو نییە.  ئەو وشانە وەکو وشەی دیکەی لەو شێوەیە وەکو کۆمکوژی یا کۆکوژی کە ھەمان کێشەیان ھەیە، وشەی پەرتوبڵاون و دەکرێ بۆ زۆر جۆرە تاوان و کوشتار بەکاربھێندرێن، جگەلەوەی کۆمەڵکوژی و کۆکوژی و ڕەشەکوژی تایبەتمەندیی تاوانی ژینۆسایدن، بەڵام راستەوخۆ واتای تاوانی ژینۆساید ناگەیەنن.
بەکورتی ئەو جۆرە چەمکانە ناتوانن جۆری تاوان و ھۆکار و مەبەستی پشتی تاوان گرنگی پێبدەن یا وەڵامی پرسیارەکان لەمبارەیە بدەنەوە، ھەروەھا کێشەیان لە دیارکردنی لایەنی چەندایەتی و چۆنایەتی تاواندا ھەیە، بۆیە ئەو وشانە کێشەیان لەگەڵ پێناسەی تاوانی ژینۆسایددا ھەیە، ھەروەھا کێشەیان لەگەڵ گەیاندنی واتای تاوانی ژینۆسایددا ھەیە.  پێداگرتن لەسەر بەکارھێنانی ئەو چەمکانە، ئاماژە بە ھەژاری تێەگەیشتن لە پێناسە و تاوانی ژینۆسایددا دەکات.  چەمکی گەلکوژی تاڕادەیەکی زۆر دەتوانێ خۆی لەگەڵ پێناسەکەی UN دا بگونجێنێت بۆیە لەو چەمکانە یا چەمکی لەشێوەی ئەو چەمکانە گونجاوترە .  لە کۆتایدا پێویستە ئەوە دووپات بکرێتەوە کە بەکارھێنانی وشەی ژینۆساید ( من وشەی ژینۆسایدم پێ لە وشەی جینۆساید گونجاوترە ھەروەکو زمانی کوردی وەکو زمانی عەرەبی کێشەی پیتی گ ی نییە و پێویست ناکات لەبری پیتی گ ی لاتینی یا ئینگلیزی پیتی ج دابندرێت، ئەوە جۆرێکە لە عەرەباندنی وشەکە کە ھیچ پەیوەندی بە زمانی عەرەبیەوە نییە)  وەکو وشەیەکی نێونەتەوەیی گونجاوە و دەکرێ بەکاربھێندرێت، ئەوە ئەگەر ئارەزووی بەکارھێنانی وشەی کوردی لەبری وشەی ژینۆساید نەکرێت.

ئایا گەلکوژی لە ھەشتاکانەوە لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە دەست پێدەکات؟
برای بەڕیز مامۆستا سەعید مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سۆران پێیوابوو تاوانی گەلکوژی لە ھەشتاکانەوە لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە دەست پێدەکات، ئەو تێگەیشتنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەوسا رژێمی ئیسلامی ئێران ھەوڵی بەئیسلامکردنی کوردی داو و لەوێوە ھەوڵەکانی لەناوبردنی کوردان دەست پێدەکات. چەند کێشەیەک لەو گوتنەدا ھەیە کە ھەوڵ دەدەم روونکردنەوەیەک لەبارەیانەوە بدەم. ئایا بەئیسلامکردن واتای تاوانی گەکوژی دەگەیەنێت؟ بەڵگەکانی ھەوڵەکانی تواندنەوە چین کە وادەکەن کردارەکە وەکو تاوانی گەلکوژی سەیر بکەین؟ ئایا تاوانی گەلکوژی و ئەنجامدانی تاوانەکە سنوری ھەیە، چوارچێوەیەکی دیاریکراوی ھەیە یا مەرجەکانی داننان بە بوونی تاوانکە بێ سنور و پەرت و بڵاون؟ ئایا دەکرێ رووداوێک لە سەردەم و شوێن و ھەلومەرجێکی جیاوازدا بە تاوانیکی تایبەت ببەسترێتەوە؟
بەئیسلامکردنی نائارەزوومەندانە واتە سەپاندنی بیروباوەری ئیسلام بەسەر خەڵکدا بەشێوە و رێگەی جۆراوجۆر، دەکرێ مەبەستی ئایدۆلۆژیایی ئایینی واتە ئیسلامیزم لەپشتی بەئیسلامکردنەکەوە ھەبن، دەکرێ مەبەستەکە زیاتر ئایینی و پشووتەنگی ئایینی بێت. بەئیسلامکردن وەکو سەپاندنی زۆرەملێی ھەر ئایینێکی دیکە دەکرێ سەیری بکرێت. لەھەردوو باردا ئەو ھەوڵە دەکرێ فاکتەرێک بێت کە لەگەڵ کۆمەڵە فاکتەرێکی دیکەی پێگەیەندراوی گەلکوژکارانە لەھەلومەرجی گونجاودا ببنەھۆی روودانی تاوانی گەلکوژی، بەڵام بوونی ئەو فاکتەرە بەبێ روودانی کوشتاری بەرفراوانی گروپێک خەڵکی ئامانجکراو وە بەبێ بوونی بەڵگەی مەبەستی لەناوبردن واتای تاوانی گەلکوژی ناگەیەنێت. دیارە ئەو فاکتەرانە ئەگەر ھەشبن دەکرێ سنوری پاکتاوی رەگەزی تێنەپەڕێنن. جگەلەوەی بەئیسلامکردن ھەوڵێکە سنوری گروپێکی رەگەزی و نەتەوەیی دەبەزێنێت و ھەموو ئەو خەڵکە دەکاتە ئامانج کە ئیسلام نین، ئەوەش کیشەیەکی دیکەیە کە ئەنجامدانی کارەکە تەنھا گروپێک خەڵک یا نەتەوەیەکی تایبەت ناگرێتەوە، کە بۆ داننان بە بوونی تاوانی گەلکوژی زۆر گرنگن. دیارە دەکرێ دوو یا سێ گروپی ئەتنی بەیەکەوە لەلایەن دەسەڵاتی تاوانکارەوە بڕیاری لەناوبردنیان بدرێت و تاوانەکە گەلکوژی بێت، ئەگەر بێتوو جوداکاری لە لەناوبردنەکاندا نەبێت و مەبەستی تایبەتی لەناوبردن بسەڵمێندرێت. بەڵام ئەگەر کردارەکە تەنھا سڕینەوەی ئایینی پێشوو بێت و سەپاندنی ئایینی دەسەڵاتدار بێت بەبێ لەناوبردنی فیزیکیانەی خەڵکە ئامانجکراوەکە، ئەوە تاوانەکە ناچێتە چوارچێوەی تاوانی گەلکوژی بەڵکو تاوانی پاکتاوی ئایینی دەگرێتەوە، ئەوەش تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی.  لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا کوشتاری بەرفراوان و سیستەماتیکیانە دژی گەلی کورد بە مەبەستی لەناوبردنی کورد لە دوای ھاتنی رژێمی ئیسلامی ئێران لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای ھەشتاکاندا روویان نەداوە، ئەوەی ئەوسا روویداوە وەکو کۆمەڵکوژیەکانی ھەندێ لە دێھاتەکان وەکو قارنێ و قەڵاتان کە بووەھۆی کوشتنی بەسەدان مرۆڤی کورد تاوان بوو لە دژی خەڵکی ئەو ناوچانە کران. ئەو تاوانە دەچێتە خانەی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی، چونکە کوشتارەکە سنوردار بووە و بە قەوارە گەورەو بەرفراوان نەبوو، واتە بە دەیان ھەزار کەس لەنێو نەبردراون و ژمارە و چۆنایەتی قوربانیان بوونی نەتەوەی کوردی نەخستە مەترسیەوە، ھەروەھا بەڵگەی مەبەستی لە ناوبردنی ھەموو نەتەوەی کورد سەختە لەو روانگەیەوە بسەڵمێندریت، ئەوە ئەگەر دەکومێنت راستەوخۆ لەسەر بریاری لەناوبردنی گەل نەبێت. بەڵگە و دەکومێنتەکان ئاماژە بەبوونی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دەکەن، بۆیە تاوانی گەلکوژی بەکردەوە رووی نەداوە لەو کات و ناوچەیەدا.
لە بوونی یا روودانی تاوانی گەلکوژیدا تاوانکار دیاریکراوە و لە زۆر باردا لە سنورێکی دیاریکراودا فەرمانڕەوایی دەکات، قوربانیان کۆمەڵە خەڵکێکی دیاریکراون وەکو بۆنمونە ئەندامانی سەر بە ئایینێکی یا نەتەوەیەکی دیاریکراون لە زۆربەی بارەکاندا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا دەکرێنە ئامانج. کات و سەردەمی ڕوودانی تاوانەکە دەکرێ سیستەماتیکیانەو درێژخایەن بن، دەکرێ لە ماوەیەکی کورتدا تاوانەکە ئەنجام بدرێت. وابەستەییەکی ھەماھەنگ لە دەستپێک و کۆتایی ئەنجامدانی تاوانەکەدا ھەیە و سنورێکی دیاریکراوی کات و شوێن ھەیە. بۆ نمونە لە تاوانی گەلکوژی ئەرمەنیەکان، رواندا و سرێبرەنیسیا دەسەڵاتی تاوانبار دیاربوو و سنوری فەرمانرەوایی دیاربوو، قوربانیان لە ناوچەیەکی دیاریکراوی ناو سنوری ستاتدا بوون و تاوانەکانیش لە سەردەمێکی دیاریکراودا روویاندا و وابەستەییەکی ھەماھەنگ لە دەستپێک و کۆتایی تاوانەکاندا ھەبوو. دیارە سنوری تاوانکاری و ھێرش بۆسەر کۆمەڵگەی قوربانی لە باری زۆر نائاسایی و تایبەتدا دەکرێ فراوان بێت بۆنمونە تاوانی گەلکوژی ھۆلۆکۆست دژ بە جولەکەکانی ئەوروپا، کە جولەکەکان لە ھەموو شوێنەکانی ئەوروپا بێ گوێدانە سنوری وڵاتان کرانە ئامانج و بڕیاری لەناوبردنیان لەلایەن دەسەڵاتی نازیەوە درا. 
لە تاوانی گەلکوژی دژ بە کورددا لەلایەن رژێمی بەعس یا ئیسلامی ئێرانەوە بڕیاری لە ناوبردنی ھەموو کوردەکان لە ھەر کوێیەک بن یا لە ھەر کوێیەکی کوردستان بن بەپێی ئەو دەکومێنتانەی ھەن نەدراوە و بەڵگەیەک لەمبارەیەوە نییە. بۆیە گریمان ئەگەر ھەوڵەکانی بەئیسلامکردنی کوردەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا کۆتایی بە ئەنجامدانی تاوانی گەلکوژی بھاتبایە، ئەوە تاوانەکە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە ئەنجام دەدرا، بۆیە خۆی لە تاوانی گەلکوژی کوردەکان لە باشوری کوردستانی بندەستی ئێراقدا جیا دەکردەوە و وەکو تاوانێکی سەربەخۆ سەیری دەکرا. بەڵام ئەگەر بمانەوێ بە تاوانی گەلکوژی کوردەکانی باشوری کوردستانی ببەستینەوە، تەنھا کاتێک دەکرێ ئەو بەستنەوەیە بخەینە چوارچێوەیەکی گونجاو، ئەگەر ھۆکار و مۆتیڤی تاوانەکە ھاوبەش بن، مەبەستی لەناوبردنەکە بسەڵمێندرێت و فاکتەری ھاوبەش بگرێتەخۆی، ئەگەر نەتوانین ئەو ھاوبەشیانە بسەڵمێننین کەواتە ناتوانین تاوانەکان بەیەکەوە ببەستینەوە. دیارە تاوانەکە لە چوارچێوەی تاوانێکی گەلکوژی دیاریکراو، لە سنوری ستاتێکی دیاریکراو و لەلایەن یەک دەسەڵاتی تاوانکارەوە نەدەبوو. ئێران و ئێراق دوو دەسەڵاتی لەیەکترجیا، خاوەن ئایدۆلۆژیای جیان، بۆیە مەبەست و ئاواتی جودایان لە کردارەکانیاندا ھەیە. بۆنمونە ئەگەر سەیری کیمیابارانی گوند و شارۆچکەکانی کوردستان لە سنوری ئێران و ئێراقدا لە ساڵی ١٩٨٧ دا بکەین، مۆتیڤی کیمیابارانەکان و جۆری تاوانەکە دەچنە دوو خانەی جیاوازەوە، بۆردوومانی سەردەشت و بانە و مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری دەچنە خانەی تاوانی جەگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی، ھەرچی بۆردومانی گۆندەکانی خۆشناوەتی لە دۆڵی بالیسانە دەچنە خانەی تاوانی گەلکوژی، چونکە مەبەستی پشتی تاوانەکە جیاوازە و ئامانج لە کوشتارەکە جیاوازە. ئەگەرچی تاوانکار ھەوڵی شێواندنی جۆری روودانی تاوانەکە دەدات و وەکو شەڕی بەرگریکردن بێ گوێدانە سنور دەریدەخات. واتە ھەر تاوانە کۆنسێپت (پلان کە گوزارشت لە ھەنگاو و بریارە بنچینەییەکانی پرۆژەیەک یا بەرھەمێک دەکات) و پێکھاتەیەکی جیاوازی ھەیە و ناتواندرێ ھەروا ئاسان بخرێنەناو یەک چوارچێوە و کۆنسێپتەوە.  

ئایا تاوانی گەلکوژی لەسەرەتای ھاتنی ئیسلامەوە دەست پێدەکات؟
لەلایەن میوانێکی بەڕێز ئەو بابەتە وروژێندرا و جەختی لەسەر بوونی تاوانی گەلکوژی لەگەڵ ھاتنی ئایینی ئیسلامدا کردەوە.  بوون و سەرھەڵدانی بیروباوەری تووندرەوی فراوانخواز ئەوجا ھەر بیروباوەڕێک بێت، ھەڵگری ئەو بیروباوەرەیە کە دەکرێ ببێتەھۆکاری تاوان لەشێوەی جیاجیادا، بەڵام بوونی بیروباوەڕەکە خۆی لەخۆیدا یەکسان نییە بە بوونی تاوانی گەلکوژی. 
روودانی تاوانی گەلکوژی لە مێژوودا لەسەردەمی جیاجیا و لە کات و شوێنی جیاوازدا روویان داوە. لەسەردەمی ھاتنی ئیسلام و ھێرشەکانیدا لەژێرناوی فتوحاتی ئیسلامدا کوشتاری گەورە و کۆمەڵکوژی دڕندانە روویانداوە،  دەکرێ لەناو ئەو کوشتارانەدا تاوان ھەبن بچنەژێر مەرجەکانی بوونی تاوانی گەلکوژی. بەڵام ئەو تاوانانە ھەریەک تایبەتمەندی خۆیان ھەیە و پەیوەستدارن بە کات و شوێنی دیاریکراوەوە. دەکرێ خاڵی ھاوبەش لە تاوانکاندا ھەبن، بەڵام لەیەکتر بەستنەوەییان لەژێر یەک تاوانی گەلکوژیدا گشتگیری کردنە و ھەڵەیە، چونکە وەکو گوترا کوشتار و تاوانەکان جۆر و تایبەتمەندی خۆیان ھەیە، کات و شوێنیان جیاوازە لەیەکتر، ھەر تاوانە دەبێ سەربەخۆیانە سەیریان بکرێت و کۆنکریتیانە لێیان بکۆڵدرێتەوە.
دیارە ئایینی ئیسلام ئایینێکە لەسەرەتاوە خۆی بەرەوا و ئایینی پێشەنگ زانیووە، فراوانخوازی، جوداکاری و چەوساندنەوە بەپێی ئایینەکە رەوا کراوە، ئایینەکە بەڕەوای زانیووە کۆمەڵگە نائیسلامەکان لەڕێگەی ھێزەوە بخاتەژێر ڕکێفی خۆی و بیانچەوسێنێتەوە، یا بەمەبەستی بەئیسلامکردن وڵاتان داگیر بکات، تاڵان و کوشتار و کۆمەڵکوژی بەرفراوان ئەنجام بدات. ئیسلامیزمی تووندرەو بەھەموو جۆرەکانیەوە ھەڵگری بیروباوەرێکە کە لەشێوە رادیکالەکەیدا بەجۆرێ لەجۆرەکان رەوایەتی لەتێگەیشتن و لێکدانەوەکانی سەردەمی فراوانخوازیی سەدەی حەوتەم بەدەست دەھێنێت، ھەلگری تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی رادیکالانەی تووندرەوی پشووتەنگە کە دەکرێ لە دەرفەتی گونجاودا ببێتەھۆی روودانی کوشتار و لەناوبردنی ئەوانەی بە بێباوەڕ و کافر دادەندرێن. ئەو بیروباوەرە ھەڵگری بیری لەناوبردن و نەھێشتنە بۆیە دەکرێ یەکێ لەو فاکتەرە گرنگ و بنچینەییانە بێت کە دەبنە ھۆی روودانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی یا تاوانی گەلکوژی. بەڵام ئەگەر ئەو بیروباوەڕە پەڕگیرە تەنھا بیروباوەڕ بێت و نەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە تەنھا بوونی بیروباوەرەکە بوونی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی یا گەلکوژی ناسەڵمێنێت. تەنھا بوونی بیروباوەرە تووندرەوەکە بەس نییە، بەڵکو کۆمەڵێ فاکتەر و مەرجیتر ھەن دەبێ رووبدەن تا تاوان وەکو تاوانی گەلکوژی بناسرێت. بۆنمونە ئەوەی لەلایەن جیھادیەکانی دەولەی ئیسلامی (داعش) دژ بە کۆمەڵگەی ئێزدیان ئەنجامدرا، بیروباوەڕی ئیسلامیانەی پشووتەنگ و تووندڕەو وەرگێڕدرایە سەر کردار و بەکردەوە کوشتار و لەناوبردن روویاندا.  لە ھێرش و کوشتارەکەدا بەھەزاران کەس لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزدیان بوونە قوربانی ئەو ھێرشەی کە بەمەبەستی لەناوبردن کرایە سەریان، بۆیە لەوبارەدا دەکرێ تاوانەکە بچێتە خانەی تاوانی گەلکوژی.  ھێرشی جیھادییە ئیسلامیەکان بۆسەر کریستیانەکانی دەڤەری موسل جودایی لەگەڵ ھێرش و کوشتارەکەی ئێزدیان ھەبوو، بۆیە ئەوەی دژ بە کریستیانەکان کرا سەختە بچێتەخانەی تاوانی گەلکوژی.   ھەروەکو مەبەست و مۆتیڤی تاوانەکان، چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکە، جۆری کۆمەڵگەی ئامانجکراو، چەندایەتی ژمارەی قوربانیان ھتد. جیاوازبوون لەیەکتر. 

ئایا تاوانی گەلکوژی لە ١٩٦٣ ـەوە لە باشوری کوردستاندا دەستپێدەکات؟
برای بەرێز کاک تەھا سلێمان ئاماژەی بەوەکرد کە تاوانی گەلکوژی لە ساڵی ١٩٦٣ ـەوە دەست پێدەکات.
پێویستە ئەوە بیر بخەینەوە کە لە داوای دروستکردنی ئێراق و لکاندنی باشوری کوردستان بە ئێراقەوە ھەنگاوی دیاری بەعەرەبکردن بەتایبەتی لەگەڵ پرۆژەی ئاودێری حەویجەدا لە سیەکاندا روونتر خۆی دەرخست و ھەنگاوی بەکردەوەی دیاری نا، کە لە رێگەی ئەو پرۆژەیەدا بەھەزاران عەرەب لە دەشتی حەویجەدا نیشتەجێکران.  سیاسەتی بەعەرەبکردن لەگەڵ بەھێزبوونی عەرەبە ناسیونالیستەکان بەھێزتربوو، دوای کودەتای ١٩٥٨ کوردەکانی شاری کەرکوک و دەروبەری تووشی ڕاونان و گرتن و کوشتن بوون. دوای گرتنەدەستی عەرەبە ناسیونالیستە رەگەزپەرستەکان لە ساڵی ١٩٦٣ دا بەعەرەبکردن و پاکتاوکردنی کورد لە ھەرێمی کەرکوکدا چووە قۆناغێکی مەترسیدار و خوێناوی. لەلایەن دەسەڵاتی ناسیونالیستی رەگەزپەرستی ئێراق و لە رێگەی ھێزەکانی حەرەس قەومیەوە، کۆمەڵێ گوند کە ژمارەیان بەپێی زانیارەکانی د. نوری تالەبانی  ١٣ گوند بوو لە ناوچەی کەرکوک و دوبز لە نزیک و دەوروبەری بیرە نەوتیەکاندا تێکدران و سوتێندران، بەسەدان مرۆڤی کورد لەو ھەڵمەتەدا لەنێوبردران و دانیشتوانی ئەو گوندانە ناچاری دەربەدەری کران یا بۆ شارەکانی دیکەی ئێراق دوورخرانەوە. ئەو ھێرشە پاکتاوکردنی کورد بوو لە ناوچەیەکی دیاریکراودا و لەلایەن رژێمێکی ناسیونالیستی عەرەبیەوە. 
شاڵاوی حەرەس قەومیەکان بۆسەر گوندە کوردنشینەکان لە ساڵی ١٩٦٣ دا دەچنە خانەی بەعەرەبکردن و پاکتاوی رەگەزی و ھەموو ئەو تایبەتمەندیانە دەگرنەخۆیان کە لە تاوانی پاکتاوی رەگەزیدا ھەن، ھەروەھا ئەو فاکتەرانە دەگرنە خۆیان کە دەکرێ سنوری پاکتاوی رەگەزی ببەزێنێت و تاوانکاریەکە بچێتە چوارچێوەی تاوانی گەلکوژی ئەگەر مەرجەکانی تاوانی گەلکوژی لە ئارادا ھەبن.  بێگومان جیاوازی دیار لە نێوان تاوانی پاکتاوی رەگەزی و گەلکوژیدا ھەیە. پاکتاوی رەگەزی تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی بۆیە گەلکوژی نییە.  لە گەلکوژیدا لەناوبردنی فیزیکیانەی بوونی خەڵکە ئامانجکراوەکە راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ روودەدات و دەبێ لەناوبردنەکە ببێتەھۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر بوونی ھەموو نەتەوە ئامانجکراوەکە، ھەرچی پاکتاوی رەگەزییە پێویستی بەوە نییە بەشێکی گرنگ یا ھەموو مرۆڤە نەخواستراوەکان فیزیکیانە لەناوببات، تاوانکار دەکرێ بگاتە ئامانج لەرێگەی ناسنامەگۆڕین و راگواستن لە ناوچەی دیاریکراودا بەبێ ئەوەی خەڵکە ئامانجکراوەکە لەناوببات. پاکتاوکردن و تایبەتمەندیەکانی تایبەتمەندین لە تاوانی گەلکوژیدا ھەن، بەڵام ھەبوونی ئەو فاکتەرانەی پاکتاوی رەگەزی بوونی تاوانی گەلکوژی بەبێ پڕکردنەوەی مەرجەکان تاوانی گەلکوژی ناگەیەنن. تاوانی بەعەرەبکردن و پاکتاوەکەی ١٩٦٣ ئەنجامی درێژەی ئەو پۆلیتیکەی پاکتاو و بەعەرەبکردنە کە لە دوای لکاندنی کوردستان بە ئێراقەوە لە بیستەکانەوە دەست پێدەکات، ھەروەکو ناکۆکی درێژخایەنی نێوان کەمینەی کورد و دەسەڵاتدارانی عەرەب بەدرێژایی ئەو ماوەیە بوونی ھەبووە. تاوانکاریەکانی حەرەس قەومیەکان لەژێر سایەی رژێمێک روویدا کە جیابوو لە رژێمی بەعس کە بە کودەتا لە ١٩٦٨ دا دەسەڵاتی گرتەدەست. ئەو دوو دەسەڵاتە خاوەنی بیروباوەر و ئایدۆلۆژیای جیاوازن و سەرکردەی جیاوازیان ھەبوو. بڕیارەکان و ھەنگاوەکان و ئامانجەکان جیاوازیان تێدا ھەیە، ئەگەرچی خاڵکی ھاوبەشی رەگەزپەرستانەی ناسیونالیستانە دژ بە کەمینەی نەخوازراوی کورد ھەیە. بۆیە ناتوانین سەرەتای دەستپێکردنی تاوانی گەلکوژی بۆ بۆ ساڵی ١٩٦٣ بگێرێنەوە و ئەو تاوانە بە تاوانی ئەنفال لە چوارچێوەی تاوانی گەلکوژیدا ببەستینەوە.   
لە ساڵی ١٩٣٦ لە کوردستاندا پلانی لەناوبردنی کورد لەلایەن نوری سەعیدەوە ھەبووە
لەلایەن بەرێز مامۆستا ممتاز حەیدەریەوە ئاماژە بەوەکرا، کەوا ئەو لەرێگەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەسێکی شارەزا ئەوەی بۆدەرکەوتووە، کەوا نوری سەعید سەرۆکی وەزیرانی ئەوسای ئێراق پلانی پاکتاوکردنی نەتەوەی کوردی ھەبووە و نیازی وابووە لە سلێمانیەوە دەست بە پاکتاوکردن بکات و پاشان ئەو پلانە لە ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستاندا پیادە بکات. بەڵام ئەو پلانە سەری نەگرت. دیارە ئەو زانیاریە نوێیە و کەمی لەبارەوە بیستراوە، بۆیە گرنگی تایبەتی ھەیە. ھەروەکو لە سەرەوە روونمانکردەوە کەوا بوونی پلان و بیرۆکەی پاکتاوکردن کە دەکرێ ببنەھۆی روودانی پاکتاوی رەگەزی یا گەلکوژی راستەوخۆ بوونی تاوانی گەلکوژی ناگەیەنن. بەتەنھا بوونی بیرۆکە و پلانی پاکتاوکردن یا روودانی ھەندێ لە تایبەتمەندیەکانی پاکتاوکردن یەکسان نییە بە روودانی تاوانی گەلکوژی.
بوونی ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی لە ئێراقدا لە نێوان کەمینەی کورد و دەسەڵاتدارانی عەرەبدا بەھۆی بوونی کۆمەڵێ فاکتەری نەرێنی (وەکو نکۆڵی مافی رامیاری و ئابوری و کەلتوری، پەراوێزکردن، کێشەی سنور، جوداکاری، نارەوایی مێژوویی و پەڕگیریی رەگەزپەرستانە ھتد) بوو ناکۆکیەکەیان دروست کردووە، رەتکردنەوەی کورد و نکۆڵیکردن لە مافەکانی و ھەوڵەکانی توواندنەوە لە بۆتەی کۆمەڵگەی عەرەبی و ئێراقیدا وایکردووە دەسەڵاتی عەرەبی ئێراق بیر لە ڕیگەی تووندڕەوی جیاجیا بکاتەوە، ئەو پۆلیتیکە دژە کوردانەیە بووەتەھۆی پلاندانان بۆ پاکتاو و تواندنەوەی گەلی کورد و ھەنگاوی بەکردەوەش ھەبووە.  

پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر دەرئەنجام و پرسەکانی دوای تاوانی گەلکوژی بکرێت
یەکێ لە تێبینەکان لەچەندین کۆڕ و سمیناردا دووبارە گوتراوە، کە ئێمە ھەر گوزارشت لە تاوانی ئەنفال دەکەین و ئاماژە بە ژمارە و رووداوەکە دەکەین، بەڵام ناچینەسەر ئەوە لەدوای تاوانی گەلکوژی دەبێت چی بکرێت و لە دەرئەنجامەکانی دوای تاوانی گەلکوژی بکۆڵینەوە. دیارە پرسیارەکە گونجاوە، ھەروەکو تاوانی گەلکوژی لە دوای کۆتایی پرۆسەی ئەنجامدانی تاوانەکە کۆتایی نایەت و تاوانەکە کۆمەڵێ دەرھاویشەی ھەیە. بەمجۆرە لێکۆڵینەوە لە دەرئەنجامەکانی تاوانەکە و ھەروەھا ئەگەرەکانی دووبارەبوونەوەی تاوان و چۆنیەتی پێشگرتن لە تاوان بواری گرنگن دەبێ گرنگیان پێبدرێت. راستە ئێمە بەگشتی لەم لایەنەوە کاری زۆرمان نەکردووە و پێویستە گرنگی زۆر زیاتر و چڕتر بەو لایەنە بدرێت. بەڵام ئەوەش لەبیر نەکەین، کە لە بواری گوزارشت و لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی تاوانەکان بەھەمان شێوە کاری زۆر ماوە بیکەین. ھەموو پرسەکانی تاوانی گەلکوژی پێوسیتیان بە وەستان و لێکۆڵینەوەی زیاتر و زیاتر ھەیە. ئەگەر سەیری تاوانەکانی ژینۆسایدی ئەرمەنیەکان و ھۆلۆکۆست بکەین، کە رەنگە زیاترین وتار و لێکۆڵینەوەیان لەسەر نوسراوە، بەتایبەتی تاوانی ھۆلۆکۆست زۆرترین بابەتی لەسەر نوسراوە، ئێستاش لە دوای تێپەرینی زیاتر لە نیوسەدە ساڵانە لێکۆلینەوە لەسەر پرسەکانی تاوانەکە دەنوسرێن و دەکرێن. بەڵام ئایا ئەو وتار و لێکۆڵینەوانە بێسوودن؟ بێگومان نا. ھەموو ئەو وتار و لێکۆڵینەوانە زیاتر و زیاتر تێگەیشتنمان لەسەر تاوانەکە دەوڵەمەند دەکەن. پێموایە ھەموو پرسەکانی تاوانی گەلکوژی بەھای ئەوەیان ھەیە زیاتریان لەسەر بنوسرێت، دیارە وەستان و لێکۆڵینەوە لەسەر پرسەکانی دوای تاوانی گەلکوژی زۆر گرنگن و دەبێ کاری زیاتریان لەسەر بکرێت. 

ئایا بەکارھێنای وشەی کارەسات لە جیاتی وشەی تاوان ناگونجاوە؟
نوسەری بواری ژینۆساید برای بەڕێز کاک تەھا سلێمان پێی وابوو ئەنفال تاوان بوو نەک کارەسات، بۆیە گونجاو نییە وشەی کارەسات بۆ تاوانی ئەنفال بەکاربھێندرێت. لە شوێنی دیکەش ئەو بۆچوونەم کەوتۆتە بەرچاو لەوانە وابزانم نوسەری بواری ژینۆساید کاک عومەر محەمەد بابەتێکی لەسەر ئەوە نووسیبوو.
تاوان چییە و کارەسات چییە؟ ئایا وشەی کارەسات لەبری تاوان بەکار دەھێندرێت؟ بۆ ئەو دوو وشەیە سەبارەت بە روودانی تاوان بەکاردەھیندرێن و تێکەڵی یەک دەکرێن؟ ئایا بەکارھارھێنانی وشەی کارەسات ھەڵەیە؟ دیارە تاوان پێناسەی جیاوازی ھەیە، ناتەبایی لەسەر چۆنیەتی، بوون و روودانی تاوان ھەیە، ھەروەکو لەھەر شوێنێکدا بەپێی یاسای نوسراوە و نەنوسراوە دیاردەکرێت، پێناسە دەکرێت و دەناسریت. دەکرێ کردارێک لە شوێنێکدا پیشێلکاری و تاوان بێت، لە شوێنێکی دیکەدا بەپێی یاسای دەسەلاتێک یا ترادیسیۆنی کۆمەڵگەیەک رەوا بێت. دیارە تەبایی و تێگەیشتنی نێونەتەوەیی و گشتی لەسەر ھەندێ جۆری تاوان ھەن وەکو ئەو کردارانەی لە رێککەوتنە جیھانیەکاندا وەکو پیشێلکاری و تاوان دەناسرین. بەگشتی لەبوونی تاواندا لایەنی تاوانکار و قوربانی ھەن. تاوان کردارێکی ناڕەوایە دژ بە کەسێک یا کۆمەڵیک کەس ئەنجام دەدرێت. تاوانکار دەکرێ کەسێک یا کۆمەڵێک کەس بن، یا رێکخراوێکی رامیاری یا دەزگایەکی دەسەڵات بێت. قوربانی مافی پێشێلکراوە بۆیە تاوانی لەبەرامبەردا ئەنجام دراوە.
ھەرچی کارەساتە لەگەڵ ئەنجامدانی تاوانەکە و وەکو دەرئەنجامی تاوانەکە سەرھەڵدەدات و دێتەکایەوە. واتە کاتێ کە تاوانەکە روودەدات کارەساتیش ھەرزوو سەرھەڵدەدات، کە تاوانەکە بە دەرئەنجامێک تەواو دەبێت، دەرئەنجامەکە خۆی لە بۆتەی کارەساتەکەدا وێنە دەکات. لەباری بوونی تاواندا، تاوان کارەسات دروست دەکات، کارەسات لە چرکەکانی دەستپێکی تاوانەوە دێتەئاراوە و دوای تەواوبوونی تاوان درێژەی ھەیە. کاتێ بەشیک لە ئەندامانی خێزان دەبنە قوربانی تاوانی گەلکوژی خودی کەسی قوربانی تاوانی لەبەرامبەردا ئەنجام دراوە، کە لەھەمان کاتدا کارەساتیشە بەسەری ھاتووە. ئەندامانی دیکەی خێزانی قوربانی تاوانیان لەبەرامبەردا ئەنجام دراوە و تاوانکار کەسانی خۆشەویستی ئەوانی لەناوبردووە، بەڵام ئەوان لەھەمان کاتدا کارەساتیان بەسەر ھاتووە و کارەساتەکە ئەو زیان و ئازارەیە کە تاوانەکە دروستی دەکات و ھەروەھا دەرئەنجامەکەیە کە خۆی لەبۆتەی لەدەستدانی کەسانی نزیکی خۆشەویست و نەھامەتی و ماڵوێرانیەکە وێنە دەکات. لەدەستدانی کەسوکاری خۆشەویستیان، نەھامەتی و ماڵوێرانی گیانی و دەرونی و ئابوری ھەموویان دەرئەنجامێکن کە زیانی کاریگەرن و وەکو کارەسات وان بۆ رزگاربووەکان. ئازار و خەمەکانیان ئەو تراژیدیا و کارەساتە دەردەبڕن کە بەسەریان ھاتووە و کە بەئەگەری زۆر تا لە ژیاندا ماون ئەو کارەساتە لەگەڵیاندا دەژی. گەلێ لە قوربانیانی تاوانی گەلکوژی ژیانیان تراژیدیایەکی بێکۆتاییە و دەرەئەنجامەکانی تاوانەکە لەگەڵیاندا شەووڕۆژ دەکاتەوە، بۆنمونە ئەو دایکەی منداڵەکانی لەدەست داوە و نازانێ چۆن و لە کوێ لەنێوبردران، لەئازاردایە و ھەمیشە لە چاوەڕوانی گەرانەوەی خۆشەویستانیدایە. ئەگەر لەبەرچاوی ئەودا لەنێوبردرابن، ئازاری لەناوبردنەکە و ئازاری دەروونی دواتر کە تاھەتایە لەگەلیدا دەژین، تاوانەکە کارەساتی بۆدروستکردووە و بەسەری ھێناوە، وە ئەو کەسە لەگەڵ کارەساتەکەدا دەژی.
بۆنمونە تاوانی کوشتاری کۆمەڵیک کەسی بێتاوان بۆنمونە وەکو ئەو ٦٠-٧٠ گەنجەی لە دورگەی ئوتۆیای نەرویژی لەلایەن کەسێکی راسیستەوە کوژران تاوان بوو دەرھەق بەو گەنجە بێتاوانانە ئەنجام درا، بەڵام لەھەمان کاتدا دەرئەنجامەکەی کە کوشتنی ئەو گەنجانە بوو کارەسات بوو بەسەر خێزانەکانیان و وڵاتەکەدا ھات. بۆیە ھەڵە نەبوو کاتێ سەرۆکی نەروێژ گوتی “ئەوەی روویداوە تراژیدیایەکی نەتەوەییە بەسەرماندا ھاتووە”. 
دیارە دەکرێ کارەسات بێ ھەبوونی یا روودانی تاوان رووبدات وەکو کارەساتی سروشتی کە تووشی ناوچەیەک دەبێت، بۆنمونە زەویلەرزە و لافاو، یا رەشەبا و باران کە دەبنەھۆی لەناوبردنی خەڵک. کارەسات لەگەڵ روودانی بارە ناکاییە سروشتیەکەدا سەرھەڵدەدات و دەرئەنجامەکەش زیانەکانە کە وەک مەینەتی و کارەسات بۆ لایەن و کەسانی بەرکەوتوو خۆی دەردەخات. نەمان و لەدەستدانەکە چ ئابوری یا مرۆیی ئازار لەلایەن کەسە پەیوەستدارەکان دروست دەکەن و کارەساتن بۆ ئەوان. 
دەکرێ روودانی تاوان وەکو کارەسات disaster  لە دیدی لایەنی سێیەمەوە یا دیدی بێلایەنەوە لێکبدرێتەوە و سەیری بکرێت،  بۆنمونە پەیدابوونی مرۆڤی تووندڕەو کە بە ئەنجامدانی تاوان لە کۆمەڵگەدا ھەڵدەستن و خەڵکی بێگوناح و بێتاوان دەکوژن.  خودی سەرھەڵدانی ئەو خەڵکە تووندڕەوە و روودانی تاوانەکە دەکرێ وەکو کارەسات بۆ وڵات و کۆمەڵگەکە لێکبدرێتەوە.  ئەو دامەزراوانەی کە ھەوڵی پێشخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵگە دەدەن، دەکرێ رووداوەکە وەکو کارەسات سەیر بکەن، کە گوزارشت لە سەرنەکەوتوویی و بێتوانایی ھەنگاو و ھەوڵەکانی پێشگرتن و پێشکەوتن دەکات، یا گوزارشت لە نابووتی و ئەنارکیزمی کۆمەڵگە دەکات کە زەمینەی ئەو رووداوە زیانبەخشانە خۆش دەکەن. لەو ڕوانگەیەوە دەکرێ رووداوەکە بە کارەسات بزاندرێ. وەکو دەگوترێت “کارەساتە ئەو جۆرە رووداوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا روودەدەن”. 
لەگەڵ ئەوەی ھەردوو وشەی تاوان و کارەسات پەیوەندی بەھێزیان بەیەکەوە ھەیە، لەبۆتەی کردارێکی ناڕەوادا دەردەکەون و دوو ڕووی کردارە پێشێلکارەکەن، بەڵام تاوان و کارەسات دوو وشەی لەیەکتر جیاوازن و دوو واتای جیاوازیان ھەیە، ھەروەکو لەسەرەوەدا روونمان کردەوە. لە چوارچێوەی یاساییەوە وشەی کارەسات بۆ تاوانکاری بەکارناھێندرێت، بەڵکو وشەی تاوان بۆ تاوانکاری بەکاردەھیندرێت، ھەروەکو لەم رووەوە بوون و یانەبوون، چۆنیەتی و جۆری تاوان و زیانەکانی دیاردەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت. ئەگەر لەجیاتی وشەی تاوان وشەی کارەسات بەکاربێت، لەرووی یاسایی و دیارکردنی یاساییانەی کردارەکە بەکارھێنانی وشەی کارەسات ھەڵەیە. بەڵام لەروانگەیەکی گشتگیرانەوە یا دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان بەکارھێنانی وشەی کارەسات ھەڵە نییە، چونکە تاوانەکە زیانی مرۆیی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و دەرونی دروستکردووە.  زیان گەیشتن بە بەھا مرۆیی و نامرۆییەکان بۆ خەڵکە پەیوەستدارەکە کارەساتن، بۆیە تاوانەکە کارەساتی لەگەڵ خۆیدا ‌ھێناوە، بەمشێوەیە بۆ لایەنی قوربانی یا لایەنی سێیەم کارەساتیش دەگەیەنێت.

ئایا بەکارھێنانی چەمکی پرۆسە بۆ تاوانی ئەنفال تاوانە دەرھەق بە پرسەکە دەکرێت؟
لەلایەن ھاوڕێ و نوسەر لە بواری ژینۆساید کاک تەھا سلێمان ئەو بۆچوونە خرایە ڕوو و ئەو پێیوابوو ھەڵەیە وشەی پرۆسە بخرێتەپاڵ تاوانی ئەنفال.  پرۆسە چییە و چی دەگەیەنێت؟ ئایا بەکارھێنانی پرۆسە بۆ تاوانی گەلکوژی ئەنفال ھەڵەیە؟ 
وشەی پرۆسە یا پرۆسیس process  کە لە بنچینەدا وشەیەکی ئینگلیزیی و رۆژئاواییە، بەپێی فەرھەنگە ئینگلیزی و ئەوروپیەکان “زنجیرەیەکی بەیەکەوە بەستراوی چالاکی و کردارە کە بەیەکەوە ھەوڵی گەیشتن بە ئامانجێک دەدەن. ڕووداوێکە دەستپێک و کۆتایی ھەیە، سروشتی بێت یا مرۆکرد، لەرێگەی ڕیزێک کرداردا گۆڕانکاریەک دەھێنێتەدی”.  بەپێی ئەو پێناسەیە دەکرێ چەمکی “پرۆسە” بۆ زۆر جۆری ھەوڵی گۆڕان لە زۆر بواردا بەکاربھێندرێت، بۆنمونە دەگوترێت پرۆسەی سیاسی، پرۆسەی دیموکراسی، پرۆسەی ئابوری، پرۆسەی سەربازی یا پرۆسەی یاسایی ھتد. پرۆسە دەکرێ بەواتای دیکەش لێکبدرێتەوە، وەکو چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردن لە دادگادا.
دەکرێ بپرسین ئایا تاوانی گەلکوژی دەرئەنجامی پرۆسەیەکی ڕێکخراو، سیستەماتیکیانە و پلانبۆداندراو نییە؟ ئایا کۆمەڵێک کردار و چاڵاکیی ڕێکخراوی بەیەکەوەگرێدراو نین کە لە ئەگەری تاوانەکەدا ڕوودەدەن؟ ئایا لەناوبردنی کۆمەڵگەیەکی نەخوازراو لەلایەن دەسەڵاتی تاوانکارەوە بەپێی کۆمەڵێک ھەنگاو و کرداری رێکخراوانە و سیستەماتیکیانە ئەنجام نادرێت؟ بێگومان ئەنجامدانی تاوانی گەلکوژی دوای پلانی داڕێژڕاو و ھەنگاو و کرداری رێکخراوانە دێت، ھەماھەنگی و یاری کۆمەڵی فاکتەر ئاماج پێویست و رەوادەکەن، خودی ئەنجامدانی تاوانەکەش بەپێی زنجیرەیەک کرداری سەربازی پلانبۆداندراو و بەیەکەوەگرێدراو بەڕێوەدەچێت.   
بۆیە سەیر نییە کە شارەزا و نوسەرانی بواری ژینۆساید وشەی پرۆسە زۆر بەکاردەھێنن، بۆنمونە Gregory H. Stanton گریگۆری ستانتۆن دەنوسێت: “گەلکوژی پرۆسەیەکە لە میانەی ٨ قۆناغدا پێشدەخرێت، دەکرێ قۆناغەکان پێشبینی بکرێن، وە ناوەستێنەرنین. دەتواندرێ ھەر قۆناغێک بە کرداری پێشگرانە بوەستێندرێت. پرۆسەکە دیاگیۆنال (راست و ھەوراز) نییە. لۆژیکیانە قۆناغەکانی دواتر پێویستە لەڕێگەی قۆناغەکانی پێشوو پێشبینی بکرێن. بەڵام ھەموو قۆناغەکان بەردەوام لەمیانەی پرۆسەکەدا لە جووڵەدان”.  بێگومان ھیچ ھەڵەیەک لە بەکارھێنانی وشەی پرۆسەدا لەو تێگەیشتن و پێناسەیەدا نییە، چونکە تاوانی گەلکوژی دەستپێک و کۆتایی ھەیە، بەچەندین قۆناغدا تێدەپەڕیت، چەندین پرۆسە لەخۆدەگرێت، بەرنامەداڕێژراو و ڕێکخراو و سیستەماتیکیانەیە، پێویستی بە ھێز و کەرستە و دابەشکردنی کار ھەیە، ئەنجامەکەی گۆڕانێکی دیار و کارتێکەرە.  ئەوەش ڕوونی دەکاتەوە کە جموجۆڵ و ھەنگاو و چاڵاکیەکان بەپێی پرۆسەیەکی گەلکوژکارانە بەڕێوەدەچن و دەچنەپێش. ھەرپرۆسەیەکی گەلکوژیش کۆمەڵی پرۆسەی دیکە کە پەیوەستدارن بە پێگەیاندنی فاکتەرەکانی گەلکوژی دەگرێتەخۆی، بۆنمونە پرۆسەی سۆسیالیزەکردن، ڕاشیونالیزەکردن، نامرۆڤاندن ھتد.    
تاوانی گەلکوژی ئەنفال دوای پرۆسەیەکی ڕێکخراو و سیستەماتیکیانە ڕوویدا. فاکتەرەکانی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو، سەرکردەی تووندڕەو، بیروھزری پاوانخوازی و پەڕگیر لەمیانەی پرۆسەی ڕێکخراودا ھەوڵی ڕاشیونالیزەکردن و نامرۆڤاندنی گەلی کوردیاندا، بکەرانیان سۆسیالیزەکرد و لەناوبردنی کوردیان بەپێویست و ڕەوا وێنەکرد. ئەو ھەنگاو و چاڵاکیانە چەندین ساڵیان خایاند تا کار گەیشتە جێبەجێکردنی تاوانەکە لەمیانەی پرۆسەیەکی بەرنامەبۆداندراوی سەربازی لە ساڵی ١٩٨٨ دا.
بەپێی ئەو ڕوونکردنەوەیە دەردەکەوێت، کە بەکارھێنانی وشەی پرۆسە بۆ تاوانی گەلکوژی لەوانە تاوانی گەلکوژی ئەنفال ھەڵە نییە و گونجاوە.  
ھیوادارم توانیبێتم روونکردنەوە و وەلامی گونجاو و بنیاتنەر بە پرسیارەکان بدەمەوە، ھەروەکو ئەوەش ئامانجی ئەو وتارەیە. دیارە تێبینی و خاڵی دیکەش ھەن کە لە سمینارەکاندا دەگوترێن و دەخرێنەڕوو، ھیوادارم بتوانم لەدەرفەتی تردا ھەروەستەیان لەسەر بکەم و تاوتوێیان بکەم.

[1] Brink, Lars, Hvad er et folk? Information, 21.05.2001. https://www.information.dk/debat/2001/05/folk

[1]Definitions for people:  http://www.definitions.net/definition/people

[1] Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide, 1948:https://treaties.un.org/doc/Publication/UNTS/Volume%2078/volume-78-I-1021-English.pdf

[1] Katz, Steven L. (1994), The Holocaust in Historical Context, Oxford University Press. pp. 24.

[1] Prosecutor v. Radislav Krstic: The Hague, 19 April 2004, Appeals Chamber Judgment in the case The Prosecutor v. Radislav Krstic,  CC/P.I.S./839e.

[1] بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیاتر:
گەلکوژی چییه‌: پێناسه‌، ڕوونکردنه‌وه‌، ره‌خنه‌ و کێشه‌کان
http://kadirshorsh.com/Gelkuji%20u%20penase%20u%20rexne.pdf

ژینۆساید: کۆمه‌ڵکوژی، ڕه‌شه‌کوژی یا گه‌لکوژی
http://kadirshorsh.com/Genocide..Gelkuji%20ya…pdf

[1] کۆمەڵی لە نوسەر و شارەزاو و کەسایەتی دیکە لەئەمریکا هەموو تاوانەکانی داعش کە دژ بە خەڵکە جیاوازە نائیسلامیەکە کرا تاوانکە وەکو یەک بەتاوانی گەلکوژی ناودەبەن. کەپێموایە سۆزادری و لایەنگیری لەبڕیارەکەدا هەیە.

[1] Talabany, Nouri, (1998): Iraq´s Policy of Ethnic Cleansing. Jønkøping: Kitabi Arzan.

[1] Tale ved Statsminister Jens Stoltenberg i Oslo Domkirke، Tale/innlegg | Dato: 24.07.2011, https://www.regjeringen.no/no/aktuelt/tale-ved-statsminister-jens-stoltenberg-/id651789/

 

[1] Disaster: https://en.wikipedia.org/wiki/Disaster

[1] Process: http://www.merriam-webster.com/dictionary/process

   Proces: http://ordnet.dk/ddo/ordbog?query=proces

[1] Stanton, Gregory H., The 8 Stages of Genocide have now been revised and updated to 10 Stages of Genocide. You can find it here: http://genocidewatch.org/genocide/tenstagesofgenocide.html

 

بۆچوون