Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/08/01 18:40
نوسەر: جینۆسایدی کورد

جینۆسایدى ئێزدییه‌كان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان

جینۆسایدى ئێزدییه‌كان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان
ئا: جینۆساید كورد
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رۆژى 16-6-2016له‌ جنێڤ، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سروشت و ناوه‌رۆكی تاوانه‌كه‌، كۆمه‌ڵكوژی و ره‌شبگیری ئێزیدیه‌كانی كوردستانی وه‌ك جینۆساید ناسی. له‌ هه‌مان كاتدا داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاساییشی نیوده‌وڵه‌تی كرد كه‌ كه‌یسی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان ره‌وانه‌ی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ لاهاى بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دادگایه‌ له‌م تاوانه‌ مه‌زنه‌ بكۆڵێته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ل شایه‌تحاڵه‌كان و قوربانیه‌كان كراوه‌. تیایدا تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر ته‌واوی ئه‌و جۆره‌ كۆمه‌ڵكوژی و ئازاره‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ی ئێزیدیه‌كان پیا تێپه‌ڕ بوون له‌ ژێر سایه‌ی داعشدا، كه‌ له‌ كوشتو بڕی به‌كۆمه‌ڵ، و كڕین و فرۆشتن به‌ مرۆڤ و كۆیله‌ی سێكسی و قاچاغچێتی به‌ منداڵ و زه‌بروزه‌نگی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌ گۆڕینی ئاین و راگواستن و برسیكردن و داماڵینی منداڵان له‌ دایك و باوك و داماڵینی مرۆڤ له‌ماڵ وحال و‌ ئازادیه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كان.
جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی تاوانى ئه‌نفال گه‌وره‌یه‌. هه‌ردوو تاوان جارێك به‌ ناوی عروبه‌ و جارێكی دی به‌ناوی خواو ئیسلامه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزی عه‌ره‌بی سوننه‌وه‌ ئه‌نجام دراون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كاره‌ساتی ئێزیدییه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات و برینه‌كه‌ی بۆ كورد قووڵترو پڕژانتر ده‌كات ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی، وه‌ك پیشه‌ی ده‌یان ساڵه‌ی خۆی، به‌رگری له‌ گه‌له‌كه‌یان بكه‌ن و ژیان و خاك و كه‌رامه‌تییان بپارێزن، ئه‌وانیان بۆ ره‌حمه‌تی داعش به‌جێ هێشت و ته‌نانه‌ت تاكه‌ سه‌عاتێك به‌رگرییان لێ نه‌كردن. راپۆرته‌كه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌، به‌ زه‌قی ئاماژه‌ به‌ كه‌مته‌رخه‌می و هه‌ڵاتنی هێزی پێشمه‌رگه‌، له‌ شه‌نگاڵ، ده‌كات. له‌ راپۆرته‌كه‌دا، كه‌ نزیكه‌ی چل لاپه‌ڕه‌یه‌، نووسراوه‌:
(رۆژی ٣ی ئاب ٢٠١٤ كاتێك چه‌كدارانی –داعش- به‌ره‌و شه‌نگاڵ چوون و رووبه‌ڕووی هیچ به‌رگرییه‌ك نه‌بوونه‌وه‌. ژماره‌یه‌كی زۆری پێشمه‌رگه‌ جێیه‌كانی خۆیان چۆڵ كرد و له‌ به‌رامبه‌ر پێشره‌ویی داعشدا، به‌بێ هیچ به‌رگرییه‌ك كه‌ شایه‌نی باسكردن بێت، كشانه‌وه‌و زۆربه‌ی ناوچه‌كانی شه‌نگاڵیان به‌جێ هێشت. دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ له‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ئاگادار نه‌كرانه‌وه‌، هه‌روا هیچ بڕیارێك بۆ ده‌ربازكردنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌ ناوچه‌كه‌ نه‌دراو زۆربه‌ی گونده‌كان ئاگاداری تێكچوونی باری ئه‌منیی ناوچه‌كه‌ نه‌بوون.
راپۆرته‌كه‌ به‌وردی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزیدییه‌كان باس ده‌كات، جیهان و مرۆڤایه‌تی له‌ گه‌وره‌یی و سامناكیی ئه‌م تاوانه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، داواش ده‌كات هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌و ٣٢٠٠ ژن و منداڵه‌ی، كه‌ هێشتا له‌لای داعش راگیراون، رزگار بكه‌ن. هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاساییش ده‌كات كه‌ ئه‌م كه‌یسه‌ ره‌وانه‌ی دادگای تاوانی نێوده‌ڵه‌تی، له‌ لاهاى، بكات، تا ئه‌وان له‌م تاوانه‌ بكۆڵنه‌وه‌، سه‌رانی داعش و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ستیان له‌ پلاندانان و كۆمه‌ككردن به‌م تاوانه‌ هه‌یه‌ راپێچی به‌رده‌م دادگایان بكه‌ن. چونكه‌ داعش ته‌نیا لایه‌نیكی ئه‌نجامده‌ری ئه‌م تاوانه‌یه‌، لایه‌ن و ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پشت په‌رده‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانێت ئاشكرایان بكات.
ئه‌م بریاره‌ گرنگه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و بردنی ئه‌م كه‌یسه‌ بۆ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ پڕبایه‌خه‌و شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ڕووی یاسایى، سیاسییه‌وه‌ به‌ فراوانی باس بكرێت. گرنگیی ئه‌م راپۆرته‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌:
یه‌كه‌م: كه‌یسی جینۆسایدی ئیزدییه‌كان، له‌ ڕووداوێكی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان و عێراقه‌وه‌، ده‌گۆڕێت به‌ كه‌یسێكی جیهانی. واتا له‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی ده‌رده‌هێندرێت و ده‌درێته‌ دادگایه‌كی جیهانی، كه‌ خۆی به‌دوای هه‌قیقه‌تی مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌كه‌وێت. تاوانی جینۆساید، له‌ هه‌ر وڵاتێكدا روبدات به‌ تاوان به‌رامبه‌ری ته‌واوی مرۆڤایه‌تی داده‌ندێت. بۆیه‌ ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ده‌زگاو دادگاو رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤه‌ كه‌ داكۆكی له‌م كه‌یسه‌ بكه‌ن، به‌رپرسانی ئه‌م تاوانه‌ ره‌وانه‌ی دادگا بكه‌ن و به‌ سزای خۆیانیان بگه‌یه‌نن. له‌م بیست ساڵه‌ی دواییدا ده‌یان سه‌رۆك ده‌وڵه‌ت و گه‌وره‌به‌رپرسی سیاسی و سه‌ربازی چه‌ندان وڵات، تومه‌تی كۆمه‌ڵكوژی و تاوانی جه‌نگیان دراوه‌ته‌ پاڵ، به‌شێكیان له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تیدا، دادگایی كراون و سزا دراون، به‌شێكی تریشیان له‌ وڵاتانی خۆیاندا، به‌ چاودێریی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، دادگایی كراون، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش به‌یاسا ناچاركراون كه‌ بڕیاری دادگا جێبه‌جێبكه‌ن. بۆ نموونه‌ سه‌رۆكی پێشووی یۆگۆسلاڤیا سلوبۆدان میلۆسۆڤیچ و چه‌ند به‌رپرسێكی سه‌ربازی و سیاسیی ئه‌و وڵاته‌، به‌پرسانی جینۆسایدی رواندا، كه‌مپۆدیا و سیرالیۆن…تاد.
دووه‌م: دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دیارده‌ی داعش ده‌كۆڵێته‌وه‌و ئه‌و هێزو ده‌وڵه‌ت و لایه‌نانه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ كۆمه‌كی سه‌ربازی و ئابووریی داعشیان كردووه‌، رێگایان بۆخۆش كردووه‌ كه‌ بگاته‌ عێراق و كوردستان و ئه‌م تاوانه‌ ئه‌نجام بدات. هه‌روه‌ها ره‌نگه‌ دادگا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی ده‌ست بكه‌وێت كه‌ بۆچی داعش به‌گژ كورددا كرا؟ چۆن و به‌ كام مه‌به‌ست و ئامانج په‌لاماری شه‌نگاڵی دا؟ دادگا ده‌بێت له‌ رێی بینینی به‌رپرسانی حكومه‌ت له‌ شه‌نگاڵ ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازی و ئه‌منیانه‌ی له‌ شه‌نگاڵ به‌رپرس بوون، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌ست بكه‌وێت كه‌ بۆچی ئه‌و هێزه‌ پڕچه‌ك زه‌به‌ڵاحه‌ی (پێشمه‌رگه‌) كه‌ به‌هه‌زاران بوون، هه‌ڵاتن و داكۆكییان له‌ خه‌ڵك نه‌كرد، یان ته‌نانه‌ت خه‌ڵكه‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌یان ئاگادار نه‌كرده‌وه‌ تا ناوچه‌كه‌ به‌جێ بهێڵن، وه‌ك له‌ راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا به‌ ڕوونی باس كراوه‌؟ ئایا به‌رگرینه‌كردن و به‌جێهێشتنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی شه‌نگاڵ بڕیاری خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی شه‌نگاڵ بووه‌، یان ئه‌وان به‌بریاری سه‌رووی خۆیان شه‌نگاڵیان به‌جێ هێشتووه‌؟ هه‌روه‌ها دادگا ده‌توانێت بگاته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ ئایا ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌، كه‌ به‌رامبه‌ر ئێزیدییه‌كان و كوردو مرۆڤایه‌تیی كراوه‌، له‌ چوارچێوه‌ی پلانێكی سیاسی_موخابه‌راتیی كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌ت و لایه‌نی ناوچه‌ییدا بووه‌، یان نا؟ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ی بۆ ڕه‌وانه‌ بكرێت، ده‌توانێت، دوای لێكۆڵینه‌وه‌و دادگاییكردن، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌و زۆر پرسیاری تریش بداته‌وه‌، ئه‌و كه‌س و لایه‌نه‌ به‌رپرسانه‌ی له‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌دا به‌شداربوون، له‌ هه‌ر پۆست و پله‌یه‌كدا، بن. بهێنێته‌ به‌رده‌م دادگا و سزایان بدات.
سێیه‌م: قوربانیانی ئێزیدی ده‌بێت له‌ڕووی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌. دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانێت ئه‌و ده‌وڵه‌ت و لایه‌نانه‌ی ده‌ستیان له‌م كوشتاره‌دا هه‌بووه‌، یان كۆمه‌كیان به‌ داعش كردووه‌، ناچار بكات قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووان بكه‌نه‌وه‌.
چواره‌م: ئیزدییه‌كان ده‌توانن، بۆ رێگرتن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی جینۆسایدی تر، داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن كه‌ خۆیان، له‌ژێر چاودێری و پارێزگاریی ئه‌واندا، ناوچه‌كانی خۆیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و چیتر بنده‌ستی هیچ هێزو لایه‌نی تر نه‌بن، چونكه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێم (پارتی) نه‌یانتوانی له‌ ته‌نگانه‌و لێقه‌وماندا، بۆ تاكه‌ ده‌قیقه‌یه‌ك به‌رگریان لێ بكه‌ن، له‌ جیاتیان روو به‌ڕووی ئه‌م كوشتاره‌یان كردنه‌وه‌. به‌مه‌ش بۆ خه‌ڵكی ئێزیدی و دنیایان سه‌لماند، كه‌ ئه‌وان شایه‌نی ئه‌وه‌ نین حوكمڕانی ئێزیدییه‌كان بكه‌ن.
دانانی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزیدییه‌كان، له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، به‌ جینۆساید، ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێزیدییه‌كان و هه‌موو كورد، هه‌روا به‌ قازانجی دادو دادپه‌روه‌رییه‌ له‌ جیهاندا. بۆیه‌ پێویسته‌ یاساناسان و رێكخراوه‌ سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریه‌كانی كورد، له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی وڵات، به‌ته‌نگ جێبه‌جێكردنی ئه‌م بریاره‌وه‌ بن و پشتگیری و كۆمه‌كی پارێزه‌رانی ئه‌م كه‌یسه‌ جیهانییه‌ بكه‌ن، ریگه‌نه‌ده‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاساییش، به‌ هه‌ر بیانوو و به‌هانه‌یه‌ك بێت، ئه‌م كه‌یسه‌ رابگرێت و ره‌وانه‌ی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌كات. له‌ هه‌مان كاتدا پێویسته‌ به‌ ڕێزو حورمه‌تێكی زۆره‌وه‌ چاو له‌ ره‌نج و ماندوبوونی یاساناسی جیهانی و داكۆكیكاری مافی مرۆڤ خاتوو ئه‌مه‌ل كلونی بكرێ، كه‌ خۆی كردۆته‌ خاوه‌نی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و جیهاندا داكۆكی لێ ده‌كات. ئه‌م خانمه‌ پسپۆری یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌و تا ئێستا، وه‌ك پارێزه‌ر، داكۆكی له‌ كۆمه‌ڵێك كه‌یسی گه‌وره‌ی جیهانی كردووه‌، له‌وانه‌ كه‌یسی داهێنه‌ری ویكیلیس جولیان ئه‌سانج و سه‌رۆكوه‌زیری پێشووتری ئۆكراینا خاتوو تیمۆشینكا.
تێبینى:
-ده‌قى بڕیاره‌كه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ “41” لاپه‌ڕه‌ پێك دێت، كه‌ وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كرد له‌ 16-6-2016 ده‌رچوه‌و به‌فه‌رمى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
-كوردستانى نوێ، له‌ ئاماده‌كردنى ئه‌م بابه‌ته‌دا له‌ یه‌ك كاتدا پشتى به‌ ده‌قى بڕیاره‌كه‌و هاوكات كتێبى “ژنانى ئێزدى وه‌ك كه‌نیزه‌ك، ره‌وشى ژنانى ئێزدى له‌ فه‌رمانه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامیه‌كاندا”، نوسینى: دكتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدلڕه‌حمان “ده‌ست نووس” به‌ستوه‌.

بۆچوون