Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/08/01 18:23
نوسەر: جینۆسایدی کورد

جینۆسایدى ئێزدییه‌كان: سه‌لمه‌، چوار جار فرۆشراوه‌ته‌وه‌

جینۆسایدى ئێزدییه‌كان:
سه‌لمه‌، چوار جار فرۆشراوه‌ته‌وه‌
ئا: گوڵباخ حه‌سه‌ن
، چیرۆكى ژنێك ده‌گێڕینه‌وه‌، به‌ سكپڕیی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستى داعش و پاش ئازارو نه‌هامه‌تیه‌كى زۆر، به‌ پاره‌ ئازاد ده‌كرێت. چیرۆكى ئه‌م ژنه‌ كه‌ده‌یگێڕینه‌وه‌، چپرۆكێكى زۆر تراژیدیی و ناخ هه‌ژێنه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ بیستنى سڕ ده‌بین، من بۆخۆم كه‌ دیداره‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌م ژنه‌دا ئه‌نجامداوه‌، هه‌موجار بیرم ده‌كه‌وێته‌وه‌و ئازارم ده‌دات. باپێكه‌وه‌ گوێبیستى چیرۆكى ئه‌م ژنه‌ بین كه‌ ناوى سلمه‌یه‌.. سه‌لمه‌ باسى دڕندایه‌تى “داعش”مان بۆ ده‌كات.
سلمه‌، ته‌مه‌نى”22″ ساڵه‌و خاوه‌نى 4 مناڵه‌، یه‌كێك له‌ مناڵه‌كانى له‌و كاته‌ى لای داعش بوه‌ له‌دایكبوه‌. مناڵه‌كانى ته‌مه‌نیان له‌نێوان” 7 بۆ 3″ ساڵیدان و هه‌مویان ساوابون. له‌كاتى ده‌یتگیركردنى دووگیان بوه‌ “چل رۆژ”، له‌ماوه‌ى رفاندن و ده‌سبه‌سه‌ربوونى لای داعش، چوارجار فرۆشراوه‌و كڕین وفرۆشتنى پێوه‌كراوه‌و دواتر له‌به‌رامبه‌ر “6” هه‌زار دۆلار رزگار كراوه‌. پاش ئازادكردنیشی، بۆ چاره‌سه‌ر براوه‌ته‌ ئه‌ڵمانیاو نزیكه‌ى ساڵ و نیوێكه‌ له‌و وڵاته‌یه‌، ئێستا بۆ سه‌ردانى هاوسه‌ره‌كه‌ى هاتوه‌ته‌وه‌ كوردستان.
وه‌ك ئاژه‌ڵ به‌ربوونه‌ گیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌
سلمه‌، چیرۆكى ئه‌و رۆژه‌ى گێڕایه‌وه‌ كه‌له‌ گونده‌كه‌ى خۆیان كه‌ناوى (كۆچۆ)یه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ڕفێنرێن و ئیتر لێره‌وه‌ زنجیره‌ى مه‌رگه‌ساته‌كانى ده‌ستپێده‌كات.
سلمه‌ وتی:” ئێمه‌ له‌ گوندی (كۆچۆ ) ئاگاداری خه‌ڵكى مه‌ده‌نى بووین، هه‌رئه‌وه‌نده‌مان زانی داعش دایبه‌سه‌ر گونده‌كه‌مانداو ده‌ستیانكردبه‌ گرتنی خه‌ڵك و وه‌ك ئاژه‌ڵ به‌ربوونه‌ گیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌و هه‌موویان له‌ شوێنیك كۆكرده‌وه‌. سه‌لمه‌ و منداڵه‌كانى و خه‌سوى پێكه‌وه‌ گیران و هاوسه‌ره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌بو. له‌وێوه‌ بردویانه‌ بۆ گوندى “سۆلاغ”. هه‌رله‌وێدا ژن و پیاوه‌ كانیان جیاكرده‌وه‌، ژن و مناڵو كچه‌كانیان برد بۆته‌له‌عفه‌ر، هه‌رله‌وێدا زۆربه‌ی پیاوو كوڕه‌ هه‌رزه‌كارو مناڵه‌كانیان كوشتن به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان گه‌وره‌بو، ئه‌وانه‌شی مایه‌وه‌ نازانرێت چیان پێكراوه‌.
. هه‌ر كه‌سێك ناڕه‌زایی بوایه‌ ده‌یانكوشت
دواتر براین بۆ بادوش، له‌وێ خواردنیان ته‌نها سه‌موون و په‌نیرو ماست بوو، جار جاره‌ش برنجیان دروست ده‌كرد. ده‌ڵێت: من بۆخۆم هه‌رسێ منداڵه‌ كه‌م 24 كاتژمێره‌كه‌ 3 سه‌موون و سێ په‌نیرم وه‌رده‌گرت، ئه‌گه‌ریش برنج بكرایه‌ یه‌ك قاپی بچوك كه‌ مناڵێكی یه‌ك ساڵیش بیخواردایه‌ تێر نه‌ده‌بوو. وتیشی: خواردنیان نه‌ده‌دایه‌ منداڵه‌كان ئیتر گه‌وره‌ كانیش به‌شه‌كه‌ی خۆیان ده‌دایه‌ منداڵه‌كان.له‌به‌ر پیسی سه‌رمان نه‌مان ئه‌توانی سه‌ر به‌نه‌ینه‌وه‌ تاڵه‌ كانی قژمان له‌ سیم ڕه‌ق تربوون، ڕه‌شكو سپی دایبو له‌سه‌رمان سپێكان یه‌ك دانه‌یان به‌ قه‌د ده‌نكه‌ برنجێك ده‌بوون.
ئه‌م ژن و مناڵه‌ ئێزیدییانه‌، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك سوكایه‌تیان پێكراوه‌و له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌كارهێنراون. له‌و شوینه‌ى كه‌ ماونه‌ته‌وه‌، وه‌كو قه‌ڵغانى مرۆیی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌كارهێنراون بۆ ئه‌وه‌ى فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى هاوپه‌یمانان بۆردومانى ئه‌و ناوچانه‌ نه‌كه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك ناڕه‌زایی بوایه‌ ده‌یانكوشت. به‌به‌رچاومانه‌وه‌ مناڵ و ژن و پیاوه‌كان ده‌كوژران ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌وڵی ڕگاركردنیان ده‌دا زۆر به‌ ئازاره‌وه‌ ده‌یان كوشت ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆریان ده‌دان، یه‌كێك له‌ كچه‌كان ڕای كردبوو هێنایانه‌وه‌و به‌به‌رچاوی ئێمه‌وه‌ ڕووتیان كرده‌وه‌ دواتر بردیان بۆكوشتن.

ئه‌ندامانى ترى خێزانه‌كه‌یان ده‌كوژن
سلمه‌ باس له‌وه‌ده‌كات له‌ ته‌له‌عفه‌ر داوایان لێكراوه‌ ببنه‌ موسوڵمان، هه‌ركه‌سێك نه‌بوایه‌ته‌ موسوڵمان ده‌كوژرا، بۆیه‌ به‌ناچارى و له‌ ترسدا بون به‌ موسوڵمان، وایان زانیوه‌ ئه‌گه‌ر ببنه‌ موسوڵمان ئه‌وان له‌گه‌ڵیان چاك ده‌بن و داعشه‌كان خه‌می ئه‌وه‌یانه‌ خه‌ڵك ببێته‌ موسوڵمان، كه‌چى دواى بونیشیان به‌ موسوڵمان، هه‌ر به‌رده‌وام بون له‌ سوكایه‌تى و ئازار دانیان.
سلمه‌ له‌به‌شێكى ترى قسه‌كانى دا، باسی له‌وه‌كردچۆن براون بۆ موسڵ و له‌وێشه‌وه‌ براون بۆ ره‌قه‌، باس له‌وه‌شده‌كات یه‌كێك له‌ فێڵه‌كانى داعش ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ وتویانه‌ هه‌ر كه‌سێك رابكات، ئه‌وا ئه‌ندامانى ترى خێزانه‌كه‌یان ده‌كوژن، ئه‌مه‌ش ناچارى كردون كه‌ بیر له‌ راكردن نه‌كه‌نه‌وه‌.
كچان له‌ ته‌مه‌نی 8ساڵ و نیوه‌وه‌ ده‌فرۆشان
سه‌ره‌تاى به‌ كۆیله‌كردنى ژن و كچه‌كان له‌ ره‌قه‌، پایته‌خته‌كه‌ى داعشه‌وه‌ ده‌ستى پێكرد. سه‌لمه‌ باس له‌وه‌ده‌كات له‌ ره‌قه‌ سه‌ره‌تا چه‌كدارانی داعش له‌ ناو خۆیاندا ژنان و كچه‌كانیان دابه‌ش كرد وه‌ك ده‌ست كه‌وتی جه‌نگ، دواتر ده‌ستیان به‌ كڕین و فرۆشتن كرد به‌ ژنان و كچانی ئیزیدی. باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ كچان له‌ ته‌مه‌نی 8ساڵ و نیوه‌وه‌ ده‌فرۆشان، نرخه‌كانیشیان به‌پێى ته‌مه‌ن بوو، هه‌تا منداڵ بوایه‌ پاره‌ی زۆر تری ده‌كرد، سه‌ره‌تاكه‌ داعشیه‌كان پاره‌یان زۆر بوه‌، كچی وایان ده‌كڕی به‌نزیكه‌ی یه‌ك ده‌فته‌ر دۆلار، به‌ڵام دوای خراپ بوونی باری ئابوری داعش، كڕین و فرۆشتن به‌ پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌كرا. ده‌شڵێت: ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ منداڵیان هه‌بوو ئه‌وانه‌شی ته‌مه‌نیان له‌ 30 ساڵ به‌سه‌ره‌وه‌ بوو كه‌مترین پاره‌یان ده‌كرد. سلمه‌ ده‌ڵێت: بینیومه‌ ژن فرۆشراوه‌ به‌ 100 دۆلار، یان كچی واهه‌بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی منداڵ بو، ڕۆژه‌كه‌ چوار جار ده‌ فرۆشرا، زۆر جاریش وه‌ك دیاری ده‌درانه‌ داعشه‌كان.
كچه‌كه‌ خۆی كوشت
سه‌لمه‌ به‌مشێوه‌یه‌ سه‌ره‌تاى به‌ كۆیله‌كردن و فرۆشتنى خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت: سه‌ره‌تا دوو ژن و كچێك بوین، كه‌سێك هه‌رسێكمانی كڕی كه‌ داعشێكی پیر بوو. باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌و كچه‌ی له‌ گه‌ڵمان بوو ته‌مه‌نی 10 ساڵ بوو، كه‌ پیاوه‌كه‌ ویستی ده‌ست درێژی بكاته‌ سه‌ر، كچه‌كه‌ خۆی كوشت.
ده‌شڵێت من و ژنێكی تر ماینه‌وه‌ هه‌ردووكمان منداڵمان هه‌بوو، چه‌كدارێكی داعش سه‌رپه‌رشتی ئه‌كردین، ده‌ستدرێژی كرده‌سه‌رمان و فرۆشتینی به‌ كه‌سێكی عێراقی ئه‌ویش ته‌مه‌نی زۆر گه‌وره‌ نه‌بوو، چوار پێنج شه‌و له‌گه‌ڵمان بوو، خه‌ریك بوو له‌ برسا ده‌مردین هیچی بۆنه‌ ده‌هێناین، كاتێك ئه‌و له‌ ماڵ ده‌رده‌چو په‌نامان برد بۆكه‌سێك دراوسێى ئێمه‌ بوو،خواردن و شیری بۆمنداڵه‌كان ده‌هێنا.
به‌و ئازارو خوێنه‌وه‌ هه‌ر ده‌ستدرێژی كرده‌سه‌ری.
سه‌لمه‌ ده‌ڵێت: دواتر پیاوێك كڕینی كه‌ سوری بوو، من و هاورێكه‌می كڕی هه‌ردووكمان 5منداڵ مان هه‌بوو، پێكه‌وه‌ ده‌ست درێژی ده‌كرده‌ سه‌رمان. ده‌شڵێت: ئه‌و پیاوه‌ ئێمه‌ی كڕی پیاوی ئاینی (واتا مه‌لا) بوو ناوی “ئه‌بو سلێمان” بوو.
له‌باره‌ى ئازاردانیانه‌وه‌، سلمه‌ ده‌ڵێت: كاتێك ئازاری ده‌داین منداڵه‌كان زۆر پێى تێك ده‌چون. باس له‌ ڕوداوێكى ناخۆشیش ده‌كات و ده‌ڵێت:
مه‌لا ئه‌بوسلێمان، بردمانیه‌ خانویه‌كی بچوك، له‌ سه‌ره‌وه‌ دایناین، سه‌ره‌تا بانگی هاوڕێكه‌می كرد زۆر به‌ زمانێكی ناشرین و به‌ قه‌هره‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی بكاته‌سه‌ری، ئه‌ویش نه‌چوو، هات زۆری لێدا، ده‌م و ددانی خوێناویی كرد، كه‌چى به‌و ئازارو خوێنه‌وه‌ هه‌ر ده‌ستدرێژی كرده‌سه‌ری.
ئه‌وپیاوه‌ فرۆشتینی به‌ كوڕێكى مناڵ
سلمه‌ ده‌ڵێ:” پاشان ئه‌وپیاوه‌ فرۆشتینی به‌ كوڕێكى مناڵ كه‌ ته‌مه‌نى 14 ساڵان بوو، خه‌ڵكى سعودیه‌ بو، ناوی “مه‌یسه‌ر” بوو، ده‌ڵێت: ئه‌وه‌نده‌ مناڵ بو ته‌نانت مووی ده‌ر نه‌ كردبوو، ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌ست درێژی كرده‌ سه‌رمان، ئازاری زۆری داین له‌ ژوورێك به‌ندی كردین، به‌ومان ووت ئێمه‌ وه‌ك دایكی تۆین وامان له‌ گه‌ڵ مه‌كه‌، پێ ووتین زوو جله‌كانتان داكه‌نن، دایكی جی پێكه‌وه‌ ده‌ست درێژی كرده‌ سه‌رمان، دواتر به‌ كه‌سێكی سوری فرۆشراین كه‌ داعش بوو، دواینجار فرۆشراین به‌ كه‌سێكی خه‌ڵكى لادێ، ده‌ڵێت: ئیتر ئاگام له‌ هاورێ كه‌م نه‌ما تائه‌و كاته‌ی ڕزگارم بوو.
سه‌لمه‌ له‌باره‌ى رزگاركردنیه‌وه‌، به‌مشێوه‌یه‌ چیرۆكه‌كه‌ى گیِرایه‌وه‌و وتى: ئێمه‌ له‌ ڕه‌قه‌ بووین بوردمانی چڕ هه‌بوو به‌رده‌وام له‌ داعشه‌كان ده‌كوژران، ئه‌و پیاوه‌ی منی كڕی له‌ گه‌ڵی قسه‌م كرد بۆ ئه‌وه‌ی خۆم و منداڵه‌كانم ڕزگار بكات، ئه‌ویش به‌ بڕێك پاره‌ ڕازی بوو، پێوه‌ندیم به‌ مێرده‌كه‌مه‌وه‌ كردو پلانێكمان دانا بۆ ئازادكردنمان به‌مشێوه‌یه‌ ئازادكرام له‌ گه‌ڵ هه‌ر چوار منداڵه‌كه‌م.
ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ كڕی بووی به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ وازی لێنه‌هێنا
ئه‌و تاڵاو و ناخۆشیانه‌ى كه‌ سه‌لمه‌و هاوڕێكانى بینیویانه‌، زۆر زه‌حمه‌ته‌ زمان بتوانێت بیگێڕێته‌وه‌. خۆی باس له‌وه‌ده‌كات قورسترین شت ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌زۆرو ناچارى سێكسیان ده‌كردن و كه‌چى پێشیان ده‌وتن ئێوه‌ پیسن، هه‌ربۆیه‌ زۆر توندوتیژ ده‌بون و لێیان ده‌دان.
باس له‌وه‌شده‌كات هه‌ندێك له‌ كچان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستدرێژییان نه‌كرێته‌ سه‌ر، خۆیان ده‌كوشت. یه‌كێك له‌ كچه‌كان ناوی هه‌یفا بوو، بۆئه‌وه‌ی ده‌ست درێژی نه‌كرێته‌ سه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌و پیاوه‌ى كه‌ كڕیبوى و ته‌مه‌نى زۆر گه‌وره‌ بوو، به‌ گوێزانی ریش تاشین له‌ حه‌مامی ماڵه‌ كه‌ هه‌وڵی خۆ كوشتنی دا، شه‌وه‌كه‌ی نه‌یان برد بۆنه‌خۆشخانه‌ به‌ له‌فاف پێچایانه‌وه‌، به‌ یانیه‌كه‌ی بردیان بۆ نه‌خۆشخانه‌، كه‌ هێنرایه‌وه‌ موخه‌زی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ڵام ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ كڕی بووی به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ وازی لێنه‌هێنا و به‌و هه‌موو هیلاكی و ببَهێزیه‌وه‌ ده‌ست درێژی كرده‌ سه‌ری.
چوار جار فرۆشراوه‌و زیاتر له‌ 7كه‌س ده‌ست درێژی كردوه‌ته‌ سه‌رى
سلمه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ گێڕانه‌وه‌ى مه‌رگه‌ساته‌كان، باس له‌وه‌ده‌كات مناڵه‌كانیشیان به‌ده‌رنه‌بون له‌ لێدان و ئازاردان، ئه‌وان له‌ برسانا ده‌گریان، كه‌چى ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ ئێمه‌یان كڕیبو لێیان ده‌دان.
باس له‌وه‌شده‌كات به‌ منداڵێك كه‌ ته‌مه‌نی كه‌متر له‌ ساڵیك بوو، چوار جار فرۆشراوه‌و زیاتر له‌ 7كه‌س ده‌ست درێژی كردوه‌ته‌ سه‌رى. سه‌لمه‌ ده‌ڵێت: من به‌ئه‌وانم وت نابینن مناڵێك له‌ سكمه‌و یه‌كێكیش شیر ده‌خوات چۆن ئه‌بیت وام له‌گه‌ڵ بكه‌ن، باشه‌ دین ناڵیت حه‌رامه‌؟ كه‌چى ئه‌وان ئه‌یانوت نه‌خێر حه‌رام نیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ وایان وتوه‌ درۆ ده‌كه‌ن.
به‌و خوێن و زه‌یسانیه‌وه‌ ده‌ستدرێژی كرده‌سه‌رم.
یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ى كه‌ سه‌لمه‌ هه‌رگیز بیری ناچێته‌وه‌ ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ كاتێَك له‌لای داعش منداڵى بووه‌، براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌. ده‌ڵێت: كه‌س به‌لامه‌وه‌ نه‌هات، هه‌رچه‌ند هاوارم كرد زۆر ناخۆش بوو، شه‌و و ڕۆژیك ژان گرتمی له‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌ مناڵه‌كه‌م بوو ئینجا هاتنه‌ سه‌رم. ده‌شڵێت: من هێشتا (زه‌یسان)بووم یه‌كێك له‌ پیاوه‌كان كڕیمی به‌و خوێن و زه‌یسانیه‌وه‌ ده‌ستدرێژی كرده‌سه‌رم.
ئه‌وی مرۆڤایه‌تی پیێَ ناخۆش بوو پێمان كرا
باس له‌وه‌شده‌كات دوای ڕزگاربوونم له‌لای داعش به‌ ته‌واوه‌تی باری ده‌رونیم خراپه‌ هه‌رچه‌ند له‌ ژێر چاره‌سه‌ری ده‌رونیم، به‌ڵام هێشتا باری ده‌روونیم باش نه‌بوه‌و منداڵه‌كانیشم هێشتا ئاسایی نه‌بوونه‌ته‌وه‌.
سه‌لمه‌ به‌ خه‌مگینیه‌كى قوڵه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئه‌وی مرۆڤایه‌تی پێ ناخۆش بوو پێمان كرا، به‌ ته‌واوه‌تی هه‌موو ژنان و منداڵان و پیاوانی ئیزیدی بریندارین باری ده‌رونیمان ئارام نابیته‌وه‌، هه‌تابێت یادگاریه‌ ناخۆشه‌كان بۆئێمه‌ تازه‌ ده‌بنه‌وه‌.
من ئاماده‌كارى ئه‌م چیرۆكه‌ ته‌نها ده‌ڵێم، هیوادارین ئه‌م چیرۆكانه‌، نزیكی كردبێتنه‌وه‌ له‌ ئازارى ئه‌و مرۆڤانه‌ كه‌ قه‌ده‌ر خستنیه‌ نێو تۆڕێك له‌ بونه‌وه‌رى دڕنده‌ كه‌ مه‌گه‌ر له‌ چاخه‌كانى ناوه‌ڕاست دا وێنه‌یان هه‌بوبێت.
هیوادارین هه‌مومان به‌ به‌رپرسیارێتیه‌وه‌، له‌ ئاست ئازارو قوربانیدانى ئه‌و مرۆڤانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین.

بۆچوون