Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/06/17 13:21
نوسەر: جینۆسایدی کورد

جینۆسایدى ئێزیدیەکان ..خەمێکى گەورەتر لە هى ئەوان

   هیوا سەید سەلیم

دواى دووساڵ لە تاوانى تیرۆرستانى داعش لەبەرامبەر خەڵکى ئێزیدى لە ناوچەکانى ئێزیدىخانە بەتایبەتیش لە شەنگار و دەورووبەرى ، سەرەنجام لیژنەى لێکۆلێنەوە لەو تاوانە ، کە لە لایەن نەتەوەیکگرتووەکان بۆ لێکۆلینەوە لە تاوانەکانى تیرۆرستانى ئیسلامى داعش لە سوریا و عێراق پێکهاتووە ،  بریاری دا کە تاوانى کۆمەڵکوژى ئێزیدیەکان بە (جینۆساید ) بناسێنیت .

لە مانگى ئابى ٢٠١٤ تیرۆرستانى ئیسلامى داعش دواى دەستگرتنیان بەسەر شارۆچکەى شەنگار ، ژمارەیەکى زۆر لە کچ و ژنى ئیزیدیان وەک کەنیزەک گرت و بۆ شارەکانى ژێردەسەڵاتى خۆیان گواستنەوە ، تا لەو شوێنانە بە گەڕانەوە بۆ یاسا و ڕێساکانى خۆیان وەک سەبایە و کەنیزەک سەوداو مامەڵەیان پێبکەن ، ژمارەى ئەو ژن و کچانەى ئێزیدى کە کەوتنە ژێردەستى داعش نزیکەى (٤٥٠٠ )کەس دەبوون ، ئەمە سەرەڕاى کووشتنى هەزاران هاوڵاتى ترى کوردى ئێزیدى و شاردنەوەیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان .

ئەو تاوانەى تیرۆرستانى داعش چەند بارەبوونەوەى تاوەنەکانى ترە ، کە بەسەر کوردا هاتوون ، بەتایبەت تاوانى فەرمانى ئێزیدیەکان ، بەڵام ئەوەى ئەمجارەیان بەرامبەر ئێزیدیەکان ئەنجامدرا ، تاوانێک بوو لەسەردەمى گەشەى تەکنەلۆجیا و گڵوبالیزم ئەنجام دراوە ، بۆیە ئاسان نەبوو  وەک تاوانەکانى ڕابردوو پەردەپۆش بکرێت و تێپەڕیت و کەس باسى نەکات .

بەڵام پرسیارەکە لێرەیە ، کە ئایا لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتیش حکومەتى هەرێمى کوردستان کە تاوانى جینۆسایدى ئێزیدیەکان لە ژێر سێبەرى دەسەڵاتى ئەو ئەنجامدراوە و جارجارەش رەخنەى زۆرى لەو بارەیەوە ئاڕاستە دەکرێت ، بەتایبەت لە لایەن خەڵکى ئێزیدیەوە چى بۆ ئەو کێسە کردووە و لەمەودوا چى دەکات ؟

بەداخەوە لە کاتێکدا کە دەبینین خەلکێکى زۆر لە رێکخراوە خۆبەخشەکانى تایبەت بە مافى مرۆف و چالاک لە بوارى جینۆساید و نووسەران و خەڵکى خەمخۆر خەریکى ئەو دۆسیەن ، کۆڕو کۆبوونەوەى بۆ دەگێڕن و داتا و بەڵگەى لەسەر کۆدەکەنەوە ، لەسەر ئاستى وڵاتان دەگەڕێن بۆ زامنکردنى کۆمەک و پشتیوانى لەو دۆسیە ، کەچى نایبنین لە ئاستى حکومەتى هەرێم لە ناوخۆ و لەسەر ئاستى نوێنەرەکانى لە دەرەوە و وڵاتان بە بارتەقاى کەسێکى وەک (نادیە موراد) کاریان کردبێت .

 ئەو کچە کە قوربانیەکى دەستى تیرۆرستانى داعشە، نموونەى ئەو کچانەشە کە وەک شایەدێکى زیندوو دەکرێت زۆر سوودى لێ ببینرێت لە لایەن حکومەتى هەرێم کەمترین پشتیوانى لێکراوە .

هەمووان دەزانین کە حکومەتى هەرێم ئەو دۆسیەشى بە دەردى شتەکانى تر بردووە ، لەوەى زۆر خەمساردانە مامەڵەى لەگەل کردووە ، هەربۆیەشە  رەخنەى هەموو لایەک لە حکومەتى هەرێم لەوەدایە ، کە ئەو دەرفەتەش لە دەستدەدات بەبێ ئەوەى بتوانێت بەکەمترین ئەرکى یاسایی و سیاسى و مرۆیی خۆى هەڵسێت ، ئەویش دیارە بۆچى ؟

حکومەتى هەرێم و دەسەڵاتدارانى ئەو هەرێمە هێندەى خەڵکى کوردستانیان سەرقاڵى کێشە سیاسیەکان کردووە ، نەهاتوون ئاوڕێکى جدى لە پرسێکى گرنگى وەک پرسى جینۆسایدى ئێزیدیەکان بدەنەوە ، لەهەرێمى کوردستان لە شوێنى ئەوەى پەرلەمان و وەزارەتەکانى تایبەت بە مافى مرۆف و شەهیدان دەستکراوە بکرێن بۆ کارکردن لەسەر ئەو کێسە ، پەرلەمان پەکخراوە و حکومەتیش ئیفلیج و بێکارە .

بەلام ئەوەى کە جێگاى خۆشحاڵیە ئەوەیە کە  دوا بڕیارى ئەو لیژنەىەى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان زۆر لە خزمەتى ئەو دۆزە دەبیت و ئەو هەڵمەتە بەرفراوانەی کە ڕاگەیاندنەکان و چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ پشتیوانى لە بە جینۆسایدى ئێزیدیەکان دەستیان داوەتێ ئەو کەلێنە پڕدەکاتەوە کە حکومەتى هەرێم لەبەرامبەر ئەو پرسە درووستى کردووە .

دیسان تێدەگەین کە خەمى خەڵک چەندە لە خەمى ئەو دەسەڵاتە گەورەترە ، کە بەرپرسیارەتى ژیان و گوزەرانى خەڵکى لە ئەستۆیە و بەو شێوە خەمساردانە مامەڵەى لەگەڵ هەموو پرسەکان بە تایبەتیش پرسى گرنگى ئێزیدیەکان دەکات .

 

بۆچوون