Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2016/08/30 11:27
نوسەر: جینۆسایدی کورد

له‌ رۆژی جیهانیی بێسه‌روشوێنكراواندا ‌

ته‌ها سلێمان‌

30/8ی هه‌موو ساڵێك رۆژی جیهانیی بێسه‌روشوێنكراوانه‌، مێژووی دروستبوونی ئه‌م رۆژه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ستپێشخه‌ریی كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتیی كه‌سوكاری ده‌ستگیركراوو بێسه‌روشوێنكراوان له‌وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌مریكای لاتین، له‌ساڵی 1981دا رێكخراوێكی ناحكومییان دامه‌زراند له‌كۆستاریكا، كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ناوخۆی وڵات‌و هه‌رێمه‌كان‌و چه‌ند وڵاتێكی ده‌وروبه‌ری ده‌كرد وه‌ك تۆڕێكی رێكخراوه‌كان دژ به‌زیندانی نهێنی‌و بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ، كارو چالاكییان ئه‌نجامده‌دا له‌چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی ئه‌مریكای لاتین.
كاركردن له‌سه‌ر بێسه‌روشوێنكراوان له‌جیهاندا، بۆته‌ به‌شێك له‌كارو چالاكیی هه‌ندێك له‌ڕێكخراوه‌كانی بواری مافی مرۆڤ‌و هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان، وه‌ك رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی، كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خاچی سوورو چه‌ندین رێكخراوی تر.
كوردو كوردستان‌و پێكهاته‌كانی له‌باشوور، به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م هێرش‌و په‌لاماری دڕندانه‌ی رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقدا بوون، سه‌ره‌ڕای به‌رگریی‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا قوربانیی بێشومارو بێئه‌ندازه‌ دراوه‌، ته‌نها به‌ئه‌نجامگیرییه‌ك له‌ئه‌نجام‌و قوربانییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، هاوكات ئه‌م سه‌ده‌یه‌ی تیایدا ده‌ژین، ئه‌م ئه‌نجامگیرییه‌، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن كه‌ تاوان له‌دژی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر خاك‌و نیشتمانه‌كه‌ی، هه‌روه‌ك له‌دژی ته‌واوی پێكهاته‌كانی تری نیشته‌جێی سه‌ر ئه‌م خاك‌و نیشتمانه‌، له‌زۆربه‌ی كاته‌كاندا گه‌یشتۆته‌ لووتكه‌، به‌ئامانجی له‌ناوبردن‌و قڕكردن‌و سڕینه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی مرۆڤایه‌تی‌و نیشتمانه‌كه‌ی.
وه‌ك تاوانی «جینۆسایدی فه‌یلییه‌كان، تاوانی جینۆسایدی قه‌ڵادزێ، تاوانی جینۆسایدو كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال، تاوانی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان، تاوانی راگواستن»‌و چه‌ندین تاوانی تر، بوون به‌هۆكاری بێسه‌روشوێنكردنی ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی سڤیل‌و تائێستا چاره‌نووسیان نادیاره‌. بۆیه‌ له‌ڕۆژی بێسه‌روشوێنكراوانی جیهاندا، جه‌خت‌و كار له‌م سه‌ر خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكرێته‌وه‌:
یه‌كه‌م: كاركردن بۆ به‌رهه‌مهێنانی یاسایه‌ك له‌هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق‌و په‌رله‌مانی كوردستان، تایبه‌ت به‌پرۆسیسی ئاشكراكردنی چاره‌نووسی ژماره‌ی ته‌واوی بێسه‌روشوێنكراوان، له‌هه‌موو ئاسته‌ جیاجیاكان، چونكه‌ به‌بێ یاسایه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ ناتوانرێ ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ به‌جێبگه‌یه‌نرێت.
دووه‌م: به‌یاسا پرۆسیسی كرده‌وه‌ی بێسه‌روشوێنكردن، له‌هه‌ر ئاست‌و قه‌باره‌یه‌كدا بێت‌و به‌هۆی هه‌ر ململانێ‌و به‌ریه‌ككه‌وتنێكه‌وه‌ بێت، یاساغ بكرێت‌و ئه‌نجامدانی سزای یاسایی قورس بگرێته‌خۆ.
سێیه‌م: دیاریكردنی چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنكراوانی كوردستان، له‌ڕێگای نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی تۆكمه‌و به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك، بكرێته‌ ئه‌وله‌ویاتی به‌رنامه‌ی كارو بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
چواره‌م: بانكێكی زانیاریی تایبه‌ت به‌دۆسیه‌ی سه‌رجه‌م بێسه‌روشوێنكراوان، به‌شێوازو میكانیزمی مۆدێرن دابمه‌زرێنرێت، كه‌ تائێستا نیمانه‌و ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌كه‌موكوڕییه‌ دیارو به‌رچاوه‌كان.
پێنجه‌م: گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌عیراق‌و كوردستان، كه‌ به‌پێی ژێده‌رو ئاماره‌كانی به‌رده‌ست، سه‌رووی (300) سێسه‌د گۆڕی به‌كۆمه‌ڵه‌، چاره‌نووسی زۆرترین ژماره‌ی بێسه‌روشوێنكراوی له‌خۆگرتووه‌، هه‌روه‌ك له‌ماوه‌ی حكومڕانیی به‌عس له‌عیراقدا، زۆرترین خه‌ڵكی له‌چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسی كه‌سوكاره‌كانیان راگرتووه‌، بۆیه‌ گرنگترین دۆسێ له‌م پرسه‌دا، دۆسێی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كانی عیراقه‌و پێویسته‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌سێكته‌ره‌ گرنگه‌كانی كاركردن.
شه‌شه‌م: پێویسته‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌مافی كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنكراوان هه‌بێت، دوور له‌هه‌ل‌ومه‌رج‌و كات‌و به‌رواری بێسه‌روشوێنكراوان‌و لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی‌و ره‌گه‌زی‌و ئایینی.
حه‌وته‌م: په‌یمانگای دادی پزیشكی له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاستێك پێشبخرێت، كه‌ بتوانێ ده‌ره‌قه‌تی پرس‌و دۆسێی بێسه‌روشوێنكراوان بێت، نه‌ك له‌و ئاسته‌ی ئێستا كه‌ ناتوانێت له‌ئاستی پێداویستییه‌كانی پرسه‌كه‌، دۆسێكه‌ وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌و پێویستیی كارله‌سه‌ركردنیان، هه‌ڵسوڕێنێت.
هه‌شته‌م: یارمه‌تیدان‌و هاوكاریكردنی كه‌سوكاری قوربانیانی بێسه‌روشوێنكراوان، یه‌كێكه‌ له‌ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتییه‌ گه‌وره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی بێسه‌روشوێنكردنی ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست نه‌هێڵرێت، ئه‌م هاوكارییه‌ له‌ڕووی ماددی‌و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ پێویسته‌.
بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی بێسه‌روشوێنكراوانی تاوانه‌كانی «جینۆسایدو كیمیاباران، دژی مرۆیی، جه‌نگ، ململانێ‌و شه‌ڕی ناوخۆیی»، له‌كوردستان بكه‌ینه‌ نه‌خشه‌ڕێگای كاركردن‌و بیخه‌ینه‌ بواری كردارییه‌وه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، جگه‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌و كارله‌سه‌ركردنیان، ده‌زگایه‌كی نیشتمانی به‌هه‌موو پێداویستییه‌كانییه‌وه‌ دابمه‌زرێت، به‌بێ دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌زگایه‌، ناتوانین ئه‌وه‌ی ئامانجه‌ له‌م پرسه‌دا پێیبگه‌ین، به‌ڵكو كێشه‌و گرفته‌كانی دووتوێی پرسه‌كه‌ وه‌ك خۆیان‌و قه‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌ ترسناكه‌كانی، ده‌مێننه‌وه‌.
بۆچوون