Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
داعش لەدیدی ژنە نووسەرێکی ئیتالییەوە
داعش لەدیدی ژنە نووسەرێکی ئیتالییەوە
ناوی کتێب:
نوسەر:
زمان:
بابەت:
ژمارەی لاپەرە:
جۆری فایل:
سالی دەرچوون:
دابەزاندن
دەربارە

داعش وەکو ڕووداوێکی ناخۆش کە جەستەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی بریندارکرد و تەواوی جیهانیشی خستە ژێر ترسی چەتەگەری خۆیەوە، بۆتە جێگەی بایەخ و گرنگی زۆرێک لە نووسەران و چاودێرانی سیاسی و فکری جیهان. دیارە ئێمە وەکو قووربانییەکی دەستی چەتەکانی داعش کەم تا زۆر ئاگاداری چۆنێتی دروستبوون و گەشەسەندنی ئەم گرووپە چەتەگەریەین، لێ گرنگە ئاگاداری ئەو لێکۆڵینەوەو کتێبانەش بین کە چاودێرانی سیاسی بیانی یان وەکو جاران ناویان لێنابوون “ڕۆژهەڵاتناسەکان، موستەشرقین” لەبارەی داعشەوە نووسیویانە.

لەماوەی پێشوودا کتێبێکم بەرچاو کەوت لە ژێر ناوی “الدولە الاسلامیە داعش و اعادە ترسیم حدود الشرق الاوسط” لە نووسینی ژنە نووسەری ئیتالی “لۆریتا نابولیونی”یە. منیش سەرەتا پێمخۆشبوو بزانم ئەو ژنە نووسەرە چۆن باسی داعش و کردەوەکانی کردووە، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ کتێبێکی نووسەرێکی رۆژئاواییم لەبارەی داعشەوە بەرچاو نەکەوتبوو. لێ کاتێک دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێبەکە، هەر زوو زانیم کە نووسەر ئاو دەکاتە ئاشی شۆڤێنزیم و ناسیۆنالیزمی عەرەبیەوە، هەربۆیە کتێبەکەشی کراوەتە عەرەبی.

دیارە ئەم ژنە پێشتر چەند کتێبیکی لەبارەی رۆژهەڵاتەوە نووسیوەو تاڕادەیەکی باشیش ئاگاداری ڕەوشی ناوچەکەیە. نابۆلیونی لە ساڵی 1955 لە رۆما لەدایک بووەو سەرەتای تەمەنی ژیانی گەنجێکی چەپ بووەو لەگەڵ بزواتە ڤێمینیستەکان بەشداربووەو دواتر دەچێتە ئەمریکاو بەریتانیا ئابووری و فەلسەفە دەخوێنێت. ماوەیەکی زۆریشە خۆی بە ڕۆژهەڵات و گرووپە تیرۆریستیەکانی ناوچەکەوە خەریککردوەو چەندین کتێبی هەیە لەوانە: (ملف بغداد)، لە ساڵی 2005 دا نووسراوەو باسی داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە دەکات لە ساڵی 2003. دووەم کتێبی بەناوی (الزرقاوی و الجیل الجدید). ساڵی 2008 نووسیوەیەتی. (الاقتصاد المارق). 2008. (الارهاب و الاقتصاد). 2010. ئەمە جگە لە چەندین کتێبی تریش. ئەمەی بەردەستیشمان دوایین بەرهەمیەتی، کەلەبارەی داعشەوە نووسیویەتی. لێرەدا بە کورتی کەمێک باسی ئەم کتێبە دەکەین.

شێوازی نووسین

4453101262016_ktebbb

دیارە لەکاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بۆت دەردەکەوێت کە بە شێوازێکی ڕیپۆرتاژی رۆژنامەوانی نووسراوەو کەمتر نووسەر خۆی خەرکیکردووە بە بابەتی فکری و مێژووییەوە، جگە لەوەش نووسەر پشتی بە شێوازی “مەیدانی” بەستووە، چونکە خۆی بەناوی خوازرەوەو توانیوویەتی بچێتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش. لەکاتی خوێندنەوەی کتێبەکەشدا هەندێکجار هەست دەکەیت، کە نووسەر پشتی بە هەندێک دەزگای هەواڵگری بەستووەو خۆشی تاڕادەیەک بەوجۆرە کاریکردووە.

بۆچی داعش دروستبوو

نووسەر بەم پرسەوە خۆی خەریکردووەو لەکۆتاییشدا کۆمەڵێک دەرئەنجامی دەستکەوتووە، کەم تا زۆر دەتوانین بڵێین ئامانجەکەی پێکاوە. نووسەر پێی وایە داعش لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە دروستبووە:

1.نوشستی دەوڵەت لە تەواوی ناوچەکانی عەرەبی.

2.بوونی نوخبەیەکی گەندەڵ و دیکتاتۆر لەسەر حوکم.

3.نوشستی بەهاری عەرەبی و زاڵبوونی دۆخی پشێویی و دروستبوونی گروپی تیرۆریستی ئیسلامی له‌ ناوچه‌که‌.

4.بوونی دەسەڵاتداری مەزهەبی لە عیراق وسوریا، وایکردووە کە عەرەبی سوونە هەست بە زوڵم و زۆرداری شیعە و عەلەوی بکەن.

5.نوشستی گەلانی ناوچەکە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکرات و ئازادی.

6.جیهانگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین وئەفریکا، نەگبەتی و هەژاری هێناوه‌، بە پێچەوانەی چینەوە کە جیهانگیری بووە مایەی خۆشگووزەرانی و پێشکەوتن بۆی.

بۆچی داعش سەرکەوتنی بەدەستهێنا

دیارە نووسەر زۆر خۆی بەم خاڵەوە خەریککردووەو هەوڵیداوە وەڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆچی داعش توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەویش خۆی لەم چەند خاڵەی خوارەوە دەبینێتەوە:

1.بوونی جیهانێکی فرە جەمسەر، کەچیتر ئەمریکا تێیدا خاوەنی تاکە دەسەڵات نییە و ئێستا روسیا و چین و ئەوروپا ڕۆڵی گرنگ لە جیهاندا دەگێڕن.

2.باشبەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لەلایەن داعشەوە بەتایبەتی فەیسبووک، ئینتەرنێت و تیڤی.

3.باش بەکارهێنانی توندوتیژی و کردنی بەرەگەزێکی گرنگی سیاسەتیان.

4.هەوڵدانێکی پراگماتیکی بۆ دروستکردنی دەوڵەت و نەتەوە.

5.باش خوێندنەوەی عەقڵیەتی موسڵمانە کۆچبەرەکانی ئەوروپا و ئەمریکاو بەکارهێنانیان بۆ ئامانجەکانی داعش.

6.دامەزراندنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و عەدالەت لەو ناوچانانەی کە لە ژێر دەسەڵاتیاندان.

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی

نه‌خشه‌ کۆنه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ نووسه‌ر خۆی به‌ خاڵێکی گرنگی تره‌وه‌ خه‌ریککردووه‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی نه‌خشه‌ی ناوچه‌که‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی “ڕێککه‌وتنی سایکس – بیکۆ”یه‌. نووسه‌ر پێیوایه‌ داعش تاکه‌ ڕێکخراوه‌ که‌ توانی نه‌خشه‌ کۆنه‌کانی ناوچه‌که‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و سه‌رله‌نوێ نه‌خشه‌یه‌کی سیاسی نوێ پێشکه‌شی ناوچه‌که‌ بکات، که‌ پێشتر ئه‌و نه‌خشانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆلۆنیالیستی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی کێشراوه‌و گوزارشت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێتنی و مه‌زهه‌بی ناوچه‌که‌ ناکات.

جیاوازیەکانی

نێوان بن لادن و زەرقاوی

نووسەر باس لە جیاوازی دیدو بۆچینی بن لادن و زەرقاوی دەکات و دەڵێت: بن لادن و قاعیدە دەیانویست لەدژی ئەمریکا جەنگ بکەن و بەتاکە ئامانجی خۆیانیان دادەنا. جگە لەوەش ئەوان زیاتر خۆیان بەئەمریکا و رۆژئاواوە خەریککردبووە، نەیاندەویست ناوچەیەک داگیربکەن و حکومی بکەن. بەڵام زەرقاوی باوەڕی بەو دوژمنە وەهمییە نەبووەو بگرە ئەو ویستوویەتی سەرەتا دژی دوژمنەکانی ناوچەکە بجەنگێت کە خۆیان لە دەوڵەتانی ناوچەکە دەبینێتەوە، جگە لەوەش باوەڕی وابووە پێویستە سەرەتا ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین رزگاربکرێت و حکومی ئیسلامی تێدا بچەسپێت. لەلایەکی تریشەوە زەرقاوی جەنگی لەدژی شیعە و تایەفەکانی تری ئیسلام هەڵگیرساند و تەکفیری کردن، گەرچی بن لادن و دواتریش زەواهیری دژی ئەمە بوون، ئەوان پێیان وابووە پێویستە لەگەڵ شیعەکان دژی ئەمریکا بجەنگێن، بەڵام زەرقاوی دژی شیعە بووە.

جیاوازی نێوان زەرقاوی و بەغدادی

لە لایەکی تریشەوە نووسەر دێتە سەر باسی جیاوازی شێواز و کارکردنی زەرقاوی و ئەبو بەکر بەغدادی، هەرچەندە هەردووکیان سەر بەیەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بوون. بەغدادی زیاتر باوەڕی بەکاری ڕێکخستن و چەکداری هەبووە بەهیچ شێوەیەک خۆی دەرنەخستووە، بەپێچەوانەی زەرقاوییەوە کەهەر زوو وێنەکەی بەر دەستی ئەمریکیەکان کەوت. لەلایەکی تریشەوە بەغدادی لەڕووی ئەکادیمیەوە شەریعەتی ئیسلامی خوێندوەو پاشخانێکی ئایینی زۆری هەبووە. جگە لەوەش بەغدادی لە زەرقاوی توندڕەوتر و خوێناوی تر بووە. لەلایەکی تریشەوە لەسەردەمی بەغدادیدا بەتەواوەتی داعش لە قاعیدە جیادەبێتەوە، بگرە بەغدادی جەنگی لەدژی هەموو گرووپ و لایەنە ئیسلامییەکانی تر هەڵگیرساند. دواتر نووسه‌ر ده‌ڵێت: بەغدادی کەسێکی پراگماتی بووە و زیاتر هەوڵیداوە سوود لە هەلوومەرجی ناخۆشی عیراق وسوریا وەربگرێت، هه‌روه‌ها توانیویه‌تی بە شێوەیەکی پراگماتیکی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکان ببەستێت و ئەو پەیوەندییە پراگماتییەی بەغدایش وایکرد کە لەماوەیەکی ئێجگار کورتدا شاری موسڵ و رومادی و بەشێکی زۆری سوریا بکەوێتە چنگی داعشەوە.

پاکانەکردن بۆ داعش

دیارە ئەوەی جێگەی سەرنجە نووسەر هەوڵیداوە لەچەند ڕوویکەوە پاکانە بۆ کاروکردەوەکانی داعش بکات، بەبیناوی ئەوەی کە عەرەبی سوونە زوڵمیان لێکراوە لەلایەن مالیکیەوەو ئەمەش وەکو کاردانەوەیەکی سوونەکان بووە لەدژی شیعە، ئەمەش دیدی زۆربەی ناسیۆنالیستە عەرەبە سوونەکانە.

ئایا داعش تونڕەوترین

گرووپی تیرۆریستی جیهانە

نووسەر پێی وایە ئەوەی داعش کردوویەتی لەمێژوودا شتێکی ئاسایی بووە، بۆ نموونە دەڵێت: (هەموو جیهان دەڵێت داعش توندڕەوترین گرووپی جیهانە و لەمێژوودا شتی وانەبووە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، چونکە لە کاتی جەنگی بەلکاندا، سربەکان بە کەلە سەری نەیارانیان یاری دوو گۆڵیان کردووە، جگە لەوەش قاعیدە ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی سەربڕی، واتە داعش سەربڕین و کوشتن و سوتاندنی دانەهێناوە، ئەمە لەمێژوودا بوونی هەبووە. یان ڕێکخراوە زاینۆنیستەکان لەسەرەتای دروستبونی ئیسرائیلەوە، لە فەلەستین هەمان توندڕەوی داعشیان کردوو) ئەم قسانەی نوسەر زیاتر وەکو پاکانەیەکە بۆ داعش، چونکە تاوانەکانی داعش لە مێژووی هیچ گرووپ و لایەنێکدا نەبووە.

ئایا داعش دەوڵەمەندترین

ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهان بووە

نووسەر بەم پرسیارەوە خۆی خەریکردووەو دژی ئەم بۆچوونە دەوستێتەوە و دەڵێت: هەموو جیهان دەڵێت: داعش دەوڵەمەنترین گروپی تیرۆریستی جیهانە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، چونکە ڕێکخراوی فەتحی فەلەستینی خاوەنی 16 ملیارد دۆلار بووە.

شوبهاندنی داعش بە ئیسرائیل و شۆرشی ئیسلامی ئێران

نووسەر هاتووە داعش بە ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران دەشوبهێنێت و دەڵێت: ئیسرائیل لەسەر فکرێکی ئایینی توندڕەو دامەزراوە، کە پێیان وایە لەسەر پارچەیەک زەوی بنەمای دەوڵەتێکی ئایینی جولەکە دابمەزرێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئاساییە کە پشتیان بە توندوتیژی بەستووە. دواتریش دێته‌ سه‌ر ئێران و دەڵێت: لەسەرەتای دروستبوونی شۆرشی ئیسلامی لە ئێران، ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە باوەڕیان وابووە کە دەوڵەتێکی ئایینی دابمەزرێنن و پشتیان بە توندوتیژی بەستووەو دژی گرووپەکانی تر کاری توندوتیژیان کردووە. داعشیش بەهامنشێوە باوەڕی وایە کە پێویستە لەسەر پارچەیەک زەوی دەوڵەت لەسەر بنەمایەکی فکری ئایینی توندڕەو دابەمەزرێنێت. ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ داعشدا تەواو جیاوازن، من پێم وایە هۆکاری سەرەکی وەرگێرانی ئەم کتێبەش بۆ عەرەبی تەنها بۆ ئەم دوو خاڵە دەگەڕێتەوە چونکە نووسەر لەچەندین شوێندا داعش بە ئیسرائیل وبزووتنەوەی زایۆنیزم و شۆرشی ئیسلامی دەشوبهێنێت.

کورد و داعش

نووسەر لەچەند شوێنێکدا باسی کورد دەکات ودەڵێت: “ئەمریکا پێشمەرگە و پەکەکەی پڕ چەککردووە لەجەنگی دژ بە داعش، لەکاتێکدا پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە ئوروپا و ئەمریکا دادەنرێت.” ئەمەش هەڵەیەکی تری نووسەرە چونکە ئەمریکا هیچ کاتێک پەکەکەی پر چەک نەکردووە، جگە لەوەش نووسەر لەچەند شوێنێکدا مافی ڕەوای کورد بۆ دروستبوونی دەوڵەت، وەکو سیاسەتێکی نادروست وەسف دەکات.

ئایا ڕۆژئاوا

لەگەڵ داعشدا دانووسان دەکات

لە کۆتاییدا نووسەر دەگاتە دەرئەنجامێکی ترسناک و دەڵێت: ئایا بۆچی نابێت رۆژئاوا لەگەڵ داعشدا دانوسان بکات؟ نووسەر دەڵێت: ڕاستە لە سەرەتادا داعش پشتی بە توندوتیژی بەست، بەڵام لەدواییدا دەتوانێت خۆی لەگەڵ سیاسەتی جیهاندا بگونجێنێت، دیسانەوە ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی بەنموونە دەهێنێتەوەو دەڵێت: سەرەتا هەردوو دەوڵەت پشتیان بە توندوتیژی بەست بەڵام دواتر خۆیان لەگەڵ جیهاندا گونجاند، داعشیش دەتوانێت هەمان شت بکات. ئەمەش پاکانەیەکی ترە کە نووسەر بۆ داعشی دەکات و دەیەوێت ئەو هەموو تاوانە گەورانەی داعش بە شتێکی ئاسایی وەسف بکات و داواش دەکات کە رۆژائاوا لەگەڵیدا گفتووگۆ ودانووستان بکەن، چونکە داعش لەبێ ئەزموونیەوە شتی وا دەکات.

دوا قسە

بە دڵنییایەوە من کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە بەلامەوە زۆر سەیربوو کە ژنێک بێت بە چاوێکی سۆزەوە سەیری تاوانەکانی داعش بکات و بە شتێکی ئاسایی سەیری بکات، لێ گرنگە ئێمەی کورد بەئاگاییەوە سەیری تێڕوانییە جیاوازەکان بکەین و بزانین جیهانبینی ڕۆژئاوا بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵات چۆنە، هەندێکیان لە بێئاگاییەوە سەریهەڵگرتووەو هەندێکی ترشیان لە ئاگاییەوە سەیری ناوچەکە دەکات و بە بەرژەوەندی خۆی ڕووداو کێشەکانی ناوچەکە بەکاردەهێنێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م کتێبه‌ قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام ته‌نها به‌م چه‌ند په‌یڤه‌ ویتسم تیشکێک بخه‌مه‌ سه‌ر دید وتێڕوانینی نووسه‌رێک بۆ داعش، که‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ و خه‌ڵکی تر.

سەرچاوە:

لوریتا نابولیونی: الدولە الاسلامیە داعش و اعادە ترسیم حدود الشرق الاوسط. ترجمە ساهر کروم. الطبعە لالاولی. دار الوراق. بغداد.2015

PUKmedia ئا/ ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

بۆچوون